دەرەنجامی هەڵبژاردنەکانی عێراق و شەڕێکی نەبڕاوە!

كامیل ئەحمەد

3 ساڵ لەمەوپێش



كامیل ئەحمەد

سەرەنجام هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی عێراق، بەپێی نەخشەی ئەمریکاو هێزە بۆرژوازییە هاوپەیمانەکانی و وڵاتانی هاوپەیمانی لەناوچەکەدا،  لەکاتی خۆیدا ئەنجامدرا وێڕای هەوڵدان لەلایەن هەندێک لایەنی شیعییەوە بۆ دواخستنی لەترسی لە دەستدانی هاوسەنگی هێزیان و دەسەڵاتیان. هاوکات پرۆسەی هەژمارکردنی دەنگەکانیش تەواو بوو و ئەوەی نیشاندا کە لەم کێبڕکێ و شەڕەدا  لەنێوان ئێران و ئەمریکادا، کە عێراق گۆڕەپانەکەیەتی، تا ئێستا ئەمریکا براوەیەکی ڕانەگەیەندراوە. ڕانەگەیەندراوە چونکە لایەنی براوە لەهەڵبژاردنەکاندا تەیاری سەدری و ئەو لایەنانەن کە زیاتر لە سەر لایەنی ئەمریکی هەژماردەکرێن لەئێستادا. باشترین بەڵگەش ئەوەیە لایەنەکانی سەر بەئێران کە دیارترینیان هاوپەیمانی فەتحە هەم لەهەوڵی ئەوەدابوون کە هەڵبژاردن نەکرێت و هەم لە ئێستاشدا بەئەنجامەکانی هەڵبژاردن ڕازی نین و خەریکی ئاستەنگی پێکهێنانن بۆ ڕاگەیاندنی ئەنجامە کۆتاییەکان و پێکهێنانی حکومەت. ئەگەرچی هەمووشیان لەسەر ئەوە کۆکن کە ئەم حکومەتە دەبێت هاوپەیمانیەتی بێت و کێکەکە لەنێوان پێکهاتە کوردی و سوننی و شیعیەکاندا بەشبکرێت، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کە کام لەم لایەنانە بەپێی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بەشی شێر لەم کێکە دەبات.

ئەمەی لەعێراقدا ڕوویداوەو ڕوودەدات بەپێی بنەما پووچەکانی دیموکراسی بۆرژوازیش هەڵبژاردن نیە و شەڕێکە لەنێوان ئەم لایەنە دژ بە یەکانەدا کە دەیانەوێت لە باری یاساییشەوە فۆرمێک بەم شەڕە نەبڕاوەیە بدەن. لە ئێستادا شکڵدان بەم پڕۆسەیە شکستی هێناوە و خودی پڕۆسەکە وەستاوە، وێڕای سەرکەوتنی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی. ئەم پڕۆسەیە دوور نیە چەند مانگی تر بخایەنێت، یان هەر بە ئێجگاری لەبارببرێت و تەنانەت حکومەتیش پێکنەیەت و هەڵبژاردنی تر بکرێت، چونکە تەرازووی هێز لەنێوان لایەنە دژ بە یەکەکاندا زۆر بە خێرایی ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت لە وابەست بەکێشەکانی ناوچەکەوە. یەکلاکردنەوەی ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە پەیوەندی هەیە بەهەموو بارودۆخی ناوچەکەوە چونکە لەئێستادا یەکێکە لە پایە سەرەکیەکانی بوونی ئەمریکا لەناوچەکەدا لە ڕێگای هاوپەیمانە ناوچەییەکانیەوە. ئەم شەڕە نەبڕاوەیە پەیوەندی بەکێشەی ئەتۆمی نێوان ئەمریکاو ئێران و چۆنیەتی چوونە پێشەوەی دانوستانەکان و گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆوە هەیە کە تائێستا لەم مەیدانەدا ئێران سەرکەوتووە و وەڵام بەئەمریکا ناداتەوە، پەیوەندی بە نفوزی ئێرانەوە هەیە لەناوچەکەدا لە ڕێگای حزبوڵای لوبنان و حوسیەکانی یەمەنەوە. پەیوەندی بەو هەوڵانەوە هەیە کە کازمی و چەندین ڕەوەندی سەر بە ئەمریکا لەهەوڵی هێنانەوەی عێراقن بۆ ناو کۆمەڵگای عەرەبی و ڕووماڵکردنی عێراق و کۆکردنەوەی جارێکی تر لەژێر بەیداخی نەتەوەییداو هەوڵەکانی لوتکەی بەغدا پێش هەڵبژاردنەکان یەکێک بوو لەم هەوڵانە. ئەم کێشمەکێشانە وا پێدەچێت کە بارودۆخی شیعەکان دوولەت بکات  و ئاسۆی ناسیۆنالیستی زاڵبکات، بەڵام زمانەی ئامانی خۆیان لە فەتواو ڕاگەیاندنی سیستانیدا دۆزییەوە کە جارێکی دیکە دەڵێت ڕێک بکەون کە ئەمەش هەم هێزەکانی شیعە کۆدەکاتەوە وە هەم بە ناچار بەشێک دەبێت لەسیاسەتی ئێران  لەم هەلومەرجەدا.  بەو ڕادەیەی ئەم کێشانە هەڵکشان و داکشانیان بەسەردا دێت و ڕووداوەکان لە بارودۆخێکی ڕاگوزەردا دەچنە پێشەوەو ئاڵوگۆڕیان بەسەردا دێت، بەو ڕادەیش لەسەر کۆی چوونە پێشەوەی ئەم پڕۆسەیەو ڕاوحکردنی لە جێی خۆیدا کاریگەری دادەنێت. ئەمەش نیشانەیەکی ئاشکرای ئەو کێشمەکێشە جیهانیەیە کە لەنێوان دوو گەورە زلهێزی جیهاندا، چین و ئەمریکا، بەڕێوەدەچێت بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوریەکانیان  و بردنە بەرەوەی شەڕەکانیان لە ڕێگای هاوپەیمانە ناوچەیی و ناوخۆییەکانیانەوە.

براوە و دۆڕاوی ئەم هەڵبژاردنە کە زۆرترین کورسیەکانی پەرلەمانی بەدەستهێناوە، تەیاری سەدرە. سەدر هاوکات براوە و دۆڕاویشە. براوەیە بەوەی کە زۆرترین کورسیەکانی بەدەستهێناوە و بانگەشەی پاکوبێگەردی هەڵبژاردنەکان دەکات و پێی دێتە سەر حوکم و لەپاڵپشتی ئەمریکاش بەهرەمەندە و لەئێستادا وەک هێزێکی ناو بازنەی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا بازی دەکات، وێڕای مۆلەقەبوونی ئەم هێزەو بەیناوبەینکردنیشی. هاوکات دۆڕاوە چونکە ناچارە ڕیککەوتن بکات لەگەڵ بەرەی تەنسیقی شیعەکان بەپێی ڕێنماییەکانی سیستانی.

ئەو هێزانەشی بەسەر شانی خۆپیشاندانەکانی تشرینی عێراقدا هاتوونەتە سەرو هەر لەناوەندی تەحریرو خێمە هەڵدانەکانیانەوە وەک بەشێک لەکۆمەڵگای مەدەنی و رێکخراوەکانیان لەلایەن ئەمریکا و هێزە بۆرژوازییە ناوخۆییەکانی سەر بەئەمریکا پشتیوانی دەکرێن. ئەمڕۆش وا دەردەکەوێت بەهەمان شێوەی کاتی ناڕەزایەتیەکانی تەحریر لەپشتی سەدر بن.

هێزە ناسیۆنالیستیە کوردیەکانیش ئەجێندایان ڕۆشنە کە زیاتر سەر بەلایەنی ئەمریکین و ئەمریکا وەک پێگەیەکی ئامنی خۆی سەیری کوردستان دەکات و ئەوانیش وەک هێزی گوێڕایەڵی خۆی سەیردەکات وێڕای ڕەنگدانەوەی بەشێک لەم کێشمەکێشە جیهانی و ناوچەییانەش لەنێوان بەشێک لەو هێزانەدا.

ئەمە ئەو وێنەیەیە کەئێستا عێراقی تیادا ڕاوەستاوە و دەیانەوێت لە ڕێی ئەم هەڵبژاردنەوە شەرعیەتی یاسایی  بەکۆمپانیا بازرگانیەکانیان بدەن بۆ کەڵەککردنی سەرمایەی زیاترو بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی کۆمەڵگا و هێشتنەوەی کۆەمەڵگا لە ژێر ڕادەی هەژاری و ژیانی کولەمەرگیەوە.  پڕۆلیتاریای عێراق پێویستی بە هوشیاری و ڕێکخراوبوونی زیاترە تا لە ڕاهێنانێکی چینایەتیدا بتوانێت وەک هێزێکی چینایەتی لەمەیدانی ململانێی سیاسیدا دەربکەوێت.

kamil.ahmed.f@gmail.com

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار