وەڵامی فیکرو تیۆر بەژەهرو تیرۆر

ئەنوەر حسێن(بازگر)

3 ساڵ لەمەوپێش



ئەنوەر حسێن(بازگر)

کوشتنی نەیارەکان لەڕێگەی ژەهرخواردکردنەوە، مێژوویەکی دێرینی هەیە. ئەوانەی بەر زەبری ژەهرخواردکردن کەوتوون، بەشی زۆریان دەکرێن بەدوو بەشەوە: نەیارە سیاسییەکان و نەیارە فیکرییەکان. زانایانی بواری تۆکسیکۆلۆژی (ژەهرناسی) مێژووی بەکارهێنانی ئەم مادەیە دەگێڕنەوە بۆ (4500 ساڵ پێش زایین)، بۆ یەکەم جاریش بەکارهێنانی ژەهر وەک چەکێک بۆ لەناوبردنی نەیارەکان، دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە (300 ساڵ پێش زایین). هەروەها بەکارهێنانی ژەهر بۆ لەناوبردنی نەیارە فیکرییەکان و ئەو کەسانەی کە جیاواز لەوانی دیکە بیر دەکەنەوە، دەگەڕێتەوە بۆ ناچارکردنی فەیلەسووفی گەورەی یۆنانی (سوکرات) بەژەهرخواردکردن.

لەمێژووی سیاسیی کورددا، ئەگەر بەراوردی بکەین بەمێژووی سیاسیی وڵاتانی دیکە، رەنگە بەکارهێنانی ژەهر بۆ لەناوبردنی نەیارە سیاسییەکان، دیاردەیەکی باو نەبووبێت، یاخود لەباشترین حاڵەتدا دیاردەکە هەبووە، بەڵام دەرئەنجام و لێکەوتەکانی بەنادیاری و نهێنی ماونەتەوە. لەیاداشتی سەرکردە کوردەکاندا چەندین کەیسی ژەهرخواردکردن لەمێژووی نوێی کوردستانی باشووردا بەرچاو دەکەون.

کاتێک سەرکردەیەک لەڕووی تیۆرییەوە شکست دەهێنێت لەململانێ و رکابەریی سەرکردەیەکی دیکەدا، پەنا دەباتە بەر تیرۆر. جۆرەکانی تیرۆریش زۆرن. ستالین بۆیە ترۆتسکى کوشت، چونکە بەتواناتر بوو، خۆی و دارودەستەکەی بۆچوونەکانى ئەویان پێ قبوڵ نەدەکرا. بەڵام ستالین وەکو پەڵەیەکى رەش چووە مێژووەوە، ترۆتسکیش وەکو ئایدیا و رێبازێک هێشتا خەڵک رێزى لێدەگرن.

ستالین نموونەی سەرکردەیەکی لاوازو بێدەسەڵات بوو، کە کاتێک دەسەڵاتی دەکەوێتە دەست چۆن بەکاری دەهێنێت و چی دەخوڵقێنێت، بەجۆرێک کە هەموو پڕەنسیپە هاوڕێیەتی و مرۆیی و رێکخراوەییەکان پێشێل دەکات. ئەو لەسەرەتاکانی شۆڕشدا تەنها کەسێتییەکی ئاسایی ناو پارتی بەلشەڤیک بوو، بەڵام دواتر وردەوردە لەڕێگەی کۆمەڵێک تاکتیک و فێڵەوە، نزیکەی تەواوی ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پارتی بەلشەڤیکی لەناوبرد، تا خۆی چووە هەڕەمی دەسەڵات. لەناوبردنی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پارتی بەلشەڤیک بەڕێگەی جیاجیا بوون. ئەو پڕۆسە نەگریسەی ستالین بەشی زۆری ئەندامانی پارتی بەلشەڤی پێ لەناوبرد، ناسرابوو بە «دادگا نمایشییەکانی مۆسکۆ»، کە لەساڵانی کۆتایی سییەکاندا بەڕێوەی برد. لەقۆناغی یەکەمی دادگاییەکاندا هەریەکە لە (زینۆڤیێڤ، کامینێڤ، سمرینۆڤ، باکاییڤ، مراچکۆڤسکی) لەناوبران. لەقۆناغی دووەم و سێیەمیشدا هەریەکە لە (بیاتاکۆڤ، سێربریاکۆڤ، ڕاديك، سۆکۆلینکۆڤ، بوخارين، ڕیکۆڤ، کریستانسکی، ڕاکۆڤیسکی، مۆرالۆڤ، درۆبینیس، بۆگۆسلاڤسکی) لەناوبران. بەمەش ستالین لەساڵانی (1936-1937) زۆرینەی هەرە زۆری رابەرانی شۆڕشی ئۆکتۆبەرو دامەزرێنەرانی سوپای سووری لەناوبرد.

ئەوانەی خەریکی لەناوبردنی مرۆڤەکان دەبن، لەپێناو بەجێگەیاندنی ئامانجەکەیان و رەوایەتیدان بەمەرامەکانیان، هەمیشە کەسانێک بەکاردەهێنن کە بەڕووکەش لەپلەوپایەی ئەکادیمیی بەرزدان. بۆ نموونە ئەو کەسەی کە ستالین وەک داواکاری گشتیی ئەم دادگاییانە دەستنیشانی کردبوو (ئەندێ ڤیچینسکی) بوو کە لەساڵانی بیستەکاندا سەرۆکی زانکۆی مۆسکۆ بوو، هەروەها دواتریش لەساڵانی چلەکاندا نوێنەری سۆڤیەت بوو لەنەتەوەیەکگرتوەکان.

بەکارهێنانی ژەهر بۆ لەناوبردنی رکابەرە سیاسییەکان، جۆرێکە لەجەنگی بایۆلۆژی. وڵاتی روسیا مێژوویەکی دێرینی هەیە لە لەناوبردنی نەیارە سیاسییەکان لەڕێگەی ژەهرو مادە کوشندەکانەوە. ساڵی (1959) ڕوسییەکان تەواوی ئەزموونی خۆیان خستەگەڕ بۆ سەرپێخستنی پڕۆژەی «بیۆفێرفات» بۆ لەناوبردنی نەیارە سیاسییەکان، بەتایبەتیش جوداخوازی ئۆکرانی (ستیڤان باندێرا)، کە لەشاری میونخ و لەبەردەم ماڵەکەیدا لەناو خوێنی خۆیدا گلا، پاش دوو ساڵ کەسی بکوژ هەڵات بۆ وڵاتێکی دیکەو لەوێ دانی بەوەدا نا کەجۆرە مادەیەکی ترشی بەسەر رووخساری (باندێرا)دا رشاندووە، کە جۆرە ژەهرێکەو مادەی سیانید دەردەکات.

هەمان ناوەندی تووێژینەوەی بایۆلۆژی و کیمیایی، جۆرە ژەهرێکی بەرهەم هێنا تایبەت بەتیرۆرکردنی سەرکردەی یۆگسلاڤی (جۆزێڤ تیتۆ)، بەڵام لەدوایین ساتەکاندا لە لایەن (ستالین)ـەوە فەرمان کرا بەڕاگرتنی ئەو ئۆپراسیۆنە.

لۆرکا، شاعیری چەپ و ئازادیخوازی ئیسپانی، خوازیارى ئەوە بوو نەیارەکانى لەپشتەوە نەیپێکن، لەچەند قەسیدەیەکیشدا ئاماژەی بەمەرگی خۆی دابوو، کەچى نامەردانە هەر لەپشتەوە پێکایان. ئەو لەقەسیدەی «پێشبینیی مەرگم»دا دەڵێت: [من دەمزانی کە مردووم/ ئەوان قاوەخانەو گۆڕستان و کڵێساکان بەدوامدا دەگەڕان، بەرمیل و سەرداب و ژێرزەمینەکانیان ئاواڵا دەکرد/ سێ ئێسکەپەیکەری مرۆڤیان دزی تا ددانە ئاڵتوونییەکانی لێ بکەنەوە/ بەڵام هەر منیان نەدۆزییەوە/ ئایا منیان نەدۆزییەوە؟/ نەخێر منیان نەدۆزییەوە].

چەند سەختە شۆڕشگێڕێک، رابەرێک و رۆشنگەرێک نزیکەى پێنج دەیە لەناو دەیان کارەساتى گەورەو دژوارى ناو دەیان دوژمن، نەیارو چنینى تەونى دوژمنکارانە لەهەوڵى تیرۆر، کوشتن، فڕاندن و ژەهرخواردکردن نەجاتى بوو بێت، وەکو شاخ لەبەرامبەر ئەو مەترسییانە وەستاوەو پاشەکشەى نەکردووە. بەڵام بەهۆى رەخنەگرتن و بۆچوونى جیاواز لەنزیکەوە، نزیکەکانى خۆت ژەهر خواردت بکەن، چ بەربەرییەت و بێ پرەنسپی و مەترسیدارە، ئەم رووداوە مەترسیدارە، پرۆسەى ژەهر خواردکردنى کەسایەتییە سیاسییەکان وەک (باڤڵ تاڵەبانى، مەلا بەختیار، وەستا حەسەن)، کە ئاکامەکانى دەرکەوتوەو ئەوانەش کە هێشتا مەعلوم نییە، یان بەهەر هۆکارێک نەجاتیان بووە، کە ئەوانیش خۆیان دەبیننەوە لە چەند سەرکردەیەکی دیاری ناو هەمان حزبدا، ئەوانەش کە جێگەى گومان و نیگەرانین، رەنگە هەر هۆکارەکەیان ئەوە بێت، هەرسێ گروپەکە لەناو ئەگەرو گومان و سیناریۆو واقیعیەتە دەخولێنەوە، کە پیلانڕێژییەکى گەورەو مەترسیدار بەڕێوەچوە، کە سیاسەت دەخاتە ژێر پرسیارێکى قوڵەوە.

ئەوەی کەسێتییەکی وەک مەلا بەختیار بەئامانجی دڵۆپە ژەهرەکان دەگرێت، هەر تەنها ئەوە نییە کە بکەرێکی سیاسیی کاریگەرو رەخنەگرو ڕاستگۆی ناو حزبەکەی بووە، بەڵکو لەهەمان کاتدا مرۆڤێکی سیکۆلارو زانستخواز و ڕەخنەگری خورافەو نەریتە کۆنەخوازەکانی کۆمەڵگە بووە، نە سڵی لەڕەخنەگرتن لە ئایدیۆلۆژیا رکابەرەکانی کردووەتەوە، نە سڵی لەدیبەیت و دانیشتن و گفتوگۆی نەیارەکانیشی کردووەتەوە. ئەوەی مەلا بەختیاری کردووە بە نێچیرێک بۆ ژەهرخواردکردن، ئەوە بوو کە ئەو وەک سیاسییەکی بەئەزموون باوەڕی بەدەستاودەستکردنی دەسەڵات و قبووڵکردنی ئەنجامەکانی کۆنگرەی حزبەکەی هەبووە، ئەگەرچی دەیان رەخنە و سەرنجیشی لەسەری هەبووە. هەر ئەمەشە کەجێگەی شەرمەزارییەکی گەورەیە بۆ ئەوانەی هەوڵێکی لەم جۆرەیان داوە، چونکە هەر ئەو کەسانە، ئەگەر لە بری مەلا بەختیار رووبەڕووی سیاسییەکی دیکە ببونایەتەوە کە ئەنجامی پڕۆسەیەکی دیموکراسیی قبوڵ نەکردایە، ئەوا هەرگیز نەیاندەوێرا پەنا بۆ تیرۆرێکی سپیی لەم جۆرە بەرن.

هەرچەندە لەداهاتوویەکى نزیکدا، پەردەى سیناریۆ بۆ نیشاندانى شانۆ تراژیدیەکە لادەبرێت و بەڵگەو دۆکیۆمێنت و بکەران و یاریدەدەرى بکەران دەردەکەون، بەڵام بە خەسارەتێکى یەکجار گەورە، کەڕەنگە قەرەبووکردنەوەی ئەستەم بێت.

دواجار هەوڵی لەناوبردنی مەلا بەختیارو وەستا حەسەن و ئەوانی تریش هەر بەتەنها هەوڵی پێشگرتن لەهەنگاوو ئامانجەکانی داهاتووی ئەم کەسێتییە نەبوو، بەڵکو هەوڵێکیش بووە بۆ لەناوبردنی میمۆرییەکی گەورەی شۆڕشی باشووری کوردستان، کە لەسەروبەندی نووسینەوەی یاداشتەکانیدایە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار