کۆچ؛ بەرهەمی ئۆپۆزسیۆن یان دەسەڵات؟
ئاسۆ حاجی
3 ساڵ لەمەوپێش
ئاسۆ حاجی
بەستنەوەی کۆچی بەلێشاوی لاوان بەپرسی ناعەدالەتی و نەبوونی دەرفەتی کارو گەندەڵی تەنها لایەنێکی هاوکێشەکەیە، لایەنەکەی دیکە کە ئامادەیی و کاریگەری زیاترە ئەو گوتارە پۆپۆلیستیەیە کە لەگەڵ پەیدابوونی هێزگەلی بەناو ئۆپۆزسیۆن بەتوندی تەشەنەی کرد و رووبەرێکی گەورەی لەگوتاری میدیایی ئەو لایەنانە داگیرکردووە، لەکورتترین پێناسەشدا ئامانجی راگەیاندن خۆی لە دروستکردنی رای گشتی و ئاراستەکردنی تاکەکان دەبینێتەوە چڕکردنەوەی تواناکان و کورتکردنەوەی گوتاری میدیایی لەهاندانی خەڵک بۆ بەگژداچوونەوەی بەرهەمی خەبات و تێکۆشانی زیاتر لەسەد ساڵی میللەتەکەی خۆیان، کارکردن بۆ بێ بەهاکردنی ئەو سیمبولانەی زاکیرەی هاوبەشی نەتەوەیی و نیشتیمانی پێکدەهێنن، لەسروودی نەتەوەیی و ئاڵا بگرە تا بەناوو مێژووی پێشمەرگەوە دەگات،
لە هەموو ئەوانەش خراپتر ناشیرین کردنی نیشتیمان لە بەرژەوەندی شیرین کردنی خیانەت، جوانکردنی گوتاری خۆ بەدەستەوەدانەوەی داگیرکەر و بێزەوەرکردنی مانا مەزنەکانی بەرخودان و تێکۆشان، هەموو ئەوانە بوونە هۆکاری سەرلەنوێ داڕشتنەوەی پێناسەی ئۆپۆزسیۆن بوون، کە لەکوردستان وەک مۆرانە لە جەستەی هەبوونی نەتەوەیی و نیشتیمانی داوە و هێدی هێدی لێی دەخوا تا بەتەواوی دایدەڕمێنێ. لەهەرێمی کوردستان ئۆپۆزسیۆن کە دوور لە مانا و ئامانجە راستەقینەکەی خۆی هاتە کایەوە، نەیتوانی وەڵامدەرەوەی داخوازیەکانی ئەو قۆناغە بێت کە خەڵکی کوردستان پێویستیان پێی هەبوو، لە جیاتی بەگژداچوونەوەی ناعەدالەتی و گەندەڵی و کێماسیەکانی دیکە کە لەسەر دەسەڵات حیسابی دەکەن، لەجیاتی ئاراستەکردنی خەڵک بۆ فشار دروست کردن لە پێناو چاکسازی کردن و بەهێزکردنی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان،
خەڵک و داخوازیەکانیان کردە کەرستەی بنیاتنان و تەشەنەکردنی گوتاری پۆپۆلیستی کە ئێستا بەرهەمەکەی دەبینین لە کۆچکردنی بە لێشاوی گەنجان، بەرەو چارەنووسێکی نادیار ئەوەی ئێستا لە گەندەڵی دارایی ترسناکترە، لە ناعەدالەتی کۆمەڵایەتی کاریگەرترە، ئەو گوتارە پۆپۆلیستیەیە کە بەها و مانای بۆ هیچ نەهێشتۆتەوە، ئەو هێزانەی پشت بەو گوتارە دەبەستن نە چارەسەریان پێیە و نە ئامانجێکی روون، تەنها بوونەتە زەمینەی بەرهەمهێنانی ژمارەیەک پاڵەوانی میدیایی پەڕۆینە، کە کۆتایی زۆربەیان لە پەڕلەمانە بە وەرگرتنی موچەیەکی چەور و خۆدەڵەمەند کردن، پاشانیش یان لە رێگای وەبەرهێنان لەوڵاتێکی ئەوروپی دەبنە خاوەنی ئیقامە، یان بەبێ دەنگی لێی دادەنیشن و هێدی هێدی لە بەرهەمی خاپاندنی خەڵک دەخۆن.