پرسی نوێنەرایەتی?

سه‌ردار عه‌زیز

3 ساڵ لەمەوپێش



سه‌ردار عه‌زیز

لەزمانی کوردی و ئاگایی کوردیدا، نوێنەرایەتی جێگای پرسیارو بیرکردنەوەو تێڕامان نیە. یەکێک لەکێشەکانی زمانی کوردی ئەوەیە کەزمانێکی وشەییە، نەک چەمکی. لەزمانی کوردیدا چەمک، ئەگەر هەشبێت، بەڵام ئاگاییانە نەچەمکێنراوە، لەهەمانکاتدا مێژوییانە قسەی لەسەر نەکراوە. مێژوی وشە، ئیتمۆلۆجی، جیاوازە لەمێژوی چەمک. لەزمانە ئەوروپییەکاندا چەمکی نوێنەرایەتی یەکێکە لەچەمکە هەرە ئاڵۆزەکان کە بەئاسانی ناتوانرێت بناسرێت و پانتاییەکی ئێجگار فراوانی لەمێژووی بیری سیاسیدا دیاریکردووە. بیرمەندی تایبەت هەن، تەنها بە ئەم چەمکە، لەزمانی ئەڵمانیدا کەسێکی وەک هاسۆ هۆفمان بۆ نمونە. ڕەچەڵەکی چەمکی نوێنەر لەزمانە ئەوروپییەکاندا دەچێتەوە سەر وشەی ڕێپریسێنتاتسیوی لاتینی repraesentatio.  لێکۆڵینەوەیەکی ووردی هەیە لەسەر مێژوی ئەم چەمکە بۆ ئەوانەی زیاتر دەخوازن. Yves Sintomer 

لێرەدا ئامانجم قسەکردن نیە لەسەر چەمکی نوێنەر لەزمانە ئەوروپییەکاندا، چونکە کاری بێشوماری لەسەر کراوە. بەڵام ئەم چەند مانگەی رابوردوو، لەکارێکمدا بۆ خانەیەکی بیری ئەوروپی لەسەر ئەم چەمکە لەکوردستان، کۆمەڵێک خەسڵەتی ئەم چەمکەم بۆ دەرکەوت کە لێرەدا بەکورتی و بە وختی بۆتان بەیان دەکەم. 

یەکەم، چەمکی نوێنەر بیرلێنەکراوەیە. ئەمەش بنەمای بۆ ئەوە داڕشتوە کە سەرتاپا پرۆسەی نوێنەرایەتی بیرلێنەکراوەبێت. ئەم بیر لێنەکردنەوە بەئاستێکە کە لە او کورددا هیچ نووسینێک، باسێک، تەنانەت گەڕە وتارێکی ناو رۆژنامەو سایتە بێشومارەکانیشم بەرچاو نەکەوت. دیارە ئەم ئاماژە پێنەدانە زۆر شتمان پێ دەڵێت دەربارەی ئەوەی کە چی باس دەکرێت و چی باس ناکرێت لەدونیای کوردیدا

 

یەکەم، چەمکی نوێنەر بیرلێنەکراوەیە. ئەمەش بنەمای بۆ ئەوە داڕشتوە کە سەرتاپا پرۆسەی نوێنەرایەتی بیرلێنەکراوەبێت. ئەم بیر لێنەکردنەوە بەئاستێکە کە لە او کورددا هیچ نووسینێک، باسێک، تەنانەت گەڕە وتارێکی ناو رۆژنامەو سایتە بێشومارەکانیشم بەرچاو نەکەوت. دیارە ئەم ئاماژە پێنەدانە زۆر شتمان پێ دەڵێت دەربارەی ئەوەی کە چی باس دەکرێت و چی باس ناکرێت لەدونیای کوردیدا. لێرەدا من مەبەستم لەنوێنەرایەتی، نوێنەرایەتی سیاسییە، نەک چەمکی فەلسەفی نوێنەرایەتی کەکرۆکی پۆستمۆدرنەیە. ئەمەیان بوارێکی ئێجگار ئالۆزترە.

دووەم، سەرباری ئەوەی باسی ناکەین، بەڵام پرۆسە نوێنەرایەتی رۆژانە بەڕێوەدەچێت. ئەو جۆرە دیموکراسییەی کە لەکوردستان هەیە، دیموکراسی نوێنەرایەتییە. قسەکردن بەناوی خەڵکەوە، کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، گەلی کوردستان، هەوڵدانە بۆ بوون بەنوێنەر. بەڵام کاتێک کردەیەک پیادەدەکرێت و نازانرێت چیەو چۆن پیادە بکرێت، ئەوا لەسنورێکی تەسکی تایبەتدا دەمێنێتەوە. بۆ نموونە پەرلەمانی کوردستان بەناوی گەلی کوردستانەوە، نوێنەرایەتی دەکات، هەروەها سیستەمی هەڵبژاردنی تاک بازنەیی کوردستان، هەوڵێکە بۆ دروستکردن و نوێنەرایەتی گەلی کوردستان، بەڵام بەبێ ئاگایی لەچیەتی نوێنەرایەتی. رەنگە ئەمە یەکێک بێت لە نەعلەتەکانی لاساییکردنەوە، کە میتۆدێکی ئێجگار زاڵی هێنانی مۆدێرنەیە. زۆرجار لاساییکردنەوەی کردارێک بەبێ تێگەیشتن لە ناواخنەکەی کردارەکە پوچ دەکاتەوە. رەنگە ئەمە هۆکاری خراپی پیادەکردن بێت کاتێک کردەکە بە حازرباشی پیادە دەکەین، لەکاتێکدا لەئەوروپا چەندین سەدەو هەوڵ بیرمەندو شۆڕشی ویستوە. بەڵام ئێمەی حازرخۆر، تاقەتی ئەوەمان نیە لێی رامێنین.

سێیەم، کاتێک لەپرۆسەی نوێنەرایەتی کۆڵیمەوە، بردمی بۆ کۆمەڵێک بواری جیاواز. لەدونیای ئێمەدا دوو جۆر لەنوێنەرایەتی لەململانێدان. نوێنەرایەتی کۆن یان تەقلیدی، لەگەڵ نوێنەرایەتی مۆدێرن یان لیبراڵ. نوێنەرایەتییە کۆنەکان بریتین لەخێڵ، عەشیرەت، بنەماڵە، خێزان، تەکێ، تەریقەت. ئەم گروپانە لەڕێگا سەرەکانیانەوە، نوێنەرایەتی دەکرێن، بەبێ ئەوەی پرۆسەی نوێنەرایەتی لەنێوان دەست و پێوەندو ئەنداماندا لە ئارادابێت. ئەم جۆرە گروپ و شێوازی ئەندامێتییان وەک زیانبەخش تەماشا دەکرێن بۆ سیستەمی حوکمڕانی مۆدرێن نەک سودبەخش. بەڵام دەبینین هەمیشە پەنایان بۆ دەبرێت و بەکاردەهێنرێن. زۆرجار بەکارهێنانەکە ئامرازییە. هەندێکجاریش بۆ رێگرییە لەنوێنەرایەتییە مۆدرێنەکان. لەبەرامبەر ئەمەدا نوێنەرایەتی مۆدێرن هەیە وەک کۆمەڵگای مەدەنی، پارتی سیاسی، رێکخراوی نوێ، شوناسی رەگەزیی (جنس) و جێندەریی و سێکسی، هەروەها دەکرێت وەرزشی و کەلتوریی و ئایدۆلۆژیی و فیکریی و فەلسەفیشی تیادابێت. ئەمە بوو کە ناچاری کردم لەهەڵکشان و داکشانی کۆمەڵگای مەدەنی بکۆڵمەوە لەکوردستان. پرۆژەیەکە کە لەبیرمدایە لە خانەیەکی بیری ئەمریکی یان ئەوروپیدا کاری لەسەربکەم. نوێنەرایەتی مۆدرێن بەشکڵی بەرجەستە بووە، بەڵام لەگەڵ خۆیدا خەسڵەتە بیریارییەکانی بەرهەم نەهێناوە، وەک خەیاڵی نوێی، شێوازی نوێی بۆ پێکەوەبوونی راستەقینەیی، سودبینین لەم شێوازە نوێیە بۆ کاریگەریی دانان لەسەر شێوازی حوکمڕانی، کەخۆی هایبردێکی سەیرە. نوێنەرایەتییە تەقلیدییەکان دەیانەوێت بەشێک بن یان سودمەندبن لەدەسەڵات. بەڵام ئامانجی راستەقینەی نوێنەرایەتی نوێ کاریگەریی و ئاراستەکردنی حوکمڕانییە، دانوستانی ناکۆتا.

چوارهەم، کاتێک ئێمە بێئاگابووین لە چیەتی نوێنەرایەتی، ئەوا سیستەمی سیاسیمان لەسەر ئەو بنەمایە دانەڕشتوە. چونکە لەهەناو سیستەمی سیاسی ئێمەدا شەڕێکی ناکوتای ناوخۆیی بوونی هەیە، ئەوا کرۆکی حوکمداری زەبرو ئامرازەکانیەتی نەک نوێنەرایەتی. لەگەڵ بەکاردبردنی پەنجا بەپەنجا وەک رێگاچارە بۆ رازیکردنی هەردوولا، پرۆسەی نوێنەرایەتی دەمرێت. لەنیوەی بۆ من و نیوەی بۆ تۆدا، نوێنەرایەتی بوونی نیە. بەکورتی نوێنەرایەتی یانی حکومەتێک هەیە کە نوێنەرایەتی خەڵک دەکات. خەڵک بڕیاردەدات لەسەر کێیەتی و چۆنێتی ئەو نوێنەرانە. کەواتە نوێنەرایەتی هەمیشەیی بوونی نیە. بەڵکو نوێنەرایەتی کاتییە، پێویستی بەپیاداچوونەوە و هەڵسەنگاندن و شەرعیەت پێبەخشینە. بەڵام بوونی زەبرو شەڕ بەکرۆکی سیاسەت، ئەم رەهەندانەی تر بایەخییان نیە. بۆیە هەنگاوی یەکەمی دروستبوونی نوێنەرو نوێنەرایەتی گۆڕینی شوناسی هێزە چەکدارەکانی هەرێمە.

پێنجەم، لەبەر نەبونی کەلتوری نوێنەرایەتی، نوخبەی سیاسی کوردی، خاوەن دەسەڵاتە راستەقینەکان، خۆیان بەنوێنەری ئەزەلی دەزانن. ئەمە بەشێکە لەبەڵای شۆرش. شۆڕشگێڕان هەمیشە خۆیان بە نوێنەری پرس و خەڵکەکانیان دەزانن، بەبێ ئەوەی هیچ سەنگێک بۆ چۆنێتی نوێنەرایەتی پرس و خەڵکەکان دابنێن. سەرۆکی حزبەکان، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی، کوڕو کاڵی ماڵباتە دەسەڵاتدارەکان، هەموو سەر بەقوتابخانەی نوێنەرایەتی ئەزەلین. ئەمەشە بنەمای ئەوەی داڕشتوە کە شۆڕشگێڕەکان بەگشتی و بەئاسانی دەبنە بنەماڵەیی.  وەک کاری خانەی بیر دەبێت هەمیشە لە گەڵ هەموو کارێکدا پێشنیارت هەبێت. بەگشتی بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی بەرجەستەبێت لەکوردستان، بەدیدی من دەبێت سەرەتا بزانین چیە، بەتایبەتی نوێنەرایەتی مۆدرێن. بەڵام خانەی بیری ئەوروپی پێشنیاری لە ەم جۆرە بە نۆمیناڵ دەبینن. وەهای دەبینن کە کرداریی نیە. پێشنیارەکان دەبێت کرداریی بن. نوێنەرایەتی پرۆسەیەکی مەحاڵە. ئەستەمە نوێنەرایەتی پیادەبکرێت، بۆیە هەندێک وەهای دەبینین تەنها ئیدیعایەکە، کلەیم. بەڵام لەکوردستان بەگشتی دوو جۆر کار دەتوانرێت بکرێت؛ یەکەم لابردنی رێگرییەکان، دووەم، بەهێزکردنی بوارەکانی نوێنەرایەتی.  ڕێکخستنی هێزی چەکدار یەکێکە لە لابردنی رێگاکان و زەمینەسازان بۆ بەرجەستەبونی نوێنەرایەتی. ئەم هەنگاوە بەشێکە لەپرۆسەی گواستنەوە لەشەڕو زەبرەوە بۆ مەدەنیەتی سیاسی. رێگریی دووەم، ئابورییە. نەوت دژ بەنوێنەرایەتییە یان دژ بەدیموکراسییە. بەڵام دوفاقییەک لە ئابوری نەوتدا هەیە، لەکاتێکدا دیموکراسی پێویستی بەبوژانەوەی ئابوری و بونیادی ژێرخان و گەشەی خوێندەواریی هەیە، نەوت لەزۆجاردا هەموو ئەمانە دەکات، کەواتە چۆن رێگرە لەدیموکراسی. ئەمە دەمانبات بۆ هاوکێشەی باج و نوێنەرایەتی. باج یانی سەرچاوەی بژێوی حکومەت، بەڵام کاتێک حکومەت بەهۆی نەوتەوە پێویستی بەباج نیە یان بڕێکی کەمی پێیویستە ئەوا سەرباری دروستبونی بنەماکانی چینی ناوەند، نوێنەرایەتی نایەتە ئاراوە. ئەمە سەرچاوەی قەیرانە چونکە رێگرییکردن لەئاگایەک سەختترە لە بێئاگایەک. بەڵام کێشەکە رەنگە نەبێتە مایەی مەترسی لەبەر ناهاوسەنگی ئابوریی. کەواتە جۆری ئابوری رێگرە.  رێگرێکی تر سیستەمی هەڵبژاردنی هەرێمە. تاک بازنەیی وەک برادەرانی KIE بەباشی کاریان لەسەر کردووە، بووەتە هۆکاری زۆر کێشە، لەسەرووی هەمویانەوە، بێبەشبوونی شارو شارۆچکە بچووکەکان. هەروەها سەنتەریی بوون، دروست نەبوونی نوێنەرو بازنەی نوێنەرایەتی . لەبواری بەهێزکردندا، دەزگای پەرلەمان دەبێت بەنوێنەرایەتی بناسرێت. دەبێت نووسینەوەی دەستور لەسەر پارادایمی نوێنەرایەتی بێت. کاتێک دەستوری ئەمریکی بەڕستەی ئێمە خەڵکی وڵاتە یەکگرتووەکان دەستپێدەکات، بەمانای ئەوەدێت کە ئەو دەستورە بە مەبەستی نوێنەرایەتی ئەو خەڵکە نووسراوە. دەبێت نوێنەرایەتییە مۆدێرنەکان لەئاستی فیکریدا بناسرێن لەهەمانکاتدا هەر پشتیوانییەک بۆ کۆمەڵگای مەدەنی و هاوجۆرەکانی لەسەر ئەو بنەمایە بێت کە نوێنەرایەتی نوێ بەرهەم بهێنێت.

کاتێک دەستوری ئەمریکی بەڕستەی ئێمە خەڵکی وڵاتە یەکگرتووەکان دەستپێدەکات، بەمانای ئەوەدێت کە ئەو دەستورە بە مەبەستی نوێنەرایەتی ئەو خەڵکە نووسراوە. دەبێت نوێنەرایەتییە مۆدێرنەکان لەئاستی فیکریدا بناسرێن لەهەمانکاتدا هەر پشتیوانییەک بۆ کۆمەڵگای مەدەنی و هاوجۆرەکانی لەسەر ئەو بنەمایە بێت کە نوێنەرایەتی نوێ بەرهەم بهێنێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار