پارتی وەڵامی هەپەگە دەداتەوە لەسەر تۆمەتباركردنی شەهید بونی حەوت گەریلا

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
وتهبێژی فهرمی پارتی وەڵامی ڕاگەیاندراوەكەی دوێنێی هەپەگە دەداتەوە و دەڵێت:" ناوھێنانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بڵاوکردنەوەی بابەتی ناڕاست بۆ شاردنەوەی تاوانەکانیانە و پاساو ھێنانەوەیە بۆ کردەوە نا یاسایی و دەستدرێژیەکانیان بۆ سەر ھەرێمی کوردستان".
دوێنێ شهممه 4ی ئهیلوول، ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل هەپەگە رایگەیاند: "بەپێی زانیارییەکانمان، گروپێک لە هەڤاڵانمان پێکهاتوو لە حەوت گەریلا، کاتێک لە ئاوی زاپ لە هەرێمی خەلیفان پەڕیونەتەوە، لەلایەن هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بۆسەیان بۆ دانراوە و هێرشیان کراوەتە سەر و شەهیدکراون".
ئاماژەی بەوەشکردبوو: "هێزەکانی پارتی بۆسەیان بۆ هەڤاڵانمان داناوە و حەوت هەڤاڵی ئێمەیان شەهید کردوە، ئەم کردەوەیە هیچ پەیوەندییەکی بە کوردایەتییەوە نییە".
لای خۆیهوه مهحمود محهمهد، وتهبێژی فهرمی پارتی دیموكراتی كوردستان شهوی رابردوو راگهیهندراوێكی بڵاوكردهوه و رایگهیاند: ناوەندێکی سەر بە پەکەکە بە ناوی ھەپەگە، لە راگەیاندراوێکدا بانگهشهی ئەوەی کردووە کە حەوت چەکداریان لە دەڤەری خەلیفان بەدەستی پارتی کوژراون!.
ئهوهشی وتبوو: "لێرەدا بە گشت لایەکی رادەگەیەنین کە ئەو بانگهشهیە ھیچ بنەمایەکی نییە و دوورە لە راستی و، مەبەستیان لە ناوھێنانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بڵاوکردنەوەی بابەتی ناڕاست بۆ شاردنەوەی تاوانەکانیانە و پاساو ھێنانەوەیە بۆ کردەوە نا یاسایی و دەستدرێژیەکانیان بۆ سەر ھەرێمی کوردستان".
مهحمود محهمهد باسی لهوهشكردبوو، كه خەڵکی کوردستان دەپرسن و پێویستە پەکەکە وەڵامیان بداتەوە کە چەکدارانی پەکەکە چی دەکەن لە دەڤەری خەلیفان و ئیشیان چییە و پەیوەندییان بەو دەڤەرەوە چییە؟.
