هێڵی بەرخۆدانو هەبوونی کورد
سیروان ڤیان
3 ساڵ لەمەوپێش
سیروان ڤیان
هەموو خەڵک و کۆمەڵگا دەتوانن لە سایەى بەرخۆدانەوە هەبوونی خۆیان سازو مسۆگەر بکەن. مسۆگەرکردنی هەبوون بەبێ بەرخۆدان و تێکۆشان و بزاوتنەوە بۆ مرۆڤ و کۆمەڵگا ئەستەمە. ئەوە جگە لەمرۆڤ و کۆمەڵگا بۆ سروشتیش هەر وایە، بەڵام جیاوازی لەنێوانیاندا هەیە. دوای ئەوەی عەقڵییەتی دەسەڵات پەرەی سەندو زاڵبوو بەسەر کۆمەڵگادا، تێکۆشانی نێوان مرۆڤەکان لەناو کۆمەڵگادا وەرچەرخا بۆ شەڕکردن لەگەڵ یەکتر.
کۆمەڵگای کوردیش ماوەیەکی زۆرە هێرش، داگیرکەری و تاڵانیی بەرامبەر ئەنجامدەدرێت و ماوەیەکی زۆر دوورو درێژیشە لەتێکۆشان و بەرخۆداندایە. ئەگەر ماوەی پێشوو وەلا بنێین، لەسەردەمی مۆدێرنەوە تاوەکو ئەمڕۆ، گەلی کورد لەناو شەڕدایە. ئەو دۆخە بەم شێوەیە بەردەوامە و گەلی کورد لەناو شەڕدایە. شەڕ لەدژی کورد هەیەو دەبێت ئێمە بڵێین، زۆر سوپاس بۆ ئەوەى گەلی کورد لەدژی ئەو شەڕە داگیرکاری و پاکتاوکارییە خۆڕاگری و بەرەنگاریی کردووە و ئێستاش بەرخۆدان و بەرەنگاری دەکەن. ئەگەر گەلەکەمان بەرهەڵستیی نەکردایە، لەدژی شەڕی پاکتاوکردن شەڕی مان و نەمانی نەکردایە ئەوە بەدڵنیاییەوە لەناو دەچوو.
هەندێکجار هەندێک کەس و لایەن دەڵێن، کاتی شەڕ بەسەرچووە و دەبێت کورد واز لەشەڕ... و هتد بهێنیت. ئەم قسانە مەبەستی چاکە و خێریان تێدانییە و دوورن لە راستییەوە. گەلی کورد لەهەموو کەس زیاتر پێویستی بەتێکۆشان و بەرخۆدان و شەڕی هەبوون هەیە. گەلی کورد لەژێر هەڕەشەی پاکتاوکردن و سڕینەوەیەدایە. ببێگومان لەوەها بارودۆخێکدا کورد بەرهەڵستی و بەرخودان دەکات. ئەوانەی لەم هەلومەرجەدا ئەو قسانە دەکەن بۆ خۆیان لەبنەڕەتدا لەدژی گەلی کورد لەشەڕدان. ئەوانە خۆیان وەک کورد نیشان دەدەن، بەڵام ئەو کەسانە دوورن لەواقیعی کوردو کوردایەتییەوە. رەنگە هەندێک کەس، یان لایەن لە نەزانی و بە بێ نیەت و نیازیەکی خراپ باسی ئەوە بکەن، بەڵام لە بنەڕەتدا پێویستە مرۆڤ ئەو کەس و لایەنانە بناسێت، کە پەرە بەو عەقڵییەت و تێگەیشتن و هەڵسوکەوتە دەدەن و بڵاوی دەکەنەوە، ئەوسا راستییەکانی زیاتر بۆ روون دەبێتەوە.
ئەمانە کێن دەڵێن، لەژێر هەڕەشە و هێرشی پاکتاوکردن و سڕینەوەدا شەڕ نەکەن، یان بەرخودان و بەرەنگاری نەکەن؟ مرۆڤ دەتوانێت بەپێی دەرئەنجامەکانی ئەو شێواز و هەڵسوکەوتانە، کە دێنە پێشەوە ئەو کەسانە بناسێت و پێناسەیان بکات و لە راستییان تێبگات. ئەگەر کورد بەرهەڵستی و بەرەنگاری نەکات چیی بەسەردێت؟ هەبوونی کورد و کوردەواری لەناو دەبرێت. کوردستان بە تەواوەتی لەناو دەچێت و دەسڕدرێتەوە. کەواتە سەرەڕای ئەو راستییە بۆچی ئەوە دەڵێن؟ چونکە ئەوان خۆیان چوونەتە ناو شەڕی دژ بە گەلی کورد. ئەمڕۆ ئەوە لێدوان و نزیکبوونەوە و قسەى دەوڵەتی تورکی داگیرکەرە لە دژی بەرخۆدانی گەریلا. ئەوانەی ئەو شتانە دەڵێن، پەیوەندییان بەدەوڵەتی تورکەوە هەیەو بەشدارن لەم شەڕەدا لە دژی کورد. بۆ ئەوەی ئەو راستییەی خۆیان بشارنەوە و نەبینرێت و لەلایەن کۆمەڵگاوە کاردانەوەیان لەدژ دروست نەبێت ئەو شتانە دەڵێن. ئەو ڕاستییە دەبێت بە باشی ببینرێت و ریسوا بکرێت. ئەوە بەرپرسیاریی هەموو کوردێکە. پێش هەمووانیش بەرپرسیاریی ڕۆشنبیران و نووسەران و هونەرمەندان و... هتدە.
بەهۆی هێرشی زۆر بۆ سەر گەلی کورد، تێکۆشان و بەرخۆدان لەناو سیاسەتی کورددا بەچەند بەشی جیا سەریهەڵداوە و بەڕێوەچووە. یەکێک لەو بەشانە ئەوانە بوون، کە لەدوای تێکۆشانی گەل و ئەنجامەکانی بوونە خاوەن هێزو دەسەڵات. ئەو کەسانە کەوتونەتە ناو پارەو سامان و دەوڵەمەندی و مادییاتەوە. ئەوان ئەو شتانەیان لەدەستدایە و نایانەوێت لەدەستیان بدەن. ئایا لەکەسانی لەو جۆرە کەسانی وڵاتپارێز و نیشتمانپەروەر دروست دەبێت؟ دروست نابێت. ئەوانەی نیشتمانپەروەری دەکەن زیاتر لەوەی هەیە شۆڕشگێڕی دەکەن و ناکەونە ناو ئەو حساباتانەوە. کاتێک کەوتە ناو ئەو حساباتانەوە ناتوانێت ببێتە شۆڕشگێڕ و نیشتمانپەروەر. ناتوانێت ببێتە خاوەن ویژدان و رەوشت، بۆیە ئیدی لە راستییەکان دوور دەکەوێتەوە. راستیی ئەوان تەنها ژیانی ماددییانە.
پێشتر لەکوردستاندا ئەو کەس و لایەنانە زۆر جار کەوتوونەتە ناو کاری سیاسی و دەستیان تیایدا هەبووە. ئەوان هەر بۆ خۆیان لەبنەڕەتدا لە خێزانە ئەریستۆکرات و چینە دەسەڵاتدارەکان بوون.
لەباکوور ئەو جۆرە کەس و لایەنانە ئاوێتەى دەوڵەت بوون و بەئاشکرا لەناو سیاسەتی دژایەتیکردنی کورددان. ئەو کەسانە وەک کەسانی خۆفرۆش سەیر دەکرێن و دەناسرێن. لەڕۆژگاری ئەمڕۆماندا ئەو کەسانە لەناو ئاکەپەدان.
لەباشوور ئەو جۆرە کەس و لایەنانە رەسمین و خۆیان وەک کورد نیشان دەدەن، کە خزمەتی کوردو کوردەواری دەکەن، بەڵام لەڕاستیدا وەها نییە، بەڵکو دەستیان بەسەر بەهاکانی گەلی کوردو شۆڕشی کوردستان گرتووە و بۆخۆیانیان زەوتکردووە.
لەڕۆژهەڵاتدا ئەو کەس و لایەنانە فۆرمی ترو شێوەی تریان هەیە. ئەو کەس و لایەنانەش لەڕۆژئاودا هەن. ئەو کەس و لایەنانە سیاسەت بۆ ئەوە بەڕێوەدەبەن، کە دەسەڵات و دەوڵەمەندی و پۆستەکانیان و مادیاتەکەیان لەدەست نەدەن، یانی سیاسەتیان بۆ کۆمەڵگە نییە، بەڵکو کارو سیاسەت بۆ بەرژەوەندیی خۆیان دەکەن. ئینجا شۆڕشگێڕو نیشتمانپەروەری بەلایەک، کەسانی لەو جۆرە ناتوانن باسی راستییەکان بکەن و بیڵێن. ئەو دۆخە نەک تەنها بۆ گەلی کورد، بەڵکو بۆ هەموو گەلانی دیکەش هەر وایە.
نەتەوەپەرستی و ناسیۆنالیزم کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگا و تاکەکان هەیەو زۆرجار رێگە نادات راستییەکان ببینرێن و تێبگەیەنرێن. بۆ نموونە پڕوپاگەندەیەکی زۆر دەکرێت، کەهەموو شتێک لەکۆمەڵگادا وەک یەکە، بەڵام راستییەکە بەو شێوەیە نییە. لەناو کۆمەڵگادا جیاوازی هەیە، بەڵام لەبەرئەوەى ئێمە لەزێهنیەت و سیاسەت و سیستەمێکی دەسەڵات و ماددیدا دەژین بەو شێوەیە بیردەکەینەوە، کە هەموو شتەکان وەک یەکن. ئەگەر ئەوەى دەوترێت وابێت، ئەوا دەبوو هیچ جیاوازیکردنێک لەنێوان مرۆڤەکاندا نەبوایە، بەڵام گەورەترین جیاوازیکردن بەرامبەر بەمرۆڤ لەمێژووی مرۆڤدا لەم سەردەمەی ئێمەدایە. ئەو قسانە لەلایەن کەسانی دەسەڵاتدارو باڵادەستەوە دەگوترێن و بڵاودەکرێنەوە، چونکە بەرژەوەندییان لەوەدایە.
دیارە ئەوە درۆیەکی زۆر گەورەیە، بۆیە کورد پێویستە ئەو راستییانە باشتر ببینێت و بەو پێیە هەڵوێستی راست وەربگرێت. مانای بەرخۆدانی گەریلا بۆ گەلی کوردو کوردستان زۆر گەورەیە. ئەگەر گەریلاو بەرخۆدانی گەریلا نەبێت، هەبوونی گەلی کورد دەکەوێتە مەترسییەکی زۆر گەورەوە. نە دەستکەوتەکانی باشوورو نە دەستکەوتەکانی رۆژئاوا نامێنن. هەموو شتێک لەدەست دەچێت، چونکە عەقڵییەتی دەوڵەتی تورک و ئەوانەى دەوڵەت بەڕێوەدەبەن، واتە ئاکەپە و رەجەب تەیب ئەردۆغان دژی هەبوونی کوردن.
ئەگەر گەریلاو بەرخۆدانی گەریلا نەبێت، هەبوونی گەلی کورد دەکەوێتە مەترسییەکی زۆر گەورەوە. نە دەستکەوتەکانی باشوورو نە دەستکەوتەکانی رۆژئاوا نامێنن. هەموو شتێک لەدەست دەچێت، چونکە عەقڵییەتی دەوڵەتی تورک و ئەوانەى دەوڵەت بەڕێوەدەبەن، واتە ئاکەپە و رەجەب تەیب ئەردۆغان دژی هەبوونی کوردن