كوردەكانی ئێران‌و توركیا دەركەن؟!

3 ساڵ لەمەوپێش



ئه‌نوه‌ر بازگر

كوردەكانی رۆژهەڵات و باكور دەركەن

دەریانكەن پێیان بڵێن «بڕۆنەوە بۆ سنە، سەقز، بانە، بۆكان و مهاباد، بۆ وان، جەزیرە، هاكاری و ئامەد...؟!».

دەریانكەن و پێیان بڵێن «ئێوە چی دەكەن لەسلێمانی و هەولێر، تووشی سەرئێشەمان دەكەن؟!».

دەریانكەن و پێیان بڵێن «بابە ئێوە بەهەڵە لە وەزعەكە تێگەیشتوون، گەر وادەزانن كوردستان، یەك كوردستانە و جیاوازی نییە لەنێوان باشور و رۆژهەڵات و باكور، ئەوە هەقیقەتێكی نییە، یان وابزانن ئێوە ماڵی خۆتانە و كەس نییە پێتان بڵێت بەر چاوتان بە كلە، هەڵە تێگەیشتوون...؟!».

پێیان بڵێن «خێر و بێری ئێوە چییە، جگە لەسەر ئێشە بۆمان، گەر باسی شۆڕشگێڕی و قارەمانی و باوەشی گەرم و پڕ لەتاسەی رابردوویان بۆ كردن، كە چ هاوكاری باشورو باشورییەكانیان كردووە، بڵێن ئەو زەمانە گوزەشت...؟!».

پێیان بڵێن «گەر تادوێنی رێگامان داون لەناو ماڵە ساردو سڕو بێ موحبەتی ژێر سەرمای دەرزی ئاژنی زستان و گەرمای تاقەت پڕوكێنی هاوین لە زرگوێز، كۆیە و تۆپزاوا دانیشتوون، ئیتر فەرموو بپێچنەوە و خواتان لەگەڵ».

پێیان بڵێن «كاكە، دادە گیان، میوان رۆژێ، دوو رۆژ خۆشە، چیتان داوە لەكوردایەتی و شۆڕشگێڕی، بۆچی ناڕۆن بۆ ئەوروپا، ئێمەش و خۆشتان لەگێرو كێشە نەجات بدەن؟».

ئەوانەیان پێ بڵێن بە روو قایمیتانەوە، وەكو لێدوانی هەندێك لەو بێ وەفایانەی، كە بە روو قایمیانەوە، روویاندێت هەندێك شت بڵێن، ئینسان هەست بەعارەق كردنەوە دەكات، شەرم مەكەن، لەوەی ئەوان دڵیان عاجز دەبێت، دڵی پڕ لەغرور و غوربەتییان دەشكێت، لەو وڵاتە خاوەن ماڵەی كە وەكو نیشتمان و ماڵی عەزیزانیان بۆی هاتن، تا پەنایان بدەن و باوەشی گەرمی موحەبەتیان بۆ بكەنەوە، ئێستا بەناڕاستەوخۆ دەریان دەكەن.

بەڵام ئیتر نابێ وێنەكانی قازی و شێخ سەعیدی پیران لە مۆزەخانە و شوێنە گشتییەكان هەڵواسن و ئیتر دەبێت بیانهێننە خوارەوە، با لەوە زیاتر شەرمەزار نەبین بەرامبەریان.

ئیتر ناوی ئەو شەقام و گۆڕەپانانە بسڕنەوە، كە بە ناوی ئۆجەلان، دەمیرتاش، قاسملۆ، كاك فوئاد، شێخ نەهری، شێخ عیزەدین، شێخ جەلال و شۆڕشی ئاگری داغەوەیە، چەند ساڵە لافی كوردایەتی و هاوخەباتی لێدەدەن.

ئیتر گەر ڕیفراندۆمێكی تر كرا، دڵنیابن وەكو پێشوو لە سنە و ئامەد، خەڵكی پشتیوانی نایەنە خیابان.

گەر شەڕێكی تری داعش بوو، پێشمەرگەكانیان نانێرن بۆ مەخموور و k1 و كەركوك.

گەر (31)ی ئاب بوو، داڵدەی خەڵك و كەلوپەك و پێداویستییە زەرورییەكانتان نادەن و بۆتان ناشارنەوە.

گەر ئەنفال روویدایەوە و كیمیاباران كراین، چاوەڕێی شاردنەوەی رۆڵەكانتان مەبن لەژێر چادرو خێمەی نهێنی ئەوان، گەر داوایانكردەوە بۆ پشتیوانی رۆژئاوا هێز بنێرن، وەكو پێشوو دەستگیریان بكەن.

ئیتر مەڵێن؛ خزم، كەس، هاوڕێ، هاوخوێن و دۆستەكانمان لەودیون.

ئیتر مەڵێن؛ سنە لە سلێمانی و ئامەد لە هەولێر دەچێت و سەقز و جولەمێرگ دەستە خوشكی سلێمانی و هەولێرن.

ئیتر مەڵێن؛ سنەو ئامەدیش شاری خۆمانن

ئیتر شانازیكردن بە سەید عەلی ئەسغەر و حەسەنی كامكار و شڤان پەروەر، بە ناسر، نەجمە، كاڵێ و دینۆ كۆتایی پێبهێنن.

ئیتر باسی ئەوە مەكەن، كە ئەوان خاوەنی شۆڕش و خەبات و قوربانیدانی گەورەن و ئەوان بەشێكن لەمێژووی شۆڕشگێڕی.

بەڵام ئەوەشتان لەیاد بێت، گەر ئەمجارە لێتان قەوما بۆ سەر سنوورەكان، چاوەڕێی ئەوە مەكەن، خەڵكی جەزیرە، شێرناخ، سلۆپی، بانە، مەریوان، سنە، سەردەشت و حاجی ئۆمەران، باوەشی گەرمتان بۆ بكەنەوە، ماڵی خۆیانتان بۆ چۆڵبكەن و بە كۆڵ نانی گەرمی سەر تەنووری گوندەكانی سەر سنوورتان بۆ بكەنە توێشوو، باوەشی میهرەبانیتان بۆ بكەنەوە و لەسەر چاویان داتانبنێن. 

چاوەڕێی ئەوە مەكەن، بەقاچاخ و هەزار دەردە سەری لەلادێیەكانی خۆیان حەشارتان بدەن، تا توركێك، یان  عەجەمێك سوكایەتیتان پێ نەكەن.

چاوەڕێی ئەوە مەبن، گەر لێتان قەوما، هێلكە و رۆنی چەورتان بۆ بخەنە سەر سفرە.

چاوەڕێی ئەوە بن، ژنێك، گەنجێك لەسەر سنوری (سڵۆپی یان مەریوان) بێنە دەنگ و پێتان بڵێن «فەرموون، ئاغای باشوری»، سوخنرانی بێ ئاگا:

ئەوە ئێوەن ..... (رۆژێك پێتان دەوتین فاصۆڵیا خۆرەكانی كۆیە، زرگوێزو تۆپزاوا، ڕۆژێك دەتانووت بەڕەڵاكانی سنە و سلۆپی، رۆژێك دەتانووت جاسوس، رۆژێك دەتانووت لات و پاتەكانی باكور و رۆژهەڵات». ناو و ناوتۆرە نەما لێمان بنێن، دیارە بیرتان چۆتەوە.

ئەوكات چ جوابێكتان پێیە بۆیان

پێتان دەڵێن «ئێوە نەبوون، هەرچی خزمایەتی، هاوسێیەتی، كوردایەتی و شۆڕشگێڕی بوو، ریعایەتتان نەكرد»، بە زەییتان بەو كوڕ و كچە جەوانانەی ئێمەدا نەدەهاتەوە، كە شەو و رۆژ لەژێر زرمەی خومپارە و فرۆكەی بێ فرۆكەوان رۆژیان دەكردەوە، هەرگیز وەكو كوڕ و كچی خۆتان سەیرتان نەكردن، كە دەتانزانی لە غەریبین و لە باوەشی میهرەبانی دایك و باوكیان دوورن، دەستێكی میهرەبانیتان بەسەردا نەهێنان، كەچی كە هاتەسەر  مەترسی و لێ قەومان، كە دەبوو قسە بكەن، نەتانكرد و لەوەش خراپتر هەندێكتان بە ناوی حزبی و حكومەتەوە، دڵتان شكاندین، هەندێكیشتان بەوەفا و گەورە بوون بەرامبەرمان و ئەوەشمان لەبەرچاوە.

كورتی و كرمانجی

قەیناكا گلەیی بكەن، كە ئەم كوردە بەڕێزانەی رۆژهەڵات و باكور، جاروبار سەرئێشەیەكی بچووك دروستدەكەن، كە بە پاراسیتۆڵێك چاك دەبێت، بەڵام نەك ئەوەی هەندێك كەس، قسە گەلێك دەكەن، دڵ كوندەكات، وەكو ئەم كوردستانە هی باوك و باپیری ئەوان بێت، هەڵوێستی حكومەت و حزبی باش و سیاسی باشیش دەشێوێنێ و كەس نییە بڵێت «كاكە، ئەو قسانە مەكە»، ئەوەیان بیرچۆتەوە، كە لەسەر ورگی ئەوان دەژیان، ئینسان شەرم دەكات، كە هەندێك كەس لێرە قسە دەكەن، لە پێناو شتێكی بچووك، یان دەستكەوتێكی شەخسی، كە لەسەر حكومەت و حزبی كوردی باشور دەكەوێت، ئەی نابێت وەڵامێكی ئەوانە بدرێتەوە، كە ئەوە قسەی پڕ مەنفەعەتی خۆیانە، نەك هەر كەسی تر.

ئەم ماوەیە و ئەم چەند ساڵە، هێندێ لێدوان و قسەی وا بەرامبەر كوردەكانی ئێران، توركیا و سوریا دراوە و وتراوە، ئینسان شەرم دەكات، بەناوی كوردو كوردبوونەوە بۆ هاوسێ، هاوخوێن، هاوخەبات و مێژووی هاوسنور بیكات، خۆ ڕەنگە بێدەنگی باشتر بوایە، بەڵام دڵنیابن، رۆژان ڕۆژی لەدوایە، ئەوانیش تاسەر لێیان ناقەومێت، بەڵام هەڵوێست و ویژدان گرنگە بۆ ئینسان، وەختێك دەبینی هەموو رۆژ، بۆردومان دەكرێن و دەكوژرێن و هەراسان دەكرێن و سوكایەتییان پێدەكرێت.

دەی باشە، گەر هیچ ناكرێت بەرامبەر ئەو كارانە، خۆ دەتوانن بێدەنگ بن و قسەی ناهەق نەكەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار