نــایــن ئـیــلــێــڤــن: ٩١١
3 ساڵ لەمەوپێش
سەردار عزیز
بیست ساڵ لەمەوپێش رووداوێکی جیهانی روویدا. لەڕۆژی یانزەی ئەیلول، کە بەیانزەی سیپتەمبەر یان ناین ئیلێڤن ناسراوە، ئەوەی کە لەخەیاڵدا وێنا نەدەکرا، روویدا و هەموو دونیا ڕاستەوخۆ بینی. ئەم رۆژە یەکێکە لە ئەو رۆژانەی کە زۆر جار خەڵکی لە یەکتر دەپرسن، ئایا ئەو رۆژە لەکوێ بوویت؟ ئەو رۆژە من لە شاری کۆرک لەباشوری ئایرلەندا دەژیام، ئەو کاتەی کە روویدا نزیکەی دوای نیوەڕۆبوو بەکاتی ئایرلەندا، من خەریکی بۆیاخکردنی ماڵێک بوم لەنزیک زانکۆ، لە گەڵ پیاوێکی بەتەمەنی ئایرلەندی بەناوی تۆم کوین. ماڵەکە هەرچەندە چۆڵ بوو بەڵام تەلەفزیونی تیادابوو. بیرم دێت هەندێک تەماشامان کرد، بەڵام نەمادەزانی بەباشی چی روودەدات. ئەو رۆژە، ساتەوەختی بەرکەوتنی تیرۆری ئیسلامی و ئیمپراتۆریەتی ئەمریکی بوون. پەیوەندی نێوان ئەم دوانە ئاڵۆزە کە خۆی لەدۆستایەتی و یەکتر بەکاربردن و فەرامۆشکردن و دوژمنایەتیدا دەبینێتەوە.
یانزەی سێپتەمبەر سەرەتای قۆناغێک بوو کە تیایدا ئەمریکا لەدونیادا چووە شەڕێکەوە بە ناوی شەڕی دژە تیرۆر. ئەم شەڕە لەپاش بیست ساڵ، هەوڵی کۆتایی پێهێنانی دەدرێت. لەماوەی ئەم بیست ساڵەدا ئەمریکا لەهەوڵی ئەودابوو کە ئەو هێزانە لەناوببات کە بەتیرۆیستیان لە قەڵەمدەدات. ئەم جەنگە سوپای ئەمریکای برد بۆ زۆر جێگای دونیا بەتایبەتی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
لێرەدا مەبەستم ئەوەنیە باس لە ئەم مێژووە بکەم. ئەوەی لەم نووسینەدا دەمەوێت رووناکی بخەمە سەر، کۆتایی ئەو سەردەمەیە کە پاش یانزەی سێپتەمبەر هاتە ئاراوەو چۆن کاریگەری دەبێت لەسەر کورد. یانزەی سێپتەمبەر سەرەتای قۆناغێک بوو کە تیایدا ئەمریکا لەدونیادا چووە شەڕێکەوە بە ناوی شەڕی دژە تیرۆر. ئەم شەڕە لەپاش بیست ساڵ، هەوڵی کۆتایی پێهێنانی دەدرێت. لەماوەی ئەم بیست ساڵەدا ئەمریکا لەهەوڵی ئەودابوو کە ئەو هێزانە لەناوببات کە بەتیرۆیستیان لە قەڵەمدەدات. ئەم جەنگە سوپای ئەمریکای برد بۆ زۆر جێگای دونیا بەتایبەتی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم جەنگە لە ساتەوەختێکدا بوو لە مێژووی جیهاندا، کە ئەمریکا بێ نەیارو بێ رکەبەر بوو. بۆیە نوخبەیەکی تایبەتی ئەمریکی بە دەرفەتی ئەوەیان زانی بەسودوەرگتن لە دۆخەکەو بەپشتیوانی سوپای ئەمریکی دونیا بە ئەمریکایی بکەن و جارێکی تر رێگە نەدرێت نەیاری ئەمریکا لەجیهاندا بتوانن رکەبەری ئەمریکا بکەن.
دەتوانین بڵێین ئەمریکا لە لاوازکردنی هێزە تیرۆریستیەکاندا هەتا ئاستێک بەئامانج گەیشت، بەڵام لە بەئەمریکاییکردنی وڵاتانی تر، عێراق و ئەفغانستان بەتایبەتی شکستی هێنا. بە دیموکراسیکردن چەند قۆناغێکە، سەرەتا بە گواستنەوە بۆ دیموکراسی، پاشان، سەقامگیربون و تۆکمەبون، ئینجا دیموکراسی. بەڵام ئەم گواستنەوەیە تەنها تایبەتی نیە بە جۆری حوکمڕانی، بەڵکو کاریگەری هەیە لەسەر سەرجەم بوارەکانی ژیان. هەردوو عێراق و ئەفغانستان لەزۆر رووەوە لەیەک دەچون، هەردوو فرە شوناسن، ناوەند تیایاندا لاوازە، دیموکراسی بونیان مایەی مەترسییە بۆ دراوسێکانیان، کۆمەڵگای پاش جەنگن و هەتا ئاستێکی زۆر کۆمەڵگای لادێیی و تەقلیدین. وەرچەرخانی کۆمەڵگای لەم جۆرە بۆ دیموکراسی و حوکمی دەزگا و کۆمەڵگای کراوە ئێجگار زەحمەتە. بەم پێیە ئەمریکا هات بۆ دوو وڵات هەتا بیانکات بە دیموکراسی کەهیچ بنەماو کەلتورو ئاگایی و نوخبەی دیموکراتخواز بوونی نەبوو. هەرچەندە ئێستا ئەمریکا وەهای پێباشە کە وەها ئاوڕ لە ەو مێژووە بداتەوە کە مەبەستی دیموکراسیکردن نەبووە. ئەمە بۆ خۆدزینەوەیە، چونکە بەبێ دیموکراسیکردن تیرۆر کۆتایی نایەت. بەڵام لایەنی ئەمریکی و لایەنی ئەو دوو وڵاتە هەردوو ئامادەنەبوون بۆ ئەوەی لەپرۆسەیەکی گۆڕانی کۆمەڵایەتی و کەلتوریدا پێکەوە کاربکەن.
ئێستا کە یادی بیست ساڵەی ئەو رووداوە دەکرێتەوە، ئەمریکا دەیەوێت کۆتایی بە ئەو قۆناغە بهێنێت. ئەم پاشەکشەی ئەمریکا راستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر کوردی هەموو پارچەکانی کوردستان، بەجیاوازی.
یەکەم دەرئەنجامی لاوازی یان پاشەکشەی ئەمریکا بەهێزبوونی دەوڵەتە ئەقلیمییەکانە، وەک ئێران و تورکیا. بەهێزبوونی ئەم دوانە ڕاستەوخۆ کاریگەری لە سەر هەموو کورد هەیە بە نەرێنی.
دووەم، پرۆسەی دیموکراسی و لیبرالیزم و بەهاکانی هەموو بەرەو لاوازی دەچن، لەناوچەکەدا. دەرئەنجامی ئەمە گەڕانەوەیە بۆ ململانێی هێزو پشتگیریکردنی لایەنەکان بە پێی رۆڵیان لەهاوسەنگی هێزدا نەک هەڵسوکەوتیان.
سێیەم، کە لەهەمووی گرنگترە، پرۆسەی دیموکراتیزەبونی کوردستان لەناوەوە لە دۆخێکی خراپدایە. هەم نوخبەی سیاسی و هەم خەڵکیش لە ئاستێکی ئاگایی وەهادانین کە بتوانن خۆیان ئەو پرۆسەیە بەڕێبکەن. کۆمەڵگای کوردی بەدەست کۆمەڵێک جەمسەرگیری ناعەقڵانییەوە دەناڵێنت. جەمسەرگیری شەڕی ناوخۆ. جەمسەرگیری ئاینی و مەدەنی. لایەنگرانی ئەم جەمسەرگیرییانە توانای وێناکردنی وێنا گەورەکەیان نیە، بەڵکو هەموو قوربانی جەنگە بچکۆلەکانن. جەمسەرگیریی لەدۆخی نیمچە دیموکراسیدا ئەگەر نەوەستێنرێت ئەوا کایەی دیموکراسی هەتابێت پەرتی و دژایەتی تۆختر دەکاتەوە. درککردن بەم دۆخە لەکوردستان ئاسان نیە، کاتێک دەبینیت خەڵکانێک نیە لە دەرەوەی جەمسەرگیریی و هاوکێشەکان، بەڵکو بەگشتی هەموو بەشدارن، بەتایبەتی کاتێک رۆشنبیر وەها رۆشنبیرییەکەی دەپێورێت کە هەڵوێستی هەبێت، نەک توانای بینی وێنە گەورەکە و رووناککردنەوەی رێچکە تاریکەکان.
کورد لەڕابوردودا باجی سودنەبین لەمۆدێرنەی داوە. کاتێک مۆدێرنەی ئەوروپایی لەڕێگای تەنزیماتی عوسمانییەوە دەگاتە ناوچەکە، مەلاو کوێخاکان لەبەر بەرژەوەندی خۆیان دژی دەوەستنەوە. هێزی مەدەنی کوردیش زۆر لاوازبوو بۆ ئەوەی بتوانێت رکەبەری ئەمانە بکات. بۆیە کورد سودی نەبینی لە تەنزیماتی عوسمانی و پاشان باجەکەی زۆر گەورەبوو. زاڵبونی ئەم هێزە کۆنەپارێزانە، وەهایکرد لە پەرچەکرداردا هێزی رادیکاڵی چەپ بێتە ئاراوە، لە ئەنجامدا نە کۆمەڵگا بەرهەم هات، نە کەلتور، نە رۆشنبیریی. سەرباری بوونی ژمارەیەکی بێشوماری چەپ و ساڵانێکی زۆر لەچەپایەتی هەتا ئێستا دەقێکی چەپی کوردی بوونی نیە. ئەگەر لە سەردەمی تەنزیماتدا هێزی مەدەنی کەم خوێندەوارو لاوازبون، ئەوا ئەمڕۆ دۆخەکە باشتر نیە. بە نەمانی پاڵنەرێکی گەورەی وەک ئەمریکا بۆ دیموکراتیزەبون و حوکمی سەردەمیانە لەوڵاتی ئێمەدا، کارەکان ئێجگار ئێجگار سەختتر دەبێت. ئێمە هەر لەئێستاوە بەڕوونی سەرەتای دۆخەکە دەبینین، کە چیدی رۆژنامەی ئازادو کۆمەڵگای مەدەنی و بازاڕی ئازاد و جیاکردنەوەی مەدەنی و سەربازیی و حوکمی یاساو زۆر زۆر شتی تر هیچ بوونیان نەماوە . لەدۆخێکی وەهادا لە بڕی ئەوەی خەڵک یان کۆمەڵگا بتوانێت ئالەنگاری دروست بکات، دیدو هێزی نوێ بەرهەم بهێنێت، بەگشتی کراون بە قوربانی خیتابێکی پۆپیولیستی. کرۆکی پۆپیولیزم زۆر سادەیە. پۆپیولیزم پێت دەڵێت کە تۆ قوربانیت، تۆ زوڵمت لێدەکرێت، لە لایەن نوخبەیەکەوە، ئەگەر پشتیوانی من بکەیت ئەوا ئەم زوڵمە کۆتایی پێدەهێنم. بەڵام وەک لە زۆر جێگای دونیادا تاقیکراوەتەوە، هێزی پۆپیولیست فرویدەرو دەسەڵاتخوازە، بەسەر ئازاری خەڵکەوە سەرمایەگوزاری دەکات. وەک میشێل فۆکۆ پێمان دەڵێت دەسەڵات لەپەیوەندیدا فەراهەم دەبێت. بەو مانایە کەس بەتەنها دەسەڵاتدارنیە. دەسەڵات لەمیانەی پەیوەندی نێوان کەس و لایەن و هێزەکان دێتە ئاراوە، لەهەناو ئەو پەیوەندییەدا بەرجەستە دەبێت. کەسێک بە تەنها لە ئەشکەوتێکدا، خۆی بەهەرچییەک بزانێت، بە تەنها بێ دەسەڵاتە. خەڵک ئەم رۆڵ و بەرپرسیارێتییەی خۆی نابینت، چونکە ئاسانتر نەیبینێت. ئەگەر جاران هیوامان وەهابوو کەڕەنگە لەچەند دەیەی داهاتوودا بکەوینە سەر رێچکەی دیموکراسی، بەکشانەوەی ئەمریکی دەبێت ئەو چەند دەیەیە درێژبکەینەوە بۆ سەدە.
ئێمە هەر لەئێستاوە بەڕوونی سەرەتای دۆخەکە دەبینین،
کە چیدی رۆژنامەی ئازادو کۆمەڵگای مەدەنی و بازاڕی ئازاد و جیاکردنەوەی مەدەنی و سەربازیی و حوکمی یاساو زۆر زۆر شتی تر هیچ بوونیان نەماوە . لەدۆخێکی وەهادا لە بڕی ئەوەی خەڵک یان کۆمەڵگا بتوانێت ئالەنگاری دروست بکات، دیدو هێزی نوێ بەرهەم بهێنێت، بەگشتی کراون بە قوربانی خیتابێکی پۆپیولیستی