وەرزی هەڵکشان و گەشەسەندنی خەبات و تێکۆشانی بەرهەڵستکارانی ئێران!
چاوخشانێک بەسەر هەڵوەشانەوەی سەردانەکەی ئیبراهیم رەئیسی بۆ کۆنفرانسی کەشوهەوای سکۆتلەندا
عەبدولرەحمان گەوركی
3 ساڵ لەمەوپێش
عەبدولرەحمان گەوركی
هاوکات لەگەڵ پێشکەوتنەکانی موقاومەتی ئێران لەدادگاییکردنی تاوانکار (حەمید نوری) لەوڵاتی سوید، کهئێستا بەهۆی دەوری کارای موجاهیدینی خەلق خێراییەکی بەرچاوی بەخۆیەوە گرتووەو بووەتە هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر رژێمی ئێران و کرێگرتە ناسراوو نەناسراوەکانی ئەم رژێمە و هەروەها هاوکات لەگەڵ هەوڵدانی ئەم رژێمە بۆ لەباربردنی ئەم پێشکەوتن و گەشەسەندنانەی هێزە بەرهەڵستکاری ئێران، بە رێگەی ناردنە دەرەوەی (ئیبراهیم رەئیسی) بۆ کۆنفڕانسی گۆڕانی کەشوهەوا لە شاری (گڵاسکۆ) لە سکۆتلەندا، ئەبینین رژێمی ئێران لە ستراتیژیدا تووشی شکستێکی گەورە بووەتەوە و بە هەڵوەشاندنەوەی سەفەر و ئامادەبوونی ئیبراهیم رەئیسی لەم کۆنفڕانسەدا، پرسی رووخاندنی رژێمی ئێرانی بەچەند قات کردووە بە رۆژەڤی کۆڕو کۆمەڵانی جیهان.
کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوا
سکۆتلەندا لە 31ی ئۆکتۆبەر بۆ 12ی نوڤەمبەری 2021 میواندارێتی کۆنفرانسێکی گۆڕانی کەشوهەوا دەکات بە ئامادەبوونی سەرۆک دەوڵەتان و کەسایەتییە سیاسی و ئەکادیمییەکان، بۆ تاووتوێکردنی ڕێگاکان لە پێناو پاککردنەوەی کەشوهەوای زەوی لەپیسبوون و گازی کاولکاریی کەشوهەوا.
عەلی خامنەئی لەبەرانبەر قەیرانی رووخاندنی رژێمەکەیداو بە مەبەستی پەراوێزخستنی و پەردەپۆشکردنی پرۆسەی بەپەلەی دادگاییکردنی حەمید نوری و بەتایبەتی، بزووتنەوەی دادخوازیی خوێنی زیندانیانی کۆمەڵکوژکراو لەساڵی 1988، بەنیاز بوو ئیبراهیم ڕەئیسی بنێرێت بۆ بەشداریکردن لەم کۆنفڕانسەدا. بەڵام جارێکیتر نوقمی هەڵەکردنەکان بوو لەچاندنی پیلانگێڕیی و ئابڕووچوونی بۆ مایەوە!
وریابوونی موقاومەتی ئێران و هەنگاوێکی بەکات و گرنگ!
ڕژێمی دەسەڵاتداری ئێران کە سەبارەت بە (مرۆڤ) خاوەن ریکۆردی دوژمنایەتیکردنی مافەکانی مرۆڤە، ئێستا سەبارەت بە (ژینگە)یش دۆڕاوی دۆخەکەیە و ڕوخسارێکی قێزەونانەتری لە خۆی دەرخست لە بەردەم کامێراکانی جیهاندا. لەئەنجامدا ئەوەی لەپێش هەموو شتێکدا بەرچاو دەکەوێت، وریایی و ئامادەبوونی موقاومەتی ئێرانە، کە لەهەموو شوێنێک و بە کردار، بەرەنگاری مانەوەی ئەم ڕژێمە ناڕەوا و نامرۆڤیە بووەتەوە و بازنەی گەمارۆییەکی توندتری خستۆتە سەر رژێمی ئێران.
لایەنگران و پشتیوانانی ئەم موقاومەتە لە ڕەهەندی یاساییدا چەندین بەڵگەنامەیان پێشکەشی پۆلیسی سکۆتلەندا کردووە و داوایان کردووە بەدواداچوون بکرێت دەربارەی ئیبراهیم رەئیسی کە بەپێی یاسای دادوەری نێودەوڵەتی لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت.
سترۆن ستیڤنسۆن، نوێنەری پێشووی پەرلەمانی ئەوروپا لەسکۆتلەنداوە و پشتیوانی دێرینی موقاومەتی ئێران کە سکاڵانامەیەکی ناردووە بۆ پۆلیسی سکۆتلەندا بۆ پێ و شوێنگرتن و دادگاییکردنی رەئیسی لەو وڵاتە بە رۆژنامەی سەراسەریی (تایمز)ی وت: «ئێمە داوامان لە پۆلیسی سکۆتلەندا کردووە کار بکات بۆ بەدواداچوونی کەیسەکە بۆ ئەوەی لەسەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و لەسێدارەدانەکانی سەرووی دادوەریی، ئیبراهیم رەئیسی بخاتە ژێر لێکۆڵینەوە». رۆژنامەی تایمز هەروەها نوسیویەتی «پۆلیسی سکۆتلەندا وتی کە ئەو زانیارییانەی وەرگرتووە و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکات».
ستیڤنسۆن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی:»ئێمە لەهەموو وڵاتێکدا بەدواداچوونی بۆ دەکەین بۆ ئەوەی رەئیسی دەستگیر بکرێت و نابێت پارێزبەندی لەسەر هەبێت. لەمانگی خەزەڵوەری ساڵی 2019 کە ئیبراهیم رەئیسی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری بووە، زیاتر لە 1500 ئێرانی کۆمەڵکوژ کراون». ستیڤنسۆن ئەوەشی وت: «هەروەها لە کەنەدا و هۆڵەندایش ڕێوشوێنی هاوشێوە گیراوەتە بەر بەمەبەستی دادگاییکردنی رەئیسی لەدادگاکاندا».
هاوکات بەڕێوەبەری بەرنامەکانی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ لە سکۆتلەندا گوتی: بەڵگەکان ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە ئیبراهیم ڕەئیسی لە ساڵی 1988 ئەندامی دەستەی مەرگ بووە کە زیاتر لە 30 هەزار زیندانیی سیاسی کۆمەڵکوژ کردووە. هەر بۆیە رەئیسی دەبێت بەهۆی تێوەگلانی لەو تاوانەدا لەژێر یاسای نێودەوڵەتیدا لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت.
هاوکات رەوەندی ئێرانی و لایەنگرانی موجاهیدینی خەلق، زنجیرەیەک خۆپیشاندانی پڕ سۆزیان لەچەندین پایتەخت و شاری گەورەی ئەوروپا ئەنجامدا، کە بریتین لەبەرلین، لەندەن، ئەمستردام، پاریس و ستۆکهۆڵم، بە دروشمی «میرغەزەب ڕەئیسی دادگایی بکەن!» کە جێی سەرنجی بەربڵاوی کۆڕو کۆمەڵانی سیاسی و رۆژنامەوانی بووە.
شکست و ئابڕووچوونێکی گەورە بۆ ئیبراهیم رەئیسی!
لەبەرامبەر ئەو ڕێوشوێنە کردەییانەی موقاوەمەتی ئێران بۆ رێگریکردن لەسەردانەکەی ئەم تاوانبارە بۆ وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریکی، وەلی فەقیهی دەسەڵاتداری ئێران لەترسی دەستگیرکردنی سەرۆکە بووکەڵەکەی، واتا ئیبراهیم رەئیسی، ڕایگەیاند کە رەئیسی ئامادەی کۆنفڕانسەکەی گڵاسکۆ نابێت!
شیاوی باسە چەند رۆژێک بەر لەئێستا، کە دانیشتنی ساڵانەی کۆمەڵگای گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەچوو لە نیۆیورک و باشترین دەرفەت رەخسا بۆ عەلی خامنەیی کە ڕەئیسی بنێرێت بە مەبەستی ئامادەبوون لە دانیشتکەکەدا، بەڵام عەلی خامنەئی ناچارکرا بە بیانووی «کۆرۆنا» سەردانەکەی رەئیسی بۆ نیۆیۆرک هەڵوەشێنێتەوە. بەڵام میدیاکانی ڕژێم دانیان بەوەدا نا کە هۆکاری هەڵوەشانەوەی سەردانەکەی رەئیسی بۆ دانیشتنی ساڵانەی کۆمەڵگای گشتی، بەر لە هەموو شتێک، نیگەرانییە لەمەڕ دەستگیرکردن و دادگاییکردنی رەئیسی و دەرەنجام، سەرکەوتنی چالاکییەکانی موقاوەمەتی ئێران!
هەڵوێستی موقاوەمەتی ئێران و موجاهیدینی خەلق و چوار دەیە تێکۆشانی بێوچان لەمەڕ دەرخستنی سیما و پێناسەی راستەقینەی ئەم رژێمەو ئاشکراکردنی تاوانەکانی و ناڕەوابوونی، ئێستا لە جیهاندا دەنگی داوەتەوە و لەهەموو شوێنێکی ئەم جیهانەدا باس دەکرێت. مایک پۆمپیۆ وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکایش بە راشکاوی ڕاگەیاند کە «هەر جۆرە سازشکردنێک لەگەڵ ئیبراهیم ڕەئیسی مانای سازانە لەگەڵ ئەم کۆمەڵکوژە. ئێمە دەبێت بۆ هاوپەیمانەکانمان لە ئەوروپاو ئاسیا ئەوە ڕوون بکەینەوە کە ئەوانیش ناوبراو بخەنە ژێر لێپرسینەوە» (گردبوونەوەی جیهانیی ئێرانی ئازاد، تەمموزی 1400).
هەڵوەشانەوەی سەردانەکەی ئیبراهیم رەئیسی بۆ گلاسگۆ
ڕۆژی دووشەممە 10ی تشرینی یەکەم، سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رژێم لەراگەیەندراوێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کە تاوانبار رەئیسی ناچێت بو گلاسگۆ بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی کەشوهەوا. بەڵام بۆچی؟ خەتیبزادە ئەو ئامادەنەبوونەی بە «تەواونەبوونی ئەندامێتی ڕژێمی ئێران لەپەیماننامەی کەشوهەوا» بەستەوە کە ئەمەش بیانوویەکە و بەس! چون هەر لەم کۆنفرانسە هەواڵییەدا بە دووفاقییەتەوە وتی «شاندی پسپۆڕیی کۆماری ئیسلامی بەشداری ئەم کۆبوونەوەیە دەکات»
وەرزی هەڵمەت و پێشڕەویی موقاوەمەتی ئێران!
ئەوەی راستی بێت، گرنگتر لەئەندامبوون یان ئەندام نەبوون لەم پەیماننامەیەدا، پێویستیی ڕژێمە بەئامادەبوونی ئیبراهیم رەئیسی (تاوانباری گەورەی مێژووی ئێران) لە گۆڕەپانی سیاسیی ڕۆژئاوادا. ڕژێم بە بەردەوامیی دەیهەوێت دەرفەتێکی دەگمەن و گرنگی لەمجۆرە بقۆزێتەوە. چونکە یەکێک لە قەیرانە جیددی و ستراتیژییەکانی ڕژێمی ئێران دوورخستنەوە و گۆشەگیربوونی نێودەوڵەتیی ئەم ڕژێمەیە لە ناو کۆمەڵگای جیهانیدا و لەگەڵ ئەوەیشدا، هەبوونی خێرایی لەپرۆسەی گەشەسەندنی موقاوەمەتی ئێرانە لەئاستی ناوخۆی ئێران و دەرەوەی ئێراندا.
هەموو بەڵگەکان ئێستا شایەتی ئەوە دەدەن کە «وەرزی هەڵمەت و پێشڕەویی موقاوەمەتی ئێران لە دواقۆناغی کۆتایی ئەم ڕژێمە دەستی پێکردووە کە تیایدا، کەیسی دادخوازیی خوێنی شەهیدان فاکتەرێکی هەرە هاندەر بووە. دوای ئەوەی موقاوەمەتی ئێران پرۆژەگەلێکی وەک تیرۆریزم و بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی و دەستتێوەردانی ئەم رژێمە لەکاروباری ناوخۆی وڵاتانی ئاشکرا کردووە، ئێستا لەقاودانی «دۆسێیەی پێشێلکاریی گەورەی رژێم لەمەڕ مافەکانی مرۆڤ لەناوخۆی ئیران»، بووەتە جێی سەرنجی کۆمەڵگای جیهانی و لەهەمانکاتدا بووەتە هۆی خۆشحاڵبوونی خەڵکی ئێران و لایەنە سیاسییە بەرهەڵستکارەکان کە پێویستە هەر هەموویان لەدەوری هێزی سەرەکیی موقاومەتی ئێران کۆببنەوەو پشتگیری ئەم هێزە بن.
کۆتایی
*نووسەر و لێکۆڵەری سیاسی