سەبارەت بە گەنجان لە کارنامەی حکومەتدا واهاتووە!
سامان ساڵح فەرەج
3 ساڵ لەمەوپێش
سامان ساڵح فەرەج
بەشی دووەم: لە ئاستی خزمەتگوزارییەکاندا خاڵی پانزەهەم: گەنجانمان سەرمایەیەکی نیشتمانیی گەورە و کاریگەری مرۆیین و ئایندەسازی وڵاتەکەمانن، بۆیە لە میانەی کار و بەرنامەی گشت وەزارەتەکان، کاردەکەین بۆ بەکارخستن و ئاراستەکردنی تواناکانیان بەرەو بنیاتنانی کۆمەڵگەیەک تەندروست و پێشکەوتوو، کە ئایندەیەکی گەشتر بۆ وڵات فەراهەم بکات. ئەمەی سەرەو، دەقی خاڵێکی کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، کە دەبوو لە ماوەی دوو ساڵ و چوار مانگی ڕابردوودا، ئەنجام و سەرەتاکانی دەربکەوتایه، بەڵام بەداخەوە، نەک ئەم خاڵە، بەڵکو زۆرینەی خاڵەکانی دیکەی کارنامەکە نەچونەتە بواری جێبەجێکردن، بەڵکو لە بواری لاواندا حکومەت هەنگاوی پێچەوانەی هەڵهێناوە،
لەوانەش: ـ پرسی هاتنەوەی ناوی خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگەکان، گورزێکی کوشندەبوو ڵە ئاراستەکردنی توانای لاوان. ـ نەبوونی سیاسەتی حکومەت تایبەت بە کەناڵیزەکردنی (ڕێکخستن و ئاراستەکردن)ی پرسی لاوان. ـ نەبوونی بەرنامەی بوونە ئەندام لە بەشی سەربازی؛ پۆلیس، پێشمەرگە، بەشێوەی ڕوون و دامەزراوەیی. ـ نەخستنەگەڕی سیاسەتی ڕوونی بەکارخستن، لەهیچ وەزارەتێکی حکومەتی هەرێمدا. ـ نەبوونی ئامار و ڕوپێوی نیشتمانی ڕاستەقینە بۆ زانینی، ژمارەی لاوان، بێکاران، خاوەنکار، هاوسەردار، بێ هاوسەر... .
ـ نەبوونی هیچ، پێوەر، قانون، بەرنامە ڕێنمایی، بۆ کەرتی تایبەت لە بەکارخستنی لاوان. ـ بە گەڕنەخستنەوەی سندوقی پشینەی هاوسەرگیریی. ـ بەگەڕنەخستنەوەی سندوقی کۆمەکی پڕۆژەکانی لاوان. ـ دەرنەکردنی هیچ قانون و بەرنامەیەکی تایبەت بە هاندانی خێزان، هاوسەرگیریی. ـ جێبەجێنەکردنی قانونی خوێندنی بەزۆر"الزامی".
ـ پشتگوێخستن و نەهێشتنی دەرفەتی ڕۆڵگێڕان بۆ ڕێکخراوە دیموکرات و ناحکومی و پیشەییەکان و سەنتەر و کۆمەڵە و ناوەندەکانی ڕۆشنبیری و پێگەیاندنی لاوان.
ـ گرنگی نەدان بە وەرزش و هۆکارەکانی کات بەسەربردنی لاوان. ئەمانەو سەدان و هەزاران ڕێگەو شێەزی دیکە کە حکومەت دەتوانێت ڵە بواری گرنگی پێدانی لاواندا بیخاتەگەڕ، بۆ جێبەجێکردنی کارنامەکەی خۆی. ئێستا حکومەتی هەرێم کە کەمتر لە دووساڵی تەمەنی نۆهەمین کابینەی ماوە، ئایا دەتوانێت چی بکات؟