شکسـت رووداوە، هەڵسـانــەوە هـونەرە
سامانی وەستا بەكر
3 ساڵ لەمەوپێش
سامانی وەستا بەكر
یەکەم:
بزوتنەوەی گۆڕان وەک هێمای ئەنتی گەندەڵی و پرۆ چاکسازی ئەناسرا، کەمیشن ئەوانەی هیوایان لەسەر گۆڕان هەڵنەچنیبوو تەنانەت ئەوانەی دژایەتیشیان دەکرد.
کاتێک گۆڕان لەترۆپک و درەوشانەوەیا بوو، خەڵکانێکی زۆری هەلپەرست و پۆستپەرست، دەسەڵاتخواز و پەرژەوەندیخواز، خۆپەرست و خۆسەپێن، بەجۆرێک خۆیانخزانە ناو گۆڕانەوە کەهیچ بوارێکیان بۆ گۆڕانخوازی دڵخوازی چاکسازی و پاکسازی نەهێشتەوە، بەڵکو لەڕێی خۆبردنەپێشەوەو ماستاوکردنەوە بوون بەکەسی خاوەن بڕیارو دەسەڵاتداری گردەکە و لەوێشەوە بۆ ئەندام پەرلەمان و وەزیرو پلە باڵاکانی تر.
لەڕاستیدا ئەو خەڵکانە بەدوای بەرژەوەندی تایبەتی خۆیانەوەن و هەڵگری هیچ ئایدۆلۆژیا و باوەڕێک نین، ئەوان بەپلەبەندی پۆل پۆل گۆڕانیان گووشی و پاشان بەردێکیان فڕێدایە ناو کانیەکەی.
دووەم:
هۆکاری شکستی بزوتنەوەی گۆڕان زۆرن، بەڵام دووان لەوانە زۆر زەقن، یەکێکیان ئەوەبوو کەخەڵکی ناڕازی لەسیاسەت و بەڕێوەبردنی پارتی و یەکێتی لەدەوری گۆڕان کۆبوونەوە، بەڵام گۆڕان چووە ناو حکومەتەکەی پارتی و هاوپەیمانیشی لەگەڵ یەکێتیدا واژۆکرد، ئیتر دەنگدەری گۆڕان بزوتنەوەیەیان وەک شاگردی سیاسەتی ئەو دوو حزبە دەبینی، لەبری ئەوەی چاوەڕێی دەستی شاگردبن، گەڕان بۆ خودی وەستاکە.
هۆکاری دووەم دەنگە ناڕازییەکانی ناو خودی گۆڕان بوون، ئەمانیش دوو بەش بوون.
١. ئەوانە بوون کە بۆ ئیمتیازو دەستکەوت هاتبوونە ناو بزوتنەوەکە کە ئەمانیش دوو بەشن، بەشێک لەم گرووپە ئەوەی ویستیان دەستیان کەوت، لەسفرەوە بوون بەژمارەیەکی دیارو مامەڵەیان بەخۆیانەوە کردو خۆیانفرۆشت و کڕران. بەشی دووەمی ئەم گرووپە لەقەلان لەکۆترانیش بوون واتە نە لەناو گۆڕندا هیچیان دەستکەوت نە بەهۆی گۆڕانیشەوە هیچیان دەستکەوت.
٢. دەنگە مشورخۆرە ناڕازییەکانی ناو گۆڕان، ئەو دڵسۆزانە بوون کە دەیانزانی گۆڕان رێیەکی هەڵەی هەڵبژاردووە، ئەمانە نەیاندەتوانی لەڕێبازی نەوشیروان مستەفا لابدەن، بۆیە گۆڕانیان جێهێشت، مەخابن ئەو خەڵکە دڵسۆزەش بوون بەچەند بەرەیەکی جیاوازەوەو هەماهەنگی یەکیان نەکرد.
بەڵام ئەوەی گۆڕانی زیاتر بێهێزو لاوزکرد خەڵکە دڵسۆزەکەی بوون، کە زیاترو توندتر لەڕکەبەرانی گۆڕان هێرشیان دەکردە سەر بزوتنەوەکە، بەڵکو بتوانن بەئاگای بهێننەوە، بەجۆرێک کە رکابەرانی گۆڕان بێدەنگ بوو بوون، ئەوان لەبری ئەمانیش بزوتنەوەکەیان دەکووتی. کرم لەدارنەبێ هەرگیز ناوەکەی بۆ کۆڵ ناکرێ.
سێیەم:
شکست بێکەسە، بەپێچەوانەشەوە هەمووان خاوەنداری سەرکەوتنن.
ئێستا لای زۆرینە گۆڕان گڵۆڵەی سەرەولێژە، باس لەهەڵوەشانەوەو پووکانەوەی زیاتری دەکرێ، لەڕاستیدا ئەگەر خەڵکێک بیت بەڕق و تۆڵەوە بیر بکەیتەوە ئەوا ئەو بۆچوونە راستە، بەڵام ئەم گلانەی ئێستای گۆڕان دیوێکی تری شاراوەشی هەیە کە تەنها دەنگدەرەکانی گۆڕان کۆدەکەی دەزانن.
گۆڕان حزبێکی ستالینی تەقلیدی نیە تا کار بۆ سەرخستنی ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراو بکات، بەڵکو گۆڕان بزوتنەوەیەکی جەماوەری خۆڕسکە، هێز لەشەقام و زۆرینەی بەرهەڵستکاری خراپەکاری و گەندەڵی و نادادییەوە وەرەگرێ، هەرکاتێ بگەڕێتەوە سەر رێچکەی خۆی دەتوانێ متمانەی جەماوەرەکەی بەدەستبهێنێتەوە، بەڵام پێویستی بەکاتە.
گۆڕان لەهیچ حزبێکی کوردستان ناچێ نە ئەوانەی چەندین سەدەیە بوونیان هەیە، نە ئەوانەی لەم دواییانەشدا دروستبوون، چونکە ئەم بزوتنەوەیە لەبری سوپایەک لەئەندام و لایەنگری مووچەخۆر، هەزاران دەنگدەری هۆشیاری هەیە کەبزوتنەوەکە خودی خۆی هۆشیارو بیرفراوانی کردوون کەچاو لەنادادی و گەندەڵی نەپۆشن، هەڵبەتە ئەو جەماوەرەی گۆڕان دروستی کردن خەڵکێکن دەتوانن جێگۆڕکێ بکەن دەنگ بەلایەنێکی دەدەن کە رژدبێ لەسەر بەڵێنەکانی و بەکردار جێبەجێیان بکات، ئەمەش کارێکی زۆر تەندروستەو ئاسۆیەکی گەشە بۆ داهاتوو. گۆڕان داهێنانی لەجۆری حوکمڕانی کوردستاندا کردو بۆ یەکەمجار ئۆپۆزسیۆنی دروستکرد، کاتێ گۆڕان دروست بوو ئاوی گەندەڵی بەژێر خەوی خۆشی میلگەتا دەڕۆی.
چوارەم:
گۆڕان کاتێ دروستبوو کە هەرێمی کوردستان لەلایەن دوو حزبەوە بەڕێوەدەبرا، بڕیارو دەرکردنی یاساکان هەمیشە بەکۆی دەنگ دەرئەچوێنرا، هیچ دەنگێکی ناڕازی بوونی نەبوو تا گۆڕان هات و ئەو مۆدێلەی گۆڕی، بەکردار ئۆپۆزسیۆنی کارای هێنایە ناو کایەی سیاسی و بەڕێوەبردنی وڵاتەوە.
گۆڕان شۆڕشێکی هۆشیاری بەرپاکردو خەڵکی فێرکرد بۆ یەکەم جار بڵێن “نەخێر”، مۆدێلێکی پەرلەمانی دروستکرد کەدەرچووانی یاساکان بەکۆی دەنگ نەبێت، گفتوگۆو تێچوون و وشەگۆڕینەوەو بەرهەڵستکاری لەبەرامبەر هەردوو حزبی خۆسەپێنی دەسەڵاتداردا بەرپاکرد، بۆیەکەمجار ئیستی لەدابەشکردن و برابەشی ماڵی میللەت کرد لەنێوان دوو بنەماڵەی دەسەڵاتدارو دارودەستەکانیانەوە.
گۆڕان دەستی کرد بەپەروەردەکردنی گەل، چاویلکەی کردە چاوی خەواڵوویی زۆرینەی خەویارو خەوخۆشەکان، رۆژنامەنوسانی فێرکرد کە بوێرانە رووماڵ بکەن و لەنووسینا خاتری خراپەکاران نەگرن، خەڵکی بەماف و ئەرکەکانی ئاشنا کرد، ژمارەی شاراوەو نادیاری داهاتی گشتی بۆ یەکەمجار خستە سەر شاشەو پەڕەی رۆژنامەکان، وشەی بودجەی کرد بەوشەیەکی ئاسان و سانا کەخەڵکانی سادەو بگرە نەخوێنەواریش لێی تێبگات نەک تەنها ئابوریناس و دەسەڵاتداران.
پێنجەم:
لەناکاو گۆڕان دەستی لەمانە هەمووی هەڵگرت بەشێوەی ئاشکراو بەرچاو، ئەگەرچی لەکارنامەی گۆڕاندا ئەوانەی لەسەرەوە ناومانهێنان هەمیشە بەشێکی دانەبڕاوی کاری گۆڕان بووە، بەڵام چووە ناو حکومەت و بوو بە بەشێک لەو دەسەڵاتەی کەخودی خۆی لەدایکبووی ژانی ئەو ئازارو نادادی و گەندەڵیە بوو، گۆڕان لەدامێنی لەکەدارو کۆشی دڕاوی یەکێتییەوە هاتەدەرێ کەچی هاوپەیمانی لەگەڵدا بەستن و چووە ژێر چەتری ئەو حزبەوە کە ئەمەیان بۆ گۆڕانخوازان وەک هەڵگرتنەوەی تفی رۆکراوبوو.
بەشداری کردنی حکومەت لەگەڵ پارتیدا بۆ دەنگدەرو بەشێکی زۆری هەڵسوڕاوو سەرکردەکانی گۆڕان خەتی سوربوو، بەڵام هاوپەیمانی گۆڕان لەگەڵ یەکێتی دوابزماری مەرگی بزوتنەوەکەبوو بۆ دەنگدەرەکانی.
پارتی وەزارەتی دارایی بۆ گۆڕان دیاری کرد، بەڵام پارەی وەزارەتەکەی لەوەزارەتی سامانە سروشتیەکان هێشتەوە، راوێژکاری سەرۆکی حکومەتیشی بۆ ئەو وەزارەتە دانا کە زۆر زیاتر لەوەزیرەکەی گۆڕان دەرئەکەوێت و پێش وەزیر زانیارییەکان بڵاودەکاتەوە، کەچی گۆڕان بێدەنگ بوو.
ماڵی یەکێتی پەنجەرەیەکی ساغی پێوەنەماوە، هاوسەرۆکەکان بەئاشکرا باس لەدزی و رفان و قاچاخچێتی یەکتر دەکەن، بەردی بناغەی گۆڕان دەرئەهێنن تا دیواری ماڵە رووخاوەکەیانی پێدروستبکەن. دەنگدەری گۆڕان ئەمانەی دەبینی بۆیە بەکردارو بەدەنگنەدان وەڵامی ئەندازیارەکانی ئەو هەڵانەیان دایەوە.
شەشەم:
دەنگدەری گۆڕان تووشی شۆک بوو، نەیدەتوانی گۆڕان بناسێتەوە، لە دوو هەڵبژاردندا و لە دوو کاتی جیاوازدا گۆڕانی ئاگادارکردەوە و دوو کارتی زەردی بەڕووا بەرزکردەوە، مەخابن بەرپرسانی گۆڕان باش لەوە حاڵی نەبوون و لەسەر هەڵەو لووت بەرزی و بێمنەتی بەردەوام بوون تا لەدوایین هەڵبژاردنی ١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١دا دەنگدەری گۆڕان بەناچاری کارتی سوری بەڕووا بەرزکردەوەو کردیە دەرەوەی یارییەکە.
هەڵبەتە کارتە سورەکەی دەنگدەری گۆڕان خەڵات و متمانەو دووپاتکردنەوەی وەفاو رژدبوونە بۆ رێبازەکەی نەوشیروان مستەفا، فرسەتێکیشە بۆ گۆڕان کە سەرلەنوێ خۆی کۆبکاتەوەو بەنەفەسی ساڵی ٢٠٠٩وە بێتەوە ناو گۆڕەپان و هەوڵی بەدەستهێنانی متمانە بات، بەهیچ جۆرێک لە دەسەڵات نزیک نەبێتەوە تا خودی خۆی دەبێ بەزۆرینە و پێکهێنەری حکومەت نەک بەشداریپێکراوی دەسەڵات، دەبێ لەکاری کردەیا هەمیشە گۆڕان لەسەر کارنامەو رێبازەکەی خۆی رژدبێ و دەستی لێبەرنەدا.
حەوتەم:
گۆڕان خۆشبەختە لەوەی کە ئەو بزوتنەوەیە جەماوەرێکی هەیە لەدەنگدەری هیچ حزبێکی تر ناچن. هاوکارو رێنیشاندەرن بۆ سەرکەوتن و جەربەزەو و خاوەن بڕیاریشن لەکاتی لادان و سەرپێچیکردن.
شکستەکەی گۆڕان هەستێکی چەند سەرە، هەم پەژارەو گەشبینیە هەم شەرم و شکۆیە.
پەژارەو شەرمە چونکە ئەوەی کاک نەوشیروان دروستی کرد زۆر بەهەرزان فرۆشراو زۆریش بەئاسانیش رووخێنرا.
گەشبینی و شکۆشە چونکە دەنگدەرانی گۆڕان خەڵکانێکی حزبی و ئایدۆلوژی پەرست دەرنەچوون، بەڵکو هەڵگرو دەروێشی رێبازێکی نوێی سیاسی بوون کە دووربێ لەخۆپەرستی، خۆسەپێنی، گەندەڵی، عەشق و شەیدابوونی کورسی.
هەشتەم:
هەر عورف و عادەتی سیاسی وایە، هەر حزبێک تووشی شکستبێت بەتایبەتی ئەو شکستە کەمەرشکێنەی گۆڕان، راستەوخۆ سەرۆک و سەرکرادیەتی دەستلەکاردەکێشنەوە. خانەی راپەڕاندن، جڤاتی نیشتمانی، جڤاتی گشتی و کۆی ژوورەکان شکۆی بزوتنەوەی گۆڕان بپارێزن و بەرپرسیاریەتی هەڵگرن و دەستلەکاربکێشنەوە، نەک تەنها داوای لێبوردن بکەن.
دەست لەکارکێشانەوەی رێکخەرو خانەی راپەڕاندن نیوەی رێگایە بەرەو هەڵسانەوە، ئەوان بەکردار بەو کارە هەستان، ئەوەش رێچکەشکێن و ئازایانە بوو. ئێستا کاتی ئەوەیە بزوتنەوەکە بڕیار لەسەر مانەوە یان نەمانەوەی لەحکومەتی هەرێم و حکومەتە خۆجێیەکان و کێشەی موڵکداری گردەکەو کۆمپانیای وشەش بدات، هاوتەریب دڵسۆزانی گۆڕان و هەموو هەڵسوڕاوو گۆڕانخوازە زویرەکان بەکردار هەنگاوبنێنن بۆ ژیانەوەی ئەو بزوتنەوەیە.
کات هاوکارنییە ئەگەر خەمخۆرە زویرەکانی ئەو بزوتنەوەیە ئێستا هەنگاونەنێن بۆ بووژانەوەو ژیانەوەی بزوتنەوەکە، ئەوا دوورنیە بزوتنەوەکە بەهەمان کەرەستەی پێشووی بەردەست، دەست بە بیناکردنەوە بکاتەوە، بەڵام نە کەرستەی پێویست بەردەستەو نە وەستای کارامەی جۆراجۆر بۆ دروستکردنەوەو بنیاتنانەوە، چونکە سەلمێنرا گۆڕان پێویستی بە هەموو ئەو بیروڕا جیاوازانە هەبوو بۆ پایەکانی هەیکەلەی بزوتنەوەکە.
بەرنامەو پەیڕەوی گۆڕان تا ئێستاش باشترینە، ئەگەرچی زۆریش کۆپی کراوەتەوە، بەڵام پێویستی بەخەڵکیکە توانای هەڵگرتنی ئەوبارە قورسەی هەبێت وەک کاک نەوشیروان.
نۆیەم:
پەیامی ئەم هەڵبژاردنە ئەوەیە کە زۆرینەی خەڵکی کوردستان ناڕازییەو بەرەی بایکۆت یەکەمە، کەڕێژەکەی ٪٥٥ زیاتر بووە، واتە دەنگی بەرەی بایکۆت بەتەنها لەهەموو حزبەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن گەورەترەو تەنها پێویستی بەسەرکردایەتیەکی هۆشیار هەیە بتوانێ خواستەکانیان جێبەجێ بکات و بیانهێنێتەوە سەر سندوقی دەنگدان.
دەیەم:
شکستەکەی گۆڕان تەنها هەڵەی سەرکردایەتیەکەی نیە، بەڵکو هەڵەی کۆی سیستمی سیاسی هەرێمە کە هەمیشە گەورە بچوک دەخوات و هێز زاڵترە لەمەنتق.
پەیکەری رێکخراوەیی هەرێمی کوردستان و عێراق تێکشکاوو بێ فەڕە، لەبەرژەوەندی زلهێزو خاوەن دەسەڵاتدا دەڕوات بەڕێوە، بۆیە کاتێک حزبێک ئەتوانێ باس لەسەرکەوتن بکات کە کۆی سیستمی سیاسی ئەو وڵاتە بخاتە ژێر پرسیارەوەو لەئەلفەوە بۆ یای بگۆڕێ.
بەڵگەش ئەوەیە کە زۆرینەی خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستانیش بەبایکۆت و دەنگ سوتان وەڵامی کۆی حزبەکان و سیستمی سیاسی وڵاتیان داوەتەوە.
کاتێک زۆرینە دەگەڕێنەوە سەر سندوقەکانی هەڵبژاردن کەهێزێک هەبێ لەهیچ یەکێک لەم حزبانەی ئێستا نەچێ، سەرلەبەری مۆدێلی سیاسی و دەوڵەتداری بێلایەنانە داڕێژێتەوە، هاووڵاتی سەنتەربێ، ئاین و حزب لە دەوڵەت جیاکرێنەوە، بنەماڵە و خێزانەکان لەخاوەندارێتی حزب دوورکەونەوە، دەسەڵات بۆ گەل بگەڕێنرێتەوە، زیندانی سیاسی نەمێنێ و رەتبکرێتەوە.