هەپەگە چارەنووسی حەوت گەریلای ڕاگەیاند

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، رایگەیاند:" گروپێک لە هەڤاڵانمان پێکهاتوو لە حەوت گەریلا، کاتێک لە ئاوی زاپ لە هەرێمی خەلیفان پەڕیونەتەوە، هێرشیان کراوەتە سەر و شەهیدکراون". دەڵێت:" لەلایەن چەکدارانی پارتیەوە بۆسەیان بۆ دانراوە".
ئەمڕۆ شەممە، 4 ئەیلوولی 2021 ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، لەسەر چارەنووسی حەوت گەریلا، کە لە ڕۆژی ٣٠ی ئابەوە پەیوەندییان لەگەڵ پچڕاوە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەی ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل، هاتووە: "بەپێی زانیارییەکانمان، گروپێک لە هەڤاڵانمان پێکهاتوو لە حەوت گەریلا، کاتێک لە ئاوی زاپ لە هەرێمی خەلیفان پەڕیونەتەوە، لەلایەن چەکدارانی پەدەکەوە بۆسەیان بۆ دانراوە و هێرشیان کراوەتە سەر و شەهیدکراون".
هەروەها هەپەگە دەڵێت:" ئەم هێرشە زیانێکی گەورە بە دۆزی ئازادیی گەلی کورد دەگەیەنێت، ماوەیەکە دەسەڵاتدارانی پەدەکە، هێزەکانیان لە نزیک گەریلاکانمان جێگیردەکەن و بە پێداگرییەوە شەڕمان پێدەدەفرۆشن، بەڵام ئێمە لەپێناو بەرژەوەندیی نەتەوەیی گەلەکەمان، ئەوانمان نەکردووەتە ئامانج".
لە بەردەوامییدا لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: پێویستە هەموو گەلی کورد، پرسیار لە پەدەکە و بارزانی بکەن، لە شەڕێکی ناوخۆیی و ڕشتنی خوێنی گەنجانی کورد، چیی بەدەست دێنن؟ بۆچی قیزەونانە شەڕمان پێدەفرۆشن؟ لەم قۆناغەدا دروستکردنی شەڕی کورد بە کورد، ئایا نابێتە لاپەڕەیەکی ڕەش لە مێژووی گەلەکەماندا، پێویستە کورد و دۆستانی ئەم پرسیارانە لە پەدەکە و بارزانی بکەن.
لە کۆتاییشدا هاتووە: لەم کاتەدا کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک، لە ئیمرالی و زیندانەکانی تورکیا، دژی ڕێبەر و هەڤاڵانمان گۆشەگیریی و ئەشکەنجەکانی توند کردووەتەوە و لە هەموو گۆڕەپانەکاندا هێرشی فاشتیانە و قڕکەرانە دەکاتە سەر گەل و هێزەکانمان".
هەپەگە جەختی لەوەشكردۆتەوە:" جیاواز لەو حەوت گەریلا، هێزەکانی پەدەکە لە ڕۆژی ٢٦ی تەمموز لەنزیک گوندی بێخمەی شارەدێی خەلیفان، سێ گەریلای هەپەگەیان گەمارۆ دا و هێرشیان کردنە سەر، لەوکاتەشەوە تا ئێستا، پەدەکە هیچ زانیارییەکی لەسەر چارەنووسی ئەو گەریلایانە ئاشکرا نەکردووە".
هەپەگە پارتی تۆمەتبار دەكات بە مەترسی بۆ سەر هەپەگە و گەریلاكان و لەبەرامبەردا پارتی ڕەتیدەكاتەوە پەیوەندی بە ئەوانەوە هەبێت.
