قەیرانەکانی خێزانی کوردی

3 ساڵ لەمەوپێش



سه‌ردار عه‌زیز

خێزانی کوردی لەقەیراندایە. نیشانەکانی ئەم قەیرانە بەبەرچاوی هەموانەوەیە. رێژەی جودابوونەوە، کە لەباڵتریندایە، رەنگە نیشانەیەکی زەق بێت. رێژەی شونەکردن، یان خێزانی دڵتەنگ، توندوتیژی زۆر پێوەری تر . دەکرێت بۆ ئەوەی دیدێک بۆ تێگەیشتن لەئەم قەیرانە دابڕێژین بیر لەئەو گۆڕانکارییانە بکەینەوە کەگۆڕانی ژیار بەسەر جۆری پەیوەندی ئەندامەکانی ناو خێزاندا هێناویەتی. خێزانی تەقلیدی، ئەو خێزانەیە کەدەسەڵات تیایدا پلەبەندیانە، یان هایرارکیانە بونیادنراوە. باوک، کرۆکی خێزانەو خاوەن باڵاترین دەسەڵاتە، ژن و مناڵەکانە بە پلەی جیاوازدێن لەپاش ئەو. داڕێژەری ئەم بونیادی دەسەڵاتە ئابوری و کەلتوری و ئاینی و ئاگاییە بوو.

دەکرێت بڵێین کە ئافرەت بەگشتی بوونەوەرێکی ناسیاسی بوو، لەپانتاییەکی تایبەتدا (ماڵدا) قەتیس کرابوو. ناسیاسی بە مانای ئەوەی بۆی نەبوو لەپانتایی گشتیدا ئامادەیی و چالاکی هەبێت. دیارە هەندێک شاز هەیە لە ئەم بنەمایە، بۆ نموونە خێزانی بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانی پێگەی سیاسییان هەبوو، یان ئافرەت وەک بەشێک لەخێزان، لەمەزراو کێڵگەی خێزاندا کاری کردووە، ئەم شازانە نابنە بنەمای ئەوەی کە بنەما گشتییەکە هەڵبوەشێننەوە. زۆربەی جار ئیشکردنی ئافرەت ئیشکردنێکی بێ داهات بووە. ئەوەی ئیش گرنگ دەکات، ئیش خۆی نیە، بەڵکو بونیەتی وەک سەرچاوەیەکی داهات، چونکە داهات، توانا و ئازادی دەبەخشێت.

لەڕوانگەی داهاتەوە، دەبینین خێزانە هەژارەکان و خێزانە دەوڵەمەندبووەکان هەردوو قەیرانیان هەیە، هەژارەکان بەهۆی نەبوون یان کەمی داهاتەوە، دەوڵەمەندبووەکان بەهۆی دەستگەیشتی ئافرەت بەداهات. لەهەردوو دۆخەکە بونیادە هەرەمییە تەقلیدییەکە تووشی کێشە دەبێت. لە دۆخی هەژاراندا باوک نان-پەیداکەرێکی باش نیە، لەدۆخی دەوڵەمەندبوەکاندا، باوک تەنها نان-پەیداکەرنیە، دایکیش بەهەمانشێوە نان-پەیداکەرە .  لەهەمانکاتدا خێزان وەک دەزگایەک لەلایەن دەزگاکانی ترەوە لەپەیوەندی و زۆرجار ململانێدایە. پەیوەندی نێوان دەوڵەت و خێزان یەکێکە لە پەیوەندییە ئاڵۆزەکان لەمبارەوە ، نموونەی ئەم دۆخە بە ڕوونی لەخێزانە کوردەکانی نیشتەجێیی رۆژئاوادا دەبینین، ئەگەر تەماشای جوگرافیای خێزانی کورد بکەیت، دەبینیت هەتا پشتیوانی دەوڵەت بۆ خێزان زیاتربێت، خێزان زیاتر هەڵوەشاوەیە. ئەمە لەکەیسی وڵاتانی ئەسکەندەنافیادا دەیبینیت. زۆرن ئەو خێزانە کوردانەی کە بە دەست قەیرانی هەڵوەشانەوە دەناڵێنن لەو وڵاتانە.  ئەم دۆخە مایەی شەڕێکی گەورەیە لەئەمریکا لە نێوان لیبراڵ و پارێزەرەکاندا، کۆنسێرڤەتیڤەکان دەڵێن هەتا دەوڵەت زیاتر پشتیوانی خێزان بکات، خێزان زیاتر هەڵدەوەشێت، لیبراڵەکان دەڵێین نەخێر قەیرانەکە ئابورییە، لە داهاتودا دێمە سەر ئەم بێرەوبردە.

ڕەنگە گۆڕانی سەرچاوەی داهات و شێوازی کارو سەرچاوەی داهات و بەشاریی بوون کۆمەڵە هۆکارێکی سەرەکی بن لەقەیرانی خێزان، بەڵام هەندێک هۆکاری تریش هەیە کە دەبێت لەسەری رابوەستین.  هەندێک ئایدۆلۆژیا لەدونیای ئێمەدا ئامادەن کە بەڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ کاریگەرییان هەیە لەسەر قسەکردن لەسەر خێزان و رۆڵ و پێگەی خێزان. دوو ئایدۆلۆژیا لەهەموان زاڵترن، یەکێکیان چەپە، ئەویتریشیان ئیسلامی سیاسی. دیارە بەرخۆریزمیش ئایدۆلۆژیایەکی ئێجگار کاریگەرە.  چەپی کوردی هێندە خاوەن مەعریفە نیە بە کەلتوری چەپ. بۆیە خیتابی جۆرێکە لەپرتە و بۆڵە و سەرەتاتکێ. بەگشتی کرۆکی دیدی چەپ، وەک لە مانیفێستدا بەیان دەکرێت بریتیە لە aufhebung  کە یانی هەڵوەشاندنەوەی خێزان. خێزان لە دیدی ئەوانەوە یەکەیەکی بۆرژواز ییە. مارکس بڕوای وەهابوو ئەم جۆرە خێزانە بەگۆڕانی سەرمایە خۆی دەپوکێتەوە. لەبەرامبەر ئەمەدا ئیسلامی سیاسی خێزان وەک کرۆکی بوونی خۆی دەبینێت. ئوسرە چەمکێکی سەرەکی دونیابینی و ڕێکخستن و سیاسەتکردنیانە. خێزان لای ئەوان لە سەر بونیادی قەوام بونیادنراوە.  بەم پێیە ئێمە لە بەردەم بەرداشی دوو خیتابداین یەکێکیان هەڵیدەوەشێنێتەوە و ئەویتریان رەقی هەڵدەگەڕێنێت. ئامرازەکانی بەڕێوەچونی ئەم خیتابانە بریتین لە ئەخلاق، سەقامگیریی، باری دەرونی، دەسەڵات، پیاوبوون و پیاونەبوون و زۆر چەمکی تریش. کۆمەڵگای ئێمە لە نێوان ئەم دوو بەرداشەدا سەری لێشێواوە. بەڵام نە هەڵوەشانەوە سودمەندە و نە بینینی خێزان وەک یەکەیەکی رەقهەڵاتوی نەگۆڕ. بە گۆڕانی ئابوری بونیادی خێزانی تەقلیدی دەگۆڕێت.

کۆمەڵگای کشتوکاڵی پێویستی بە دەستی کاری بێ بەرامبەر هەبوو، بۆیە خێزان لەکۆمەڵگای کشتوکاڵیدا گەورەبوو. بەگەشەی تەکنەلۆجیاو هاتنی جۆرێک لەکۆمەڵگای پیشەسازی، یان دەرکەوتەی پیشەسازی، بە تایبەتی پیشەسازی نەوت و سامانی سروشتی، جۆری کار دەگۆڕێت. جگە لە شەڕو هەندێک بواری تر نەبێت، زۆربەی بوارەکانی تر زیاتر بۆ ئافرەت گونجاوە هەتا پیاو. ئەم بە ئافرەتبوونەی، فیمینایسەی بواری کارو داهات، بە ناچاری بونیادی خێزان دەگۆڕێت. ئەگەر بەچەمکی ئەندازەیی دەریبڕین ئێمە لەگواستنەوەین لەکۆمەڵگای پلەبەندییەوە بۆ کۆمەڵگای ئاسۆیی. پێکەوەهەڵکردن سەختردەبێت لەبڕی ئاسان بوون. خێزان وەک دەزگایەک کاتێیک بونیادی دەسەڵات تیایدا دەگۆڕێت ئەوا قەیران دروست دەبێت. خێزان لە تاک سەرۆکییەوە دەگۆڕێت بۆ هاوسەرۆکی. (کاتێک ئەم پرسەم لەگەڵ خوێنەرانمدا وروژاند لە فەیسبوک وەڵامەکان جێگای سەرنج بوون، دیارە چەمکی هاوسەرۆک لەئێستادا بارگاوییە، بەڵام کەم نەبوون ئەو وەڵامانەی کە شێوازێکی رێکخستنی وەهایان بەسەرچاوەی کێشە دەزانی). ئەوەی ئەم قوڕە زیاتر خەست دەکاتەوە بەسیاسیبوونی ئەم بوارەیە. وەک لەئەمریکا دەیبینین شەڕ لەسەر خێزان کردنی خێزانە بە ئامرازو پانتایی شەڕ لەبری شەڕ لەپێناوی خێزان. بە سیاسیبوون لە دونیای ئێمەدا بەگشتی بەمانای رسوابوون دێت. بەسیاسیبوون یانی توڕەهاتکردن و جنێودان و بەلاڕێدابردن و دابەشکاری لەنێوان ئەخلاقدارو بێئەخلاقدا. ئەمەمان لە پرسی وروژانی ناوی دایکدا بینی . 

بەگشتی کاتێک کە خێزان تووشی قەیران دەبێت دەوڵەت دەسەڵاتی زیاتر دەکات، ئەمە خەمی کۆنسێرڤەتیڤە ئەمریکاییەکانە. بەڵام کۆمەڵگای ئێمە هەتا ئێستا کۆمەڵگایەکی بێدەوڵەتییە، یان نادەوڵەتییە. بەم پێییە، کاتێک دەزگای خێزان لاوازدەبێت ئەوا هیچ دەزگایەکی تر نیە هەتا رۆڵەکەی بگێڕێت، بەمجۆرە ئێمە رووبەڕووی بۆشاییەکی دەرونی و کۆمەڵایەتی و ئابوری سەخت دەبینەوە، کە لەتواناماندا نیە دەرەقەتی بێین.

 زانکۆکانی ئێمە دەبوو دەیاها لێکۆڵینەوەو توێژینەوەی مەیدانیان هەبوایە، هەتا بمانتوانییایە، بە ووردتر قسە لە سەر پەیوەندی نێوان خێزان و حکومەت و کۆمەڵگا بکەین. بەڵام ئێمە خاوەن زانکۆ نین، ئەمە لە کاتێکدا هەر دۆڵێک لەکوردستان وەک دەواجن زانکۆیەکی تیادایە.  قەیرانێکی تری ئەم بوارە، وەک زۆر بواری تر، دابرانی خیتابە لە واقیع. بە گشتی زۆرینە کورد وەها قسە دەکات کە دەبێت ببێت. بەو مانایە، وەها دەدوێت نەک وەک ئەوەی کە هەیە یان دەبێت بەڵکو وەک ئەوەی کە خۆی دەخوازێت هەبێت. ئەم دیدە ناواقیعییە، پاڵنەری ئەو دیاردەیەیە کە قسەکردنی ئێمە لە سەر هەر پرسێک بەگشتی بێبنەمایە. ئەمە لەبیری رۆژئاواییدا لە جەدەلی نێوان فۆکۆو هابرماسدا دەیبینین. هابرماس دەڵێت دەبێ دونیا وەهابێت، فۆکۆ بە راڤەکردنی ڕابوردوو، جەخت لە سەر ئەوە دەکاتەوە، گرنگ نیە ئێمە چی دەخوازین، بەڵام دونیا وەها نەبووە و میکانیزمەکانی بەرەو ئەو ئاقارەی نابەن کە وەهابێت. گرنگە لە دونیا تێبگەین وەک خۆی، ئینجا خواست و خەونەکانمان دەربڕین، نەک خواست و خەونەکانمان لێ ببێت بە واقیع. خێزانی کوردی دەگۆڕێت، هەموو دەبنە بەشێک لەم گۆڕانکارییانە، بەڵام بە شێواز و ئاستی جیاواز. دەکرێت لێرەدا باس لە شەبەنگێک بکەین، لە سەرێکەوە ئەوانە کە هەموو هەوڵێک دەدەن کە بەرپەرچی گۆڕانکارییەکان بدەنەوە، دیارە بەبێ سەرکەوتن، لە ئەو کۆتاییەکەی ئەوانەی کە خوازیارن لە گەڵ هەموو گۆڕانکارییەکاندا دەست و پەنجە نەرم بکەن، دیارە دیسانەوە بەبێ سەرکەوتن. ئەم دەبڵ شکستە هۆکاری توندڕەوی خیتاب و لەرزۆکی واقیعە. ئەو هێزانەی کەخێزانی ئێمە دەگۆڕن، زۆر کاریگەرترو خێراتر و پەلوپۆدارترن لەتواناکانی ئێمە.  لەدەستدانی خێزان لە دەستدانی ماڵە، نەمانی پنتێکە لە دونیادا کە مرۆڤ تیایدا خۆشبویسترێت، رێز بگیرێت تەنها لە بەر خۆی، نەک هیچ مەرجێکی تر.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار