هەڵبژاردن تاكه ئامرازی گۆڕانکارییە
نەوزاد ساڵح
3 ساڵ لەمەوپێش
نەوزاد ساڵح
دەنگدان و هەڵبژاردن دوو کردەی گرێدراوی یەک ئامانجن و لەقۆناغەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی هاونیشتمانیاندا بەپێی جوڵانەوەو پێهەڵگرتنی گەشەی دیموکراتی لەهەر وڵاتێکدا پێشکەوتن بەخۆوە دەبینێت و گەشەدەکات، هەڵبژاردن کۆڵەکەیەکی بنەڕەتی دیموکراتیە، هەڵبژاردن بابەتێکی هزری و فەلسەفی نیە، یاساو ڕێنمایی وڵاتان بۆ ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە بەندە بەتایبەتمەندی وڵاتەکەوە ، مێژووی هەڵبژاردن دەگەڕێتەوە بۆ ئەسینای یۆنان، لەئەوروپاو باکوری ئەمریکا لەکۆتایی سەدەی حەڤدەهەمەوە سەری هەڵداوەو بەشێوەیەکی سەرەتایی کاری پێکراوە خەلیفەکانی ئیسلامیش هەر بەم پرۆسەیەدا تێپەڕیون و هەڵبژاردنیان کردووە، لەکۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەدا ژنان بەشێوەیەکی سنوردارو لەهەندێک وڵاتی وەک بەریتانیاو سویدو فینلاندو هەندێک لەهەرێمە خۆرئاواییەکانی ئەمریکا مافی دەنگدانیان مسۆگەرکرد، هەندێک رێکخراو بۆ ئەم مەبەستە دامەزرێنرا وەک ئەنجومەنی نێودەوڵەتی ژنان ساڵی (١٨٨٨) وهاوپەیمانی بەدەسهێنانی مافی دەنگدان بۆ ژنان (١٩٠٤)، وڵاتی فینلاند وەک یەکەم وڵاتی ئەوروپایی مافی دەنگدانی بەژناندا، دوای ئەویش وڵاتی فەرەنسا ساڵی (١٩٤٧ )، دواهەمین دەوڵەتیش سویسرابوو کە لەساڵی ١٩٧١دا مافی دەنگدانی بەخشی بەژنان ، وڵاتانی عەرەبی لەمەڕ ئەم پرسە زۆر دواکەوتن، تەمەنی ئەم پرۆسەیە لەوڵاتە عەرەبیەکاندا سەدەیەکی تێنەپەڕاندوەو دواهەمین وڵاتی عەرەبی کەمافی دەنگدانی بەژناندا سعودیە بوو لەساڵی (٢٠١٥دا)دا...
ئەمڕۆ هەڵبژاردن لەجیهاندا بووەتە پرسێکی گشتی کە شارەزایان و پسپۆڕانی ئەم بوارە هەڵبژاردن بەباشترین میکانیزم دەزانن بۆ دەستاودەستکردنی دەسەڵات . ئەگەر بمانەوێت پێناسەی هەڵبژاردن بکەین لەسادەترین پێناسەدا دەڵێین ( هەڵبژاردن ئامرازێکە بۆ ئاڵوگۆڕی دەسەڵات و حکومی یاسا) یان (گۆڕینی دەنگی هاووڵاتیانە لەسندوقەکانی دەنگدانەوە بۆ کورسیەکانی دەسەڵات)، کەئەمەش بەشێکە لە جێبەجێکردنی ئەرکی دیموکراتی، مافی هەمووتاکێکە کە بەشداربێت لەم پرسە گشتیەدا .
وێڕای ئەوەی کە هەڵبژاردن یەکێکە لەبنەماکانی دیموکراتی و گەڕانەوەی متمانە بۆ هاووڵاتیان لەهەمان کاتدا مومارەسەکردنی سەرەتاترین مافی تاکە کە ئیرادەی تیایدا باڵادەستەو ئازادە بەمەرجێک ئەم پرۆسەیە بەبێ سانسۆری دەرونی و جەستەیی و چاوسورکردنەوە ئەنجامبدرێت، ئەم پرسە لەبنەڕەتدا بۆ دیاریکردنی نوێنەری گەلە تا داکۆکی لەمافەکانیان بکات ، رەنگە گوناحی پرۆسەکە نەبێت هەندێک نوێنەری هەڵبژێردراو دوای سەرکەوتنیان لەهەڵبژاردنداو چوونیان بۆ کایەکانی دەسەڵات گەندەڵی دەکەن و لە ئامانجی ڕاستەقینەی خۆیان دووردەکەونەوە و لادەدەن، هەڵبەتە هەر لەپێناوی ئەو ئامانجەدایە کە نوێنەر هەڵدەبژێردرێت بۆ گوزارشت کردنە لەمافە رەواکانی هاونیشتمانیان ، جگە لەم ئامانجە گشتییەش هەڵبژاردن دەمانباتەوە بۆ بەهێزکردنی کاری پێکەوەیی و کردەی جەماوەریی، دوورمان دەخاتەوە لەشەڕو ئاشوب و پەنابردن