پەنجشێر كەوت؛ بەرگریی ئەحمەد شا مەسعود لەچیاكان بەردەوامە
3 ساڵ لەمەوپێش
نامۆ سەربەست
تاڵیبان كۆنترۆڵی ویلایەتی پەنجشێریان راگەیاندووەو بەرەی بەرگری باكور بەسەرۆكایەتی ئەحمەد شا مەسعود دەڵێن لەچیاكان و ناوچەكانی دەوروبەری پەنجشێر بەرگری كردن بەردەوامە.
دوای ئەوەی بزوتنەوەی تاڵیبان كۆنترۆڵی كابولی پایتەختی كرد، لەویلایەتی پەنجشێر بەرەی بەرگریی باكور بەسەرۆكایەتی ئەحمەد مەسعود كوڕی ئەحمەد شا مەسعودی سەركردەی دیاری ئەفغانستان پێكهات، بۆ بەرگریكردن دژی رژێمی تاڵیبان.
رۆژی دوو شەممە 5ی ئەیلول، زەبیحوڵا موجاهد وتەبێژی بزوتنەوەی تاڵیبان رایگەیاند:» كۆنترۆڵی تەواوی ویلایەتی پەنجشێریان كردووەو بەوەش وڵات لەزۆلكاوی جەنگ چووە دەرەوە».
وێڕای هەوڵەكان بۆ بەئاشتی كۆتایی هێنان بەناكۆكییەكان، بەڵام دواجار شەڕ دەستیپێكردو بزوتنەوەی تاڵیبان بەتەواوی هێزیەوە هێرشی كردەسەر پەنجشێر، لەشەڕەكاندا بەردەوام بەرەی بەرگری تاڵیبانی تۆمەتباردەكرد بەوەی لەگەڵ رێكخراوی قاعیدەدا هاوپەیمانیی بەستووە لەدژیان و چەندین ئاماری كوژراو بریندارو بەدیلگیراوی قاعیدەی بڵاوكردەوە، بەڵام تاڵیبان بەردەوام ئەو تۆمەتانەی رەتدەكردەوە.
سەرەتای هەفتەی رابردوو سەرۆك عەشیرەتەكانی پەنجشێرو ویلایەتەكانی دەوروبەری، سەردانی كابولیان کرد تا بگەنە چارەسەرێك بۆ كێشەكان، بەڵام هەوڵەكانیان بێسود بوو.
لەڕۆژانی شەمەو یەكشەمەی رابردوودا هێرشەكانی تاڵیبان زۆر چڕ ببووەوەو شەڕەكان زۆر توندتر ببوون و ژمارەی قوربانییەكان زۆر زیاتر بوو. بۆیە ئەنجومەنی زانایانی ئیسلامیی ئەفغانستان داوایكرد شەڕ رابگیڕێت و وتووێژی ئاشتی دەستپێبكات.
هاوكات سەعید خەتیب زادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، سەبارەت بەهێرشەكانی تاڵیبان بۆ پەنجشێر لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:»ئەو راپۆرتانەی پێمان گەیشتون ئاماژە بە ئابڵوقەدانی ناوچەی پەنجشێرو بڕینی كارەبا لێی و برسیكردنی دانیشتوانەكەی دەكەن، ئەوەش دژی یاسا نێودەوڵەتییەكانە».
لەكۆنگرەكەدا، خەتیب زادە زۆر بە توندی ئیدانەی دەستوەردانە دەرەكییەكانی كرد لەئەفغانستاندا و راشیگەیاند:»دەستوەردانی دەرەكی لەئەفغانستاندا دەرئەنجامەكەی شكستە، گەلی ئەفغانی گەلێكی بەغیرەتەو هەوڵی سەربەخۆیی دەدات، بۆیە هەموو دەستوەردانێكی دەرەكی لەئەو وڵاتە رەتكراوەیە، دۆزی پەنجشێر دەبێت سیاسییانە و لەڕێی نێوەندگیرییەوە چارەسەر بكرێت و نابێت بە براكوژی كۆتایی بێت و تاڵیبان دەبێت پەیمانەكانی جێبەجێ بكات».
مەبەستی خەتیب زادە لەدەستوەردانە دەرەكییەكان، هاوكارییەكانی پاكستان بوو بۆ بزوتنەوەی تاڵیبان.
هەر ئەو رۆژە لەلێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی رۆیتەرز ئەحمەد مەسعود ئامادەیی نیشاندا بۆ راگرتنی شەڕ بەمەرجێك تاڵیبان هێزەكانی لە ویلایەتەكە بكشێنێتەوە، بەڵام تاڵیبان هەر بەردەوامبوو لە هێرشەكانی و رۆژی دووشەممە زەبیحوڵا موجاهد وتەبێژی بزوتنەوەكە لەبەیاننامەیەكدا كۆنترۆڵكردنەوەی پەنجشێری رایگەیاندو نووسی:»لەگەڵ ئەم سەركەوتنەدا وڵاتەكەمان لەزۆلكاوی جەنگ هاتە دەرەوە، هەڵگەڕاوەكان كوژران و هەندێكیشیان رایانكرد، دانیشتوانی پەنجشێر دڵنیا دەكەینەوە كەس رووبەڕووی جیاكاری نابێتەوە، ئەوان برامانن و پێكەوە بۆ وڵاتێك و ئامانجێك كاردەكەین»
هەروەها زەبیحوڵا ئاشكراشیكرد لەڕۆژی سێشەممەوە خزمەتگوزارییەكانی كارەباو مۆبایل و ئینتەرنێت دەگەڕێتەوە بۆ ویلایەتی پەنجشێرو وتیشی:» بزوتنەوەی تاڵیبان توانی دوایەمین چاڵی تیرۆر لە ئەفغانستاندا لەناوبەرێت».
وتەبێژەكەی تاڵیبان داوای لەوڵاتان كرد بەردەوامبن لە هاوكاریكردنی وڵاتەكەی و ئاماژەی بەدەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییە ناوخۆییەكان كردو وتی چاوەڕێی دەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانیە نێودەوڵەتییەكانن.
هاوكات موجاهد هەڕەشەی لەهەركەسێك كرد كە بەڕووی تاڵیباندا هەڵگەڕێتەوەو رایگەیاند:»ئیمارەتی ئیسلامی زۆر هەستیارە بەرامبەر بزوتنەوەكانی هەڵگەڕانەوە و هەركەسێك هەڵبگەڕێتەوە گورزێكی توند دەخوات و رێگا بە هەڵگەڕانەوەی تر نادەین».
داواشی لە ئەندامانی هێزە سەربازی و ئەمنییەكانی ئەفغانستانكرد بگەڕێنەوە و تێكەڵی سیستمی نوێ ببن و وتی:»ئەو هێزە ئەفغانییانەی لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا مەشقیان وەرگرتووە، داوایان لێدەكرێت بچنە بەڕێوەبەرایەتییە ئەمنییەكانەوە لە پاڵ ئەندامانی تاڵیباندا».
هاوكات بزوتنەوەكە وێنەی چەكدارەكانی لەبەردەم باڵەخانەی ویلایەتی پەنجشێردا بڵاوكردەوە و لەگرتەیەكی ڤیدیۆییشدا نیشانیدا كەچۆن ئاڵای تاڵیبان لەسەر باڵەخانەكە هەڵدەكەن.
دواتر لەپەیامێكی دەنگیدا ئەحمەد مەسعود دانی بەوەدا نا كە تاڵیبان ویلایەتەكەی كۆنترۆڵكردووە، بەڵام وتی ئەوان تەنیا شارەكەیان گرتووە و شوێنەكانی تری دەرەوەی شار بەدەست بەرەی بەرگرییەوەیە و بەرگریكردن بەردەوام دەبێت.
لەقسەكانیدا مەسعود ئاماژەی بە ئەوەدا كە بەهۆی زۆریی قوربانییەكانەوە و لەسەر داوای زانایانی ئیسلامی ئامادەییان نیشانداوە بۆ گفتوگۆ، بەڵام تاڵیبان گوێی بە زانایانی ئاینیش نەدا و بەوەش زیاتر سەلماندیان كە دژی ئاین و دژی مرۆڤایەتین. ئاشكراشیكرد كەتەنانەت لە ناو خێزانەكەی خۆشیدا قوربانیی و كوژراو هەیە.
لەدرێژەی پەیامەكەیدا ئەحمەد مەسعود وتیشی:»بەرگریی دژی تاڵیبان لە پەنجشێر بەردەوامە، تاڵیبان بیانییەكان دەهێنێت بۆ كوشتنی ئەفغانییەكان، ئێمە دەستوەردانی دەرەكیی بەهەموو شێوەیەك رەتدەكەینەوە، ئەگەرچی ئەوان پایتەختی ویلایەتەكەیان بەدەستەوەیە، بەڵام سەرجەم شوێن و پێگە ستراتیجییەكان بەدەست بەرەی بەرگرییەوەن»
ئەویش بە هەمان شێوەی خەتیب زادە، مەبەستی لە بیانییەكان هاوكارییەكانی پاكستان بوو بۆ تاڵیبان.
لەسەرەتای دروستبوونی تاڵیبانەوە پاكستان بەهەموو شێوەیەك هاوكاری دارایی و سەربازی و لۆجستی كردوون، تەنانەت دوای ڕوداوەكانی 11ی سێپتەمبەر و داگیركردنی ئەفغانستان لەلایەن ئەمریكاشەوە، ئەو هاوكارییانە بەردەوامبوو، هۆكاری سەرەكیی ئەو پشتیوانییەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، پاكستان دەیەوێت لە ئەفغانستاندا حكومەتێك هەبێت لایەنگری خۆی بێت دژی هیندستان، تا لەڕكابەرییە مێژوییەكەیدا لەگەڵ ئەو وڵاتە، پێگەی خۆی بەهێزتربكات.
مەسعود لە پەیامە دەنگییەكەیدا كە بۆ دەزگاكانی راگەیاندنی جیهانی ناردبوو، داوای ڕاپەڕینێكی نیشتیمانیی كرد و بە ئەفغانییەكانی راگەیاند:»لەهەر شوێنێكن، لە ناوەوە و دەرەوە، هانتان دەدەم بۆ دەستپێكردنی راپەڕینێكی نیشتیمانی لەپێناو كەرامەت و ئازادی و گەشەكردنی وڵاتەكەماندا»
بەرەی بەرگریش لە تویتەری فەرمی خۆی رایگەیاند، فەهیم دەشتی وتەبێژی بەرەكە و جەنەراڵ عەبدولوەدود زادە، یەكێك لە فەرماندە باڵاكانی بەرەكە، لە شەڕەكاندا كوژراون.
لە دوای كۆنترۆڵكردنی كابولەوە، بەردەوام بزوتنەوەی تاڵیبان راگەیاندنی حكومەتی ئەو وڵاتە دوا دەخات، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتێكی ئاژانسی رۆیتەرز، لەگەڵ راگەیاندنی كۆتایی هێنان بەبەرەی بەرگریدا، لەهەفتەی داهاتوودا تاڵیبان پێكهاتە حكومییەكەی ئاشكرادەكات.
پێشتر چەند سەرچاوەیەكی تاڵیبان ئاشكرایانكرد كە عەبدولغەنی برادەر، یەكێك لەدامەزرێنەرانی بزوتنەوەكە سەرۆكایەتی حكومەتەكە دەكات.
رۆژنامەی واشینتن پۆست لەڕاپۆرتێكدا ئاماژەی بە ئەوە كرد، بزوتنەوەكە لە هەوڵی ئەوەدایە سیستمێكی سیاسی هاوشێوەی ئێران دابمەزرێنێت و ئەم چەند رۆژەی دوایی راوێژە سیاسییەكان لە ناو بزوتنەوەكەدا بەردوام بووە بۆ دامەزراندنی حكومەتێكی ئاینی بەسەرۆكایەتی هەیبەتوڵا ئاخوند زادە سەرۆكی بزوتنەوەكە، كە پێشبینی دەكرێت ببێتە (رابەری باڵای ئەفغانستان) هاوشێوەی پەیكەرە سیاسییەكەی ئێران.
سەبارەت بەحكومەتە نوێیەكە و چارەنووسی ئەفغانستان لەژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا، جەنەراڵ مارك میلی سەرۆكی دەستەی ئەركانی هاوبەشی ئەمریكا، پێشبینی ئەوە دەكات ئەفغانستان بەرەو شەڕی ناوخۆ بخزێت و گومانی هەیە لەوەی تاڵیبان بتوانێت ئیدارەی وڵات بكات و پێشبینیی گەڕانەوەی گروپە تیرۆریستییەكانیشی كرد.
میلی لەلێدوانێكیدا بۆ كەناڵی فۆكس نیوز رایگەیاند:»بەپێی هەڵسەنگاندنە سەربازییەكانم، ئەگەری زیاتر ئەوەیە بارودۆخی ئێستا تەشەنەبكات بۆ شەڕی ناوخۆ، ئەگەرێكی گەورە هەیە بۆ هەڵگیرسانی شەڕێكی ناوخۆی لەئێستا فراوانترو ئەوەش دۆخێك دروستدەكات رێگا بەگەڕانەوەی بزوتنەوەی قاعیدە و گەشەكردنی داعش و گروپە تیرۆریستییەكانی تر دەدات.»
هاوكات ئەوەشی دووپاتكردەوە كە لەماوەی 12 تا 36 مانگی داهاتوودا دەركەوتنەوەی تیرۆر لەو ناوچەیە (ئەفغانستان) ببینن.
لەلایەكی دیكەوە، ینس ستولبێرگ، ئەمینداری گشتی ناتۆ لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەی سەندەی تێلێگرافی بەریتانی رایگەیاند:»دەبێت كۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێكەوە، بە روسیا و چینیشەوە، كاربكەین بۆ ڕێگریكردن لە ئەوەی ئەفغانستان ببێتە سەنتەری رێكخراوە تیرۆریستییەكان و ئازادانە كاری تێدا بكەن و ئامادەكاری و پلانڕێژی بكەن بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتەكانمان».