عێراق هەناردەی نەوتی مانگی ئابی ئاشكرادەكات
.jpg)
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگهیاند:"هەناردەی نەوتی عێراق لە مانگی ئابدا 94 ملیۆن و 660 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە، رۆژانە بۆ 3 ملیۆن و 54 هەزار بەرمیل بەرزبووەتەوە و بەرمیلێک نەوتیش لەو مانگە بە 69 دۆلار فرۆشراوە.
وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماری هەناردە و داهاتی نەوتی مانگی ئابی بڵاوکردەوە، بەگوێرەی ئامارەکان هەناردەی نەوت بە راورد بە مانگی تەممووز 154 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیاترە.
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند بە تێكڕا لە مانگی ئاب 94 ملیۆن و 660 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە، کە رۆژانە دەکاتە 3 ملیۆن و 54 هەزار بەرمیل. لەو بڕە 2 ملیۆن و 950 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا لە رێگەی بەندەرەکانی بەسرە هەناردە کراوە.
سەبارەت بە داهاتی نەوتی مانگی ئاب، وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند؛ هەر بەرمیلێک بە 69 دۆلار فرۆشراوە، کۆی داهاتەکەشی 6 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بووە.
عێراق دووەم گەورەترین هەناردەکاری نەوتی نێو رێکخراوی ئۆپێکە و زیاتر لە 93٪ی داهاتەکەی لە رێگەی فرۆشتنی نەوت بەدەستدێنێت. دابەزینی نرخی نەوت، کاریگەری نەرێنی لەسەر دۆخی ئابووری ئەو وڵاتە دروستدەکات.
وڵاتانی ئاسیا بە تایبەت چین و هیندستان کڕیاری سەرەکی نەوتی عێراقن. بەگوێرەی راوێژکارێکی دارایی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، چین بە تەنیا ٪40 بۆ 44٪ی نەوتی هەناردەکراوی عێراق دەکرێت، کە دەکاتە زیاتر لە 800 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
رۆژی سێشەممەی رابردوو 31ی 8ی 2021، لی کینگ شێنگو کونسوڵی بازرگانیی چین لە میانەی بەشداریکردنی لە هەواڵە ئابوورییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: "لەساڵی 2020دا عێراق سێیەم هاوبەشی بازرگانی چین بووە لە نێوان وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و باکووری ئەفریقا و قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان لەو ساڵەدا 30 ملیار و 177 ملیۆن دۆلار بووە. لەو ژمارەیە 10.9 ملیار دۆلاری هەناردەی چین بووە بۆ عێراق و 19.25 ملیار دۆلاریشی هەناردەی عێراق بووە بۆ چین کە بەزۆری پەیوەست بووە بە هەناردەکردنی نەوتی خاو".
لە ساڵی رابردوو چین زیاتر لە 60 ملیۆن تۆن نەوتی خاوی لە عێراق کڕیوە.