بۆ توندوتیژی . ئامانج لەهەڵبژاردن گۆڕانکاریە لەکایەی دەسەڵات و ئەو کارئەکتەرانەی کەپێویستە بە هەڵبژاردن بگۆڕدرێن کە باشترە تاهەوڵی لابەلاو کودەتای سەربازی و بەکارهێنانی چەک، کەدەڵێین هەڵبژاردن ئامرازێکی دیموکراتیە بۆ گۆڕینی دەسەڵات مەبەستمان خوودی ئەم گۆڕانکاریەیە کەمیتۆدی هەڵبژاردنی تیا بەکاربهێنرێت نەک ئامرازی تر چونکە جێگرەوەی هەڵبژاردن هەر هەڵبژاردنە، مەرج نیە لەهەر وڵاتێک هەڵبژاردن بکرێت ئەو وڵاتە دیموکراتی بێت، خۆ لەعێراق بەئێستاشەوە هەڵبژاردن دەکرێت بەڵام وەک پێویست سوود لەدەرئەنجامی پرۆسەکان وەرنەگیراوە بۆ؟ لەبەرئەوەی بنەماکانی دیموکراتی بەباشی نەچەسپیون، یان لەوڵاتێکی وەکو تورکیا هەڵبژاردن دەکرێت بەڵام لەپرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا لە٧ی حوزەیرانی ٢٠١٥ دا پارتێکی وەک(HDP) کە زیاتر لە (٦) ملیۆن دەنگی بەدەستهێناوەو سێهەمین پارتی ئۆپۆزسیۆن بوو هەرزوو ئەکەپەی دەسەڵاتدار بەپشتیوانی پارتی نەژادپەرستی مەهەپە کەوتنە گێچەڵکردن بەپرۆسەکەو ئەنجامی هەڵبژاردنەکەیان قبوڵ نەکردو پاشگەزبوونەوەو بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختیانداو کۆی دەرئەنجامەکەیان رەت کردەوە، سەرۆکی پارتی هەدەپە کە بەڕێز (دەمیرتاش)ە دۆسیەی بۆ کرایەوەولەگەڵ شاندێك لەئەندام پەرلەمانەکانی هاوڕێی کەمافی پارێزبەندی یاساییان هەیە زیندانی کران و سەرجەم پۆستی ئەو شارەوانیانەش کە بەهەڵبژاردن بردبوویانەوە لێیان زەوتکرا، ئیتر دیموکراتی لەکوێی کایەی ئەم وڵاتەدایە چ جای هەڵبژاردن بکات یان نا!!! ، لەزۆربەی وڵاتاندا هەڵبژاردن دەکرێت بەڵام جاری واهەیە ئەگەر دەرئەنجامەکەی بەدڵی پارتی دەسەڵاتدار یان کەسایەتیەکی وڵاتەکە نەبێت ئەوا پەنا بۆ توندوتیژی دەبەن وەک ئەوەی تورکیا...
پرۆسەی هەڵبژاردن تەنها پرۆسەیەکی سیاسی نیە بەڵکو پرۆسەیەکی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و دەرونییە، چونکە لە رێگای ئەم پرۆسەیەوەو بە بەشداری تاکی کۆمەڵگە گۆڕانکاری ئەنجامدەدرێت... دوو خاڵ دەکرێتە بنەما بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن:- ١- ئەو یاساو سیستمەی کەپرۆسەکەی پێ ئەنجامدەدەیت. ٢- کاری هونەری و تەکنیکی و لۆجستی کەپاڵ پشتی و هێزی جێبەجێکردنی پرۆسەکەن. هەروەها لەهەڵبژاردندا ئەم رەگەزانە گرنگن کەپێویستە بایەخیان پێبدرێت .. ا- بایەخ بەداخوازی بەدەنگدەران لەهەر بازنەیەکی هەڵبژاردندا. ب- لایەنی تەکنیکی و هونەری، ئەو ئامێرانەی کە لەئاشکراکردنی کارتی دەنگدان و ناسینەوەی دەنگدەرو هەژمارکردنی دەنگەکاندا بەکاردەهێنرێت، کۆمسیونی هەڵبژاردنەکان ئامادەکاری بۆدەکات و لێی بەرپرسیارە. ج- ناسین و خوێندنەوە بۆ سایکۆلۆجیای دەنگدەرانی هەربازنەکان . د- کەسایەتی و ئاستی رۆشنبیری و پسپۆڕی پاڵێوراوەکان و پێگەی جەماوەریان گرنگە. ه- شێوازی بانگەشەوهەڵمەتی هەڵبژاردنی پارتەکان و کاندیدەکان. - رۆڵی چاودێرەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەچاودێریکردنی وردی کۆی پرۆسەکە. ز- بوونی کادرو کارمەندی شارەزا بۆ لایەنی ئامێرەکان و بەڕێکردنی پرۆسەکەش بێ کێشە.
هەڵبژاردن ئامانجە یان هۆکارە؟. هەڵبژاردن خۆی ئامانج نیە و رێگایەکە بۆ بەدەستهێنانی بڕیاری دروست تا لەوێوە جڵەوی دەسەڵاتی پێ کۆنترۆڵ بکرێت بەیاساو سیستم تازامنی وزەو تواناکانی تاکی پێبکەیت و لەکارو پرۆژەی سوودبەخشدا بەکاریان بهێنێت... لەپەیمانی نێودەوڵەتی تایبەت بەمافە مەدەنی و سیاسیەکان لەماددەی (٢٥) دا دەڵێت:- (هەموو هاووڵاتیەک مافی ئەوەی هەیە کە بەشداری بکات لەبەڕیوەبردنی ژیانی گشتی وڵاتەکەیدا، بەشیوەیەکی راستەوخۆ یاخود لەڕێگای ژمارەیەک نوێنەری هەڵبژێردراوەوە) . کەواتە ئەم بابەتە دیسان دەمانباتەوە بۆ ئەو پرسیارەی ئامانج لەهەڵبژاردنی نوێنەر چیە؟ هەڵبەتە مەبەست لەهەڵیژاردنی نوێنەر بۆ دەستەبەرکردنی مافی هاووڵاتیان و ڕێکخستنی کارەکانیانە کە داکۆکی سەرسەختانە لەمافەکانیان بکات و شەڕی ماف و ئازادیەکانیان بۆ بکات ، پاڵێوراوی سیاسی کە هەڵبژێردرا دەبێت لەسەنگەری دەنگدەرەکانیدا بێت و بەهەموو هێزی شەڕی نان و بژێوی و پرۆژەی ئەوان بکات پەیوەندی نێوان دەنگدەر و پاڵێوراوەکان پەیوەندیەکی ئۆرگانیە و هەموو خولێک ئەم پەیوەندیە نوێ دەبێتەوە، بەڵام خاک بەسەر ئەو پاڵێوراوەی کە بەبەڵێنی بێ کرداردەنگدەران فریودەدات کە دواجار متمانەی هاووڵاتیان بەگشتی لەدەستدەدات ... کەواتە پێویستە دەنگ بدەین؟ --------------------------------
زەروورە دەنگ بدەین چونکە بنەماکانی دیموکراتی هێشتا دەڵەمەن وچەندین گرووپی توندڕەو هەڕەشە لەدیموکراتی ژیانی پێکەوەیی دەکەن. زەروورە دەنگ بدەین چونکە وێڕای تێپەڕبوونی سەدەیەک قوربانی هێشتا لەسەرەتای بەدەستهێنانی ئامانجەکانمانداین... زەروورە دەنگ بدەین چونکە کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان و مادەی ١٤٠بەهەڵواسراوی ماونەتەوە.
---- بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای پرسیارەکە بۆچی دەنگ بدەین ئەگەر دەنگ نەدەین چی دەبێت؟ دەنگەکان چ گۆڕانێک دروستدەکەن؟ ----------------------------------------------- لەوەڵامدا دەڵێین بەڵێ زەروورە دەنگ بدەین بۆئەوەی شایستەترین نوێنەر کەدڵخوازی خەڵک بێت هەڵبژێرین... زەرورە دەنگ بدەین بۆ ئەوەی بە هەموو دەنگەکانی هاووڵاتیان گۆڕانکاری لەدەسەڵاتدا دروست بکەن... زەرورە دەنگ بدەین هەتا دەسەڵاتی پشتاوپشت و بۆماوەیی نەهێڵین بۆ ئەوەی تەوژمی دیکتاتۆریەت کەم بکەینەوەو بنەماکانی دیموکراتی بچەسپێنین... زەرورە دەنگ بدەین هەتا دەنگدەر خۆی ببێتە چاودێری پرۆسەکە و ساختەکاری و فێڵکردن لەپرۆسەکەدا کەم بکەینەوە... زەرورە دەنگ بدەین هەتا ڕەفتاری کاربەدەستان و کۆمەڵگەش گۆڕانکاری بەخۆوە ببینێت، هەتا خۆسەپاندن و گیانی ململانێ و بەریەک کەوتن کەم بکەینەوە و هەڵبژاردن بکەینە دەروازەی چاکسازی. زەروورە دەنگ بدەین چونکە بنەماکانی دیموکراتی هێشتا دەڵەمەن وچەندین گرووپی توندڕەو هەڕەشە لەدیموکراتی ژیانی پێکەوەیی دەکەن. زەروورە دەنگ بدەین چونکە وێڕای تێپەڕبوونی سەدەیەک قوربانی هێشتا لەسەرەتای بەدەستهێنانی ئامانجەکانمانداین... زەروورە دەنگ بدەین چونکە کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان و مادەی ١٤٠بەهەڵواسراوی ماونەتەوە... کۆتا ڕستە... وێڕای هەموو ئەو سەرنج وتێبینیانەی هاووڵاتیان لەسەر پرۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردن
هەیانە کەبەهەند وەریاندەگرین بەڵام هەردەبێت کار بۆ پێشخستنی ئاستی رۆشنبیری کۆمەڵگەی خۆمان بکەین لە بواری هەڵبژاردنداو پێویستە هەڵبژاردن بکەینە تاکە ئامرازو پێوەری گۆڕانکاریەکان. بەرەو هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو ..