هونەری سەر ناوک و خوار ناوک
6 ساڵ لەمەوپێش
هۆشیار جەمال
لەدووڕۆژی ڕابردوودا یەکێک لە هەواڵە گەرمەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و سایتە کوردی و عێراقیەکان بابەتی شەڕی نێوان دوو فڕۆکەوانی عێراقی بوو لەئاسمانداو لەبەرزی (٣٧) هەزار مەترەوە ڕوویداوە، کە شەڕەکە لەسەر خواردن بووە، ژیانی سەرنشینانی ناو فڕۆکەکەیان خستۆتە مەترسیەوە.
گەر سەیرێکی سروشتی کۆمەڵگای عێراقی بکەین لەوە تێدەگەین کە دوو شت زۆر گرنگە بەلایەوە کەوەک هونەرێک دەیبینم کەهونەری سەر ناوک و خوار ناوکە، کە هەردووکیان سەرچاوەی کێشەن لەم وڵاتە.
کۆمەڵگای کوردی و عێراقی کۆمەڵگایەکی بخۆرە، جا گرنگ نیە چی دەخوات و چەند دەخوات هەردەم ئەوەی بە لای تاکەکانیەوە گرنگ بووە چۆن بتوانێت زۆرترین پارە بەدەستبهێنێت، تا زۆرترین و بە تامترین خواردنی لێ بکڕێ و بیخوات، سیاسە دەسەڵاتدارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش هەمان کێشەیان هەیە لەکاتی میوانداری میوانەکانیان ئەوەی گرنگە چۆن بتوانن زۆرترین جۆری خواردن بۆ میوانەکانیان دابنێن بۆ ئەوەی گلەییان لێنەکەن.
ئەم زۆرخۆریە زۆرجار کاریگەری کردۆتەسەر تەندروستی کەسەکان کە بەڕاستی کارەساتە هاوڵاتیانی ئەم وڵاتە سەختترین کاتی ژیانیان ئەو کاتە بێت لایان کەپزیشک ئاگاداری بکاتەوە لەوەی هەندێک جۆری خواردن نەخوا لەپێناو تەندروستی خۆی، یاخود تەشەنەنەسەندی هەندێک نەخۆشی درێژخایەن!.
هونەرێکی تر هەیە کەپێی دەوترێت هونەری خوار ناوک، ئەمەش ڕیشەیەکی کۆنی هەیە لەجیهان بەگشتی و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی، کە لەئەنجامی کپی سێکس دروستبووە لای هەردوو رەگەز بەتایبەت ڕەگەزی نێر،
بووەتە سەرچاوەی سەدان کێشەی کۆمەڵایەتی ناو خێزان و دادگاکان و چەندین ڕووداوی کوشتن و لێکهەڵوەشانی خێزانەکانی لێکەوتوەتەوە.
ئەم هونەرە تەنها تاکەکانی نەگرتۆتەوە بەڵکو بەشێکی زۆری سیاسیەکانی گرتۆتەوە کەهەردەم ڕەگەزی بەرامبەریان وەک نێچرێک بینیوەو خۆشیان ڕاوچی، هەردەم هەوڵیان داوە لەڕێگای پۆستەکانیانەوە بگەن بەجەستەی ڕەگەزی بەرامبەرو خوار ناوکیان تێر بکەن.
بەڵام ئەوەی لەم وڵاتە پەراوێزخراوە هزرو بیری مرۆڤە لەکاتێکدا چۆن سێکس و خواردن گرنگە، پێویستی ڕۆژانەیە، ئاواش عەقڵی مرۆڤ پێوستی بەتێرکردنە، کەئەویش لەڕێگای خوێندنەوەی بەردەوامی کتیب و گەڕان بەدوای سەرچاوەی زانستی دەبێت.
بەڵام تاکەکانی ئەم کۆمەڵگایە هیچ گرنگی بەعەقڵ نادات، ئەوانەش کەدەخوێننەوەو لەڕێگای کتێبەوە پێشگری شاعیرو نوسەر و ڕۆشنبیرو هونەرمەند یان سینەماکاریان هەڵگرتوە، ئەم ناوانەیان کردۆتە ئامرازیک بۆ دووبارە تێرکردنی سەر ناوکیان و خوار ناوکیان، کە بەشێوەیەکی بەرنامە بۆداڕێژکراوی بۆ دەکەن کەخۆیان نزیکدەکەنەوە لەسیاسەکان و دەنوسن لەپێناو پارەدا کە دواتر سەر ناوکیان تێردەکەن لەخواردنی جۆراوجۆر لەسەر مێزی سیاسیەکان، هەروەها بەو پارە زۆرەی بەدەستیانهێناوە و لەڕێگای بەکارهێنانی ڕۆشنبیری و کتێب و پیشەکەیانەوە هەوڵی تەواودەدەن بۆ ئیستغلالکردنی ڕەگەزی مێینەو لەپێناو گەیشتن بەتێرکردنی خوار ناوکی خۆیاندا.