دوو هەڵەی ستراتیجیی نەوشیروان مستەفا لەسەردەمی گۆڕاندا
د.عەبدولرەحمان مەولود
3 ساڵ لەمەوپێش
د.عەبدولرەحمان مەولود
هەر کەسێك نکۆلی لەڕۆڵی گۆڕان بکات لەهەوڵدان بۆ دروستکردنی کۆمەڵگایەکی چاکتر، سەقامگیرتر لەوەی هەبوو، ئەوا کەسێکی تەرەفدارەو ناتوانێ بێلایەنانە بیرکاتەوە. لەم نێوەشدا کاریگەری ئیجابیانەی نەوشیروان مستەفا لەدروستکردنی ئەم ئاراستە نوێیەی سیاسەت لەکوردستان بەراورد بەهیچ کەسی تر ناکرێت. بەڵام، سەرەڕای گرنگی گۆڕان بۆهێنانەکایەی سەردەمێکی نوێی سیاسەتکردن لەکوردستان و دوربینی و جیهانبینی نەوشیروان مستەفا بۆ سیاسەتکردن و بەرژیەوەندیەکانی خەڵکی کوردستان ئەمیش لەکەموکوڕی بێبەری نییە. من لێرەدا، دوو هەڵەی ستراتیجی نەوشیروان مستەفا دیاری دەکەم. من پێموایە، ئەم دوو هەڵە لەو خاڵە سەرەکیەنەن کە گۆڕانیان بەم رۆژە گەیاندو هەر ئەوانەش وادەکەن هەستانەوەی گۆڕان بەم ناوو فۆرمەی ئێستای بکەنە موستەحیل. ئەم دوو خاڵەش ئەمانەن:
یەکەم، دەستنەگرتن بەسەرمایەی مرۆیی گۆڕان
باشترین کەمپانیای تەلارسازی ئەگەر دەست بەئەندازیارەکانی نەگرێت زۆری پێناچێ مایەپووچ دەبیت. باشترین نەخۆشخانەی پلە یەکی جیهان ئەگەر دەست بەپەرستارەکانی نەگریت لەکاردەکەویت. باشترین کۆمپانیای بۆشایی ئاسمان کە ساڵانە کەشت بۆ بۆشایی ئاسمان رێکبخات ئەگەر دەست بەزاناکان و کرێکارەکانی نەگرێت ئەوا لەناودەچێت، هتد. هەر لەسەرەتاوە گۆڕان زۆر بیمنەت بوو لەسەرمایەی مرۆیی. بۆ نموونە، لەژێر چاودێری کاك نەوشیروان بڕیاردرا کە رێگا بۆ خۆکاندیدکرنەوەی ئەندام پەرلەمانەکانی نەدات. نییەت لەم بڕیارە هەرچی بێت، لەکۆتاییدا ئەم هەڵوێستە بووە هۆی لەدەستدانی سەرمایەیەکی گەورەی مرۆیی لەبزووتنەوەی گۆڕان. ئەم بڕیارەی گۆڕان بووە هۆی دوورخستنەوەی ژمارەیەك لەو توانایانەی کە جگە لەوەی خبرەی کاری سیاسی، ئیداری و تەخەسوسیان پەیداکرد بوو، ببوون بەسیما، ناوو ناوبانگی گۆڕانیش. گۆڕان لەکاتێك بڕیاریدا کە ئەندام پەرلەمانەکانی ناتوانن خۆیان دووبارە کاندید بکەنەوە، لەسەرتاسەری دونیا خۆکاندیدکردنەوە هیچ عەیبەی لەسەر نەبوو. لەو شوێنانەی کە بە لانکەی دیموکراسی، هەڵبژاردن و پەرلەمان ناسراون بەسەدان و هەزارن ئەندام پەرلەمان هەن کەجگە لەکاری پەرلەمانتاری هیچ کاری تریان نەکردووە لەژیان.
تێنەگەیشتن یان لاموبالات بەرامبەر بەسەرمایەی مرۆیی گۆڕان، گۆڕانی بەم رۆژە گەیاند. لەئێستاشدا هەر هەوڵێك بۆ چارەکردنی ئەم بابەتە بدرێت درەنگە. ئەو مەتریاڵە مرۆییە لەچاوەڕوانی گۆڕاندا نەماوە. هەندێکی بێهیوا بوو بەیەکجاری وازی لەکاری سیاسی هێناوە، هەندێکی بوو بەئۆپۆزسیۆن، هەندێکی کاری سیاسی لەقاڵبی تردا دەکات، هەندێکی متمانەی بەهیچ کەسێکی گۆڕان نەماوە، ...تاد.
دووەم، كاك نەوشیروان شکستی هێنا لەداڕشتنی بیرۆکەی دابینکردنی سەرچاوەی ماڵی بزووتنەوەی سیاسی پێویستە جەماوەر بێت.
سەرەڕای ئەو نەوشیروان مستەفا لەخەمی ئەوەدابوو کە فۆرمێکی نوێی حزبایەتی لەکوردستان بێنێتەوە ئاراوە کەهاوشێوەی حزبایەتیکردن بێت لەڕۆژئاوا و جیاواز بێت لەحزبی بەلشفی و ستالینی کە حزب مەکتەبی سیاسی، رۆژنامەی مەرکەزی حزبی، بنەو بارەگا ، دەزگای هەواڵگیری، ... تاد هەبێت، بەڵام، جگە لەگۆڕانکارییەکی کەم، ئەو نەیتوانی گۆڕانکاریەکی گەوەرە لەشێوەی کارکردنی حزبایەتی لەکوردستاندا بێنێتە ئاراوە.
ئەم سەدەیە، بەجیاوازیەکی کەمەوە، دوو فۆرمی سەرەکی حزبایەتیکردن لەسەرتاسەری دونیا بەرهەمهێناوە. یەکێکیان ئەوەیە کە لەچین ، یەکێتی سۆڤیەتی و بلۆکی شەرقی کۆن و وڵاتە مستەبدەکاندا هەیە یان هەبوو، ئەوەی تریش کە لەوڵاتانی رۆژئاوا، هەر لە ئەسکەندەنافیا، تاکو ئەوروپا، ئەمەریکا و ئوسترالیادا هەیە. لەوەی یەکەمدا، حزب پۆلێت بیرۆ (politburo) ، دەزگای ئەعلامی مەرکەزی، ئۆرگانی مەرکەزی حزب، دەزگای هەواڵگیری، زیندانی حزبی ... تاد هەیەو دەستیش بەسەر هەمو مومتەلەکاتی دەوڵەتدا دادەگرێت یان کۆمپانیای زەبەلاحیان هەیە. بۆ نموونە، هەر ئێستا لەپەرلەمانی چین زیاتر لە دوو سەد بلیۆنێر هەن (هەر بلیۆنیك هەزار ملیۆن دۆلارە ). لەوەی دووەمدا، حزب هیچ ئەو دەزگایانەی نییە کە باسکم کردن. حزب پێش هەر هەڵبژاردنێك پێشبڕکێەك لەنێوان ژمارەیەك لەئەندامانی لەهەر بازنەیەکی هەڵبژاردن رێکدەخا و کاندیدەکانی بۆ هەڵبژاردن دیاریدەکات. حزب و کاندیدەکانیش دەستدەکەن بەکۆمەك کۆکردنەوە بۆ هەڵمەتی هەلبژاردنەکانیان، تاد.
تا ئەو ساتەش شێوەی باوی حزبایەتیکردن لەکوردستاندا شێوەکاری حزبی بەلشەفی و ستالینیە. پارتی و یەکێتی ئەم فۆرمە لەحزبایەتیکردنیان بەمیرات لەحزبی بەعسی رووخاو بۆ ماوەتەوە. گۆڕانیش هەر لەسەرەتاوە بەهەڵە دەستی پێکرد. ئەو لەسەر بودجەی گشتی و موڵکی گشتی دروستبوو، بەبێ ئەوەی مۆڵەتی لە رای گشتی وەرگرتبێت. جا ئەگەر تەبریرێكیش هەبێت بۆ چۆنیەتی دروستبوونی گۆڕان بەپشت بەستن بەبودجەو موڵکی گشتی، ئەوا هیچ تەبریرێك نەبوو بۆ بەردەوام بوون لەسەر ئەم شێوە لەکارکردن، کۆمپانیا دروستکردن و کارکردن لەسەر شێوەکاری یەکێتی و پارتی.
دەستپێشخەری نەکردنی گۆڕان لەوەی هەلمەتی کۆکردنەوەی کۆمەکی ماڵی جەماورەی بەڕێخات بۆ هەڵبژارن ، هەروەها داوانەکردن لەکاندیدەکانی گۆڕان کۆمەك کۆبکەنەوە تاکو هەڵمەتی هەڵبژاردنی خۆیانی پێبەڕێخەن، ئەو هەلە ستراتیجیە کوشندەیە بوو کە نەوشیروان مستەفا فیکری لێنەکردەوە، بەبیری دا نەهات یان کاری پێنەکرد. واتە، كاك نەوشیروان شکستی هێنا لەداڕشتنی بیرۆکەی دابینکردنی سەرچاوەی ماڵی بزووتنەوەی سیاسی پێویستە جەماوەر بێت. كاتێكیش گۆڕان شکست دێنێت لەم بابەتە، گۆڕان دووردەکەوێتەوە لەوەی ببێتە بزووتنەوەیەكی جەماوەرەی (Grassroots movement) و ناچار دەبێت دەست ببات بۆ کەرستەوەو شێوەکاری کارکردنی یەکێتی و پارتی. هەر بۆیە، بۆ نموونە، کاتێك ئەندامانی گۆڕان رەخنەیان دەگرت لەدەستپیسی وەزیرەکانی گۆڕان لەبەغدا، عومەری سەید عەلی وەك رێکخەری گشتی بزووتنەوەکە باسی لەوەدەکرد وەزیرەکان پارە بۆ حزب پەیدا دەکەن. ئەمەش سەرەتای کۆتایی گۆڕان بوو.
بەداخەوە، تازە مارکەو براندی گۆڕان تەواو بوو. حزب وەك هەر کۆماپانیایەکی بازرگانی کە متمانەی کڕیاری لەدەستدا، ئیتر هیچ (CEO) یەك یان سەرۆکێك ناتوانی پشتی راست بکاتەوە. بەڵام، سەرەڕای کۆتایی گۆڕان یان مانەوەی وەك دوکانێکی سیاسی، کۆمەڵگای کوردستان لەهەموو کات زیاتر وێڵی سەردەمێکی سیاسی نوێن کە كاك نەوشیروان دەستپێشخەر بوو لەهەوڵدان بۆ داهێنانی ئەم سەردەمە نوێیە لەسیاسەتکردن لە کوردستان.
هەوەڵەکەی کاك نەوشیروان، یەكەم هەوڵی جددی بوو بۆ دروستکردنی ئاراستەیەکی نوێ لەسیاسەتکردن لەکوردستان، بەڵام زۆربەی کات هەوەڵەکانی یەکەم و دووەمیش شکست دێنن. سەیری سێڤن ئاپ (7up) بکەن، بۆیە پێی دەڵێن سێڤن ئاپ، چونکە شەشی هەوڵی پێشتری داهێنەرەکەی شکستی هێناو لەحەوتەمدا سەرکەوت، بۆیە ناوی نا سێڤن ئاپ. ئەوەی گرنگە کۆڵنەدانی ئەو کەسانەیە کە بڕوایان بەچاکسازی لەسیستەمی بەڕێوەبردن و حوکمڕانی کوردستاندا هەیە.
تاکو ئێستا لە سلێمانی رەوت و بزووتنەوەی جۆراوجۆر دروست بوون، لەوانە رێکخراوەکەی دکتۆر بەرهەم، نەوەی نوێ، گۆڕان، رەنگە رەوتی كاك لاهوریشی بێتە سەر. ئەمانە ئەگەر بەیەکەوە کاربکەن و بەسەر جیاوازیەکانیان سەرکەون و « ئاراستەی دیموکراتی نوێ» پێك بێنن و رێکبکەون لەسەر کۆتایی هێنان بەمۆدیلی حزبی بەلشفی لەکوردستاندا و کەموکوڕیەکانی گۆڕان تێپەڕێنن، ئەوا دەتوانن ببن بە بەدیلی یەکێتی و پارتی. ئەگەرنا، کۆمەڵگای کوردستان لەبەردەم شکستێکی گەورەدایە، سەرەتاکەی بە نەمانی یەکێتی و پارتی دەستپێدەکات، بەڵام بەچی دەگات دیار نییە. شکستێك زۆر گەورەتر دەبێت لە نسکۆی ئەیلول، شکستی ریفراندۆم و دۆڕاندنی سامانی سروشتی کوردستان.
پرۆفسۆری یاریدەدەر،
زانکۆی لۆریە، واترلۆ ، کەنەدا