زمان و زار... نەتەوە
لەپەراوێزی داواکــاریی مافی خوێنــــدن بەزاری هەورامی
فەرەیدون سامان
3 ساڵ لەمەوپێش
فەرەیدون سامان
یەکێک لەراسپاردەکانی کۆنفرانسی زانستی نێونەتەوەیی زمانی کوردی و زاراوە یاساییەکان کەپرۆژەیەکی هاوبەشی رێکخراوی خانی بۆ لێکۆڵینەوەی هزری و کۆمەڵگەی پەروەردەیی مارگرێت بوو، لە رۆژانی ١٧ و ١٨ی حوزەیرانی ٢٠٢١ لەشاری سلێمانی بەڕێوەچوو، دەرکردنی گۆڤارێکی زمان‌ناسی وەرزی بوو بەناوی (گۆڤاری زمان و زار)، هەڵبژاردنی ئەم ناونیشانە (زمان و زار) خۆی لەخۆیدا هەڵگری دەلالەتێکە کە بەداخەوە هێشتا زمانی کوردی زمانێکی ستاندارد‌و یەکگرتوو نییە، هەڵبەتە هۆکارەکان زۆرن و زۆریش قسەیان لەسەر کراوە، بەڵام ئامانجی سەرەکی ئەم گۆڤارە درووست‌کردنی سەکۆیەکە بۆ وتووێژ لە گەڵ زمان‌ناسان و رۆشنبیرانی کورد لەهەموو بەشەکانی کوردستاندا بەهەموو زار‌و بنزارەکان، بە جیاوازی هزرو بیرکردنەوەیان، هەوڵبدەین لۆجیکانە رەخنەکان بپەژرێنین و پێشنیاری گونجاویش بخەینە بەردەم یەکتر، بەتیبەت لەم ساڵانەی دوایی بەشێک لەو رۆشنبیرە کوردانە بێ ئەوەی بەخۆیان بزانن ناراستەوخۆ خزمەتیان بەپلان و ئەجیندای وڵاتانی نەتەوەی سەردەست کردووە، کەهەمیشە لەهەوڵی ئەوەدا بوونە زار‌و بنزارە کوردییەکان وەک زمانێکی جیاواز لەزمانی کوردی بناسێنن و تەنانەت زمانی کوردیش بکەن بەزارێکی زمانەکانی خۆیان، لێرەدا پرسەکە هەر زمان نییە بەقەد ئەوەی نەتەوەی سەردەستی دەسەڵاتدار چۆن لە رێگای توانستە زەبەڵاحەکانیان کار بۆ گۆڕینی دیمۆگرافی ناوچە کوردستانییەکان بکەن، بەتایبەت ناوچە کێشە لەسەرەکان بەئامانجی سیاسەتی گڵاوی بەعەرەبکردن و بەتورککردن و بەفارسکردنیان. دیارە ئاسایشی زمان لەئاسایشی نەتەوە کەمتر نییە، وەک ئاسایشی خۆراک، سەربازی، سنوور، ئاسایشی ئابووری، ژینگە، بۆ هەر نەتەوەیەک گرنگە، واتە ئاسایشی زمان بەشێکی گرنگی ئاسایشی نیشتمانییە. زمان وەک ئامرازیکی ئالۆزی پەیوەندی نیوان مرۆڤەکان لەسەرتاپای جیهاندا بەکاردەهینرێت، بابەتەکی پر بایەخە بۆ تاوتوێکردنی ئەنترۆپۆلۆژیا، هەندێ لەئەنترۆپۆلۆژیستەکان وێڕای پەیوەستبوونیان بەبەراوردی فۆرمە زمانەوانییەکان هەوڵدەدەن کە تێبگەن، کە زمانی نەتەوەیەکی تاووتوێکراو دەتوانێت چ هۆشیارییەک لەبارەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی یان سیاسییەکانی ئەو نەتەوەییە بخاتەڕوو، بەو چەشنەی کە دەیبینیت. ئەنترۆپۆلۆژیستەکانی وەک کلۆد لیڤی شتراوس هەوڵیانداوە سوود لە رەهەندە زمانەوانییەکان وەربگرن بۆ ئەوەی لەوە بگەن کە مرۆڤەکان بەچ شێوەیەک لەبارەی پێگەکانی ژیانیان بیریان کردۆتەوە.
ئاشکرایە زمانی کوردی بەچه‌ند قۆناغی گرنگی مێژوویی و کۆمەڵایەتی و سیاسی‌دا تێپه‌ڕیوه، هه‌ر کام له‌م قۆناغانه بەپێودانگی زانستیی و سیاسیی خۆیان توانیویانه ببن بەخاڵی وه‌رچه‌رخانێکی مێژوویی و ئه‌م زمانه لەمهترسیی نه‌مان و ئاسمیلەبوون رزگاربکه‌ن و له هەروژمی شه‌پۆلی سیاسه‌تی پاکتاوی کو‌لتووریی ده‌وڵه‌تانی پێوه‌ندیدار بەکێشهی کورده‌وه بیپه‌ڕێننه‌وه و بیگه‌یێننه که‌نارێکی ئارام، به‌ڵام ئه‌مه بەمانای سه‌قامگیریی هه‌میشه‌یی و کۆتایی قه‌یرانه‌کانی ئه‌م زمانه نه‌بووەو نییه. به‌م پێیه ئه‌گه‌رچی ئێستاکه لەهەرێمی کوردستان و لەعیراقی دوای ٢٠٠٣، زمانی کوردی له خه‌می نەمان ره‌خساوه، به‌ڵام سه‌رلێشیواوی و فره مه‌رجه‌عیی و پاشاگه‌ردانییه‌کی له راده بەدهری پێوه دیارەو ئه‌م دۆخه قه‌یراناوییه بووه به ئاوێنه‌ی باڵانوێنی ژیانی ئاخێوه‌ره‌کانی و هه‌روه‌ها هزری بهرههمهێنراوهکهشی. بۆ نموونەش داواکاری بۆ خوێندنی پەروەردەیی زارە کوردییەکان لە دەڤەرە جیاوازەکانیدا وەک لە ناوچەکانی بادینان و هەورامان و کوردانی فەیلیدا بێ گەڕانەوە بۆ مەرجەعە یاسایی ( وەک پەرلەمانی کوردستان)و زانستییەکان وەک (وەزارەتی پەروەردەو ئەکادیمیای کوردی)، دوای راپه‌ڕین و لەژێر کاریگه‌ریی ململانێی سیاسیی و ئابووریی و فه‌رهه‌نگیی نێوان حزبەکانی باشووری کوردستان و تەنانەت ئەجیندای وڵاتانی ئیقلیمی بۆ مەبەستی لێکترازانی زمانەکەمان و هەوڵدان بۆ ناسینی ئەو زار‌و بنزارە کوردییانە وەک زمانێکی سەربەخۆو جیاواز لەزمانی کوردی، دواتریش بوو بەهۆی هه‌ڵتۆقاندنی ده‌یان ده‌زگا و رێکخراوی سه‌یرو سه‌مه‌ڕه بۆ زمان و ئه‌ده‌ب و چاپەمەنی، وه‌رگێڕانێکی بەلێشاو هه‌موو رووبه‌ری زمان و هزری داگیرکرد، که به داخه‌وه له غیابی میکانیزمێکی زانستیی و چاودێریی پێویستدا تا ئێستاش بهردهوامەو کوردستانیشی بەخراپترین شێوه ته‌نیوه‌ته‌وه. راستییه‌کی تاڵ که بووه‌ته هۆی زمان بێزیی به‌شێکی به‌رچاو له خوێنه‌ران و هۆگرانی زمانی کوردی.
بەڵام ئایا زمانی کوردی سەرباری پانتایی بەرفراوانی و دابەشبوونی جوگرافی بەسەر چەند دەوڵەتێکی دراوسێداو رێگە پێنەدانی لەبواری پەروەردە و خوێندن و تەنانەت حاشالێکردنی لە لایەن نەتەوە سەردەستەکانەوە، هێشتا سەلامەتە و هەڕەشەی لەسەر نییە، یان له رۆخی چاڵی مان و نهماندایەو ئه‌و سنووره‌ی به‌ره‌و پانتاییه‌کانی ژیانی هه‌میشه‌یی به‌زاندووه، مه‌ترسییه سه‌ره‌کییه‌کانی سه‌ر ئه‌و زمانه لەسه‌رده‌می سۆسیال میدیا‌و جیهانگیریی کامانه‌ن، چۆن ده‌توانین زمانی کوردی له‌و هەموو هەڕەشە و مه‌ترسییانه دووربخه‌ینه‌وه، لەکاتێکدا کارەکتەری کورد لەسایەی هەبوونی دەسەڵاتێکی لۆکا‌ڵی و هەبوونی چەندان داوودەزگای ئەکادیمی و پەروەردەیی و بنکەو ناوەندی رووناکبیری بۆ خۆی بەشێکە لەو مەترسییانە، هاوکاتیش چۆن داتوانین ئەو زمانە بکەین بە ناسنامەی نەتەوەیەک و به‌ره و گه‌شەکردن و به‌خشینی توانای رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ تایبه‌تمه‌ندییه نوێیەکانی سه‌رده‌می مۆدێرنێتەی ببه‌ین و لەباری فۆرم و ناوه‌رۆکه‌وه ده‌وڵه‌مه‌ندی بکه‌ین. چۆن ده‌توانین توانستەکانی ئه‌م زمانه بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ زانست و دیارده مودێرنهکاندا فراوانتر بکه‌ین؟
لەسه‌د ساڵی رابردوودا و هه‌ر به که‌ڵک وه‌رگرتن لەچهمکی ناسیۆنالیزم، ده‌وڵه‌ته دیکتاتۆرو فاشیسته‌کان له ژێر ناوی پاراستنی گشتێتیی نه‌ته‌وه و نیشتماندا، نه‌ته‌وه و کو‌لتوور و ئایینهکانیانی دیکەیان سه‌رکوت و ته‌نانه‌ت قڕ کردووه، (وه‌کو قڕکردنی کوردانی باکوور له لایه‌ن دەوڵەتی ئەتاتوورکەوە، یان پاکتاوکردن و کوشتنی به کۆمه‌ڵی پرۆسەی ئه‌نفالی کورده‌کان لەلایه‌ن ناسیۆنالیستی عەرەب و به‌عسییه‌کانه‌وه)، ناسیۆنالیزمی نەتەوەی سەردەست هاوکات گوتاری پاراستن و په‌ڕاندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه و کولتووره بنده‌ست و ستەملێکراوهکانی مێژووییشه لەههڕهشهی سرینه‌وه و مه‌رگ و فه‌رامۆشی. به واتایه‌کی تر هه‌م لایه‌نی سه‌رکوتکه‌ر کرده‌وه نامرۆییه‌کانی خۆی به که‌ڵک وه‌رگرتن له بیری ناسیۆنالیستی و هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌یی پاساو ده‌دات، هه‌م لایه‌نی سه‌رکوتکراو به په‌نابردنه به‌ر ورووژاندنی ئه‌ندێشه و هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی داکوکی له بوونی خۆی و مانه‌وه‌ی خۆی ده‌کات. به‌ڵام بەپێی زۆربه‌ی ئه‌زموونه مێژووییه‌کان، ئه‌م گوتاره که ده‌ورێکی گرنگی له رووداوه‌کانی لانیکه‌م دوو سه‌ده‌ی رابردووی ژیانی سیاسی مرۆڤدا بووه دوای راپه‌ڕاندنی ئه‌رکه بنه‌ماییه‌که‌ی، ناتوانێت هاوکات گوتاری به‌ڕێوه‌بردن و گه‌شه‌سه‌ندنی کۆمه‌ڵگایش بێت.
بێگومان چ زمان به ئامرازی پەیوه‌ندیی نێوان مرۆڤه‌کان بزانین، چ به دیارده‌یه‌کی مێژوویی دابنێین یان وه‌کو سیستەمێک له ئاماژه‌کان بیبینین و به شێوه‌یه‌کی هه‌نووکه‌یی سه‌یری بکه‌ین، ناتوانین خۆمان له‌و راستییه بشارینه‌وه که زمان وهزری مرۆڤ به شێوه‌یه‌کی راسته‌وخۆ گرێدراوی یه‌کترن. به واتایه‌کی تر زمان ئامرازی هزرکردنەو هزریش بنه‌مای زمانه.
گوتاری ناسیۆنالیزم و هزری نه‌ته‌وه‌ی سەردەست هەڕەشەی راستەوخۆن لەسەر چارەنووسی زمانەکەمان، لەکاتێکدا دەبوو گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردی کۆڵه‌گه‌ی سه‌ره‌کی رزگارکردنی ئه‌م زمانه بووان و لەژێر په‌نجه نەگریسهکانی سڕینه‌وه‌ی کو‌لتووریی ئه‌و حکومه‌ته دیکتاتور و پاوانخوازانه‌ی که سه‌رده‌مانێک خه‌ونیان به دروستکردنی یەک نه‌ته‌وه و یه‌کده‌سته‌وه ده‌بینی. به‌ڵام ئێستاکه به ئاشکرا و به ته‌واوی په‌یکه‌ری ئه‌م ئاواته نامرۆڤانه‌یان رووخاوه و ئه‌م حکومه‌تانه به ناچار ئاراسته‌ی سیاسه‌ته‌که‌یان گۆڕیوه بۆ سیاسه‌تی برایه‌تی رواڵه‌تیی و رازی کردنی رووکه‌شییانه. پێیان خۆش بێت یان نا ئێستا کورد یه‌کێکه له ئه‌کته‌ره کاریگه‌ره‌کانی ناوچه‌که و زمانی کوردیش یه‌کێکه له‌و زمانه زیندووانه‌ی که ته‌نانه‌ت له غیابی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردیش‌دا، رووبه‌رێکی سیاسی و کو‌لتووریی به‌رین و به‌رفراوانی ههیەو حاشای لێناکرێت.
ده‌رکه‌وته ئایدیۆلۆژیکهکهی گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردی، هێشتا قه‌ناعه‌تی به‌م وه‌رچه‌رخانه مێژووییه نه‌هێناوه و هه‌ر له ره‌هه‌ندی دووانه‌ی مه‌رگ و ژیانه‌وه سه‌یری زمانی کوردی ده‌کات و به‌م پێیه‌ش تا راده‌یه‌کی زۆر ئه‌گه‌رو زه‌رفییه‌ته‌کانی گه‌شه‌ی زانستیی لێوهرگرتۆتهوه و رێگه‌ی بۆ هه‌ر چه‌شنه ده‌ستتێوه‌ردانێکی نازانستیی خۆش کردووه، ئه‌و ده‌ستتێوه‌ردانانه‌ی که به دروشمی ره‌سه‌نایه‌تی و پاراستن و ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی زمان و کتێبخانه‌ی کوردی پاساو ده‌درێن. به گشتیی دوو گرووپ خاوه‌ندارێتی ئه‌م ده‌ستتێوه‌ردانه ئایدیۆلۆژیک و نازانستییه ده‌که‌ن: یه‌که‌م/ ئه‌وانه‌ی تا ئێستاش ئاگاداری ئه‌م واقێع و راستییه نین و به شێوازه‌کانی رابردوو هێشتا هه‌ر پاراستنی زمان به ئه‌رکی خۆیان ده‌زانن، دووهه‌میش ئه‌وانه‌ی به ته‌واوی ئاگادارن، به‌ڵام ئه‌م دۆخه‌یان پێخۆشتره و شکۆی ده‌ستکرد و نانی خۆهه‌ڵواسین به‌م زمانه‌دا به ئاسانی راده‌ستی پرۆسه‌ی به پسپۆڕیی بوون و زانستیی کردنه‌وه‌ی زمانی کوردی ناکه‌ن. به داخه‌وه نموونه‌یان که‌م نییه سەرباری ئەوەی کە زمانی کوردی زمانی فەرمی هەرێمی کوردستانە بەڵام مخابن هێشتا نامە رەسمییەکانی فەرمانگەکانی حکومەت بە زمانی عەرەبی دەنووسرێن و بەڕێوە دەچن، ئه‌وانه‌ش که هێشتا گرفتی سه‌ره‌کییان له نووسینی کوردی‌دا هه‌یه، کتێبی فێرکاریی زمانی کوردی بڵاو ده‌که‌نه‌وه یان له ژیر ناوی وه‌رگێڕاندا به گژ ده‌قه گه‌وره‌کاندا ده‌چن و بەڵام سه‌ره‌تاییترین مه‌رجه زانستییه‌کانیش ره‌چاو ناکه‌ن، کرده‌وه‌یه‌ک که ئه‌گه‌رچی رواڵه‌تی خۆی به بیری نه‌ته‌وه‌یی میکیاج ده‌کات، به‌ڵام له ئه‌نجامدا گه‌وره‌ترین زیان هه‌ر له‌و زمانه ده‌دات که سه‌ره‌کیترین کۆڵه‌که‌ی ناسنامەی نه‌ته‌وه‌ییه.
ئایدیۆلۆژیی یه‌کێکه له‌و مه‌ترسییانه‌ی ده‌توانێت پێوه‌ندیی راسته‌وخۆی نێوان هزرو زمان تووشی دابڕان بکات. ئایدیۆلۆژی وه‌کو ده‌زگایه‌کی هزری سیاسیی پێشتر داڕێژراو‌و به پیرۆز کراو، ئاراسته‌ی گه‌شه‌ی زانستیی زمان ده‌گۆڕێت و سیسته‌مێکی چه‌قبه‌ستوو و قهتیسکراو له نیشانه‌کان به‌رهه‌م ده‌هێنێت، که ده‌روازه‌کانی زمان لەسه‌ر گه‌شه کردن و نوێبوونه‌وه داده‌خات. له وه‌ها ساته‌وه‌ختێکدا به دووپاتبوونه‌وه‌ی دروشمگه‌لی وه‌کو «هه‌رچی بێت هه‌ر کوردی بێت» زمان ده‌بێت به به‌ستێنی ته‌راتێنی ناشاره‌زایی و له ئه‌نجامدا ده‌قی لاواز‌و نه‌زۆک به‌رهه‌م ده‌هێنێت.
زمان یه‌کێکه له هه‌ستیارترین دیارده‌کانی ئه‌م باسه و کاتێک له‌م سۆنگه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌کرێت ده‌روازه‌کانی به رووی نوێگه‌ری و زانست و هه‌روه‌ها زمان و فه‌رهه‌نگه‌کانی تریشدا داده‌خرێت و ئاخێوه‌ره‌کانی به‌رانبه‌ر به دونیای ده‌ره‌وه‌ی خۆیان لاڵ و بوغزاوی بار دێن. بێ گومان ئه‌م روانیێنه نووسینی خراپ، وه‌رگێڕانی خراپ و له ئه‌نجامدا ئه‌ندێشه‌ی خراپ به‌رهه‌مده‌هێنێت. کاتی ئه‌وه هاتووه که زمانی کوردی لەکۆت و به‌ندی ئایدیۆلۆژی رزگار بکرێت، ئه‌مه به‌واتای ئه‌وه نییه که راکێشانی سه‌رنجی دانیشتووانی مه‌مله‌که‌تی ئه‌م زمانه بۆ لای فێربوونی زمان و پاراستنی شوناسی خۆیان، به که‌ڵک وه‌رگرتن له هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی پێویست نه‌بێت؛ به دڵنیاییه‌وه ئه‌م ئه‌رکه تا کاتێکی نادیار هه‌ر له ئه‌ستۆی گوتاری ناسیۆنالیزمه، به‌ڵام ئه‌م گوتاره لێره به‌دواوه مافی ده‌ستتێوه‌ردانی نییه و ده‌بێت سنووره‌کانی زانستی بوونی زمان بپارێزێت. مامه‌ڵه‌ی زانستیی له‌گه‌ڵ زمان واته ئیتر ده‌یان که‌ناڵی راگه‌یاندن بۆیان نییه رۆژانه و به دڵی خۆیان زمان بشێوێنن، یان ده‌یان ده‌زگاو رێخکراوی حیزبی مافی ئه‌وه‌یان نییه له رقی یه‌کترو به بێ هیچ چاودێرییه‌کی زانستی به لێشاو کتێبی بێ که‌ڵک و بێ خوێنه‌ر بڵاوبکه‌نه‌وه، هه‌ڵسوکه‌وتی زانستیی له‌گه‌ڵ زمان واته هه‌ر که‌س به پێی هه‌ستی کرچ و کاڵی نه‌ته‌وه‌یی و له غیابی بونیاده پێویسته‌کانی خوێندنه‌وه و خۆ بارهێنان و خۆ په‌روه‌رده کردنی زانستیدا، خۆی به مه‌رجه‌عی زمان نازانێ و به وه‌رگێڕانی سه‌قه‌ت و نووسینی لاواز و پڕهه‌ڵه ده‌س ناخاته نیو رۆحی ماندووی ئه‌م زمانه‌وه، واته ئیداره کردنی فه‌رمیی زمان له لایه‌ن که‌سایه‌تیی و ده‌زگا زانستیی و به ئه‌زموون و پێوه‌ندیداره‌کان و به‌رێوه‌بردنی بڕیاره‌کانیان، واته موتوربه کردنی راسته‌وخۆی زمان له زانست و ده‌سکه‌وته پۆزه‌تیڤه‌کانی شۆڕشه زمانناسییه مه‌زنه‌کانی مێژوو و کردنه‌وه‌ی هه‌موو لقه زانستییه‌کانی پێوه‌ندیدار به زمانه‌وه لەدڵی زمانی کوردی‌دا و هه‌روه‌ها کردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌کانی ئه‌م زمانه به رووی هه‌موو زمانه زیندووه‌کانی دونیا به دوور لەهه‌ر چه‌شنه رق و نه‌فره‌تێک و ته‌نیا به مه‌به‌ستی دانوستان و گه‌شه‌ی پەیوهندییه ئینسانییه‌کان و ده‌وڵه‌مه‌ند کردنی زمانه‌که‌مان.
ئەم سەدەیە لەگەڵ لێشاوی بەجیهانیبوون و زاڵبوونی زمانە باڵادەستەکان، کولتوورە ناوچەییەکان و زمانە بچووکەکان بە خێرایی لەناودەچن و هەڵدەوەرێن، زار‌و زمانەکان، ئەوانەی هیچ پلەوپایەیەکیان بۆ خوێندن و کار پەیداکردن نییە، واتە هیچ هێزێکی ئابوورییان نییە، بە خێرایی دەپووکێنەوە و لاواز دەبن، ئاخێوەرانیان پێیان گرنگ نابێت زمانەکە بپارێزن و قسەی پێ بکەن، بەڕادەیەک تا دوا ئاخێوەری ئەو زمانە سەر دەنێتەوە و لەگەڵیشیدا زمانەکەش بۆ یەکجاری دەمرێت. هەر زمانێکیش کە دەمرێت زیندووکردنەوەی مەحاڵە. لە جێگەی ئەو زمانە مردووە، زمانێکی دی جێگەی دەگرێتەوە کە باڵادەستە و هێزی ئابووری هەیە، توانای خوێندنی ئەکادیمی و زانستی هەیە و پێی دەخوێندرێت. لەناوچوونی هەر زمانێک لەناوچوونی کولتوور‌و ئەزموونێکی هزری مرۆڤایەتییە، لەناوچوونی دنیابینی مرۆڤەکانە بۆ ژیان و دەربڕینی هەست و خەون و خەیاڵەکانیان. بۆیە زۆر گرنگە زمان و زارەکان زیندوو بمێننەوە و بۆ ئەوەی فرەچەشنی زمانی و فرەکولتووری کە دنیای ئێمەیان جوان کردووە، هەر بە زیندوویی بمێننەوە.
لەپەراوێزی داواکاری مافی خوێندن بە زاری هەورامی، کە ساڵانێکە لەلایەن چەند کەسانێکەوە ئەو داواکارییە رووبەڕووی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە، بەرای من داوایەکی نالۆجیک و ناواقیعییە و هەرەشەیە لەسەر ئاسایشی زمان و لە ئەنجامیشدا هەرەشەیە لەسەر ئاساییشی نەتەوەییمان، بۆچی؟
من پێموایە خوێندن بەزار نابێت بە ئاراستەیەک بێت زمانی ستاندارد و هاوبەشی کوردی رەت بکاتەوە، بە تایبەت ئەو زمانە کوردییە کە لە باشوورهەیە کە ئەویش لەبنەڕەتدا زارێکی کوردییە، بەڵام زارێکی ستانداردە و زیاتر خزمەت کراوە، بۆ خوێندن و لە بواری ئەکادیمی زیاتر گەشەی کردووە، لە ماوەی سەدەی رابردوودا هەتا ئەمڕۆ لە باشوور رۆڵی زمانێکی هاوبەشی بۆ کورد گێڕاوە. ئەم زمانە پێویستە هەرچی زووتر وەک زمانی رەسمی بۆ حکومەتی هەرێم بەڕەسمی بکرێت و لە هەرێمەکە بجەسپێندرێت. رەتکردنەوەی ئەم زمانە وەک زمانی رەسمی بۆ حکومەتی هەرێم لە بادینان ئەزموونێکی خراپی خوێندن بوو بە زار( ئەگەرچی بە هیچ بڕیارێکی رەسمی لە لایەن وەزارەتی پەروەردە یان ئەکادیمیای کوردییەوە دەرنەچووە، بەڵکو وەک بریارێکی ناوخۆی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک بووە و بەس). بەڵێ من لەگەڵ ئەوەدام زارە کوردییەکان لەوانەش هەورامی و بادینی وەک بنزارێکی کوردی پێویستە چەند ساڵێک وەک وانە و کۆرسی خوێندنی باڵا لەسەر ئاستی لیسانس و ماستەرو دکتۆرا بخوێنرێن، بۆ ئەوەی زارەکە بێبایەخ نەبێت و گەشە بکات، بەڵام نابێ زمانێکی باڵادەست و هاوبەشی کوردی لە باشوور رەت بکاتەوە، کە ئەم رەتکردنەوەیە دەبێتە هۆی لەتبوونی زمانی کوردی لە باشوور بۆ دوو زمان. رەنگە لە داهاتوو ببێتە سێ زمانیش.
نەبوونی پلانی زمان لە باشووری کوردسان و نەبوونی چاودێری زمان، رەوشی زمانی کوردی بەڕۆژێک گەیاندووە کە هەموومان لە پاشەڕۆژی زمان و نەتەوە بترسین. نازانین ئێمە وەک نەتەوە بۆ زمان چیمان دەوێت، لە کاتێکدا هەموومان دەڵێین زمان ناسنامە و ڕۆحی نەتەوەیە. دەسەڵات خەمسارد و بێباک بەرانبەر بە زمان، حکومەت هیچ پلانێکی بۆ زمانی کوردی و پێشخستنی نییە. حکومەت دەیەوێ لە باشوور کورد نەتەوە بێ، بەبێ زمانێکی هاوبەش و رەسمی، کە ئەم هەلومەرجە زمانییە لە پرۆسەی نەتەوەسازیدا کەلێنێکی گەورەیە. ئەگەر پلانێکی زمانی هەبێت و حکومەت بەو پلانە زمانییە کار بکات، زمانی کوردی زیاتر گەشە دەکات و لەگەڵیشی زارە ناوچەییەکانیش گەشە دەکەن.
پەراوێزەکان:
* هەر لەسەردەمی دەسەڵاتی میرنشینە کوردییەکان بەتایبەت میرنشینی بابان تا دەگاتە حوکمڕانی شێخ مەحمودی نەمر لە بیستەکانی سەدەی بیستەم و دەسەڵاتی کۆماری کوردستان لە رۆژهەڵات لەچلەکانی سەدەی بیستەم و دواتر دانوستانی ساڵی ١٩٧٠ و دامه‌زراندنی کۆڕی زانیاری کورد له به‌غدا دواتریش راپه‌ڕینی باشووری کوردستان (١٩٩١).
* لە پەراوێزی ئەو راپۆرتە تایبەتەی بەناونیشانی ‹ مافی زمانی و کەمینە زمانییەکان ‹ ی نەتەوەیەکگرتوەکان ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤ لە ساڵی ٢٠١٣ دا. کە تیایدا ئاماژە بە هەڕەشەی لەناوچوون یان نزیک لەناوچوونی هەندێ زمان و زارکراوە، یەکێک لەو بنزارانەش هەورامییە کە سەر بە گرووپی زاری گۆرانە، ئەم پێشنیار و داواکاریانە خراونەتەڕوو:
١-بە هەندوەرگرتنی هەڕەشەی لەناوچوونی کەمینە زمانییەکان.
٢-دانپیانان و ناساندنی مافە زمانییەکانی کەمینەکان.
٣- بەکارهێنانی زمانی کەمینەکان لە ئاخاوتن و ژیانی رۆژانەدا و لەشوێنە گشتییەکاندا.
٤- خوێندنی زمانی کەمینەکان لە خوێندنگاکان‌دا.
٥- بەکارهێنانی زمانی کەمینەکان لە میدیادا.
٦- بەکارهێنان و ئیشپێکردنی زمانی کەمینەکان لە کاروباری بەڕێوەبردن و دادگاکاندا.
٧- بەکارهێنانی زمانی کەمینەکان لەناونان و ناونیشان و هێماکانی هاتوچۆدا.
٨- بەشداربوون لە پرۆسەی ئابوری و سیاسی‌دا.
٩- هەروەها بەکارهێنانی لە خزمەتگوزارییە زانیاری و ئاگادارییەکاندا.
بەپێی راپۆرتی یۆنسکۆ سەبارەت بەو زمانانەی کە مەترسییان لەسەرە لە داهاتوو لەناوبچن، ئەم دوو زارە کوردییە (زازاکی و هەورامی) لە لیستی ئەو زارانەن کە مەترسی لەناوچوونیان لێ دەکرێ، چونکە ئەم دوو زارە بەردەوام ژمارەی ئاخێوەرانیان لە کەمبوونەوەدایە و ئەگەر بەم ئاراستەیەش بەردەوام بن، بۆی هەیە لە داهاتوو بە یەکجاری لەنێوبچن.
سەرۆکی رێکخراوی خانی بۆ لێکۆڵینەوەی هزری