ئەمریکا هۆشداری لە دۆخی ئێستای ئەفغانستان دەدات
.jpg)
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند:" دەکرێت "رێکخراوە تیرۆریستییەکان" هەلی نائارامی لە ئەفغانستان بقۆزنەوە بۆ دۆزینەوەی دەستکەوت و بەوەش "شەڕ و ئاڵۆزیی رووبدات".
جەنەراڵ مارک میڵی، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ فۆکسنیوز، نیگەرانی خۆی نیشاندا کە دەکرێت "رێکخراوە تیرۆریستییەکان" هەلی نائارامی لە ئەفغانستان بقۆزنەوە بۆ دۆزینەوەی دەستکەوت و بەوەش "شەڕ و ئاڵۆزیی رووبدات.
جەنەراڵە ئەمریکییەکە هۆشداریشی دا لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی ئەلقاعیدە و رایگەیاند، "دواتر ئەمە سەردەکێشێ بۆ دووبارە رێکخستنەوەی ئەلقاعیدە یان داعش یان گرووپێکی هاوشێوەی تیرۆریستی." وتیشی کە لە ماوەی "ساڵێک تا سێ ساڵی دیکە" تیرۆر لەو ناوچەیە سەرهەڵدەداتەوە.
لە ماوەکانی رابردوو چەندین جار لە هەردوو لایەنەوە هەوڵی ئەوە درا کە بە دانوستاندن کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن، چەندین شەڕ و رووبەڕووبوونەوەش روویدا، بەڵام تاوەکو ئێستا تاڵیبان نەیتوانیوە باڵادەستیی خۆی لەو ناوچەیە بسەپێنێت.
مارک میڵی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هێشتنەوەی ئاسایشی ئەمریکی و کۆکردنەوەی هەواڵگری لە ناوچەکەدا "ئەرکێکی قورستر دەبێت لە کاتێکدا ئێستا ئەمریکا هیچ بوونێکی فەرمی لە ئەفغانستان نەماوە."
لە ئەگەری هەبوونی هەڕەشە بۆ سەریان، بە وتەی میلی، ئەمریکا لە ئۆپەراسیۆنی هێرشە ئاسمانییەکانی بەردەوام دەبێت.
پێشتریش جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو کە ئەمریکا لە رووبەڕوبوونەوەی تیرۆر بەردەوام دەبێت و لەجیاتی هێرشی زەمینی، پشت بە هێرشە ئاسمانییەکان دەبەستێت.
جەنەراڵ میڵی لەبارەی ئەوەوە رایگەیاند، "دەکرێت ئەمە بکەین، بەڵام پێویستە ئاستی زۆر وردی دیاریکردن، ئاگادارکردنەوە، چاودێریکردن و هەواڵگری لە تەواوی ناوچەکەدا بەدەستبخەین."
