ئێران.. ئەو تاوانە گەورەیەی هێشتا بەردەوامە!

چاوخشانێک بە رەهەندەکانی تاوانێکی گەورەی نەبەخشراوی رژێمی ئێران!

عەبدولرەحمان مهابادێ‌

3 ساڵ لەمەوپێش



عەبدولرەحمان مهابادێ‌

33 ساڵ بەر لە ێستا زیات لە (30) هەزار زیندانیی سیاسی بە تۆمەتی (پێداگری لەسەر هەڵوێست) لە ماوەیەکی کورتدا و لە (3) مانگدا، بە پێی فەتوای خومەینی، دامەزرێنەری رژێمی مەزهەبیی ویلایەتی فەقیهی دەسەڵاتدار لەئێران، لە ناو زیندانە ترسناکەکانی ئەم رژێمە فاشییەدا قەتڵوعام کران. جێبەجێکردنی ئەم فەتوا و تاوان دژە مرۆییە، دوای گەورەترین ئۆپەراسیۆنی ئەڕتەشی ئازادیبەخشی میللیی ئێران (NLA) لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژئاوای ئێران، هەنگاوێکی ئەم ژینۆسایدەیە بۆ بە لاڕێدابردنی بیرۆڕای گشتیی ئێران و جیهان، کە تەنانەت ئەگەر ببەسترێتەوە بە ئۆپەڕاسیۆنەکەیش، تاوانێکی گەورەیە کە لێبوردن هەڵناگرێت و هیچ لە پێویستیی راکێشکردنی کاربەدەستانی ئەم رژێمە بۆ بەردەم (داد) کەم ناکاتەوە. ئێستا دادگایەکی وڵاتی سوید دەستی بە لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنی میرغەزەبێکی ئەم تاوانە کردووە بە ناوی (حەمید نوری)!

بەردەوامبوونی جینوساید و تاوانێکی دژ بەمرۆڤایەتی

بەهەڵەدا چووین گەر وای دابنێین ئەم تاوانە گەورەیە کۆتایی پێهاتووە یاخود تاوانێکی کۆنە و تایبەتە بەرابردوو! چون کۆتایی نەهاتووەو تەنها شکڵی گۆڕیوەو بەردەوامە. بە پێی ئامار و ئەژماری بەردەست، لە سەدا 90ی ئەو (30) هەزار زیندانیانەی قەتڵوعام کراون، ئەندامان و لایەنگرانی هێزی سەرەکیی ئۆپۆزیسیون، واتا سازمانی موجاهیدینی خەلقی ئێران بوون و ئەوانیتریش نەیارانی سەرسەختی ئەم رژێمە بوون!

خومەینی لە ساڵی 1989 مرد. جێگرەوەی ئەوسای خومەینی، واتا (حسێن عەلی مونتەزیری)ش کە بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕینی بەرانبەر بەو تاوانە، لەپۆستەکەی دورخرایەوەو تا کۆتایی تەمەنی لەماڵەکەیدا دەستبەسەر کرا، لە رۆژی 29ی سەرماوەزی 2009 کۆچی دوایی کرد. ئەندامانی (لێژنەیمەرگ) کە لە چوار کەس پێکهاتبوو بۆ جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەمی ئەم قەتڵوعامکردنە، لە کاربەدەستانی پلەبەرزی  ئێستای ئەم رژێمە فاشییەن کە (ئیبراهیم رەئیسی) یەکێکیانە.

لەبەرچی ئیبراهیم رەئیسی بەسەرۆک کۆمار کرا؟

میرغەزەب ئیبراهیم رەئیسی، کە لەلایەن عەلی خامنەئیەوە وەک سەرۆکی دەزگای داد(!) دەستنیشان کرابوو و ئێستایش وەک (سەرۆک کۆمار) لەو پۆستە دانراوە، بەرهەمی بن بەستی چارهەڵنەگری وەلی فەقیهی دەسەڵاتدارە لە دوا قۆناغی مانەوەی رژێمی ئێران و لە سەروبەندی رووخانیدا. پەیامی بە سەرۆک کردنیشی بەدەر نیە لە بەردەوامیی سیاسەتی سەرکوت و کوشتارو بەتاڵانبردن و تاوان! واتا تەنها بۆ رووبەڕووبوونەوەی خەڵک و موقاوەمەتی ئێرانە و بەس. بێ هۆ نەبووە کە خەڵکئ ئێران بە ناسکردنێکی پۆخت و تەواوەوە، ناویان ناوە (رەئیسی جەللادی67)(88ی زایینی). بۆ دەرخستنی بێشەرمی و رووهەڵماڵراویی ئەم تاوانکارە هەر ئەوە بەسە کە لەدوایین هەڵوێستەکانیشیدا، شانازی دەکات بەوەی لە رابردوو کردوویەتی و ناوی ناوە (بەرگریکردن و داکۆکیکردن لەمافەکانی مرۆڤ!).

وشیارکردنەوەی جیهانی بە راگەیاندنی بزوتنەوەی دادخوازی لەلایەن موقاومەتی ئێرانەوە!

ئیستا بەشێکی هەرە زۆر لەخەڵکی جیهان و بەتایبەت کۆڕو کۆمەڵە سیاسییە نێونەتەوەییەکان، سیمای دڕندەو جینایەتکارانەی ئیبراهیم رەئیسی بەباشی دەناسن و دەرحەق بە رەهەندەکانی ئەو دۆسێیە قورسە ئاگادار و وشیارن. بانگەوازی زۆرینەی هەردوو حزبی ئەمریکا لەکۆنگرێسی ئەو وڵاتە، بانگەوازی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، پەرلەمانی ئەوروپا، نەتەوە یەکگرتووەکان و ریپۆرتەرانی  پسپۆڕانی ئەم رێکخراوە جیهانییە، سەدان وەزیرو ئەندام پەرلەمان و کەسایەتیی سیاسی و کۆمەڵایەتی جیهان، دەیان براوەی خەڵاتی نۆبێل، سەدان زانا و مامۆستای زانکۆو ئاکادێمیست و پزیشک و توێژەرو بەرێوەبەرانی پیشەیی و خاوەنکاری ئێرانی دانیشتووی ئەمریکاو لەگەڵ ئەوانەشدا سەدان زیندانیی سیاسیی دەرچوو لەئێران و ... لەپێناو پشتیوانیکردن لەخەڵکی ئێران و بەتایبەت پشتیوانیکردن لەزیندانیانی قەتڵوعامکراوی ساڵی 1988 بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەم تاوانە گەورەیە، بەشێکن لەبەڵگەکانی حاشاهەڵنەگرو بەردەستی ئەم تاوانە.

بزوتنەوەی دادخوازیی خوێنی شەهیدانی قەتڵوعامکراوی ساڵی 1988 کە لەلایەن خانمی مریەم رەجەوی لەساڵی 1395 (2016) بە رەسمی راگەیاندرا، هۆکاری سەرەکییە بۆ وریاکردنەوەو وشیارکردنەوەی بیروڕای گشتی جیهانی و ئەگەری هەنگاونانی دەوڵەتان و رێکخراوە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ لەپێناو چالاککردن و کرانەوەی دۆسێیەی زیندانیانی قەتڵوعامکراوی ساڵی 1988 و هەنگاونانی پێویست لەم پێوەندەییەدا. هەروەک چۆن دەزانین بەر لە راگەیاندنی ئەم بزوتنەوەیە و بە هۆی سیاسەتی (سازان)ی رۆژئاواوە، ئەم دۆسێیەیە لە هەموو وڵاتانی جیهان بەکپی و بێدەنگی راگیرابوو!

هۆکاری سەرەکی چ بوو لەدەستبەسەرکردنی (حەمید نووری) لە سوید و دەستپێکی دادگاییکردنی!

بزوتنەوەی دادخوازی، رێخۆشکەرە بۆ بەرەوپێشبردنی هەر هەنگاوێک لە پێناو لێکۆڵینەوە لەم تاوانە و چالاککردنی دۆسێیەی دادخوازی و راکێشکردنی بەرپرسان و هۆکارانی ئەم تاوانە بۆ بەردەم دادو دادوەری.

دەستبەسەرکردنی تاوانکار(حەمید نووری) لە رۆژی 9ی نۆڤامبەری 2019 و دادگاییکردنی ناوبراو کەئێستا لە سوید لە ئاڕادایە، قۆناغێکە لە قۆناغەکانی نەخشەرێگای بزوتنەوەی دادخوزایی خوێنی زیندانیانی سیاسیی قەتڵوعامکراوی ساڵی 1988 لەبەردەم کۆمەڵگای مرۆڤایەتیی هاوچەرخ. گومان هەڵناگرێت کە کردنەوە و چالاککردنی ئەم دۆسێیەیە، ئەگەر بە پێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بگاتە ئەنجام، زۆر بە خێرایی رژیمی دەسەڵاتدار لە ئێران بەرەو یەکلاییکردنەوە دەبات و خواستی سەرەکیی خەڵکی ئێڕان و بە تایبەت کەسوکاری شەهیدانی ئەم دۆسێیەیە سەر دەخات!

گرنگیی بزوتنەوەی دادخوازی!

لەبەر ئەوەی بەرەوپێشچوون و گەشەسەندنی بزوتنەوەی دادخوازی، یاسامەند بەرەو گۆڕینی رژێمی ناڕەوای ئێران هەنگاو دەنێت، وەلی فەقیهی خوێنڕێژی دەسەڵاتدار لەئێران بە نیازە ئەم بزوتنەوەیە بەرەو پوکانەوە بەرێت و پێناسەی راستەقینەی بگۆڕێت و بەم رێگەوە کارنامە رەشەکەی خۆی بە (سپی) و (پاک) بنوێنێت. بەڵام ئایا رژێمی ئێڕان توانای ئەمکارەی هەیە و دەتوانێت سەرکەوتوو بێت؟

بزوتنەوەی دادخوازی نەک تەنها بۆ راکێشکردنی بەرپرسان و هۆکارانی ئەم تاوانە نەبەخشراوەیەیە بۆ بەردەم دادگایەکی نێونەتەوەیی، بەڵکو خوازیاری کۆتاییهێنانە بەدەسەڵاتی ئەو رژێمەی  زیاتر لە 42 ساڵە، بە خستنەژێرپێ و پێشێلکردنی کردارییانەی ئازادی، بەکوشتار و سەرکوت، لە ژێر ناوی (ئیسلام)، چارەنووسی ئێران و خەڵکی ئێرانی بە بارمتە گرتووە و لەم ساڵانەی دواییشدا هەوڵی ئەوەی داوە بە تیرۆر و بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی، چارەنووسی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و بەشێکی زۆری جیهان بخاتە مەترسییەوە!

*نووسەرو شرۆڤەکاری سیاسی

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار