یەکەمجار لەڤینیسیا
سەردار عزیز
3 ساڵ لەمەوپێش
سەردار عزیز
لەسەرەتای لاویمدا، وەک زۆرێکی تر، لەڕێگای شانۆگەرییەکەی شکسپیرەوە کە لەقۆناغی ناوەندی دەخوێندرا بەناوی ڤینیسیا یان بندقییە ئاشنابووم. بازرگانی ڤینیسیا بەهۆی سیستەمی خوێندن و فشاری تاقیکردنەوەوە، ئێمە هێندە چێژمان لەدەقەکەو ناوەڕۆکەکەی نەدەبینی. چیرۆکی شایلۆکی جولەکە و بوونی لەگێتۆی ڤینیسیا پرسێکی زیندوە لەئەمڕۆدا. ئەگەر پێنجسەد ساڵ لەمەوپێش لەڤینیسیا جولەکەکان لەخەڵکی تر جوداکرابوونەوەو لەجێگایەکدا دەمانەوە بەناوی گێتۆوە، ئەوا ئەمڕۆ جوداکردنەوەی خەڵکە جیاوازەکانی شار لەیەکتر، خەسڵەتێکی هەرە سەرەکی هەموو شارو کۆمەڵگاکانی دونیایە. ئەمە لەشارە نوێکانی کوردستانیش بەزەقی دەردەکەوێت. کە لەئەنجامدا درز وردە شوناسی دژ بەیەک دروست دەکات. ڤێنیس تەنها بۆ شسکپیر جێگای کاری ئەدەبی نیە، بەڵکو یەکێکە لەئەو شارانەی کەجێگای زۆرێک لەکارە ئەدەبیەکانی دونیایە. ئێمە بەشەمەندەفەر لەڤیپیتینۆی بچکۆلەوە، لەباکوری ئیاتاڵیا و تیڕۆڵی باشورەوە، دەچین بۆ ڤیرۆنا. ئەو شارەی کە جێگای یەکێکی تر لەشانۆگەرییە هەرە بەناوبانگەکانی شسکپیر، ئەویش رۆمیو جۆلیتە. ئەو پێشتر لەجێگای تر باسم کرد، رۆمیو جولێت چەندێک دەربارەی عەشقە هێندە دەربارەی تیرەگەرێتییە. وەها دیارە شکسپیر، کە لەسەردەمی ئیلیزابێسیدا ژیاوە، ئاشنایەتییەکی زۆری لەگەڵ ئیتاڵیادا هەبووە و ئەگەری زۆرە سەردانی ئەو وڵاتەشی کردبێت، یان ئەگەری ئەوەش زۆرە کە ئیتاڵی زان بووبێت. ئەو کاتێک باس لەئیتاڵیا دەکات زۆر بەوردی و شارەزاییانە باسی دەکات. جگە لەدوو شانۆگەری کە لەدوو شاری ئیتاڵیدا رووداوەکانیان روودەدەن، لەشانۆگەری تریشدا باسی ئیتاڵیای کردووە. ڤێنیس لەسەر دەریای ئەدریاتیکە. چەندین جار بەقاچاخ لەپاترای یونانییەوە، بە ئەو دەریایەدا بەنهێنی و ئاشکرا سەفەرم کرد. جارێک بەتەنها لە بەندەری ئەنکۆنا بووم. برسی و لاواز، پڕ لەبۆگەنی و ئارەق. پاش گیرانم بەتەنها لەقەراخ کەشتییەکە دایاننابوم و هەموو سەرنشینەکان تیلەی پڕ لەبێزاری و حەپەسان و بەزەییەکی دڵرەقانەیان تێدەگرتم. تیلە ئەو دۆخە بێزارەیە کە لە مرۆڤ دەکەویت و بەخۆت دەڵێیت تیلەم تێدەگرن، تێم دەڕوانن. تۆ ناتوانیت یان ئەو توانایەت لێسەندراوەتەوە کە هاوتای ئەوان بنواڕیت. روانینی تیلەیی لەناخدا شەرم و بێزاریی و نەفرەت دروستدەکات. تیلە بابەتێکی دەرونناسی و فەلسەفی گەورەیە، تەنها فرۆیدو سارتەرو لاکان بەسە بۆ دەرخستنی گرنگی ئەم رەفتارە. تیلە کردەیەکی کۆمەڵایتی بڵاوە لە دونیای ئەمەدا، بەڵام زەک زۆر بواری تر بیر لێنەکراوەیە. ئەنکۆنا وەک بەندەرێکی سەربازی لەباشوری ڤینیسیایە. لەخۆرنشینێکی دڵتەنگدا جێمهێشت و هەرگیز بۆی نەگەڕامەوە. بیرکردنەوە لەچون بۆ ڤینیس ئەو یادەوەرییانەم بیر دەخاتەوە. مرۆڤی پەنابەر خاوەن کۆمەڵێک یادەوەری هێندە سەیرە، پاشا ماوەیەک خۆشی بڕوا بەخۆی ناکات لەگێڕانەوەیدا . ئەو کاتەی کە لە ڤێنیس دەبین هەمانکاتە کەڕۆماننووسی ئایرلەندی کۆڵم تۆبین سەردانی ئەوێی کردووە. ئەو دەنووسێت: کۆتایی ئۆکتۆبەر بوو. رۆژەکان تەماویی بون. دەوروبەری نیوەڕۆ خۆرێکی زەردۆڵە هەوڵی ئەوەی دەدا تەمەکان تێپەڕێنێت. نزیکەی کاتژمێرێک پێش ئەوەی بتوانێت، روناکیەکی ناسەرزەمینیانەی رەنگ نەخۆش هەموو شتێکی رەنگ کرد. پاشان خۆر دەرکەوت. رۆژێکیان تەمتومان هەموو دوای نیوەڕۆش زمانی بە سەر ڤینیسیادا دەلێسایەوە. تەمتومان جوانە، بەڵام کاتێک هەموو شوێنێک کفن پۆش دەکات، بەتایبەتی لەشارێکی وەک ڤینیسیادا، ئەوا مایەی دڵتەنگییە. لەساڵی ١٩١١ رۆماننوسی بەناوبانگی ئەڵمانی تۆماس مان لەگەڵ هاوسەرەکەیدا دەچێتە ڤێنیس. کەیتی هاوسەری لەکتێبی یادەوەرییە نەنووسراوەکاندا باس لەسەردانەکەی و رووداوە گرنگەکەی دەکات. رەنگە بۆ زۆر خوێنەر نەزانراوبێت کە تۆماس مان، هەرچەندە ژنی هەبوو، بەڵام هۆمۆ-سێکچواڵ بوو. رۆژێک لەکاتی نانخواردن، خێزانێکی پۆڵۆنی لەمێزێکی تر لەنزیکیانەوە نان دەخۆن. خێزانەکە کوڕێکی زۆر قۆزیان دەبێت و تۆماس مان دڵی دەچێتە سەری. مان لەکورتە رۆمانەکەیدا کە ناوی مەرگە لەڤینیس، پاش بینینی ئەو کوڕە، عەشقی دەبێت و سەرتاپا شارەکە بەدوایدا تەی دەکات بۆ ئەوەی بیدۆزێتەوە. تەیکردنی شار بۆ دۆزینەوەی ئەوەی دەتەوێت، تیمایەکی گەورەی ئەدەب و سینەمایە. فیلمی پاسکیل دزی دیسیکا، هەرە ناسراوترین فیلمی ئەو بوارەیە. ئەو فلیمەی کە دەبێتە سەرەتایەکی نوێ بۆ سینەمای ریالیزمی ئیتاڵی . نازانم لە ڤێنیس دەچم بۆ کوێ. زۆرجار ئەو شارانەی کە بوونەتە شاری گەردوونی ئەوندەی چێژم پێنابەخشن. ئەم شارانە سەردانیان زیاتر پردێکی دووبارەیە. منیش چووم بۆ ئەو جێگایەی کە زۆرینە دەچن یان دەیانەوێت بچن. ئەم حەزە مێگەلییە، ئەوەندە چێژ بەخش نیە. زۆر جار زمان و هەڵوێست و رەفتارت خەڵکی لە ئەم جێگایانەدا زۆر پلاستیکییە. کۆمەڵە رەفتارێکن نمایش دەکرێن بۆ گەشتیار. لەتیلەوە هەتا زەردەخەنە دەستکردەکان. گەشتیار ئەو بوونەوەرە ساویلکەیەیە کە دەیەوێت ئەوە ببینێت کەهەمووان بینیویانە، هەتا هەمان چێژی تیادا دروست بێت و هەست بکات، مەڕێکی باشە لەمێگەلی گەریدەکان. ئەم وەرزە گەشتیارەکان کەمن لە ڤێنس. هاوسەرەکەم و مناڵەکان ڤینیسیایان دیوە، ئەوان خواست و پلانی خۆیان هەیە. باس لەگەڕانەوە دەکەن بۆ قاوەو کەپۆچینۆ خۆشەکە، دووبارەکردنەوەی هەمان خواردن لەڕێستیورانتێکی تایبەت. ڤێنیس سیحرێکی هەیە، کە لەهەناوماندا ترسێکی تایبەت ختۆکە دەدات. شارێکە لەمێرگێکی دەریایدا، رەنگە رۆژێک لەڕۆژان نغرۆ بێت. لەکۆنداو لەسەرەتادا ئەو خەڵکانە کە هەڵاتوون بۆ ئەوێ، لەترسی توندوتیژی ناکۆتای سەرزەمینی ئیتاڵیا هەڵاتوون. وەک پەناگەیەک، جێگایەک بووە کە مانەوە تیایدا ئاسان نەبووە و لەوشکانی دابڕاو بووە. دەکرێت پێش ئەوەی بچیتە ڤینیس لەدەقەکان و خەیاڵەکاندا سەردانی بکەیت، لۆرانس لەڕۆمانی خۆشەویستەکەی خاتو چاترلیدا باسی دەکات. پاڵەوانەکی ڤۆڵتێر لەشانۆگەری کاندیددا سەردانی دەکات. بەڵام دەقێک کە لەهەموو ئەوانیتر زیاتر دەرباری ڤێنسەوە هەروەها دەرباری ڤێنس نیە بەڕاستەوخۆیی: رۆمانی شارە نەبینراوەکانی رۆماننوسی ئیتاڵی ئیتالۆ کالیڤینۆیە. کالڤینۆ ناوی ڤێنس نابات، باسی کۆمەڵە شارێک دەکات لەدونیادا بوونیان نیە. بەڵام شاری شاران، ئەو شارەی هەموو شارێکی تر تیادا رەنگی داوەتەوە ڤێنسە. شارەکان و یادەوەریی، شارەکان و حەز، شارەکان و مردووەکان، شارەکان و ئاسمان، شارە بەردەوامەکان، شارە شاراوەکان. کالڤینۆ لەنێوان ئەفسانەو فەنتازیاو خەونەکاندا لەزمانی مارکۆ پۆلۆوە باسی ڤێنیس دەکات. مارکۆ پۆلۆ خۆی کۆچەرێکی ڤێنیسیایی بوو، بەڵام چیرۆکەکەی بۆ قوبلاخان دەگێڕێتەوە. کاتێک خان لێی دەپرسێت کە باسی ڤێنسی بۆ بکات، مارکۆ پۆلۆ لەوەڵامدا دەڵێت، بۆ بە بڕوای تۆ هەتا ئێستا باسی کوێم بۆ کردوویت؟. شارە نەبینراوەکان دەربارەی ئارەزوی مرۆڤەکانە بۆ دروستکردنی شار، نموونەی شاریش ڤێنسە. ڕەنگە سەردانی ڤێنس لەدەقەکاندا و پاشان سەردانی لەواقیعدا کارێکی خراپ بێت. لەسەرەتای کتێبی رۆژهەڵاتناسیدا ئێدوارد سەعید باس لەڕۆژنامەنووسێکی فەرەنسی دەکات، لەگەرمەی شەڕی ناوخۆی لوبنانیدا سەردانی ئەو شارە دەکات. رۆژنامەنووسەکە دەنووسێت: رۆژێک لەڕۆژان سەر بەڕۆژهەڵاتی شاتۆبریان و نێرڤال بوو. دەقەکان شارەکان بەجۆرێک دادەڕێژن کەڕەنگە لەسەردانیدا بەهەمان شێوە نەبێت. هەبوونی خەیاڵی پێشینە رێگرە لەخەیاڵی رەسەن. بۆیە ئەگەر نیازت هەیە سەردانی ڤێنیس بکەیت نەدەبوو ئەم نووسینە بخوێنیتەوە.
ئەم شارانە سەردانیان زیاتر پردێکی دووبارەیە. منیش چووم بۆ ئەو جێگایەی کە زۆرینە دەچن یان دەیانەوێت بچن. ئەم حەزە مێگەلییە، ئەوەندە چێژ بەخش نیە. زۆر جار زمان و هەڵوێست و رەفتارت خەڵکی لە ئەم جێگایانەدا زۆر پلاستیکییە. کۆمەڵە رەفتارێکن نمایش دەکرێن بۆ گەشتیار لەتیلەوە هەتا زەردەخەنە دەستکردەکان