لەهەشت مانگدا ئاستی هەناردەی توركیا بۆ هەرێم و عێراق پێنج ملیار دۆلاری تێپەڕاند
.jpg)
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
وەزارەتی بازرگانی و ئەنجوومەنی ھەناردەکارانی تورکیا ڕایگەیاند:"تورکیا لە هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ئاستی هەناردەی بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق پێنج ملیار دۆلارى تێپەرکردووە".
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی بازرگانی و ئەنجوومەنی ھەناردەکارانی تورکیا، لە ماوەی نێوان مانگی کانوونی دووەم- ئابی 2021 هەناردەی تورکیا بۆ وڵاتانی دراوسێی (بولگاریا، ئێران، عێراق، جۆرجیا، سووریا و یۆنان) بەراورد بە هەمان وادەی ساڵی رابردوو 34.5% زیادیکردووە و بە بڕی 12.5 ملیار دۆلار کاڵای هەناردەی ئەو وڵاتانە کردووە.
لەو ماوەیەدا زۆرترین هەناردەی تورکیا بە بڕی 5 ملیار و 305 ملیۆن و 647 ھەزار دۆلار بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق بووە.
بەگوێرەی داتاکان ئاستی ھەناردەی تورکیا لە مانگی ئابی ئەمساڵ بە گشتیی بە بەراورد لەگەڵ هەمان وادە لە ساڵی رابردوو بە رێژەی 52٪ زیادیکردووە و بووەتە 18.9 ملیار دۆلار.
هەروەها کۆی هەناردەی تورکیا لە ماوەی نێوان مانگی کانوونی دووەم- ئابی 2021 بەراورد بە هەمان وادەی ساڵی پار 37% زیادیکردووە و گەیشتووەتە 140.2 ملیار دۆلار.
لە هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زۆرترین بەرھەمی ھەناردەکراوی تورکیا بۆ وڵاتانی دراوسێی بەرھەمی کیمیايی بووە، لەو کەرتەدا بەبڕی 2 ملیار و 134 ملیۆن و 397 ھەزار دۆلار ھەناردە بۆ 6 وڵاتی دراوسێی کراوە.
