نێچیرڤان بارزانى: ئێمە بە هەڵبژاردن دەسەڵاتمان لە میللەت وەرگرتووە

3 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق و پۆستی پارێزگاری کەرکووک وتی، تاوەکو ئێستا قسەیان لەسەر ئەو بابەتە نەکردووە و وتیشی "بۆ ئێمە گرنگە کورد بە یەکدەنگی بچێتە بەغدا."

دوای کۆتاییهاتنی رۆژی یەکەمی دیداری مێری، نێچیرڤان بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانیدا رایگەیاند "لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی ئەوەین کە هەموولایەنە سیاسییەکان بانگهێشت بکەین، ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ئەوەیە کە دەمانەوێت کورد یەکدەنگ بێت لە بەغدا."

سەبارەت بە پۆستی سەرۆککۆماری عێراق و پۆستی پارێزگاری کەرکووک، نێچیرڤان بارزانی وتی "ئەو گرژییەی هەیە سۆشیال میدیا دروستیکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئێمە دانەنیشتووین گفتوگۆی لەسەر بکەین و چ پۆستێک بۆ کێ بێت و بە چ شێوەیەک دەبێت. ئەوەی دەمانەوێت ئەوەیە کە کورد سەرکەوتوو بێت، گرنگ پۆست نییە گرنگ یەکدەنگییە بۆ بەغدا."

سەبارەت بە ژمارەی کورسی سوننەکان لە عێراق سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا" شێوەی هەڵبژاردن بەمشێوەیە بووە، زیاتر ئەو حیزبانەی کە تەنزیمیان هەبووە و بە رێکوپێکی خەڵکی خۆیان بردووەتە سەر سندووقی دەنگدان ئەوانە براوەن، خۆشحاڵین کە هێزەکانی دیکە و سوننەکانیش بەشێوەیەکی باش لە پرۆسەی سیاسیی عێراق بەشدارییان کرد."

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەولەویەتی هەرێمی کوردستان بەرامبەر بە بەغدا وتی "ئەولەویەتی ئێمە ئەوەیە کە دابنیشین لەگەڵ بەغدا، بێگومان جێبەجێکردنی دەستوور سەبارەت بە ئێمە گرنگە و وەکو هەرێمی کوردستان هەم ئەرکمان هەیە و هەم ماف و دەبێت لەم چوار ساڵەدا کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکەین."

لە وەڵامی پرسیارێکی دیکە لەبارەی نیگەرانی بەشێک لە لایەنەکان لەبارەی هەڵبژاردن، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "لە ئەنجامدا دەبێت کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن بەجیدی کار لەسەر ئەوەبکات نیگەرانی لایەنەکان بڕەوێنێتەوە، ئەوە بۆچوونی ئێمەیە و لەنێو خۆیاندا ئەوانە دەگەنە رێککەوتن و لەڕووی یاساییەوە دەتوانن داوای مافەکانی خۆیان بکەن."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار