بۆ دەبێت پشتیوانی لە یەکێتی بکرێت
3 ساڵ لەمەوپێش
سیروان ڤیان
زۆر جار باسی ئەوە دەکەین، کە کورد بە قۆناغێکی گرنگدا تێدەپەڕێت. کێشە و قەیرانەکانی سیستمی جیهانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا وەرسوڕاوە بۆ شەڕ. ئەو کێشانەی کە هەیە و ئەو شەڕانەی روودەدەن شەڕ و کێشەکانی رۆژگاری ئەمڕۆ نین، یانی هەموویان عایدی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نین، بەڵام ئەو شتانە لێرە روودەدەن. ئەوە راستییەکە و دەبێت هەموو کەس بەپێی ئەو راستییە بجوڵێتەوە. ئەگەر لەو چوارچێوەیەدا جموجوڵ نەکرێت لەو کاتەدا رووبەڕووبوونەوەى راستییەکان شکست بە دوای خۆیدا دەهێنێت. تەنها شکستیش نا، بەڵکو دۆڕان و لە دەستدانی گەورەش لەگەڵ خۆی دەهێنێت. لە ماوەی کورت مەودا لە کوردستان نمونەی وەها روویانداوە. ئەگەر گەلی کورد بەپێی ئەو راستییانە و بەپێی ئەو شەڕە، کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستاندا روودەدات خۆی ئامادە نەکات و بەپێی ئەوەى نەجوڵێتەوە، ئەوا لە دەستدان و دۆڕانی بەسەردا دێت. ئەو بەها و نرخ و دەستکەوتانە، کە بە تێکۆشان بەدەستهاتوون لە دەست دەچن.
دەبێت بزووتنەوە و رێکخستنەکانی کورد بەپێی ئەو راستییە هەنگاو بنێن. ئەگەر هەنگاوی سیاسی بەپێی ئەوە نەنرێت ئەوە بە مانای ئەوەیە، کە تەسکبینی و گرێکوێرەیەکی سیاسیی هەیە، یانی غەفڵەت هەیە. ئەو راستییە لە ناو ئێمەدا هەیە بۆیە سەرنج دەخەینە سەری. پێویستە ئێمە راستیی خۆمان و راستیی دونیا لە رووی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە باش بناسین و لێی تێبگەین. ئەوە هەڵگرتنی هەنگاوی راست و دروست گرنگە. ئەوە راست نییە، کە ئەو شتانە ئیهمال بکەین و خۆمان بە جیاواز نیشان بدەین. ئەوە شتێکی کردەیی نییە و پێویستیش بەو ئیهمالکردن و خۆ بە جیاواز زانینە نییە.
لە کاتێکی وەها گرنگ و قەیرانایدا لە عێراق و باشووری کوردستان هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت. پێویستە بزووتنەوەکانی کورد لە هەڵبژاردندا لە بەرامبەر ئەو مەترسی و هێرشانەى ئەنجام دەدرێن و پلانیان بۆ دانراوە، بەرەیەک دروست بکەن. پێویستە ناوەندی ئەو بەرەیە لە ناوچە سۆرانییەکاندا بێت. ئەو بەرەیە، یانی جەبهە و بلۆک، دەبێت لە دژی دید و تێگەیشتی پاکتاوکاری بەرامبەر بە هێڵی کوردی دیموکراتیک و نیشتمانپەروەر دروست بکرێت. چونکە هێرش لەسەر هێڵی کوردی دیموکراتیک و نیشتمانپەروەر هەیە. ئەو هێرشە گەورەترین مەترسیی نزیک و بەرچاوە. پەیوەندیی بە هەبوون و داهاتووی گەلی کوردەوە هەیە. ئەگەر ئەو هێرشانە تێکنەشکێنرێن و مەترسییەکان نەڕەوێنرێنەوە، هیچ کوردێک و بزووتنەوەیەکی کورد ناتوانێت کارێکی جیاواز و گرنگ ئەنجام بدات، ناتوانێت پێشکەوتن بەدەست بهێنێت. لە ئێستا بە دواوە لە کوردستان پێشکەوتن بە تێکشکاندنی ئەو هێرشانە و لە ناوبردنی ئەو مەترسییانە بەدی دێت. باشە چی روودەدات و مەترسییەکە چییە؟ بۆ دەبێت بەرە لە ناوچە سۆرانییەکاندا دروست بکرێت؟
ئەگەر رووداوەکانی دونیا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان لە بەرچاو بگیردرێن ئەوا مەترسییەکە دەبینرێت. بە ڕاستی لەمساڵانەی دوایدا تێگەیشتن لەسەر ئەوە باشتر دروست بوو، بەڵام سەرباری ئەوەش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست عەقڵییەتی مۆدێڕنیتەى کاپیتالیستیی لیبراڵ بینینی راستییەکانی زۆر قورس و دژوار کردووە. ئەوەش کاریگەریی لەسەر رێکخستنەکانی کورد هەیە. بێگومان ئەوەش کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە و تاکەکانی کۆمەڵگەش هەیە. ئەگەر پەردەکە لاببرێت، ئەو راستییەی کە هەیە و روودەدا بۆ کورد باشتر دەبینرێت و روون دەبێتەوە.
دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت هەبوونی گەلی کورد بسڕێتەوە، چونکە دەوڵەتی تورکیا دوژمنە گەورە و سەرەکییەکەى گەلی کوردە. دەوڵەتی تورکیا هەبوونی خۆی لەسەر بنەمای سڕینەوەى کورد بونیاتناوە و خۆیشی بەوە پێناسەى کردووە، چونکە کورد و کوردستان بە بەشێک لە نەتەوەبوونی خۆی دەزانێت. لە سەرەتاوە تاوەکو رۆژگاری ئەمڕۆ ئەو هەوڵەیان هەبووە و هەیە. ئێستا دەیانەوێت ئەو پرۆسەیە، یانی پرۆسەى سڕینەوەى هەبوونی گەلی کورد تەواو بکەن، چونکە کورد ئەمڕۆ گەیشتووەتە ئاستی ئازادی. دەوڵەتی تورک گەیشتووەتە ئەو ئەنجامە، کە ئەگەر ئێستا ئەو پلانەى خۆی جێبەجێ نەکات ئیدی کورد ئازاد دەبن و پێگەى سیاسی و حقوقی و یاسایی بەدەست دەهێنن و بەوەش کۆتایی بە تموحەکان و ئامانجەکانی دەوڵەتی تورکیا دێت. بۆ ئەوەى ئەوە روونەدات دەوڵەتی تورکیا دەستی بە پرۆسە و قۆناغی هێرشکردن و جێبەجێکردنی ئەو پلانە کردووە. رژێمی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپە بۆ ئەوە هاتوونەتە سەر کار و دەسەڵات. رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاکتۆری سیاسیی ئەو رژێم و پلانەیە.
هەندێک کورد و هەندێک رێکخستنی کوردیش هەوڵ دەدەن ئەو راستییە بشارنەوە، یان بە شێوەیەکی جیاواز نیشانی بدەن. لە باشوور ئەو جۆرە هەوڵ و نزیکایەتییە هەیە. لە شوێنەکانی تریشدا هەیە، بەڵام لەبەر ئەوە ئەمڕۆ ناوەندی هێرشەکان باشوورە، بۆیە لە رووی سیاسیەوە ئێستا باشوور گرنگترە. ئەو کەسانەى، کە ئەو کارە دەکەن بوونەتە هاوکار و یارمەتیدەری داگیرکەری و چوونەتە ناو خیانەت و مرۆڤەکان و دەورووبەرەکەى خۆیان فرۆشتووە. لەبەر ئەوەى ئەو هێڵە یارمەتیدەرە بۆ داگیرکەری لە بادینان بە زۆر زاڵکراوە و کۆمەڵگە سەرکوت و بێدەنگ کراوە، دەبێت لە ناوچە سۆرانییەکان و بە تایبەتی لە ناوچەى سلێمانی پێشەنگایەتی بۆ هێڵی کوردی دیموکراتیک و نیشتمانپەروەر بکرێت، چونکە ناوچەى سلێمانی و گەلی سلێمانی لە بزووتنەوەى رزگاریی کورد لە باشووردا واتایەکی زۆر گرنگ و کاریگەرییان هەیە. گەلی سلێمانی لە مێژوودا رۆڵێکی وەهایان گێڕاوە و ئەوان لە باشوور بۆ بونیاتنان و چەسپاندنی هێڵی نیشتمانپەروەری بوونەتە ژێرخان و بەردی بناغە. یانی هێڵی نیشتمانپەروەریی باشوور لە سلێمانیدایە.
گەلی سلێمانی هێڵی نیشتمانپەروەریی بونیاتناوە و لە هەمان کاتدا پێشەنگایەتیشی بۆ کردووە. بۆ ئەوەى هێرشە فاشیستییەکانی دەوڵەتی تورک تێکبشکێنرێن و مەترسی لەسەر هەبوونی کورد کۆتایی پێ بێت، ئێستا پێویستی بە پێشەنگایەتیی گەلی سلێمانی هەیە، چونکە ئەوەی بۆ کوردان پێویستە هەڵوێستی گەلی سلێمانییە. دەبێت هەڵە تێگەیشتن دروست نەبێت، چونکە پێشەنگ بۆ سلێمانی پێویست نییە، بەڵکو پێشەنگایەتیی سلێمانی بۆ وڵات پێویستە. دەبێت لەو جیاوازییە تێبگەین. وڵات پێویستی بە ناسنامە، هەڵوێست و شێوازی سلێمانی و خەڵکی سلێمانی هەیە. ئەگەر سلێمانی لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا ئەو پێشەنگایەتییە بکات ئەوا هەڵوێست و شێوازی سلێمانی یانی هێڵی کوردی نیشتمانپەروەر و ئەوەش لە سەرتاسەری باشووردا دەچەسپێت و بۆ پارچەکانی تری کوردستانیش دەبێتە هەنگاوێک و سەرەتاییەکی زۆر گەورە.
بێگومان ئەوە خۆی لە خۆڕا دروست نابێت و روونادات. ئەوە بابەتێکی سیاسییە و پێویستە رێکخستنە سیاسییکانی کورد بە بەرپرسیاریی خۆیان هەستن و ئەوە جێبەجێ بکەن. دەبێت رێکخستنەکانی کورد بە تایبەتی ئەوانەى ناوچە سۆرانییەکان و سلێمانی هەڵوێستێکی وەها بگرنەبەر و هەنگاوی پێویستی بۆ بنێن، بۆیە پێویستە لە هەڵبژاردندا بەرەیەکی وەها دروست بکرێت. ئەم قۆناغ و سەردەمە پێویستی بە هەڵوێست و بۆچوونێکی سیاسی و ستراتیژیی هەیە. دەبێت هیچ کەس و هیچ رێکخستنێک بە شێوەیەکی ئاسایی لە هەڵبژاردن نزیک نەبێتەوە. دەبێت لە هەڵبژاردندا پشتیوانی لە یەکێتیی نیشتمانی کوردستان (یەنەکە) بکرێت و ئەوەش ببێتە بناغەى دروستکردن و بونیاتنانی بەرەیەکی نیشتمانپەروەری، چونکە یەکێتی بۆ هەبوون و دروستکردنی بەرەیەکی وەها زۆر گرنگە. دەبێت رێکخستنەکانی تری کورد بە بێ ئەوەى خۆیان بخەنە ناو حساباتی حیزبییەوە پشتیوانی لە یەکێتی بکەن. ئەگەر ئەوە روونەدات و رێکخستنە کوردییە دیموکراسیخواز و نیشتمانپەروەرەکان لە هەڵبژاردندا یەکێتییەک و یەکگرتوویەک دروست نەکەن ئەوا هێڵی کوردی یارمەتیدەر و خیانەتەکار لە ناوچە سۆرانییەکان و سلێمانیدا دەبنە خاوەن کاریگەری و ئەوەش بۆ هێڵی کوردی نیشتمانپەروەر و دیموکراتیک شکست و لەدەستدان و تەنانەت دۆڕانێکی زۆر گەورە دەبێت.