نوسخەی کوردی ئیسلام

6 ساڵ لەمەوپێش



ئاسۆ حاجی

 
دوای گووتارەکەی نێچیرڤان بارزانی لەکۆنگرەی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلام (یەکێتی مەلایان) چاوەڕواندەکرا قسەی زۆرتر دەربارەی ئەو دەستەواژە نوێیە بکرێ کەیەکەمین جارە لەسەر زاری گەورە بەرپرسێکی حکومی و سیاسیەکی لەئاستی نێچیرڤان بارزانی باسی نوسخەی کوردی ئیسلام بکرێ.
بەکارهێنانی ئەو دەستەواژەیە لەدۆخێکی هەستیاردا کەڕۆژهەڵاتی ناوین پێیدا گوزەر دەکاو کوردستان وەک بەشێکی ئەو جوگرافیایە هێشتا لەژێر هەڕەشەی فکرو مەترسی گروپە توندئاژۆکانە لەبۆشایی نەهاتووە، بەڵکو لەباوەڕێکەوە سەرچاوە دەگرێ کەپێشتر تاقیکراوەتەوەو بەرهەمەکەشی ئاستی کۆمەڵایەتی نێوان ئاینەکان و خۆشگوزەرانی خەڵکی کوردستان بووە.
ئایا ئیسلام نوسخەی کوردی و عەرەبی و فارسی و تورکی هەیە؟ کەڕەنگە ئەوەیان یەکێک بێت لەپرسیارە جدییەکان کەدوای گووتارەکەی نێچیرڤان بارزانی وەک وەڵامدانەوە یان لابردنی سەرنج لەسەر دەستەواژەکە دروستببێ و بەکاربهێندرێ، لەوەڵامی ئەو پرسیارەدا دەتوانین بڵێین بەڵێ نوسخەی جیاوازی ئیسلام هەیە، چونکە هەر کۆمەڵگەیەک لەگۆڕ ویست و بەرژەوەندی و تێگەیشتنی خۆی کەڵکی لێوەرگرتووە.
(ده‌سته‌و تاقمى ده‌سه‌ڵاتخوازى عه‌ره‌ب وایانکردووه‌ که‌ نوسخەی عەرەبی ئیسلامی لە ژێر کاریگەری کلتورو دابونەریتی بەدەوی عەرەبی باڵاده‌ست بێت و گەشه‌بکات و ئه‌و نو‌سخه‌یه‌ باڵی بەسەر کۆمەڵگەی عەرەبیدا هێناوە)، بەدرێژایی مێژوو (ده‌سته‌ و تاقمى ده‌سه‌ڵاتخوازى عه‌ره‌ب) ئەو ئایەتانەیان بەکارهێناوە کەباسی کوشتن و تاڵان و کەنیزەو داگیرکردن دەکا، عەرەب زیاتر ئایەتە مەدینیەکانیان لەلا گرنگترو پیرۆزتر بووە تائەو ڕادەیەی کەهەوڵ بۆ سڕکردن و کارپێنەکردنی ئایەتە مەککیەکان بدەن کەزیاتر باسی پێکەوەژیان و قبوڵکردنی ئەوەی دیکە و بەزەیی و مرۆڤدۆستی دەکات هەرچی ئایەتە مەدینەییەکانە بەتایبەتی کەدەوڵەتی مەدینە دروستدەبێ و لەشکری ئیسلام ئامادە دەبێ بۆ هێرشکردن زیاتر باسی کوشتن و داگیرکاری و حەڵالکردنی ژن و کچی دوژمنان و بە تاڵانبردنی ماڵ و موڵکیان.
ئەو دەستەواژانە پێویستییەکی ژیانی و ژیاری عەرەبی بەدو بووە کەهۆزی قوڕەیش پێکهێنەرێکی سەرەکی ئەو کلتورەیە بۆیە تائێستا ئیسلام لەفۆڕمە نوێیەکەشیدا فکری ئیخوانی و فکری وەهابیدا نەیتوانیوە خۆی لێ دەرباز بکات، بەڵکو بە پێچەوانەوە زیاتر هەوڵی پاراستنی ئەو کلتورەیان داوە بۆیەشە لەهەموو بزاڤە ئیسلامیەکان کە لەسەدەی بیستەم لەفۆڕمێکی سیاسیدا وەدیارکەوتوون لەجیاتی پەنابردن بۆ چاکسازی و تەرکیزکردن لەسەر هۆشیارکردنەوەی خەڵک، ئەوە پەنایان بۆ توندوتیژی بردووەو هەمان ئەو دەستەواژانەی لە کلتوری بەداوەی عەرەبی و لەڕێگەی موفەسیرو موشەریعانی دەقە پیرۆزەکان پەڕیونەتە ناو ئیسلام و بوونەتە بەشێک لەپێکهاتەی فکری عەرەبی بەتایبەتیش کە ئەو چەمکانە خزمەتی زۆریان بە عەرەب کردوە وەک نەتەوە لەوەی لەجوگرافیایەکی دیاریکراوی نیمچە دوورگەی عەرەبیەوە بێنەدەرێ و رووبەرێکی دیکەی گەورەتر داگیربکەن کە ناویان لێناوە نیشتیمانی عەرەبی لەسەر حیسابی داگیرکردنی گەلانی باکوری ئەفریقاو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئیسلام کە دەپەڕێتەوە ئێرانی خاوەن شارستانیەت و پێشکەوتوو هەروەها خاوەنی ئاینێک کەباوەڕی بە یەکتاپەرستی هەبووەو بەهۆیەوە شارستانیەتێکی دەوڵەمەندو کاریگەریان دامەزراندووە، بۆیە لەیەکەمین دەرفەت ئێرانیەکان لەو ئیسلامە هەڵدەگەڕێنەوە کەعەرەب بۆ داگیرکردنی نەتەوەکانی دیکە بەکاریدەهێنن. لەناو ئیسلام لەشێوەی دژە شۆڕش، شۆڕش بەکەڵک وەرگرتن لەناکۆکیەکانی ناو ماڵی پێغەمبەر (د.خ) و دروستبوونی مەزهەبی شیعە سەرلەنوێ خۆیان لەژێر دەستەیی عەرەب ڕزگاردەکەن و ئیمپڕاتۆریەتی خۆیان دروستدەکەنەوە.
لەناوچەی ئەنادۆڵیش تورک هەمان کەڵکیان لەئیسلام وەرگرت و لەڕێگەیەوە بۆ ماوەی نزیکەی 700 ساڵ بوونە خاوەنی ئیمپڕاتۆریەت و حاکمی رۆژهەڵاتی ناوەراست و بەشێکی ئەوروپاو ئێستاش لەپاشماوەی ئەو ئیمپڕاتۆریەتە کۆمارێکی بەهێزو گەورەیان بۆ ماوەتەوە.
لەناو کۆمەڵی کوردەواری تەواو پێچەوانەی ئەو سێ نەتەوەیەی سەرەوە ئاینی ئیسلام هەر لەقۆناغی پەیوەندی نێوان خالیق و مەخلوق مایەوەو زیاتر وەک بەهایەکی پەروەردەیی و مامەڵەی نێوان مرۆڤەکان بەرخوردی لەگەڵ کرا کەهەر ئەوەشە جەوهەری هەموو ئاینەکان کە بۆ رێکخستنی پەیوەندی نێوان مرۆڤەکانە نەک پەیوەندی نێوان مرۆڤ و خودا چونکە پەیوەندی نێوان خالیق و مەخلوق دیارە کەمەخلوق لەهەموو بارودۆخێکدا ملکەچی فەرمان و ویستی خالیقەکەی دەبێ.
کۆمەڵی کوردەواری کەپێکهاتەیەکی مۆزاییکی بوو بەر لە ئیسلامیش زۆرینەی کورد لەپەیڕەوانی ئاینە ئاسمانیەکان بوونەو باوەڕیان بەیەکتاپەرستی هەبووەو لەو چوارچێوەیەی کە ئیسلام بۆ پەیوەندی نێوان خوداو مرۆڤی داناوە ئەوان پێی ئاشنابونەو پەیڕەویان لێکردووە بۆیە بەرەنگاری نەبوونەتەوە بەڵام چوارچێوەی نێوان مرۆڤەکان کەمەڵی کوردەواری موسڵمان زیاتر دەستیان بەو ئایەت و حەدیسانەوە گرتووە کەهانی پێکەوەژیان و یەکتری قبوڵکردن دەدەن، چونکە کورد تەنها موسڵمان نەبوونە بەڵکو کریستیان و جوو زەردەشتی و ئێزیدی بوونە، لەپێناو پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و دورکەوتنەوە لە بەریەککەوتنی عەقائیدی ناچاربوونە لەڕێکخستنەوەی کۆمەڵایەتی سوود لەلایەنە ئامۆژگاری و نەرمونیانیەکەی ئیسلام وەربگرن.
لەڕێگەی تەریقەت و عیرفانەوە کورد زیاتر پەرەی بەئیسلامبوونی خۆی داو تایبەتمەندیەکی پێبەخشیوە کە لەوانەی دیکەی جیابکاتەوە، لەنوسخەی کوردی ئیسلامدا زیاتر دەستەواژەی خۆشەویستی بوونی هەیە هەتا ترس، زیاتر ڕەچاوی مافی خەڵک دەکرێ لەڕەچاوکردنی مافی خودا لەو ڕوانگەیەی کە «خوا بەزەیی زۆرەو ڕەنگە لەمافەکانی خۆی لێمان خۆشبێ، بەڵام هەرگیز لەسەر مافی خەڵک لێمان خۆشنابێ».
لەدوای ڕاپەڕین و وەدیارکەوتنی حزب و گرووپی ئیسلامی سیاسی کە درێژکراوەی فکری ئیخوانی یان وەهابین ئەو مۆدێلەی ئیسلامیان خستەبەر مەترسی لەناوچوون و بەئاشکرا بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کەئەوە ئیسلامی دروست نیە و ئیسلامی دروست ئەوەیە کەئیخوانەکان و وەهابیەکان بانگەشەی بۆ دەکەن بەوەی تەنها ئەوەی لەناو بازنەی بیروباوەڕی ئەوان بێ برایەو موسڵمانە، ئەوەی دیکەش بەدەرچوو لەئاین هەژماردەکرێ یان غافڵ لەدین کە پێویستی بەهۆشیارکردنەوەو هێنانەوە سەر ڕێ هەیە.
ئەو ڕەوتە ئیسلامیانە کەدەرفەتیان لەدۆخی خراپی گوزەرانی خەڵک وەرگرت و لەبەرامبەر نان داوای لەخەڵک دەکرد عەقڵ یان خۆیان تەسلیم بکەن تا لەدونیا نان و لەقیامەتیش بەهەشتیان بۆ مسۆگەر بکەن، لەوێوە جلکی کوردی ئافرەتان گۆڕا بۆ عەبای ڕەشی خەلیجی و ڕدێن بەردانەوە و سمێڵ و شەرواڵ کورت کردن بووە نیشانەی ناسینەوەی یەکترو تەوقەکردن لەگەڵ غەیرە موسڵمانێک بەکوفر ناسێندراو چوونە ماڵی ناموسڵمانێک یان موسڵمانێکی نائیسلامی سیاسی بە نا جائیز داندرا، ئەو ڕووبەرە فراوانەی لێبوردەیی و پێکەوەژیانە تەنگ کرایەوەو لەوێوە کۆمەڵگە دابەشی دوو کرا، موسڵمان و ناموسڵمان.
ئەوانەی لەدەنگی عەبدولباست و مەنشاوی ڕوحیان لەگەڵ مەقام و ئاوازو لەرەی دەنگیان دەچووە ئاسمان و لەجوانی خودا نغرۆ دەبوو، ئەوجارەیان بەدەنگی غامدی و غامڕی دەیانترساندن و ئەو ترسەشیان دەکردە کەرەستەی بنیاتنانەوەی کەسایەتیەک کەتەنها برای موسڵمانان بێ و بەرگریکاری ئاینی خوا بێ و دژی ناموسڵمان و هەموو ئەو ئاینانە بێ کەدوای هاتنی ئاینی ئیسلام ئەوان ئێکسپایەر بوون.
لەنوسخە کوردیەکەی ئیسلام مرۆڤ وەکیلی خوای گەورە نیەو ئەو دەسەڵاتەی نیە کە لەسەر زەوی کەسانێکی عاسێ لەئەمری خودا دادگایی بکەن یان ناچاریان بکەن لەنێوان ئیسلام بوون و مردن یەکیان هەڵبژێرن، لە نوسخە کوردیەکەی ئیسلام هێشتا ئەو باوەڕە زاڵە وەک کورد گووتەنی:» مەڕ بەپێی خۆی و بزن بەپێی خۆی».
کورد بەدرێژایی مێژوو هەوڵینەداوە ئاین لەبەها و حەقیقەتی جوانی خۆی دابشۆرێت، لەهزرێکی ئافرێندەرەوە ڕووت بکرێتەوە بۆ کۆمەڵێک حوکم و بڕیار، لەپڕۆسەیەکی مرۆڤسازیەوە بگۆڕدرێ بۆ پڕۆسەیەکی دەسەڵاتسازی، لەوەی یەکەمیان هەموو شتێک بە دەسەڵاتیشەوە دەبنە کەرەستەی خزمەتکردنی مرۆڤ و لەوەی دووەمیشەوە مرۆڤ تەنها کەرەستەیەکە بۆ بنیاتنانی دەسەڵات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار