پارتی دەچێتەوە شەنگال و بنكەی بانگەشەی هەڵبژاردن دەكاتەوە
3 ساڵ لەمەوپێش
عەمار عەزیز
كێبڕكێ بۆ بەدەستهێنانی سێ كورسی قەزای شەنگال و كورسییەكی كۆتایی ئێزیدیەكان لەنێوان كاندیدانی لایەن و قەوارە سیاسییەكان زیاتر بووە، بەرپرسێكی پارتی ئەوە دەخاتەڕوو كە بنكەی بانگەشەی هەڵبژاردن لەشەنگال دەكەنەوە، بەڵام لایەنەكانی دیكە دەڵێن:» پارتی ناتوانێت لەناو قەزای شەنگال بنكەی هەڵبژاردن بكاتەوە».
پارتی لەدوای داگیركارییەكانی شەنگال لەلایەن داعشەوەو ئازادكردنەوەی لەلایەن پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و هێزەكانی دیكەی عێراق بەهاوكاری پێشمەرگە نەچووەتەوە قەزای شەنگال و لقی 17ی پارتی لەناوەندی شەنگالەوە، بەفەرمانی سەركردایەتی گواستراوەتەوە بۆ قەزای سێمێلی سەر بەپارێزگای دهۆك، بەڵام بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەنیازن بنكەیەكی بانگەشە لەشەنگال بكەنەوە.
ئیدریس زۆزانی، لێپرسراوی بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەكان لەلقی 17 پارتی لەشەنگال كە ئێستا لەدهۆك دەوام دەكەن لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتىوت: « ئێمە سێ كاندیدمان داناوە بۆ بازنەی شەنگال ، هەرسێكیان خەڵكی شەنگال و ئێزیدین، هەریەكێك لەكاندیدەكانمان چەند لیژنەیەكیان بۆ خۆیان دروستكردووە و دەستیان بە بانگەشە كردووە لەسنوری پارێزگای دهۆك و قەزای شەنگال».
ناوبراو باسی لەوەشكرد كە مافی ئەوانە بچنەوە ناوەندی شەنگال و بانگەشەی خۆیان بكەن، وتیشی: «ناچارن بچینە شەنگال، چونكە تەنها خەڵكی قەزاكە و ئاوارەكان مافیان هەیە دەنگ بەكاندیدەكان بدەن «.
هەروەها ئیدریس زۆزانی وتیشی: « بەدڵنیاییەوە بنكەی بانگەشەمان لەشەنگال دەبێت، بەڵام هێشتا بڕیارمان نەداوە لەچ ناوچەیەكی قەزاكە بكەینەوە، جگە لەمەش تیمی تایبەتمان دەبێت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن».
لەشەنگال هێزەكانی حەشدی شەعبی و یەبەشە بوونیان هەیە لەگەڵ پۆلیسی فیدراڵی، هەروەها چەندین لایەنی ئێزیدی كاندیدیان هەیە لەناو قەزای شەنگالداو حەوت كاندیدیش كێبڕكێ دەكەن بۆ كورسی كۆتای ئێزیدییەكان.
«نابێت هیچ هێزو لایەنێك رێگری لەكاندیدەكانمان بكەن، چونكە ئەمە هەڵبژاردنی عێراقە، لەهەڵبژاردنی 2018 ستەمێكی گەورە لەئێمەو دەنگدەرانمان كرا، هیچ دەنگێكی ئاوارەكان هەژمار نەكرا بۆیە هیچ كورسیەكمان نەهێنا، ئەمەش پلانێكی داڕێژراو بوو ، هەندێك لایەن و هێزی سەرەكی لەعێراق نەیاندەویست دەنگەكانمان هەژماربكرێن «، ئیدریس زۆزانی وای وت.
هەروەها خاڵا عەلی ، فەرماندەی حەشدی شەعبی لەشەنگال لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتى وت: « بەپێی زانیارییەكانم پارتی لەمەزارگای شەرەفەدین بنكەیەكی بانگەشەی هەڵبژاردن دەكاتەوە، مەزارگای شەرەفەدین لەلایەن قاسم شەشۆ سەر بەپارتی سەرپەرشتی و پاراستنی مەزارگاكە دەكات».
فەرماندەكەی حەشدی شەعبی ئاماژەی بەوەشكرد كە پارتی ناتوانێت هیچ بنكەیەكی بانگەشە لەناوەندی شەنگال و ناوچەكانی تر بكاتەوە جگە لەمەزارگای شەرەفەدین نەبێت، «من ناتوانم بڵێم هەڵویستی ئێمە چی دەبێت، چونكە خۆی لەبنەڕەتدا پارتی ناتوانێت بنكەیەكی بانگەشە لەناوەندی شەنگال بكاتەوە».
هاوكات، عومەر ساڵح ، سەرۆكی پارتی ئازادی و دیمۆكراتی ئێزدییان ، پارتەكەیان لەساڵی 2017 بەفەرمی موڵەتی وەرگرتووە، ساڵی 2018 بەشدارییان لەهەڵبژاردنی خولی پەرلەمانی عێراقدا كردووە، لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتىوت:» بەدڵنیاییەوە خەڵكی شەنگال رێگانادات پارتی هیچ بنكەیەكی بانگەشە لەقەزاكە بكاتەوە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ هەڵوێستەكانی پارتی لەبەرامبەر خەڵكی قەزاكە، ئەگەر پارتی بنكەیەكی بانگەشە بكاتەوە، هەڵوێستی شەقامی شەنگال چی بێت ئێمە پشتگیری بۆچوونی ئەوان دەكەین».