بایدن دەستبەرداری وڵاتانی كەنداوی عەرەبی دەبێت

ئەمریكا پێشكەوتووترین سیستمی بەرگری موشەكی و سیستمی پاتریۆتی لەشانشینی عەرەبیی سعودیە كشاندووەتەوە

3 ساڵ لەمەوپێش



 

نامۆ سەربەست

 

بەپێی شیكردنەوەی ئەو وێنانەی ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس لەمانگە دەستكردەكانەوە وەریگرتووە، لەم چەند هەفتەیەی دوایدا، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پێشكەوتوترین سیستمی بەرگری موشەكی و باترییەكانی سیستمی پاتریۆتی لەشانشینی عەرەبیی سعودی كشاندووەتەوە، تەنانەت لە ئەو كاتانەشدا كە سعودیە رووبەڕووی هێرشی بەردەاوم دەبوەوە لەلایەن حوسییەكانی یەمەنەوە.

دووبارە دابەشكردنەوەی بەرگرییەكان لەبنكەی ئاسمانیی شازادە سوڵتان لەدەرەوەی شاری ریازی پایتەختی سعودیە لەكاتێكدا بوو، هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لەوڵاتەكانی كەنداوی عەرەبی، بەدوودڵییەوە چاودێریی كشانەوە فەوزاوییەكەی هێزەكانی ئەمریكایان دەكرد لەئەفغانستان، لە نێویاندا ئەو كشانەوانەی لەدواساتەكاندا لەفڕۆكەخانەی كابولدا كران.

لەكاتێكدا هێشتا دەیان هەزار سەربازی ئەمریكی لەهەموو بەشەكانی نیمچەدورگەی عەرەبیدان و وەك بارستاییەكی بەهێزن بۆ راگرتنی هاوسەنگی لەبەرامبەر ئێراندا، بەڵام وڵاتە عەرەبیەكانی كەنداو دوودڵن سەبارەت بەپلانەكانی داهاتووی ویلاتە یەكگرتووەكان، كە هەست بەزیاتربوونی هەڕەشەكان دەكەن لەئاسیادا و ئەوەش وادەكات بوونی ئەو بەرگرییە موشەكییانە زۆر پێویست بێت.

هەروەها گرژییەكان تائێستا زۆر توندن و پێدەچێت گفتوگۆ راگیراوەكانی ڤیەننا لەنێوان ئێران و هێزە جیهانییەكاندا لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەكەی، بەتەواوی لەناوبچێت و بە ئەوەش مەترسیی رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ لەداهاتوودا زیاتر دەبێت لەناوچەكەدا.

رایس كریستیان ئۆلریشن، لێكۆڵەر لەپەیمانگای جەمیس بەیكەر بۆ سیاسەتی گشتی بە ئەسۆشیەیتد پرێسی راگەیاند:»بۆچوونەكان گرنگن، جا چ لەواقعێكی ساردەوە هاتبێتن یان نا، بۆچوونەكەش لە دیدی زۆر لەو كەسانەوە كە دەسەڵاتی بڕیار دروستكردنیان هەیە لەناوچەكەدا زۆر ئاشكرایە، ئەویش ئەوەیە كە ویلایەتە یەكگرتووەكان وەكو جاران پابەند نییە بەرامبەر وڵاتانی كەنداو».

ئۆلریشن راشیگەیاند:»لەدیدی سعودیەوە ئێستا وادەبینن كە ئۆباما و ترەمپ و بایدن – سێ سەرۆكی دوا بەیەكی ئەمریكا – بڕیاری ئەوتۆ دەدەن كەتاڕادەیەك ئاماژەیە بۆ دەستبەرداربوونە لێیان».

بنكەی ئاسمانیی شازادە سوڵتان كە نزیكەی 115 كیلۆمەتر لەباشوری رۆژهەڵاتی ریازەوە دوورە، لەساڵی 2019ەوە دوای ئەوەی بەموشەك و فڕۆكە هێرشكرایە سەر سەنتەری بەرهەمهێنانی نەوت (ئارامكۆ) لەشانشینی سعودیە، چەند هەزار سەربازێكی ئەمریكی تێدا جێگیر بوو.

سەرەڕای ئەوەی ئەوكات حوسییەكان بەرپرسیارێتی خۆیان لەهێرشەكان راگەیاند، بەڵام بەپێی وتەی شارەزایان و ئەو پاشماوە مادەییانەی موشەك و فڕۆكەكان بەجێیانهێشتووە، پێدەچێت هێرشەكان ئێران كردبێتنی، بەڵام وێڕای ئەوەی ئێران لەمانۆڕێكی سەربازییدا، درۆنی هاوشێوەی بەكارهێنا، حكومەتی تاران رەتیكردەوە دەستی هەبێت لەو هێرشانەدا.

لەباشوری خۆرئاوای مەدرەجی بنكە ئاسمانییەكەدا، ناوچەیەك هەیە رووبەرەكەی كیلۆمەترێكی چوارگۆشەیە. لەوێدا هێزە ئەمریكییەكان باتری موشەكەكانی پاتریۆت و یەكەی (تێرمیناڵ های ئەڵتیتیود ئێر دیفێنس Terminal High Altitude Air defense) یان داناوە كە سیستمێكی پێشكەوتووی بەرگری موشەكییەو بە  پاد Thad ناودەبرێت.

بەپێی ئەو وێنەیەی مانگە دەستكردەكان كەكۆمپانیای پلانت لابز دابینی كردووە، سیستمی بەرگریی موشەكیی Thad ی ئەمریكی دەتوانێت موشەكە بالیستییەكان لە بەرزاییەكی بەرزتر لەموشەكی پاتریۆت بتەقێنێتەوە، ئەو وێنانەشی لەكۆتایی مانگی ئابدا دەست ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس كەوتوون، دەریدەخەن كە وێڕای بوونی جوڵەی ئۆتۆمبێلەكان، بەڵام هەندێك لەپاترییەكانی سیستمی پاتریۆت لەناوچەكەدا نەماون. دواتریش رۆژی هەینی 10ی ئەیلول وێنە ئێچ دیەكانی پلانت لابز دەریخست كە ناوچەكە چۆڵكراوە لە باترییەكان و هیچ چالاكییەكی تێدا نەماوە.

چەند مانگێكە دەنگۆی دووبارە بڵاوكردنەوەی موشەكەكان هەیە، بەشێكی بۆ ئەو ویستەی بەرپرسە ئەمریكییەكان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بە (ململانێی زلهێزەكان) ناوی دەبەن لەگەڵ چین و روسیادا، كە ئاماژەكانی لەئاسۆوە دەركەوتووە.

لەگەڵ ئەوەشدا كشانەوەكە لەكاتێكدایە كە حوسییەكان بەدرۆن هێرشیان كردەسەر سعودیە و هەشت كەس بریندار بوون و فڕۆكەیەكیش لەفڕۆكەخانەی ئەبهای سعودیە زیانی پێكەوت، ئەمە لەكاتێكدایە كە شانشینەكە لەئازاری 2005ەوە لە جەنگێكی تراجیدیدایە لەگەڵ حوسییەكاندا.

سەبارەت بە كشانەوەی سیستمەكانی بەرگری، جۆن كێربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا، دوای پرسیارلێكردنی لەلایەن ئەسۆشیەیتد پرێسەوە، دانی نا بەوەی:»هەندێك یەكەی بەرگریی دیاریكراو دووبارە بڵاوكراونەتەوە، ویلایەتە یەكگرتووەكان پارێزگاریی لەپابەندییەكی قوڵ و فراوان كردووە بەرامبەر هاوپەیمانەكانی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا».

هاوكات ئاشكراشیكرد:»وەزارەتی بەرگری دەیان هەزار سەربازی لەوێ هەیە، ئەوە سەرەڕای دۆخی سەربازیی پشتیوانیكراو لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە نوێنەرایەتی هەندێك لەپێشكەوتوترین توانا ئاسمانی و دەریاییەكانمان دەكەن، ئەوانەش بۆ پشتیوانیكردنی بەرژەوەندییە نیشتیمانییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكان و هاوبەشییە هەرێمایەتییەكانمان».

لەبەیاننامەیەكیشدا كە وەزارەتی بەرگری سعودیە بۆ ئەسۆشیەیتد پرێسی نارد سەبارەت بەو بابەتە، وێڕای داننان بەكێشانەوەی سیستمی بەرگرییە موشەكییەكانی ئەمریكا، بەڵام پەیوەندییەكانی لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكاندا بە «بەهێز و مێژوویی و درێژخایەن» لەقەڵەمداو وتی سوپای سعودیە «دەتوانێت بەرگری لەخاكەكەی و دەریاكانی و ئاسمانەكانی بكات و گەلەكەی بپارێزێت».

بەیاننامەكە ئەوەشی تێدا هاتبوو كە «دووبارە بڵاوكردنەوەی هەندێك لەتوانا بەرگرییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكان لەناوچەكە، لەڕێی لێكتێگەیشتنی هاوبەش و دووبارە رێكخستنەوەی ستراتیجییە بەرگرییەكاندا بووە».

وێڕای ئەو جەختكردنەوانە، شازادە توركی ئەلفەیسەڵ سەرۆكی پێشوی دەزگای هەواڵگریی سعودیە، كە زۆرجار لێدوانە ئاشكراكانی دەربڕی بیركردنەوە نهێنییەكانی خێزانی ئال سعودی دەسەڵاتدارە، ئۆپراسیۆنی دووبارە بڵاوكردنەوەی موشەكەكانی پاتریۆتی بەستەوە بەپەیوەندی نێوان واشنتۆن و ریازەوە. ئەو شازادەیە لەچاوپێكەوتنێكدا بەتۆڕی سی ئێن بی سی CNBC ئەمریكی راگەیاند:» ئێمە پێویستمان بەدڵنیاكردنەوە هەیە سەبارەت بە پابەندیی ئەمریكی، بۆ نموونە موشەكی پاتریۆتەكان نەكشێنێتەوە لەكاتێكدا سعودیە رووبەڕووی هێرشی موشەكی و هێرشی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان دەبێتەوە، نەك تەنیا لە یەمەنەوە، بەڵكو لە ئێرانیشەوە».

بڕیاربوو لوید ئۆستن وەزیری بەرگریی ئەمریكا لەگەشتەكەیدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە لەم رۆژانەی دواییدا كردی، بچێت بۆ سعودیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەرپرسانی پەنتاگۆن بەكێشەی جەدوەلی كاتەكانەوە ناویانبرد، سەردانەكەی هەڵوەشاندەوە و نەچوو. دوای كشاندنەوەی بەرگرییە موشەكییەكانیش، سعودیە ئامادە نەبوو قسە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی سەردانەكەی ئۆستن بكات.

لەلایەكی دیكەوە، شانشینی عەرەبی سعودی خۆی چەند باترییەكی پاترۆتی تایبەت بەخۆی هەیە و بۆ هەر ئامانجێك دوو موشەك دەتەقێنێت، بەڵام لەگەڵ هەڵمەتی حوسییەكاندا، تێچووەكەی زۆر زیاتر بووە، چونكە هەر موشەكێكی پاتریۆت نرخەكەی سێ ملیۆن دۆلارە.

سعودیە دەشڵێت بەنزیكەیی هەموو ئەو موشەك و درۆنەكانی گیراونەتە شانشینەكە، خستوونیەتە خوارەوە، ئەوەش رێژەیەكی هێندە بەرزە شارەزاكان گومانیان لەڕاستییەكەی هەیە.

لەمانگی نیساندا یۆنان رەزامەندیی نیشاندا لەسەر ئەوەی باتریەكی پاتریۆت بەقەرز بداتە حكومەتی سعودیە تا بەكاری بهێنێت، بەڵام ئەوە بەتەنیا بەس نییە و لەئێستادا كشانەوەی ئەمریكییەكان دۆخێكی لێڵ و نادڵنیایی لەناوچەكەدا دروستكردووە، بەتایبەتی سەبارەت بەهەڵوێست و پلانەكانی داهاتوو، هەر بۆیە سعودیە و وڵاتانی تری كەنداو، هەنگاو دەنێن بەرەو ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان و دروستكردنی پەیوەندی دیبلۆماسی لەگەڵ ئێراندا، وەك پێشخان وەرگرتنێك بۆ ئەگەری پشتێكردنی ئەمریكا.

لەو بارەیەشەوە كریستیان ئۆلریشن رایگەیاند:»پێم وایە لەلێدوانەكانی بایدندا سەبارەت بەئەفغانستان ئەو شێوازەمان بەئاشكرا بینی كە بەرژەوەندییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكان دەخاتە پێش هەموو شتێكەوە، ئاشكراشە ئەوە بێهیواییەكی لای هاوبەش و هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لەسەرتاسەری جیهاندا دروستكرد، كە هیوایان وابوو دوای ترەمپ شتێكی جیاواز دەبینن».

هەروەها راشیگەیاند:»ئەوە بەتەواوی هاوشێوەی مەنهەجەكەی (لەپێشدا ئەمریكا)ی ترەمپە و تەنیا لەهجەكەی گۆڕاوە».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار