قەیرانی رۆژنامە لەسەردەمی پاش راستیدا
سەردار عزیز
3 ساڵ لەمەوپێش
سەردار عزیز
لەهاوڕێیانم پرسی لەفەیسبووک، بۆچی رۆژنامەی کاغەز لەکوردستان مرد؟ زیاتر لەسەد بەڕێز وەڵامیان دایەوە. ژمارەی زۆری وەڵامەکان، نیشانەی ئەوە بوو کەپرسەکە جێگای بایەخە. لەهەمانکاتدا دەرخەری ئەوەبوو کەڕۆژنامەی کاغەز نەک لەقەیراندایە بەڵکو لەمردن نزیک بووەتەوە. تەمەنی رۆژنامەی کاغەز لەکوردستان زۆر کورتە. لێرەدا دەبێت ناوی رۆژنامە، یان مەبەست لەڕۆژنامە بەووردی دیاری بکرێت. هەموو بەشداربووان بەبێ ناوهێنان، لەوەدا کۆکبوون کە مەبەست لەڕۆژنامە ڕۆژنامەی ئەهلییە. بەم پێیە دەکرێت بوترێت کە، ئەوەی پێی دەوترێت رۆژنامەی حزبی، بەلای بەشداربوانەوە وەک رۆژنامە لە قەڵەم نادرێت بەڵکو زیاتر وەک ئۆرگانێکی حزبی دەبینرێت. کاتێک رۆژنامە ئۆرگانی حزبییە، ئەوا ناوەندێک نیە لە نێوان خەڵک و دەسەڵاتدا، کاری پشکنین و بەدواداچوونی ئەو پرسانە نیە کە حزب و دەسەڵات پێی قەڵس دەبن، بەڵکو زیاتر کاری پۆشین و بریقاندن و دەرخستنی هەندێک رووی تایبەتە. ئەگەر هەوڵی پۆلێنی وەڵامەکان بکەن دەبینین بەسەر چەند پۆلێنێکی تایبەتدا بەش دەبن.
پۆلێنکاری یەکەم دەکرێت بوترێت کاریگەری فەیس-بوک یان سۆشیال میدیایە. ئەم کاریگەرییە روونە. دیاردەیەکی هەتا ئاستێکی زۆر جیهانییە لەبری کوردستانی. بەڵام ئەگەر لەدونیادا سوشیال میدیا یان ئینتەرنێت، رۆژنامە وەها لێدەکات کە ناچاربێت جێگۆڕکێ بکات، ئەوا لەکوردستان دەیکوژێت.
پۆلێنی دووەم، دەربارەی کەسایەتی رۆژنامەنوسان و پەیوەندییان لە گەڵ دەسەڵاتدا. کۆمێنتاران وەهایان دەبینی کەڕۆژنامەی ئەهلی و نووسەرانی سەربەخۆییان لەدەستداوە.
پۆلێنێکی تر پەیوەست بوو بەباری دارایی و سەختی دابینکردنی خەرجی. لەهەمانکاتدا زۆرێک ئاماژەیان بە نەبوونی خوێنەر دابوو لەکۆمەڵگای کوردیدا. دیارە هەموو ئەمانە راستن. بەڵام هەڵشانو. داکشانی رۆژنامەی ئەهلی چیرۆکێکی فرە توێژی ئاڵۆزترە. ڕۆژنامەی ئەهلی لە سەرەتای دروستبونیەوە شوناسێکی بۆخۆی دروستکرد کەجۆرێک بێت لەئۆپۆزسیون. ئەم شوناسە رووبەڕووی کۆمەڵێک ئالەنگاریی کردەوە. ڕۆژنامە لەهڵگرتنی شوناسێکی وەهادا چیدی لەوە دەکەوێت کە کارەکانی تری بکات، بە تایبەتی لەکۆمەڵگایەکی نیمچە دیموکراسی وەک کوردستاندا. لەدۆخێکی وەهادا ناتوانێت نووسەرەوەی مێژوی ئێستا بێت. بەرهەمهێنی مەعریفەبێت، پانتاییەک بێت بۆ دەرکەوتنی پرسەکان و گەیاندنی. رۆژنامەم پێویستی بەدونیابینییە، نەک تەنها بە شوناس. دیارە بێگومان شوناس خۆی بەرهەم دێت، بەڵام نابێت بەکرۆک .
دیارە گەشەی ڕۆژنامەی ئەهلی هاوتایە لەگەڵ پرۆسەی دیموکراتیزەبوونی کۆمەڵگای ئێمە کەڕۆژئاوا پشتیوانی دەکرد. رۆژنامە بەئاگایی و بێ ئاگایی بوو بوو، یان کرابوو بە بەشێک لەم پرسە. چەندێک توانی ڕۆڵ ببینێت، ئەوە پرسێکی ترە. هاوشێوەییەک هەیە لێرەدا لە گەڵ هەڵکشان و داکشانی کۆمەڵگای مەدەنیدا. دیارە هۆکارێک هەیە کە کەم باسی لێوە دەکرێت ئەویش گۆڕانی چێژو زەوقە. دەبێت ئەم پرسە بۆردۆییانە ببینین. بەپێی بۆردیو چێژو زەوق بەرهەمی دەسەڵات و تووێژەکانی کۆمەڵگان، لەگەڵ یەک و لەبەرامبەر یەکتردا. رۆژنامە لەکۆمەڵگا نەخوێنەرەکاندا ژیانێکی کولەمەرگی بەڕێدەکات. بوونی رۆژنامە بە گشتی پەیوەستە بە کۆمەڵێک بنەمای ترەوە، بە خوێندەواری راستەقینە، بە بایەخدان بە بواری گشتی، بە تەنگەوەچوون و فزوڵیەت، بەڵام لەسەرووی هەموویەوە بە هەوڵدان بۆ دروستکردنی پانتاییەک بۆ گفتوگۆو گۆڕینەوەی راوبۆچوون. رۆژنامە لە کوردستان بەگشتی چەند کێشەیەکی سەرەکی هەیە: یەکەم، کێشەی خوێنەر، دووەم، کێشەی دارایی، کەڕاستەوخۆ پەیوەستن، سێیەم، کێشەی کوالێتی. بێگومان کەرتی رۆژنامەگەری کوردی هەموو ئەم قەیرانانەی هەیە. بەڵام ئەگەر بمانەوێت بەشێوەیەکی بەرفراوانتر وێنای بکەین، بۆ من قەیرانی نەبوونی مۆدێرنەیەو زاڵبونی پۆستمۆدێرنەیە. وەک رۆلان پارت دەڵێت: وەرچەرخانە لەپیتەوە بۆ وێنە. لەچاپخانەوە بۆ سینەما. ئەم پرسی نەبوونی مۆدێرنەو زاڵبونی پۆستمۆدێرنە لەداهاتودا زیاتر پەرەی پێدەدەم. هەموو ئەمانە لەناو کایەیەکی تری وەک سیستەمی سیاسی و ئابوریدا دەگوزەرێن. رۆژنامە وەک دیموکراسی وەهایە، دیارە رۆژنامەو دیموکراسی لەزۆر رووەوە یەکتر تەواوکەرن، بەڵام لە خەسڵەتێکی تایبەتدا لەیەک دەچن ئەویش ناسکی یان لاوازییانە. دیموکراسی ئەگەر بەتەنگیەوە نەچیت زۆر خێرا دەبێت بەدیماگۆجی (گەوجاندنی گشتی). ئەگەر دیموکراسی یانی دەسەڵاتی خەڵک؛ ئەوا دیماگۆجی یانی فریودانی خەڵک. بەهەمانشێوە، رۆژنامە لە پانتاییەکەوە بۆ ئازادی دەربڕین زۆر بەخێڕا دەبێتە پانتاییەک بۆ سەرکوتکردنی دەربڕین یان چەواشەکاری. راگرتنی ئەم هاوسەنگییە زیندویەتی کۆمەڵگای دەوێت. رۆژنامەنوسی دیاری رۆژنامەی گاردیان جۆرج مۆنبۆیت لەساڵی ٢٠٠٩ لەبارەی قەیرانی رۆژنامە لۆکاڵییەکانی بەریتانیەوە دەنووسێت: بۆ ساڵانێکە ئەم رۆژنامە ناوخۆییانە دوژمنێکی بەهێزی دیموکراسیین، پشتیوانی لەدەسەڵاتداران دەکەن، بەخراپی نوێنەرایەتی بژاردەی دیموکراسی دەکەن. ئەم دەستنیشانکردنانە بۆ زۆر رۆژنامەی کوردستانش راستن.
لێرەدا هاوسەنگیەکی هەستیار لەئارادایە، ئایا چۆن پانتاییەک دروست بکرێت کە لەژێر چەپۆکی بەهێزەکاندا نەبێت؟ بەهێزەکان چیدی، بەهێزە تەقلیدییەکان نین، بەڵکو بەهێزی چەک و بەهێزی پارە، هەردوو لەهاوپەیمانییەکی عاشقانەدان بۆ ئاراستەکردنی قسەکردن. ئەمڕۆ ئێمە لەدونیایەکی تەواو جودادا دەژین. زانستی Cognitive linguistics نەک تەنها لەبواری بازاڕ و کاڵافرۆشی و ریکلامدا بەکاردێت، بەڵکو بە هەمانشێوە لەبواری ئاراستەکردنی هۆشی مرۆڤەکاندا بەکاردێت. خوێندنەوەی بیرمەندێکی وەک جۆرج لاکۆف گرنگە لەم بوارەدا. مرۆڤ بەگشتی کۆیلەی نەستیەتی. نزیکەی ٩٨% ئاگایی مرۆڤ نەستی بەڕێوەی دەبات. زمانەوانی کۆگنیتیف دەزانێت چۆن ئاراستەی ئەم بوارە بکات لەڕێگای زمانەوە. خاوەندارێتی وشەکان، دەبێتە خاوەندارێتی ئایدیاکان. خاوەندارێتی ئایدیاکانە دەبێتە هۆی خاوەندارێتی بەهاکان. خاوەندارێتی بەهاکان مرۆڤەکان کۆنترۆڵ دەکات. دیارە لەکوردستان بەئاگاییەکی باڵاوە ئەمە بەڕێوە ناچێت، بەڵام زۆر بەڕوونی دەبینین چۆن بەها کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتی و سروشتییەکان لەداڕماندان . پرسی نەمانی رۆژنامەی کاغەز لەهەمانکاتدا یانی نەمانی رۆژنامە بەگشتی . بێگومان قەیرانی رۆژنامەی کاغەز قەیرانێکی جیهانییە. هەندێک لەهاوڕێیانم لەڕاپرسییەکەی فەیسبوکدا، وەڵامیان بۆ مەرگی رۆژنامەی کاغەز، وشەی دیجیتاڵ بوو. بێگومان گەشەی تەکنەلۆجی و فراوانبونی پانتاییەکی پەیوەندییکردن و دەربڕین کاریگەری راستەوخۆیان لەسەر ئەم بوارە هەبووە. بەڵام کۆمەڵگای ئێمە ئەوەنیە کە خوێندنەوەی لەکاغەزەوە گواستبێتەوە بۆ ئەلیکترۆنی، بەڵکو لەمیانی ئەم گواستنەوەیەدا زۆر خەسڵەتی رۆژنامەوانی مردووە. میدیای ئەلیکترۆنی لەسەر هەست و نەست کار دەکات. هەمیشە ئاراستەکراوو حازر بەدەستە. کاتێک بوار دەدات بەکەسەکان بۆ ئەوەی جنێو بدەن، کەسەکان هەست بەدەرویەک دەکەن بۆ دامرکاندنەوە. بەڵام لەهەمانکاتدا ئاراستە دەکرێن و بەهاکانیان هەڵدەوەرێت. ڕۆژنامە لە دونیادا کاریگەری گەورەیان لەسەر زۆر بواری کۆمەڵگاو سیاسەت هەیە. لەگەڵ گەشەی پۆپیولیزم و تووشی قەیرانبوونی دیموکراسی، رۆژنامەش تووشی قەیران بووە. کاری یەکەمی پۆپیولیزم ئەوەیە کە گومان بخاتەسەر نوخبەو شارەزایان، هەتا زەمینە بسازێنێت بۆ ئەوەی هەموو رایەک وەک یەک یەکسان بێت. پرسی ئەوەی ئایا شارەزاو نەشارەزا وەک یەکن، پرسێکی کۆنە. قُلْ هَلْ يَسْتَوِي الَّذِينَ يَعْلَمُونَ وَالَّذِينَ لَا يَعْلَمُونَ.
کەواتە هۆکارەکانی شکستی ڕۆژنامەی کاغەزو سەرتاپا کەرتی رۆژنامەوانی لەکوردستانی عێراق، دەکرێت وەک کۆدەردێک ببینرێن. پاڵنەری سەرەکی ئەم کۆدەردە، جۆری سیستەمی سیاسی و ئابورییە. کەپێکەوە، نەک بوار نادەن بە بوونی ڕۆژنامەی ئەهلی، بەڵکو ئاماجیان ئەوەیە کە رێگریی لێبکرێت. هەبونی ڕۆژنامەی جیدی، لەئێستادا زیاتر لەهەموو کاتێکی تر پێویستترە لەکوردستاندا، چونکە دەزگا چاودێرییەکانی وەک پەرلەمان و هەروەها میدیا گەورەکان وەک تەلەفزیونەکان هەر یەکەو لەخزمەتی لایەنێکی سیاسی و ئەجیندایەکی تایبەتدایە.
ئەوەی پێی دەوترێت رۆژنامەی حزبی، بەلای بەشداربوانەوە وەک رۆژنامە لە قەڵەم نادرێت بەڵکو زیاتر وەک ئۆرگانێکی حزبی دەبینرێت. کاتێک رۆژنامە ئۆرگانی حزبییە، ئەوا ناوەندێک نیە لە نێوان خەڵک و دەسەڵاتدا، کاری پشکنین و بەدواداچوونی ئەو پرسانە نیە کە حزب و دەسەڵات پێی قەڵس دەبن، بەڵکو زیاتر کاری پۆشین وبریقاندن و دەرخستنی هەندێک رووی تایبەتە