ڤیسیڤاڵی هەنارو پاییزی هەڵەبجەو چەند سەرنجێک

سەرکۆ یونس

3 ساڵ لەمەوپێش



سەرکۆ یونس

* بۆ ساڵی حەوتەم، تۆڕی ڕێکخراوەکانی هەڵەبجە و پارێزگاو فەرمانگەتایبەتمەندەکانی بواری کشتوکاڵ لەسنورەکە، ڤیستیڤاڵی هەنارو پایزی هەڵەبجە بەڕێوەدەبەن.... بەداخەوە ئەمساڵ بەهۆی ووشکەساڵی و دەرئەنجامەکانی ئەم دیاردەجیهانییە،کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر کەرتی کشتوکاڵ بەگشتی و بەروبومی باخداری کردووە..

سنوری کارگێری پارێزگای هەڵەبجە، بەزەوی بەپیت و سەرچاوەی ئاو و دەستیکاری شارەزای بواری باخداری دەوڵەمەندە، کەنمونەی خاک وئاو وجوتیاری نمونەیی گەواهیدەری ئەم راستیەن. هەرێمی کوردستان بەگشتی و سنوری پارێزگای هەڵەبجە بەتایبەتی، زەوی وکەشوهەوایەکی لەباروگونجاوی هەیە بۆ بەرهەمهێنانی هەنار، بەشێوەیەک کە تام و ڕەنگی تایبەتی هەیە، لەهەناری ناوچەکانی ترو هەناری هاوردەی وڵــاتان جیاوازترە. لەم سنورە (11) جۆر هەنار بەرهەم دەهێنرێت و نزیکەی (30) هەزار تەن بەرهەمی ساڵــانەی پارێزگای هەڵەبجەیە و ڕووبەری هەشت هەزارو پێنج سەد دۆنم باخی هەنار هەیە و بەردەوام لەزیادبووندایە. .

جێگای وەبیرهێنانەوەیە، ساڵی پار، بەهەوڵی کەرتی تایبەت و هاوکاری حکومی توانرا ڕێژەیەک لەهەناری هەڵەبجە هەناردەی وڵاتانی ئەوروپا بکرێت و بازاڕێکی باش و نرخێکی بەرزی تۆمارکرد.. بێ گومان، ئەم چالاکییەکلتوری وئابورییە، کاریگەری پۆزەتیڤی لەسەر بواری کۆمەڵایەتی و ئابوری و ڕۆشنبیری و بازاڕسازی دەبێت، زۆرێک لەبەشداران دەتوانن لەم ڕێگەیەوە بەرهەمەکانیان راستەوخۆ بگەیەنن بەدەستی بەکاربەرو راستەوخۆ داهاتی فرۆشراوەکانیان بەدەستبهێنن، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە ڤیستیڤاڵی ئەم پاییزە، کاتەکەی گونجاو نی یە، چونکە کاریگەرییەکانی وشکەساڵی لەسەر بەرهەمی هەناری سنورەکە هەبووە و پێگەشتنی هەنار دواکەوتووە، هەنار دوای بارانی پاییز، تام و رەنگی جوانتروخۆشتر دەبێت، پێمان وایە ئەگەر ڤیستیڤاڵەکە لەمانگی یازدە ئەنجامبدرایە باشترو گونجاوتر دەبوو.

لەلایەکی ترەوە، شوێنی ڤیستیڤاڵی ئەمساڵی هەنارو پایزی هەڵەبجە، کەلەدەروازەی شارە، لەڕووی ئابوری وبازاڕسازییەوە، باش نی یە و کاریگەری نێگەتیڤی هەیە، چونکە پێمان وایە گەشتیاران و کڕیاران لەساڵانی ڕابردودا هاتوچۆی ناوبازاڕو چێشتخانەو کەبابخانەکانی ناوشاریان دەکرد، هەروەها زۆرێک لەگەشتیاران سەردانی شوێنەگەشتیارییەکانی وەک چاووگ و عەبابەیلێ و تەنانەت هەورامان و خورماڵیان دەکرد.

زۆر گرنگە، حکومەت ولایەنەپەیوەندیدارەکان، هەموو ئەو کونسوڵ و ئەندامانی نوێنەرانی دیبلۆماسی و بازرگانی بانگهێشت بکەن، بەمەبەستی ئاشنابوونی هەموولایەک بەهەناروبەروبوومەکانی تری ناوچەکە. خواستی خەڵک و بەکاربەران بۆ هەناری هەڵەبجە، خواستێکی تایبەتە و ساڵــانە، لەشارەکانی تری کوردستانەوە خەڵکێکی زۆر لەهەڵەبجە هەنار دەکڕن. هەروەها خواستی بازاڕەکانی شارەکانی هەرێم و ناوەڕاست و باشوری عێراق، خواستێکی گەورە و هەمیشە و بەردەوامە، ئەمەش بۆ لایەنی بەبازاڕکردن و ساغکردنەوەی بەرهەمی خۆماڵــــی گرنگە و جێگەی بایەخە. هەربۆیە، پێویستە لایەنەپەیوەندیدارەکان بەگرنگییەوە لەم بەرهەمە بڕوانن و کار بکەن بۆ بوژانەوە ودۆزینەوەی بازاڕ لەدەرەوەی هەرێم. بەئومێدین، ئەم ڤیستیڤاڵــە ئامانجە ئابوری وکۆمەڵایەتی وڕۆشنبیری وکلتورییەکان بەدەست بهێنێت.

*ئابووریناس

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار