نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لە كارەساتێكی مرۆیی
.jpg)
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
جێگری نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری لە كارەساتێكی مرۆیی دەدات لە ئەفغانستان بەهۆی وشكەساڵی و پێشكەش نەكردنی هاوكاری لەلایەن وڵاتانەوە و دەڵێت:" زۆر گرنگە کە رێگەنەدەین ئەفغانستان بڕواتەنێو قەیرانێکی گەورەتری مرۆیی".
رامز ئەلئەکبەرۆڤ، جێگری نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئەفغانستان دەڵێت: "لە مانگی رابردووەوە، زەنگی هۆشداریمان لێداوە. بەخشینی کۆمەک بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی مرۆیی لەم ساڵدا 400 ملیۆن دۆلاری تێنەپەڕاندووە لەکاتێکدا کە داوای 1.3 ملیار دۆلارکراوە".
جێگری نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئەفغانستان هەروەها دەڵێت: "زۆر گرنگە کە رێگەنەدەین ئەفغانستان بڕواتەنێو قەیرانێکی گەورەتری مرۆیی، ئەوەش لە رێگەی گرتنەبەری هەنگاوی پێویست بۆ ئەوەی ئەو پێداویستیانە دابینبکەین کە ئەو وڵاتە هەر ئێستا پێویستی پێیەتی."
رامز ئەلئەکبەرۆڤ باسی لەوە کرد کە لانیکەم 200 ملیۆن دۆلاریان پێویستە بۆ ئەوەی بەپەلە خۆراک بۆ منداڵانی ئەفغانستان دابینبکەن. چونکە نیوەی منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵانی ئەفغانستان بە دەست "بەدخۆراکیی تووندەوە" دەناڵێنن.
رۆژی شەممە 14-08-2021، بزووتنەوەی تاڵیبان بەبێ شەڕکردن شاری جەلالئابادی کۆنترۆڵکرد، بەوەش توانییان یەکێک لە رێگە سەرەکییەکانی ئەفغانستان کۆنترۆڵ بکەن و رۆژی دواتر بە چوونە نێو کابوول سەرکەوتنی خۆیان راگەیاند.
