پێکهێنانی کابینەی تازەو گرفتی کوتلەی گەورە

هیوا سەید سەلیم

3 ساڵ لەمەوپێش



 

 

هیوا سەید سەلیم

رۆژی ١٠ ی ئابی ٢٠٢١، عێراقی دوای پڕۆسەی ئازادی، خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەمیکانیزم و یاسایی تازە ئەنجامدا، کە بەهەڵبژاردنی پێشوەختە ناسراوبوو. ئەگەرچی ئەو هەڵبژاردنەش وەک باقی هەڵبژاردنەکانی دیکە بێ گرفت نەبوو، بەتایبەت لەوەی زۆرێک لە لیست و کاندیدەکان  باس لەجۆرێک لەدەستکاری و دزی دەنگ دەکەن.

 بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەوەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن رایگەیاند،  بریتیە لەئەوەی کە لەوهەڵبژاردنەدا رەوتی سەدر بەبردنەوەی ٧٣ کورسی، لەپێشی پێشەوەی سەرجەم لیستەکانی دیکەدایە، ئەو رەوتە بە بەروارد بەلیستەکانی دیکە. ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ کورسییەکانی زیادی کردووە،  واتا لە ٥٤ کورسی خولی پێشوتر ئێستا کورسیەکانی گەیشتۆتە ٧٣ کورسی لەکۆی  ٣٢٩ کورسی پەرلەمانی عێراق کە ٩ کورسیان  بۆ کۆتاکان تەرخانکراون.

دوای لیستی سەدر، هاوپەیمانی تەقەدم کە لەلایەن موحەمەد حەلبوسی سەرۆکی پێشوتری پەرلەمان دێت، کە بەبردنەوەی ٣٨ کورسی لە ریزبەندی دووەمدایە، سێیەمین لیست لەئاستی عێراق دەوڵەتی قانونی نوری مالکیە، کە ئەو لیستەش بە یەکێک لەو لیستانە دادەنرێت کەدەنگی لە ٢٥ کورسی بۆ ٣٧ کورسی زیادی کردووە.

لەسەر ئاستی هێزە کوردستانیەکانیش، پارتی دیموکراتی کوردستان سەرکەوتووی یەکەمە،  بە بەدەستهێنانی ٣٢ کورسی، دوای ئەو لیستی هاوپەیمانی کوردستانی دێت کە لەنێو ئەو هاوپەیمانیە کاندیدەکانی یەکیتی نیشتمانی کوردستان ١٧ کورسیان بردۆتەوە، ئینجا نەوەی نوێ کە موفاجەئەی نێو لیستە کوردستانییەکان بووە، چونکە بەشێوەیەکی بەرچاو کورسی زیادی کردووە، کە ٩ کورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە، پاشان  یەکگرتووی ئیسلامی دێت کە ٤ کورسی بردۆتەوە، کۆمەڵی دادگەریش دوای لەدەستدانی کورسیەک بەخاوەنی تاکە کورسییەک ماوەتەوە.

دوای ئەوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکان ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی راگەیاند، ئیتر کات کاتی گرتنەبەری  رێوشوێنە یاساییەکانە، بۆ ئەنجامدانی دانیشتنی یەکەمی ئەو خولەی پەرلەمان،  کە بەپێی ماددەی ٥٤ لەدەستوری عێراقی سەرۆک کۆمار بەپێی مەرسومێکی کۆماری داوای دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان دەکات.

شایانی باسە عورفی دەستوری لەعێراق پێمان دەڵێت،  کەپەرلەمان دەبێت لەماوەی ١٥ رۆژدا سەرۆکێک و دوو جێگر بۆ خۆی هەڵبژێرێت،  تا ئەنجامدانی ئەو پڕۆسەیە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان لەلایەن بەتەمەنترین کەس ئیدارە دەدرێت.

دوابەدوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان،  ئیدی جارێکی دیکە گرفتی کوتلەی گەورە بۆ راسپاردنی پێکهێنانی کابینەی وەزاری دێتە پێشەوە،  ئەو گرفتەی کە تائێستا دەستوریش نەیتوانیوە چارەسەری ریشەیی بۆ دیاری بکات، ئەگەرچی  لەماددەی ٧٦ی دەستوری عێراق هاتووە:

«سەرۆک کۆمار ئەو کوتلە پەرلەمانیەی زۆرترین ژمارەی هەیە رادەسپێریت بۆ پێکهێننای کابینەی وەزاری، و ١٥ رۆژ لەبەردەم کەسی راسپێردراو دەبێت ئەگەر سەرکەوتوو نەبوو کەسێکی دیکە رادەسپێردرێت».

شایانی باسە لەهەڵبژاردنەکانی (٢٠١٠ و ٢٠١٤) مشتومڕی زۆر لەسەر کوتلەی زۆرینە درووست بووە، ئەوسا دادگای دەستوری عێراق پێی وابوو کوتلەی گەورە بریتیە:

« لەو کوتلەیەی کە دوای هەلبژاردن لەلیستێک یان دووان و سێیان دوای سوێندخواردنی دەستووری پەرلەمانتاران پێکدێت».

لەهەڵبژاردنی ٢٠١٨ لەنێوان بەرەی (بیناو و ئیسڵاح) ناکۆکی و لێکدانەوەی جیا بۆ کوتلەی زۆرینە هەبووە، ئەوە وایکرد کە موقتەدا سەدر، کە لیستی یەکەمی پەرلەمان بوو،  لەمافی پێکهێنانی کابینەی وەزاری بێبەش بکرێت، ئەوسا بە نێوەندگیری ئێرانیەکان ماڵی شیعی کەخۆی لەو دوو هاوپەیمانیە دەبینیەوە لەسەر عادل عەبدولمەهدی رێکەوتن کە بۆ پێکهێنانی کابینە رابسپێردرێت.

لەئێستاشدا بابەتی کوتلەی گەورە دوو تێڕوانینی جیای لەلایەن (سەدر و مالیکی) بۆ دەکرێت، سەدریەکان پێیان وایە بەپێی ماددەی ٤٥ی یاسایی ٩ هەڵبژاردن ئەوان وەک لیستی یەکەم مافی ئەوەیان هەیە کەڕابسپێردرێن بۆ پێکهێنانی کابینەی وەزاری.

هەرچی نوری مالکیە پێیان وایە رای دادگای باڵای ئیتحادی کە لەخولەکانی رابردوو شیکاری بۆ پرسی کوتلەی گەورە کردووە، کە کوتلەی گەورە بریتی دەبێت لەو هاوپەیمانیەی لە یەکەمین دانیشتنی پەرلەمان وەک گەورەترین هاوپەیمانی خۆی رادەگەیەنێت.

لەئێستادا کە لەقۆناغەکانی پێکهێنانی کابینەی تازە نزیک دەبینەوە. پێکهاتەکانی عێراق دیسان رووبەڕوی خاڵێکی ناکۆکی یاسایی و دەستوری دەبنەوە، ئەویش بریتیە لەوەی کێ کوتلەی گەورە دەبێت و پەرلەمان دەبێت کێ بۆ پێکهێنانی کابینەی تازە رابسپێرێت؟

بۆیە  بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە لەنێو پێکهاتەکانی پڕۆسەی سیاسی عێراق باس لەسێ سیناریۆ دەکرێت تاکوتلەی گەورە یەکلابکرێتەوە:

سیناریۆی یەکەم:

ئەوەیە کە پەرلەمان پشت بەماددەی ٤٥ی یاسای هەڵبژاردنی عێراق ببەستێت کەهاتووە:

«رێگری دەکرێت لەگواستنەوەی هەر کوتلەیەکی پەرلەمانی و حزب  و کیانێک بۆ کوتلەیەکی پەرلەمانی یان حزبی دیکە تا دوای دامەزراندنی حکومەتی تازە».

ئەگەر ئەو ماددە یاساییە بکرێتە بنەما بۆ یەکلاکردنەوەی کوتلەی گەورە ئەوا لیستی سەدر کە براوەی ٧٣ کورسی پەرلەمانە تائیستا کوتلەی گەورەیە، بۆیە پێشبینی دەکرێت لەگەڵ دەنگەکانی تەقەدمی حەلبوسی (٣٨) کورسی، هەروەها دەنگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (٣٢) کورسی. هەروەها بە پشتیوانی بەشی زۆری پەرلەمانتارە سەربەخۆکان بتوانێت دەنگی پێویست بۆ وەرگرتنی متمانەی کابینەی تازە بەدەست بێنێت.

سیناریۆی دووەم:

بریتیە لەو سیناریۆیەی کە لەئێستادا نوری مالکی کاری بۆ دەکات، زۆرینەی ناو ماڵی شیعەش پشتیوانی لیدەکەن بەتایبەت ( هادی عامری، حەکیم ، عەبادی، فالح فەیاز) و سەرجەم گروپەکانی ناو حەشدی شەعبی، بۆ ئەم سیناریۆیە ئێرانیش پشتیوانیانە.

مالکی پێداگری لە ئەو عورفە دەکات کە پێشتر دادگای ئیتحادی بۆ ماددەی ٧٦ی دەستوری کردووە، پرسی کوتلەی گەورەی پێ یەکلاکراوەتەوە کە دادگای دەستوری لەوبارەیەوە دەڵێت:

«کوتلەی گەورە بریتیە لەو کوتلەیەی کە لەیەکەمین دانیشتنی پەرلەمان وەک کوتلەی زۆرینە خۆی رادەگەیەنێت»

سیناریۆی سێیەم:

بریتیە لەسازانێکی ناو ماڵی شیعە لەنێوانی خۆیان، بەهۆی ناکۆکییەکانی ناوخۆیان و لاوزبوونی ئەو جارەی بەشی هەرە زۆری لیستە شیعیەکان لەبەرامبەر لیستی سەدر ئەمەیان ئەگەرێکی لاواز دەبێت بەراورد بە دوو سیناریۆی یەکەم.

شایانی باسە لە جێبەجێکردنی هەر سیناریۆیەک لەو دوو سیناریۆی یەکەم و دووەم ئاستەنگ و ئاڵنگاری گەورە هەیە و بەئاسانی ئەو پرسە بەلایەک داناشکێت.

گرفتی گەورەی بەردەم رەوتی سەدر جگە لەو بەرەیەی لەدژی دامەزراوە کە خۆی لە رێکەوتنی لایەنە شیعەکان دەبینێتەوە، میلیشیاکانی سەر بەحەشد و قسەی دوایی مەرجەعی باڵای شیعە (عەلی سیستانی)ش هەیە، بۆیە لە ئێستادا جێبەجیکردنی سیناریۆی یەکەم بێ گرفت نابێت.

سەبارەت بەسیناریۆی دووەم ئەگەر وای دابنێین نوری مالکی دەتوانێت بەکەڵک وەرگرتن لەو عورفە دەستوریەی پێشتر بابەتی کوتلەی گەورەی پێ یەکلاکراوەتەوە بۆ ئەو کارە رادەسپێردرێت، ئایا لیستی سەدرو هاوپەیمانەکانی لێدەگەڕێن هیچ یاسایەک بەدەنگدان لەسەر کابینە تازەکەش لەپەرلەمان تێپەڕێت، ئەوان لەخوولی رابردوو ٥٤ کورسیان هەبوو چەند جارێک دانیشتنی پەرلەمانیان پەکخست، ئەی ئێستا بە ٧٣ کورسی چۆن دەکرێت ئاوت بکرێن؟

کورد دەبێت چی بکات، ئایا ئەم جارەش لیستە کوردستانیەکان بەسەر ململانێی باڵە شیعیەکان دابەش دەبن؟

وەک دەزانرێت، بەتێکڕای لیستە کوردستانییەکان دەنگی کورد لەم خولەی پەرلەمان دەگاتە ٦٤ کورسی، هەروەها بە بەراورد بەخولی رابردوو کورد ١٠ کورسی زیادی کردووە، بەڵام ئەگەر لیستە کوردستانییەکان بەتایبەت پارتی و یەکێتی،  بەسیاسەتی رابردوو مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکەن  و دەنگی کورد بەسەر ئەجێندایی ئیقلیمی و ململانێی ناوخۆیی شیعی دابەش بکەن، ئەوا لەونەیە لیستێک لەو دوو لیستە دەستکەوتی زیاتری دەستکەوێت، بەڵام لەو حاڵەتەدا  کورد دۆڕاو دەبێت، چونکە دیسان کورد بەلاوازی و پەرش و بڵاوی لەبەغدا دەبێت.

بۆیە تا ئەوکاتەی کە ناکۆکییەکانی شیعە و پرسی کوتلەی گەورە یەکلای دەکرێتەوە،  پێویستە لەسەر لیستە کوردستانیەکان ئەگەر لەو قۆناغەشدا ئاسان نەبێت فراکسیۆنێکی هاوبەش پێکبهێنن، کە لەئێستادا ئاسان نیە، باچاوەڕوان بکەن، بۆ دانوستانیش با مەرجی جێبەجیکردنی مافە دەستورییەکان بەتایبەت (ماددەی ١٤٠، شایستە داراییەکانی هەرێم، پێشمەرگە) بکرێنە پێشمەرجی هەر دانوستانێک لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بۆ پێکهنانی کابینەی تازە.

پێویستە لەسەر لیستە کوردستانیەکان ئەگەر لەو قۆناغەشدا ئاسان نەبێت فراکسیۆنێکی هاوبەش پێکبهێنن، کە لەئێستادا ئاسان نیە، باچاوەڕوان بکەن، بۆ دانوستانیش با مەرجی جێبەجیکردنی مافە دەستورییەکان بەتایبەت (ماددەی ١٤٠، شایستە داراییەکانی هەرێم، پێشمەرگە) بکرێنە پێشمەرجی هەر دانوستانێک لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بۆ پێکهنانی کابینەی تازە

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار