نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ: تەنها بەدامەزراندنمان بایكۆت دەشكێنین

حكومەت پێشنیاری كردووە بڕە پارەیەكی مانگانەیان بۆ خەرج بكرێت

3 ساڵ لەمەوپێش



عەمار عەزیز

نزیكەی هەفتەیەكە مامۆستایانی وانەبێژ لەچەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستاندا بایكۆتی دەوامیان كردووەو گردبوونەوە دەكەن و سوورن لەسەر بەردەوامیدان بەبایكۆتی دەوام تا فەرمانی دامەزراندنیان بۆ دەردەچێت.

لەهەرێمی كوردستاندا 21 هەزار مامۆستای وانەبێژ لەخوێندنگاكاندا خزمەت دەكەن و وەزارەتی پەروەردەش بۆ پڕكردنەوەی كەمی میلاكاتی بەكاریاندەهێنێت.

عەلی رەئووف ، نوێنەری گشتی مامۆستایانی هەرێمی كوردستان لە پارێزگای دهۆك لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: " چەندین ساڵە داوا لەحكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین چارەنووسی وانەبێژان یەكلایی بكاتەوە، لەكۆبوونەوەی وەزارەتی دارایی و دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و پەروەردە بڕیاریان داوە كە كێشەی مامۆستایانی وانەبێژ چارەسەر بكەن، بەڵام تائێستا هیچ بڕیارێك دەرنەچووە ، ئێمە تەنها بەدامەزراندن بایكۆت دەشكێنین".

هەروەها عەلی رەئووف باسی لەوەشكرد، لەهەفتەی ئاییندە بڕیارە دوایین كۆبوونەوە لەنێوان هەرسێ نوێنەرانی وانەبێژان لەسەرتاسەری كوردستان ئەنجامبدرێت، ئەگەر لەو كۆبوونەوەیە بڕیاری كۆتایی كەدامەزراندنیانە دەرنەچێت  ئەوا لەبەردەم بینای حكومەتی هەرێم لەهەولێر خێوەت هەڵدەدەن، وتیشی:" لەوێش دەبین تا چارەنووسی وانەبێژان یەكلایی دەكرێتەوە ، داواش لەهەموو پەروەردەكانی هەرێمی كوردستان دەكەین كە هەر پەروەردەیەك خێوەتی تایبەت بەخۆی هەبێت ، هەموو لایەك دڵنیا دەكەینەوە كە ئێمە بەهیچ شێوەیەك دەستبەرداری مافی خۆمان نابین".

هاوكات، كاروخ عەبدوڵا، نوێنەری مامۆستایانی پارێزگای سلێمانی و كەركوك لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی، ئاماژەی بەوەكرد كە " رۆژانە مامۆستایانی وانەبێژ تووشی سوكایەتی و هەڕەشە دەبن، لەچەند رۆژی رابردوو لەیەكێك لەخوێندنگاكانی سلێمانی بەڕێوەبەرێك شەقێكی لەمامۆستایەكی ژن داوە كە هاوكات ئەو مامۆستایە دایكیشە، تەنها لەسەر ئەوەی كە مامۆستاكە وتوویەتی بۆچی جیاوازی لەنێوان مامۆستای وانەبێژ و مامۆستای دامەزراو دەكەی ، لەسەر ئەم كەیسە قسە لەگەڵ بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی و وەزیری پەروەردە دەكەم ئەگەر هیچ هەڵوێستیان نەبێت كەیسەكەی دەدەم بەدەزگا راگەیاندنەكان ".

كاروخ عەبدوڵڵا پێشیوابوو كە بایكۆتكردنی هۆڵەكانی خوێندن ، سەرپەرشتیاران و بەڕێوەبەرانی خوێندنگاكان" هەڕەشە لەمامۆستایانی وانەبێژ دەكەن"، بەڵام خۆشبەختانە هەڕەشەكانیان هیچ كاریگەری لەسەر مامۆستایانی وانەبێژ نەكردووە.

نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژی سلێمانی و كەركوك دەشڵێت كە لەكۆبوونەوەی هەرسێ لایەنی حكومەت پێشنیاركراوە بۆ هەر وانەبێژێكی بڕوانامەی دبلوم مانگانە 300 بۆ 350 هەزار خەرج بكرێت ، بۆ بەكالۆریۆس 400 بۆ 450 دینار خەرجبكرێت، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕیارێكی فەرمی بۆ دەرنەچووە.

دژوار شەماڵ، ناوی وانەبێژێكە لەسنوری پارێزگای دهۆك لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: " بەرپرسانی پەروەردە لەسنوری پارێزگای دهۆك هەڕەشەی فەسڵكردن لەدەوام لەئێمە دەكەن ، بۆیە ئێمە ناتوانین بایكۆتی دەوام بكەین یان بەشداربین لەخۆپیشاندان، بەدواداچوونی ورد لەسەر مامۆستایانی وانەبێژ دەكەن ئەگەر نیازی خوپێشاندانیان هەبێت یان بایكۆتی دەوام بكەن رێگا نادەن كەمافی خۆمانە دامانبمەزرێنن".

"داواكاری خۆمان ئاراستەی نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ كردووە ، ئەوان لەگەڵ بەرپرسانی پەروەردە كۆدەبنەوە ، هیوادارین ئەمە دواینجار بێت و حكومەتی هەرێم  چارەسەرێكی ریشەیی و لەبەرژەوەندی وانەبێژان بڕیار بدات تا ئێمەش لەم سەرئێشەیە رزگاربین"، دژوار شەماڵ وای وت.

مەهدی خەلیل ، بەڕێوەبەری پەروەردەی بەردەڕەش بە( هاوڵاتی )ی وت " ئێمە هەزار و 650 مامۆستای وانەبێژمان هەیە، پەروەردەی ئاكرێش زیاتر لە 2 هەزار وانەبێژی هەیە ، پشكی شێری وانەبێژان سنوری پارێزگای دهۆك دكەونە سنوری پەروەردەی بەردەڕەش و ئاكرێ ، لەچەند رۆژی رابوردوو كۆمەڵێك مامۆستای وانەبێژ بایكۆتی دەوامیان كردبوو ، ئێمە هەڕەشەو فشارمان لەهیچ وانەبێژێك نەكردوە، تەنها لەڕێگای ئەنجومەنی باوكان و موختارەكان وتوومانە حەزدەكەین ئەو مامۆستایانە بگەڕێنەوە سەر دەوامی خۆیان ، ئەگەر هەر نەگەڕێنەوە ئێمە ئەوكات ناچاردەبین وانەبێژێكی تر بێنین، ناكرێت خوێندكاران بەبێ مامۆستابن ".

مەهدی خەلیل وتیشی: " هەموو پەروەردەكانی سنوری پارێزگای دهۆك سێ بژاردەیان داوەتە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگای دهۆك كەئەوانیش ، یەكەم ئەگەر لەتوانای حكومەتدا بێت وانەبێژان بكرێن بەهەمیشەیی، دووەم كرێی وانەبێژیان زیاد بكرێت ، سێیەم مانگانە بڕە پارەیەكیان بۆ دابین بكرێت بەشێوەی مەقتوعە، ئەو سێ بژاردەیە ئاراستەی وەزیری پەروەردە كراون، وەزیری پەروەردەش لەگەڵ وەزیری دارایی و ئەنجومەنی وەزیران تاووتوێی ئەو بژاردانە دەكەن ".

"تائێستا هیچ بڕیارێكی فەرمی بۆ وانەبێژان دەرنەچووە ، بەڵام هەموو دەزگا پەیوەندیدارەكان لەسەر خەتن تا ئەم كێشەیە چارەسەربكرێت ، ئێمە لەپێش هەموو كەسێك حەزدەكەین كێشەی وانەبێژان چارەسەربكرێت چونكە لەبەرژەوەندی هەموو لایەكدایە".

رۆژی 17ی تشرینی یەكەم  وەزارەتی  دارایی و ئابوری راگەیەندراوێكیان لەسەر چارەسەركردنی مامۆستایانی وانەبێژ  بڵاوكردەوە، تێدا هاتووە بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەی مامۆستایانی وانەبێژ لەگەڵ هەریەك لەوەزیری پەروەردە و سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران كۆبووە، هەرسێ‌ لەسەر ئەوە رێككەوتن ، كێشەی مامۆستایانی وانەبێژ چارەسەری كۆتایی بۆ بدۆزنەوە، سووربوون لەسەر ئەوەی كێشەكە بەمیكانیزمێكی نوێ چارەسەربكرێت "

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار