فیلمی (هاوسێکان) یان سه‌ربورده‌ی مناڵێکی ڕۆژئاوای کوردستان
هیوا ناسیح
3 ساڵ لەمەوپێش
هیوا ناسیح
له‌ناوه‌ڕاستی ئه‌م مانگه‌وه نوێترین فیلمی ده‌رهێنه‌رو سینه‌ماکاری ناسراوی رۆژئاڤای کوردستان مانۆ خه‌لیل به‌ناوی هاوسێکان (Nachbaren) له‌سینه‌ماکانی سویسرا نمایشکرا، هاوکات لەمیانەی پەنجاو شەشەمین فیستیڤاڵی فیلمی کانتۆنی زۆلهتورندا هه‌ر له‌م وڵاته، کە لە ٢٠ تا ٢٧ ئەم مانگە بەردەوام بوو، پێشان دەدرێت. ده‌نگدانه‌وه‌یه‌کی باشی هه‌بوو و بینه‌رێکی زۆری بۆ خۆی کێش کرد. ئه‌م فیلمه که ئه‌مساڵ به‌رهه‌مهاتوه لهسیناریۆو ده‌رهێنانی مانۆ خه‌لیله و ماوه‌که‌ی ١٢٤ خوله‌که. زمانه‌که‌ی کوردی کرمانجی و عه‌ره‌بییه به ژێرنووسی ئه‌ڵمانی و فه‌ڕه‌نسییه‌وه.
دیاره من شاره‌زای بواری ته‌کینکی هونه‌ری سینه‌ماو وێنه‌گرتن نیم، بۆیه ته‌نها قسه له‌سه‌ر لایه‌نی چیرۆکه‌که و سه‌رکه‌وتنی فیلمه‌که ده‌که‌م له‌گه‌یاندنی په‌یامه مرۆڤانه و نیشتمانیی و نه‌ته‌وه‌ییه‌که‌یدا. چیرۆکه‌که وه‌ک مانۆ خه‌لیل خۆی ده‌ڵێت سه‌ربورده‌ی مناڵی خۆیه‌تی، که له‌گوندێکی رۆژئاوای کوردستان و نزیکی سنوری تورکیا له‌ناوچه‌ی قامیشلو ژیاوه. به‌ڵام ناوبراو نه‌هاتووه ده‌قاوده‌ق چیرۆکی ژیانی وه‌ک فیلمێکی دۆکیۆمێنتی بگێڕێته‌وه به‌ڵکو به‌شێوازێکی هونه‌ری و ته‌کنیکێکی جوان ژان و ئازاری مناڵێکی کوردی ئه‌وێ باس ده‌کات. خاڵێکی تری سه‌رکه‌وتنی فیلمه‌که له‌وه‌دایه، که سه‌ره‌ڕای سته‌می سیاسی و تاڵی ژیان و گوزه‌ران و کێشمه‌کێشمی کۆمه‌ڵایه‌تی و و تراژیدیا، هه‌میشه ئه‌م تروسکه‌ی هیواو شادی ون ناکات و ناوبه‌ناو خه‌نده ده‌خاته سه‌ر لێوی بینه‌رانی. له‌م باره‌وه مانۆ خه‌لیل له لێدوانێکیدا ده‌ڵێت: من ده‌مه‌وێت ئه‌وه نیشان بده‌م، که مرۆڤ له‌دۆخه سه‌خت و ئاڵۆزه‌کانیشدا، که خه‌م دایده‌گرێت و سته‌م و زۆرداریی و نادادی ژیانی لێ تاڵ ده‌کات، گاڵته و خۆشی و ساته خهمڕهوێنهکان له‌بیر نه‌کات، که هه‌ن و هه‌میشه‌ش ئه‌گه‌ری ده‌رچه‌یه‌ک بۆ گرفت و چه‌رمه‌سه‌رییه‌کان هه‌یه. هاوکات دۆخی تاڵی ژیانی ژێر داگیرکاری و سته‌م و بهرتیلپێدانی کاری کارگێڕیی و رۆژانه به‌ووردی پیشان ده‌دات.
ناوی فیلمه‌که‌ش له‌وه‌وه هاتوه، که چۆن بیروباوه‌ڕی دیکتاتۆری و شۆفێنیانه، هه‌وڵده‌دات ئاشتی کۆمه‌ڵایه‌تی و پێکه‌وه‌ژیان بشێوێنێ و هه‌وڵده‌دات چۆن سنوری به ته‌له دڕکه‌زی چنراوی نێوان وڵاتان چێ ده‌کات، ئاواش چه‌ندان سنوری نه‌بینراو له نێو هه‌ست و وێژدانی مرۆڤه‌کان و دراوسێکانیان دروست بکات.
سه‌رۆ (سه‌رهه‌د) که ته‌مه‌نی شه‌ش ساڵه له‌گوندێکی سه‌ر سنوری ده‌ستکردی نێو کوردستانی باکور و رۆژئاڤا ده‌ژیت، گونده‌که‌یان که دووره ده‌سته خه‌ڵکێکی هه‌ژار به‌کوله‌مه‌رگی و کشتوکاڵه‌وه بژێوی خۆیان دابین ده‌که‌ن. کات ساڵانی سه‌ره‌تای هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردوه، حافز ئه‌سه‌دی دیکتاتۆری باوکی به‌شار ئه‌سه‌دی ئێستای سه‌رۆی سوریا باڵاده‌سته و به‌ده‌ستێکی ئاسنین حوکم ده‌کات، هاوکات رژێمی تورکیا‌و سوریا به دڕکه‌زی و قوله‌ی پاسه‌وانیی سه‌ربازیی سنوریان به‌نێو گونده‌کانی کوردستاندا کێشاوه، که زۆربه‌یان خزم و که‌سوکاری یه‌کترین، به‌مجۆره چه‌نده‌ها خێزان و که‌سوکار له‌یه‌کتر دابڕاون و ناتوانن سه‌ردانی یه‌کتریش بکه‌ن، چونکه به‌شێکیان له‌وبه‌رن و به‌شێکی تریان که‌وتونه‌ته ئه‌م به‌ری سنوره ده‌ستکرده‌که‌وه! وه‌ک ئه‌وه‌ی هێمنی شاعیری گه‌وره ده‌ڵێت (تۆی له‌من دوور کرد‌و منی له‌تۆ دوور، ئه‌و بستۆکه‌ی دوژمن ناوی نا سنور)!
سه‌رۆی مناڵ ده‌چێته پۆلی یه‌که‌می خوێندن له‌قوتابخانه‌ی گونده‌که‌یان که خانویه‌کی به‌جێهێڵراوی کۆن و په‌رپوته، له‌وێ مامۆستایه‌کی عه‌ره‌بی به‌عسی سوریی شۆڤێنی، به‌تایبه‌ت له دیمه‌شقه‌وه نێردراوه، تامناڵهکانی ئه‌وێ به‌گیانی ره‌گه‌زپه‌رستیی عه‌ره‌بی و دوژمنایه‌تی ئیسرائیل و جوله‌که، هه‌روه‌ها سڕینه‌وه‌ی هه‌رجۆره هه‌ستێکی نه‌ته‌وایه‌تی له‌مێشکی مناڵه‌کاندا په‌روه‌ره‌ده بکات. سه‌رۆی داماو هه‌ر له‌یه‌که‌م رۆژی خوێندنه‌وه په‌رۆشی خوێندنی نامێنێ و لێی بێزار ده‌بێت، کاتێک مامۆستاکه زمانی کوردی‌یان لێ قه‌ده‌غه ده‌کات و ئه‌میش هیچ لەعهرهبی ناگات! مامۆستای ناوبراو به‌مه ناوه‌ستێت و به‌رده‌وام و رۆژانه له‌بری خوێندن و فێرکردن، زیاتر بیروباوه‌ڕی به‌عسی و کینه‌هه‌ڵگرتن له ئیسرائیل و جوو، هه‌روه‌ها گیانی پیاهه‌ڵدان و شانازی‌کردن به حافز ئه‌سه‌دی سه‌رکۆمار، که ئه‌م وه‌ک سه‌رکرده و رابه‌ری بێوینه‌ی سوریا‌و عه‌ره‌ب وێنای ده‌کات، ده‌خاته مێشکی خوێندکاره‌کانه‌وه، ئه‌وی بهگوێشی نه‌کات به‌داره‌که‌ی ده‌ستی ده‌که‌وێته گیانی و لێی ده‌دات. ئه‌م ره‌فیق به‌عسیه له‌بری زانست و په‌روه‌رده، باس باسی زایۆنیزم و فه‌له‌ستین و ئیمپریالیزمه لای، مناڵه‌کانیش هیچیان له‌م باسانه ناگه‌ن به‌ڵام له‌ترسی مامۆستا نا‌وێرن پرسیار بکه‌ن، لەپشتهوهش گاڵته‌ی پێ ده‌که‌ن. کێشه‌که لای سه‌رۆ زیاتره له هاوپۆله‌کانی تاڕاده‌ی سه‌رلێتێکچوون، چونکه ساڵانێکی زۆره ئه‌مان هاوسێیه‌کی جوله‌که‌یان هه‌یه، که‌زۆر تێکه‌ڵی یه‌کن، به‌جۆرێک رۆژانی شه‌مموان، که لای وان رۆژێکی پیرۆزه‌و نابێت ئاگر بکه‌نه‌وه، به‌رده‌وام سه‌رۆ یان ئارامی مامی ده‌چن ئاگری چراو ته‌باخی ئه‌وان بۆ دروستکردنی خواردن هه‌ڵده‌که‌ن، چونکه له‌و رۆژه‌دا وه‌ک نه‌ریتێکی ئاینی جوو تاوانه، خۆیان ئاگر هه‌ڵبکه‌ن. ته‌نانه‌ت په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستیش له نێوان حه‌ننای کچیان و ئارامی مامی سهرۆدا هه‌یه.
ته‌نها شتێک سه‌رۆ دڵی پێ خۆش بکات، ئه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ ئارامی مامیدا میزه‌ڵدان به‌سێ رەنگی ئاڵای رۆژئاوای کوردستان به ئاسماندا به‌ره‌و سنور هه‌ڵده‌ده‌ن بۆ توڕه‌کردنی سه‌ربازانی تورکیا‌و سوریا! هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ هاورێکانیدا گاڵته له‌گه‌ڵ مه‌لا ده‌نگ قرخن و کۆکاوییهکهی گوند بکه‌ن.
ئه‌وی سوریای بینی بێت، ده‌زانێت که له‌و ناوچانه‌ی رژێمی ئه‌سه‌د حوکمی کردبێ و بکات، خوێندکاران به‌رگێکی یه‌کپۆشی نزیک له ره‌نگی سه‌ربازی ده‌پۆشن و زیاتر وه‌ک نه‌وجه‌وانان (تهڵایهع)ی کاتی به‌عس مامه‌ڵه ده‌کرێن و ته‌نانه‌ت رۆژانه‌ش وه‌ک کاتی خۆی له‌باشور له‌گۆڕه‌پانی قوتابخانه‌کاندا سرودی نیشتمانی به‌عسی و سڵاوی ئاڵا‌و دروشمه‌کانی به‌عس ده‌وترێنه‌وه. ئێمه‌ش له‌باشور به‌تایبه‌تی و عێراق به‌گشتی هه‌میشه فێرده‌کراین، که قینمان له جووله‌که بێته‌وه، به‌دوژمنی خۆمانیان بزانین، به‌سه‌رچاوه‌ی هه‌موو ئاشوب و خوێنڕشتن و مافخوران و نادادییهکیان بزانین، خۆشمان نه‌مانده‌زانی بۆ؟ به‌ڵام مرۆڤ به‌تایبه‌ت کاتێ دێته ئه‌وروپاو لێره جوله‌که ده‌بینێ و ده‌ناسێ، ده‌زانێ ئه‌وانیش مرۆڤن و چاک و خراپیان هه‌یه، ته‌نانه‌ت زۆریشیان هه‌ن که له‌گه‌ڵ سته‌م و زۆری ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل‌دا به‌رامبه‌ر فه‌له‌ستینیه‌کان نین. ئیتر جۆرێکی تر تێڕوانینی بۆیان ده‌بێت.
مامۆستا که‌خه‌ون به‌نیشتمانی عه‌ره‌بی یه‌کگرتوو، هاتنه‌دی دروشمه شۆفێنیهکانی به‌عس و له‌ناوبردنی جوو و ئیسرائیله‌وه ده‌بینێت، لای سه‌یر ده‌بێت، که ئه‌و گونده هیچ دارخورمایه‌کی تێدا نییه، که ئه‌م به‌هێمای سه‌ربه‌رزی عه‌ره‌ب و عروبه‌ی دهیبنینێت، بۆیه یه‌که‌م کاری هێنانی دارێکی به‌رزی خورما ده‌بێت بۆ ئه‌وێ و له‌ناوه‌ڕاستی گۆڕه‌پانی خوێندنگاکه‌دا ده‌یچێنێت. به‌مه‌ش ناوه‌ستێت، شانۆگه‌ریی بێ‌مانا و دژ به‌ئیسرائیل به مناڵه‌کان رێک ده‌خات و فێری توندوتیژی و چه‌قۆ وه‌شاندن و ....هتد یان ده‌کات، بۆ نمونه لهبوکهڵهیهکی لهگوێنی دروستکراوی به پوش ئاخنراو، گوایا ئه‌مه سیمبوڵی ئیسرائیله! ئیتر ئه‌م کارانه له‌هه‌ڵسوکه‌وتی مناڵه‌کاندا ره‌نگ ده‌داته‌وه، که له‌ته‌قاندنه‌وه‌ی مینی کۆن و کوشتنی گیانله‌به‌راندا خۆی ده‌بینێته‌وه!
مرۆڤ که ئه‌م دیمه‌نانه ده‌بینێت، بۆ ئێمه‌مانانی خه‌ڵکی باشوری کوردستان، که هه‌ر نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب و رژێمی به‌عس لەههشتاکاندا دهستهڵاتداربوو، به هه‌ندێک جیاوازی که‌مه‌وه له‌هه‌ر خوێندنگهیهکهدا مامۆستا یان چه‌ند کادرێکی عه‌ره‌بی شۆفێنی و به‌عسی، له‌رۆڵی مامۆستادا هه‌بوون، زۆر یاده‌وه‌ریی خۆمان بیرده‌خاته‌وه، بۆ نمونه ئێمه له‌خوێندنگه‌ی ناوه‌ندی ئاغجه‌له‌ر له‌ناوچه‌ی گه‌رمیان، ناوه‌ڕاستی هه‌شتاکان مامۆستایه‌کی عه‌ره‌بمان هه‌بوو، ناوی عه‌لی بوو، خه‌ڵکی حه‌دیسه‌ی نزیک به‌غداو ره‌فیق به‌عسی بوو، وانه‌ی عه‌ره‌بیشی پێمان ده‌گوته‌وه و به‌نزیکی هه‌مان رۆڵی ئه‌م مامۆستایه‌ی نێو ئه‌م فیلمه‌ی ده‌گێڕا، به‌ڵام به‌جۆرێکی نه‌رمتر، چونکه بارودۆخی باشور جیاواز بوو.
ئیتر خۆ گه‌ڕه‌کی جوله‌که‌کانی هه‌ندێک شاری کوردستان و بیره‌وه‌ریی بهساڵاچووهکانیشمان، گه‌واهیده‌ری ئه‌وه‌ن، که چۆن جوله‌که‌کانی کوردستانیش ده‌ربه‌ده‌رکران و دوورخرانه‌وه، ئێستا مه‌گه‌ر به‌ده‌گمه‌ن، ئه‌گینا له‌هه‌موو عێراق و باشوری کوردستاندا ، وه‌ک سوریا و رۆژئاڤا، هیچ جوویه‌کی تێدا نه‌ماوه، له‌کاتێدا ئه‌وان هه‌زاران ساڵ بوو له‌م وڵاته له‌گه‌ڵماندا ده‌ژیان.
سه‌رۆ ده‌بینێت چۆن باوک و دایک و سه‌رجه‌م داپیره و باپیره‌و خێزانه‌که‌یان ده‌چنه سه‌ر سنور‌و له‌ودیو دڕکهزییهکانی سنوره‌وه، له‌ژێر چاودێری توند‌و زه‌بروزه‌نگی سه‌ربازی ئه‌مدیوو و جه‌ندرمه‌ی ئه‌ودیودا بۆ چه‌ند خوله‌کێک له‌گه‌ڵ خزمه‌کانی ئه‌وبه‌ردا یه‌کتر ده‌بینن و هه‌واڵی یه‌ک ده‌پرسن، کاتێکیش داپیره‌ی ده‌یه‌وێت مناڵێکی ساوای ئه‌وبه‌ری کوردستان ماچ بکات تهلهزییهکه له‌سه‌رو له‌چکه‌که‌ی گیر ده‌بێت به زه‌حمه‌ت له قژو سه‌ری ده‌که‌نه‌وه.
رۆژێک کاتێک له‌گه‌ڵ باپیره‌ی لهبهرزییهکدا به‌ره‌و سنور‌و قوله پاسه‌وانه‌کان دانیشتون، ئه‌و بۆی روونده‌کاته‌وه که ئه‌م سنوره وڵاته‌کانی ئه‌وروپی کێشایان و ئه‌مان تۆخیان کرده‌وه هه‌موو نیشتمانی ئێمه‌یه‌و کوردستانه، سه‌رۆ ده‌پرسێت: که‌ی ئه‌م سنورانه هه‌ڵده‌گیرێت و نامێنێت؟ ئه‌م پرسیاره بێ وڵام ده‌مێنێته‌وه!
رۆژێک حه‌مۆ که ریشسپییه‌کی گونده‌که‌یه، به مامۆستا شۆفێنییهکه ده‌ڵێت: ده‌توانی ته‌نها رۆژێک بیر له‌وه بکه‌یته‌وه، که دوژمنێکتان نه‌بێت ناوی ئیسرائیله؟ مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه، که له‌ژێر ناوی دوژمنایه‌تی ئیسرائیل‌دا سته‌م نه‌که‌ن و نه‌یکه‌ن به به‌هانه‌ی سه‌رکوتکردن.
کاتێک ئارام له‌ژێر زوڵم و زۆرداری و ئه‌شکه‌نجه‌ی به‌عسییه‌کاندا زۆری بۆدێت ده‌ڵێت: ئاخر خۆ مرۆڤ هه‌ر جارێک ده‌مرێت، با ئه‌و جاره له‌پێناو نیشتمان و گه‌له‌که‌یدا بێت نه‌ک لەژێردهستییدا، ئیتر به‌ره‌و چیای شه‌نگال ده‌ڕوات و په‌یوه‌ست ده‌بێت به خه‌باتگێڕه کورده‌کانه‌وه. له خواحافیزیی دولبهرهکهشیدا واتا حه‌ننای کچی نه‌عومی هاوسێیان، زۆر دڵی پڕ ده‌بێت، حه‌ننا به حه‌سره‌ت و هه‌ناسه‌ی سارده‌وه ده‌ڵێت: ئه‌ی هاوار که‌ی ئه‌م هه‌موو کێشانه کۆتای‌یان دێت!!
سه‌رۆ که هه‌موو ئاواتی ئه‌وه‌یه تهلهفزیۆنێکیان هه‌بێت تا سه‌یری فیلمی کارتۆنی مناڵان بکات. به‌ڵام نه‌بوونی کاره‌با له گونده‌که‌یان و دواتریش ده‌ستکورتی سه‌لیمی باوکی ڕێگر ده‌بن له‌هاتنه‌دی خه‌ونه‌که‌ی. دایکی سه‌رۆ کاتێک له‌گه‌ڵ ژنانی ئاوایی‌دا له‌سه‌ر چه‌مه‌که‌ی ئه‌م به‌ر سنور خه‌ریکی فه‌رش شتن ده‌بن، له‌پڕ ده‌بێت به گوله‌ی جه‌ندرمه‌یه‌کی تورکییه‌وه، که به ئانقه‌ست سێرهی لێگرتون و له‌گه‌ل هاوڕێکه‌یدا گاڵته ده‌که‌ن! هه‌ر له‌وێدا گیانی ده‌به‌خشێت. ئیتر ژیانی سه‌رۆ ئه‌وه‌نده‌ی تر سه‌خت ده‌بێت.
نهعۆمی دراوسێیان که دوکانداره و له‌گه‌ڵ ژن و کچه‌که‌یدا له باپیرانییه‌وه سه‌دان ساڵه له‌وێ ده‌ژین، له‌و ساڵانه‌دا رژێمی ئه‌سه‌د فشاری زۆریان بۆ ده‌هێنێت، ته‌نانه‌ت رێگه‌ی سه‌فه‌ری ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیشیان لێ ده‌گرێت. ئه‌م ده‌گاته ئه‌و بڕوایه‌ی که ئه‌م خۆی تازه ته‌مه‌نی رۆی، به‌ڵام هه‌رچۆنێک بووه ژن و کچه‌که‌ی بنێرێته ده‌ره‌وه‌ی وڵات، چونکه هیچ داهاتوویه‌کیان له‌و وڵاته‌دا نابینێت. بۆ ئه‌مه‌ش سه‌لیمی برای ئارام و باوکی سه‌رۆ هاوکارییان ده‌کات و گوزه‌رنامه‌ی ساخته‌یان به‌ناوی ئه‌وان و وێنه‌ی ئه‌مانه‌وه بۆ ده‌رده‌کات، ئیتر به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ک بووه ده‌ڕۆن و ده‌گه‌نه شاری بێرن پایته‌ختی سویسرا. دواجار ئه‌میش هاوکاری دارایی سه‌لیم ده‌کات و پاره‌ی ده‌داتێ تا ته‌له‌فزیۆنێک بۆ سه‌رۆ بکڕێت.
سه‌رۆ که هه‌موو خه‌ونی ئه‌وه‌یه پاش ئه‌وه‌ی گونده‌که ئه‌له‌تریکی بۆ هاتوه، ته‌له‌فزیۆنیان هه‌بێت تا سه‌یری فیلمی کارتۆن بکات، به کڕینی ته‌له‌فزیۆنه‌که شاگه‌شکه ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی پێ ناچێت، چاوی ره‌شی کاڵ ده‌بێته‌وه و خۆشیه‌که‌ی لێ تێکده‌چێت، کاتێک ده‌بینێت، له‌گه‌ل یه‌که‌م ساتی کردنه‌وه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌که، له‌بری فیلمی کارتۆن، مارشی سه‌ربازی و وێنه‌ی حافز ئه‌سه‌دی دیکتاتۆر نیشان ده‌دات!
دوا دیمه‌ن و چاره‌نوسی مرۆڤ، دوای چل ساڵ حه‌ننا که ئیتر کچێکی سه‌ر ماشوبرنجی به‌ساڵاچووه سه‌ردانی که‌مپێکی په‌نابه‌رانی سوریا ده‌کات و له‌وێ سه‌رۆی پێگه‌یشتوو ده‌بینێته‌وه!
تێبینی: بۆ بینینی هه‌ندێک وێنه‌و هه‌روه‌ها تره‌یله‌ری فیلمه‌که ده‌توانن کلیکی ئه‌م لینکانه بکه‌ن:
Nachbarn - Alle Informationen zum Film auf CineImage
https://www.cineimage.ch/film/nachbarn/lbox_trl_trailer_1_sub.html