ستراتیژە نوێیەكەی ئەمەریكاو لاوازكردنی ركابەرەكانی

محمەمەد عەلی

3 ساڵ لەمەوپێش



محمەمەد عەلی

لەدوای رووخانی تاڵیبان و رژێمی بەعس، ئیدی كارەكتەرە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكانی ركابەری ئەمەریكا، هەژموونیان زۆر فراوانتر بووە لە جاران، بۆیە دەكرێ رووداوەكانی ئەفغانستان بە سەرەتایەك هەژمار بكرێت بۆ گۆڕانكاریی جەوهەری لە ستراتیژیەتی ئەمەریكا بەرامبەر وڵاتانی ناوچەكە، بەدڵنیاییەوە دووبارە كۆنترۆڵكردنەوەی ئەفغانستان لە لایەن بزووتنەوەی تاڵیبان، ئیدی ناوچەكە بە گشتی كراوە دەكات بە رووی گۆڕانكاریی چاوەڕوانكراودا.

گۆڕانكارییەكان لەعێراق زۆر خێران، ئەوەتا رەوتی سەدر لەمپەر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دروستدەكات و كار بۆ بەردەوامیی حكومەتی ئێستا دەكات، كە ئاراستەكەی زیاتر بەرەو چوارچێوە عەرەبیەكەیەتی و نێوماڵی شیعەش تەواو پەرتەوازەیە، لەبەرامبەردا داعش دووبارە بەشێوەیەكی بەرچاو چالاكییەكانی زیادی كردووە و جموجۆڵی بەعسییەكان جێگەی سەرنجە لەو كاتەدا، كۆكراوەی ئەم هەموو پێشهاتانەش، بەڕوونی پێمان دەڵێت، كە ئەمەریكا خەریكی پلانێكە بە مەبەستی گێڕانەوەی هاوسەنگیی هێز لەبەغدا.

لەلایەكی ترەوە، دوای گەڕی چوارەمی گفتوگۆكان بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لەعێراق و رازیبوونی ئەمەریكا بە كشانەوەی هێزە سەربازییە شەڕكەرەكانی لەو وڵاتە، ئەگەر لایەنە شیعییەكان پێداچوونەوە بە هەڵوێستە دژەكانیان نەكەن لە بەرامبەر ئەمەریكادا، ئەوا هەنگاوی دواتر شەڕی تائیفییە بەبوونی داعش و بەعسییەكان لەلایەك و میلیشیا شیعییەكان لە بەرامبەردا، هەموو ئەم ئەگەرانەش بە ئاراستەی لاوازكردنی هەژموونی وڵاتە هەرێمییەكانە كە بەردەوام بەربەست بوون لە بەردەم هەنگاوەكانی ئەمەریكا بۆ بنیاتنانی عێراقێكی دیموكراتیی فیدراڵیی سەقامگیر.

لە سووریاش ئاماژەكان بە ئاراستەی رۆڵی زیاترن بۆ ئەمەریكا، بە شێوەیەك سەرۆكی ئەمەریكا (جۆو بایدن) ئەوەی دووپاتكردۆتەوە كە مەترسیی تیرۆر لەسووریا زیاترە لەسەرئەمەریكا نەك لە ئەفغانستان، بە جۆرێك بەرژەوەندییە دێژخایەنەكانی ئەمەریكا كە خۆی دەبینێتەوە لە نەوت و باڵادەستی لە شام، كە بە دڵی ناوچەكە هەژمار دەكرێت، بەردەوام لەمەترسیدایە، بەهۆكاری مانەوەی رژێمی سووریای هاوپەیمانی ئێران و پێگە فراوانەكەی توركیاو روسیا لەم وڵاتەدا، لە بەرامبەردا هاوپەیمانەكانی ئەمەریكا زۆر لاوازن، بە شێوەیەك ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆنی سووری نزیكە لە سفرو لەولاشەوە هێزی باڵادەست لەم بەشەی كوردستان نەیتوانیوە سیاسەتێكی دوور لە هەژموونی قەندیل پیادە بكات و پەرتەوازەیی نێوان هێزە سیاسییەكانیش خالێكی نێگەتیڤە بۆ پێگەی كورد لەم پارچەیەدا، بۆیە دەكرێ كورد سوود لەم دەرفەتە وەربگرێت و بە خۆگونجاندن لەگەڵ ستراتیژە نوێیەكەی ئەمەریكا، بتوانێت مانەوەی كیانە ساواكەی زامن بكات.

ئەوەی تایبەتە بەهەرێمی كوردستانیش، بەدڵنیاییەوە هەولێر تاكە نموونەی سەركەوتنی ئەمەریكایە لەعێراق، هاوكات لە ماوەی 18 ساڵی بوونی هێزەكانی ئەمەریكا، تاكە سەربازێكیش لە هەرێم بریندار نەبووە، لەلایەكی ترەوە هێزەكانی  پێشمەرگەی كوردستان لە ماوەی رابروودا كارامەیی و قارەمانیەتیی خۆیان پیشانداوە لەشەڕی دژی تیرۆر، هاوكات هەرگیز هەرێم نەبۆتە بەشێك لە میحوەری دژە بەرژەوەنییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكەدا، بۆیە دەكرێ بە پێچەوانەی بۆچوونی ئەوانەی كە پێیان وایە ئەم گۆڕانكاریانە مەترسین لەسەر هەرێم، وەك دەرفەتێك بۆ هەرێم هەژمار بكرێت بۆ ئەوەی بتوانێت لەبەرامبەر لاوازبوونی هەژموونی كارەكتەرە هەرێمییەكان، وەك كارەكتەرێكی نێدەوڵەتی پێگەی خۆی تەواو بەهێز بكات و بتوانێ لەداهاتوودا زۆرترین سوود لەم گۆڕانكارییانە وەربگرێت، ئەمەش بەدڵنیاییەوە لەڕێگەی هەوڵەكانی (سەرۆك بارزانی) بەدیدەكرێت لە  پاراستنی یەكڕیزیی نێوان هێزە سیاسییەكانی كوردستان و كۆكردنەوەی گشت هێزە چەكدارەكان لەژێر سایەی وەزارەتی پێشمەرگە و بەردەوامیدان بەچاكسازی، كە هەموو ئەمانە هۆكارن بۆ بەرەنگاربوونەوەی گشت پێشهاتەكان.

دواجار پێویستە بگوترێت، ئەم ستراتیژە نوێیەی ئەمەریكا، خەریكە گۆڕانكاریی تەواو لە ناوچەكەدا دێنێتە ئاراوە، بە شێوەیەك لە بەرامبەر دوورخستنەوەی پرسی یەمەن لەسەر شانۆی جیهانی، لەئێستادا لەڕێگەی قووڵكردنەوەی قەیرانەكانی لوبنان كە بەتەواوی لەژێر هەژموونی (حزبوڵڵا)ی هاوپەیمانی ستراتیژی ئێرانە، مەبەستیەتی هەژموونی ئێران لەم وڵاتە لاواز بكات و هاوپەیمانە كۆنەكانی لەلوبنان بگەڕێنەوە بۆ دەسەڵات، لە لیبیاش پاش دەستتێوەردانی فراوانی توركیا و زیادبوونی هەژموونی كارەكتەرە نێودەوڵەتییەكان لەم وڵاتەدا، ئەمەریكا بەیارمەتیی وڵاتە ئەورووپیەكانی هاوپەیمانی، سەرقاڵی هەمان سیناریۆیە، كە پشتبەستنە بەكەسایەتییە كۆنەكانی رژێمی پێشوو، ئەمەش ئەو راستییە روون دەكاتەوە كە ستراتیژە نوێیەكەی ئەمەریكا خەریكە ناوچەكە بەشێوەیەك دادەڕێژێتەوە، كە هاوسەنگیی هێز بگەڕێنێتەوە بۆ ناوچەكە، بە شێوەیەك گەرەنتیی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی بكات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار