هەڵبژاردنێک بوونی نییە، مەگەر سەکۆیەک بێت بۆ ریسواکردنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی عێراق‌و کوردستان!

كامل ئەحمەد

3 ساڵ لەمەوپێش



 

كامل ئەحمەد

لەئاستی جیهاندا دەهۆڵێکی زۆر دەکوترێت بۆ بەپیرۆزکردنی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکان و پڕۆسەی هەڵبژاردن وەک یەکێک لە کۆڵەکەکانی دیموکراسی و پارەوپولێکی لەڕادەبەدەری بۆ تەرخاندەکرێت، بەڵام بە ڕۆشنیش دەبینین کە ئەم پڕۆسە دیموکراتیە لەناو زۆرینەی خەڵک و چینی پرۆلیتاریادا  رۆژ لەدوای رۆژ متمانەی خۆی لەدەستدەدات و رادەی بەشداربووان لەم گەمە درۆیینەیەی بۆرژوازیدا، بۆ دەسەتاودەستپێکردنی دەسەڵات لەنێوان خۆیاندا و بۆ پاراستنی بەرژوەندیە چینایەتیەکانیان، دێتە خوارەوە. ئامارەکانی رێژەی کەمی بەشداربووان و بێئومێدی خەڵک لەهەڵبژاردنەکان لەزاری میدیا و سەرانی بۆرژوازی خۆیانەوە و هەڵڕشتنی فرمێسکی تیمساحاوی بۆ ئەم پڕۆسە جوانەی دیموکراسی و بەرەوهەڵدێرچوونی، وێردی سەرزمانیانە و هەمووان لەهەوڵی ئەوەدان کە بیهێڵنەوە. ئەمە بەجیا لەوەی کە ئەگەر هەڵبژاردنێک بوونی هەبووایە ئەوا هەموو ئەم زوڕناژەنانەی بۆرژوازی و هەموو دەزگا سەرکوتگەرو داپڵۆسێنەرەکانیان دەکەوتنە گیانی خەڵک بۆ ئەوەی هەڵبژاردن نەکەن. بەڵام تا ئەوکاتەی کە هەڵبژاردن لەنێوان هێزە بۆرژوازیەکاندایە و هەموویان لەسەر هێشتنەوەو پاراستنی بەرژەوەندیەکانی سەرمایە کۆکن، هانی خەڵک دەدەن بۆ بەشداریکردن لەپێناو درێژەدان بەسیستمە چینایەتیەکەی خۆیان و کەڵەکەی زیاتری سەرمایە لەڕێگای بەکارهێنانی ئەم دەزگایەوە. ئەگەر نا دیموکراسی و هەڵبژاردنی پەرلەمانیش وەک ئەلگۆیەک تواناییەکانی خۆی لەدەستداوە بۆ گێلکردنی پڕۆلیتاریا و ئەمە بەڕۆشنی لەلانکەی دیموکراسیشدا، لەخۆرئاوا دا، دەبینین. هەڵبژاردن لەعێراق خەڵکەکەی تووشی بێئومێدی کردووە و دیموکراسیشی کردووەتە دیاردە و پڕۆسەیەکی گاڵتەجاڕانە.

خاڵێکی سەرەکی و پایەیی تر ئەوەیە کەئەم هەڵبژاردنە پێشوەختەی عێراق دەبێت وەک بەشێک لەململانێی نێوان هێزە جیهانی و ناوچەیی و ناوخۆییەکان چاوی لێبکرێت. ئەم پڕۆسەی هەڵبژاردنە و بڕیاردان لەسەر بەڕێوەچوونی پێشوەختی پێودانگی هاوسەنگی هێزی نێوان ئەمریکاو ئێرانە و بۆ لێدان و بەهێزکردنی لایەنگرانی خۆیانە لەم پرۆسەیەدا.

ئەم بڕیارە ڕاستەوخۆ بڕیارێکی ئەمریکی بوو، هەوڵێکە بۆ ئەوەی کە حکومەتەکەی کازمی لەسەرپێی خۆی رابگرێت. ئاڕاستە و سیاسەتێک کە لەپشتیەوەیەتی بریتییە لە لاوزاکردن و کەمکردنەوەی پێگەی هەموو ئەو هێزو گرووپ و حزبانەی کە سەر بەمیحوەری ئێرانن لەنێو خودی پەرلەمان و کۆی پڕۆسەی یاسادانانی عێراقدا. ئەمریکا لەڕێگای ئەو هێزانەوە کە نوێنەرایەتی دەکەن ئەم پڕۆسەیەی بەڕێخست، گوایە هەڵبژاردنی پێشوەختە خواستی ناڕەزایەتی و راپەرینەکانی ئۆکتۆبەرە، هەر بۆیە لەم گەمەیەدا هەندێک لەهێزەکانی ناو خودی پڕۆسەی دەسەڵاتداری و یاسادانانی عێراقی کە سەدرە هەڕەشەی بەشدارینەکردنی دەکرد تابتوانێت تەرازووی ئەم گەمەیە بە لای خۆیدا هاوسەنگ بکات. هاوکاتیش ئێمە شاهیدی چەندین هاوپەیمانی نوێ و توندبوونەوەی ئەم کێشە ناوخۆییانەین بەپێی ئەم ئاڕاستە دژ بەیەکانەی بورژوازی  لەنێوان نەیاران و دۆستەکانی دوێنێداو دابەشبوونیان بەسەر ئەم دوو ئاڕاستە جیاوازەدا.  ئەوەی کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان چۆن دەبێت و چ لایەنێکیان براوەی ئەسڵی ئەم گەمەیە دەبن، گریمانەیەکی کراوەو نەبڕاوەیەو ئەگەری گۆڕانی تێدایە لەم هەلومەرجەدا.

ئەگەر سەرنجی پڕۆسەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق بدەین، جگە لەوەی لەم ناوەرۆکە بۆرژوازیەش داتەکاوە و ئەم پرەنسیپە گشتییەی هەڵبژاردنیش نایگرێتەوە، دەتوانین بەئاشکرا بیبینین کە شتێک بە ناوی هەڵبژاردنەوە لەئارادا نیە. ئەوەی هەیە کۆمەڵێک ئەحزابی میلیشیایی ئەندامان و لایەنگران و چەکداران و مووچەخۆرەکانی خۆیان دەبەنە بەردەم سندوقەکانی هەڵبژاردن و لەم کێبڕکێیەی نێوان خۆیاندا دەنگیان لێوەردەگرن. راگەیاندنە رۆژنامەگەریەکان  و دانپێدانانەکانی سەرانی ئەحزابی میلیشیایی بۆرژوازی لەعێراق و کوردستاندا گەواهی لەسەر ئەم راستیە دەدەن. ئەوان هەریەکەیان بۆ تاوانبارکردنی ئەوی تریان گەواهی دەدەن کە خەڵک بەزۆر دەبرێتە بەردەم سندوقەکانی هەڵبژاردن، هەڕەشەی بڕینی مووچە و قووتی مناڵەکانیان لێدەکرێت و لەپێش هەڵبژاردنەکانیشدا دەکەونە بەخشینەوەی پارەوپول و تەخشان و پەخشانکردنی سەروەت و داهاتی کۆمەڵگا لەم پێناوەداو هەڵکوتانە سەریەکترو میلیتاریزەکردنی فەزای شارەکان و بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن و تەسفیەی یەکتریش یەکێکی ترە لەپەردەکانی ئەم شانۆییە.

هەڵبژاردن و پەرلەمان و تەنانەت دەسەڵات و ئەو قەوارە پووچەشی کە ناویان ناوە حکومەت جگە لە فەرمانبەران و مووچەخۆرانی دەستی ئەحزابە  سیاسیە بۆرژواییەکان و پارێزەران و جوانکەرانی رووی کۆمپانیا گەورەکانی دەستی ئەحزابە میلیشیایی و دینی و ناسیۆنالیستیەکان ناتوانێت شتێکی تر بێت. ئەوان دەیانەوێت بەم پەرلەمان و شێوازی یاسادان و حکومەتداریە برەو بە سەرمایەگوزاریەکانی خۆیان بدەن و ئەم پەرلەمان و حکومەتەش خزمەتکاری چوونەپێشەوەی بەرژەوەندیەکانیان بێت.

خەڵکی عێراق و کوردستان دەمێکە متمانەی خۆیان بەم هێزانە لە دەستداوەو ئومێدێکیان بەوە نیە کە کەمترین چاکسازیش لەژیان و گوزەرانی ئەواندا بکەن و بتوانن لانی کەم پێداویستی و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی ژیانی رۆژانەشیان بۆ دابین بکەن. ئەوە با رێژەی بێکاری لەولاوە بوەستێت کە بە ٤٠ ٪ مەزەندە دەکرێت لەناو گەنجاندا و برسیەتیش بڕشتی لەبەر خەڵک بڕیوە و  رێژەی هەژاریش گەشتۆتە ٤٠ ٪ . ئەمەش قڵشتێکی چیانیەتی گەورەی زۆری دروستکردووە و ناڕەزایەتی فراوانیش هەیە بۆ بەدەستهێنانی ئەم خواستانە کە بۆرژوازی دەیەوێت لەڕێگای بردنیان بۆ بەردەم سندوقەکانی هەڵبژاردن بەلاڕێیدا بەرێت و کپی بکاتەوە. هەربۆیە دەبینین بێ متمانەیی بەهەڵبژاردن و تەنانەت بایکۆتکردنیش بژاردەیەکە کە خەڵک پەنای بۆ دەبەن. بەڵام ئێمە وەک لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا کاتێک هەڵبژاردنێک بوونی نەبێت ئەوا بەشدارینەکردن و بایکۆتیش دەبێتە شتێکی سیمبوڵی و زیاتر لەگوێنەدان و بێئومێدییەوە سەرچاوەی گرتووە و ناتوانێت کارساز بێت کاتێک هۆشیاری هەڵوەشاندنەوەی سەرتاپای ئەم سیستەمە چیانەیەتیەی لەگەڵدا نەبێت و ئاگایی سۆشیالیستی لەبرەودا نەبێت لەئاستی کۆمەڵایەتیدا بۆ خستنەوە سەرپێی ئەم دنیا ئاوەژووەی سەرمایە. ئەم بژاردەیەش، کە بەداخەوە لەئێستادا زۆر لاوزە و یان دەتوانین بڵێین لەئاستی نەبووندایە، کاریگەری خۆی دەبێت لەڕۆڵ بینین لەهەر ناڕەزایەتیەکیشدا کە هەبێت چونکە لەنەبوونی یەکگرتوویی چینایەتی و ئاگایی سۆشیالیستی و هێزێکی پڕۆلیتێری لەکۆمەڵگەدا کە بتوانێت لەدەورانی هەڵبژاردندا سیاسەت و تاکتیکی دروست بگرێتەبەر لە مانگرتن و ناڕەزایەتی نیشاندان و هاتنە سەرجادەوە و شکاندنەوەی بارەکە بەقازانجی  پرۆلیتاریادا رۆڵ بگێڕێت، وەک سیاسەتێکی کۆمۆنیستی قۆناغێکی دیاریکراو، ئەگەر نا ئیتر بایکۆت مانای نیە. دەمەوێت تەئکیدیش لەوە بکەمە کەئەمەش تەنها سیاسەتێکی کۆمۆنیستیە نەک ئەڵتەرناتیڤی کۆمۆنیستی ، چونکە تەنها یەک بژاردەو ئەڵتەرناتیڤ لەبەردەم پڕۆلیتاریادا هەیە ئەویش رووخاندنی نیزامی سەرمایەداری و دامەزراندنی کۆمەڵگای سۆشیالیستیە.

لەبارودۆخێکی ئاوهادا ئەرکی ئێمە کۆمۆنیستەکان ئەوەیە کە هەر جۆرە  جووڵانەوەیەکی سلبی بگۆڕین  بەئاگایی سۆشیالیستی و جووڵانەوەیەکی پۆزەتیڤ بە قازانجی هێنانە پێشەوەی کەشێک کە پڕۆلیتاریا بتوانێت هەم ئاگایی خۆی برەو پێبدات و هەم رێکخراوبوونی خۆشی گەشەپێبدات. ئەگەرنا هەرجۆرە بایکۆت و بەشدارینەکردنێک سیمبوڵی دەمێنێتەوە و ناتوانێت هەنگاوێک نزیکمان بکاتەوە لە نەبەردە چینایەتیەکانمان.

kamil.ahmed.f@gmail.com

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار