یەکێتی بۆ ئاڵدار خەلیل: یەکێتی ئەو حیزبە نییە گۆڕانكاری لە هەڵوێستە ستراتیژییەكانی روبدات بەهۆی فشاری هەرێمایەتییەوە

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

سەرچاوەیەک لە مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی وەڵامی  ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) دەداتەوە و دەڵێت" یەکێتی ئەو حیزبە نییە گۆڕانكاری لە هەڵوێستە ستراتیژییەكانی و بینینە نیشتمانییە دەستەجەمعییەکانی رووبدات بەپێی تێڕوانینی فەردی یان بەهۆی فشاری هەرێمایەتییەوە."

ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) بەئاژانسی هاوارنیوزی راگەیاندوە، هۆکاری سەرەکی کێشەکانی هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان و کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی یە "دەگەڕێتەوە بۆ دەستوەردانەکانی تورکیا، چونکە ئەوان دەیانەوێت هێزی سەربەخۆیان (سەر بە تورکیا) دروستبکەن، ئامانجیشیان ئەوەیە جوڵانەوەی کوردی بەئامانج بگرن و لەناوی بەرن، بۆ نمونە سیاسەتی یەکێتی کەپشتیوانیکردن بوو لە جوڵانەوەی کورد و ئەوەش نەدەگونجا لەگەڵ سیاسەتی ئەردۆغان، بۆیە هەستان بە ئەنجامدانی کودەتایەکی ناوخۆیی و دروستکردنی ئاژاوەی ناوخۆیی لەناو حزبەکەدا".

هاوکات لە لێدوانی سەرچاوەکەی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتیدا هاتووە، "تانە شاراوەکانی لەبارەی گومانكردن لە هەڵوێستەكانی یەکێتی ئاماژەیەكی ناڕەوا و بێئاست و نەگونجاون. یەکێتی ئەو حیزبە نییە گۆڕانكاری لە هەڵوێستە ستراتیژییەكانی و بینینە نیشتمانییە دەستەجەمعییەکانی رووبدات بەپێی تێڕوانینی فەردی یان بەهۆی فشاری هەرێمایەتییەوە."

سەرچاوەکەی یەکێتی باسی لەوەشکردووە، "باشترە ئاڵدار خەلیل و پارتی یەكێتیی دیموكراتی هەوڵ و هێزیان بخەنەگەڕ بۆ چارەسەری ئەو گرفت و ئاڵنگارییە زۆرانەی بەردەم گەلەكەمان و ناوچە كوردییەكانی سووریادایە و دەستوەردان لە كاروباری نێوخۆیی پارتە كوردستانییەكانی دیکەدا نەكات."

دەقی راگەیێندراوەکە: 

بەنیگەرانی و سەرسوڕمانێكی زۆرەوە گوێبیستی لێدوانی ئەندامێكی دەستەی سەرۆكایەتی پارتی یەكێتی دیموكراتی PYD بووین كە چەند وتەیەكی نەشیاوی ئاراستەی ی. ن. ك كردووە و دەستوەردانێكی قبوڵنەكراوە لە كاروباری ناوخۆی یەكێتی

كە ھەموو لایەک بە حیزبەکەی ناوبراویشەوە دەزانێت چەند قوربانی و هاریكاری پێشكەشكردوون، هەرچەندە منەت لەوەدا نییە كە پشتیوانی دۆزی گەلەكەمان لە رۆژئاوا و تەواوی كوردستان بكەین و ئەوەش درێژەدانە بەو پرەنسیپانەی سەرۆك مام جەلال دارێژەرییەتی.

ئاماژەكانی بەڕێز ئاڵدار خەلیل و تانە شاراوەکانی لەبارەی گومانكردن لە هەڵوێستەكانی ی.ن.ك ئاماژەیەكی ناڕەوا و بێ ئاست  و نەگونجاون. یەکێتی ئەو حزبە نییە گۆڕانكاری لە هەڵوێستە ستراتیژییەكانی و بینینە نیشتنمانییە دەستەجەمعییەکانی رووبدات بەپێی تێڕوانینی فەردی یان بەهۆی فشاری هەرێمایەتییەوە.

لە جێی دەربڕینی ئەو هەلۆێستە شەرمەزاری  و ناڕاست و دنەدەرانەی نە پێش و نە دوامان دەخات، باشترە بەرێز ئاڵدار خەلیل و پارتی یەكێتی دیموكراتی هەوڵ و هێزیان بخەنەگەڕ بۆ چارەسەری ئەو گرفت و ئاڵنگارییە زۆرانەی بەردەم گەلەكەمان و ناوچە كوردییەكانی سوریادایە و دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی پارتە كوردستانییەكانی تردا نەكات.

سەرچاوەیەك لە مەكتەبی راگەیاندنی ی.ن.ك

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار