کەس نەشڵەژێ تۆپەکانی هەڵبژاردنە دیسان تاقییان دەکەنەوە!

مهدی خالید خەمبار

3 ساڵ لەمەوپێش



مهدی خالید خەمبار

کەسێکی نزیکی خۆم بۆی گێڕامەوە وتی سەری ساڵ بوو ، یەک لەدراوسێکانم داواتی مەشروب خواردنەوەی ماڵی خۆیانی کردم، وتی چووم  و بینیم مێز رازاوەتەوە بەچەندین جۆر لەمەشروب و تەرتیبات، برادەرێکی تریشی وەک من داواتکردبوو، فەرمویان کرد و چووم و دانیشتم و پێکیان لەڤۆدگا بۆ منیش پڕکرد، وتی منیش ئەو مەشروبانەم هیچیان نەخواردبووەو پێشم عەیب بو بڵێم ئەو مەشروبانەم بەکارنەهێناوە . وتی من کەم کەمم دەخواردەوە و ئەوان گڵاس لەسەر گڵاس ئاودیویان دەکرد، وتی وردە وردە سەرخۆش دەبوون، کەوتنە قسەکردنی سەیر، یەکێکیان دەیگوت هەر کەس غەدری لێکردی پێم بڵێ و ئەویتر دەیگوت تۆ وەک برای ئێمەیت و ئێمە راسیست نین، جزدانی دەرکرد وتی چەندت پارە پێویستە دەریبکە، ئەویتر وتی ئیتر تۆ هەموو شەو داواتی منی، زۆر قسەی تر، وتی منیش سوپاسیانم دەکرد و دەمگوت لێتان دڵنیام و هیچم پێویست نیە ، وتی کاکە وا هەڵیاندەکێشام و وا پشتیوانی خۆیان بۆم دەربڕی کە پێشتر هەرگیز جگە لەسڵاوو مەرحەبا شتی تری جگە لەمە لەنێوانم نەبوو، وتی هەر بەقسەکانیان پێدەکەنیم و دەمزانی ئەمە هەر هەتا سبەی بڕ دەکات، وتی دوای یەک دوو رۆژ بۆ یەکێکیانم گێڕایەوەو غەرقی پێکەنین بو ههههههه.

ئەرێ خەڵکینە ئەوەی ئێستا لەکوردستانی باشور هەڵیدەڕێژن وەک قسەی سەرخۆشەکانی سەری ساڵی هاوڕێکەم نین؟؟ دەبێ لەدوای ١٠ی ئەم مانگەوە خۆیان بەخاوەن قسەکانیان بکەن؟؟؟!

ئەرێ هەر بەڕاست ئەو چاوانەی ئەمڕۆ کراونەتەوە و بەدوای پینەکردنی ئەو شەبەقانەوەن کە چەندین ساڵە میللەت هاواری چاکكردنی دەکرد، ئەو ماوەیە دەبێت کوێرو نابینا  بووبن؟؟

ئەو گوێیانەی ئەمڕۆ بۆ داواکاری جەماوەر هەڵخراون لەڕابردوودا مس و قوڕقۆشمیان تیکرابو؟؟

ئەرێ ئەو سۆزو حەنانەی ئەمڕۆ بەرامبەر کەسوکاری شەهیدان و پێشمەرگە و ئەنفالکراوان و  هەندێ ناوچەو بنەماڵە و چین و تووێژ بۆیان بوونەتە کەڕەی سەر ئاگرو تواونەتەوە دەبێت لە چەندان ساڵی رابردودا کە فەرامۆشکرابون دەبێ سینەیان لەویژدان و بەزەیی و میهرو هەست و سۆز خاڵی بووبێت ؟

ئەرێ پێم ناڵێن ئەو دەستانەی ئەمڕۆ لەکاتی سوڵکردنی دەنگدا بۆ چاكکردنەوە و نۆژەنکردنەوە و دەستپێکردنەوەی فڵانە پرۆژە و تەواوکردنی  جادەی جوت سایدو تونێلی فڵان شارو نەخۆشخانە و ئاوو لاێگاوبان و زۆر شتی تر درێژ دەکرێن تا پێش هەڵبژاردن کێ شەتەکی دابون؟؟؟

واز لەوانەش با بهێنین ! ئەرێ هەر بەڕاست ئەم هەمو هاشو هوشەی گەوجاندنە چیە کە لایەنەکان و کاندید و بەرپرسە بچوک و قەڵەوەکان هەم راستەخۆ لە دەمی خۆیان بەوەش تەسکینیان نایات و کەناڵ و رادیۆ و سایت و ماڵپەڕو رۆژنامە و  تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیشیان کردۆتە مەیدانی سەنگەر لێکگرتن ! کام سەنگەر ؟؟

ئەرێ هەر بەڕاست ئەگەر ئێوە ئەوەندە خوێن لە کەلەی یەک دەخۆن .. قوڕمان بەسەر بۆ دوای هەڵبژاردن دەبێت چ شەڕێکی قورسی یەکتر سڕینەوە رووبدات ؟ ئێستا ئەو تەخوینی ئەو دەکات و ئەو خۆی بە براوەی یەکەمی گۆڕەپانەکە دەزانێت و ئەو حیساب بۆ بەرامبەری ناکات و ئەو بەربژێر لەئێستاوە خەریکە چاوی فڵان بخاتە مستیەوەو ئەو وڵات دەکات بە شامی شەریف و ئەوەیتر ئەم هەموو مافە خوراوە بەقادری قودرەت دەگەڕێنێتەوە ، ئەویتر ناسنامەی عێراقی کە لەوەتەی هەیە لە باخەڵی کەرکوکدایە ئەم بە عەسای سیحری دەیکات بەشارێکی کوردستانی !!

تو موقەدەساتتان لەکەیەوە بەرەی تورکمانی بە نوسینێکی گەورە و بەبەرچاوی هەموتانەوە نووسیویانە ( کرکوک مدینە ترکمانیە و ستبقی و الی الازل ترکمانیە ) ، ئەرێ ئێوە وێراوتانە زاتی ئەوەتان کردوە کە لە کۆبوونەوەیەکدا ئێوەش بڵێن کرکوک شارێکی کوردستانیە ؟؟  ئیتر ئەم هاشو هوشەتان لەچیە ؟؟ 

لەکۆتاییدا زۆر راشکاوانە بەحزبە کوردستانیەکانی لەمەڕ وڵاتی خۆمان دەڵێم .. ئێوە بەرپرسی یەکەمن لەسڕینەوەی هەستی نەتەوایەتی و وەڵائی نیشتیمانی و تاراندنی دەیان پۆلە گەنجی جوان و دەیان مرۆڤی نیشتیمانپەروەر و دڵ پڕ لەخۆزگە بەرەو کەنارەکانی ئیجەو سەر شەپۆلەکانی مەرگ ..

ئێوە بەرپرسن لەوەی بەسەر خاک و گەلەکەماندا دێت! تۆ بڵێی رۆڵەکانی میللەت بەم هاشو هوش و دروشمە بریقەدارانە بڕوا بەو دەسەڵاتە بکات کە ٣٠ ساڵە دەیچەوسێنێتەوە؟؟

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار