لادێییەک لەڤێنیس

سەردار عزیز

3 ساڵ لەمەوپێش



سەردار عزیز

کە گەشتی بۆنی تروڵاقت لێدەهات. رەنگە تروڵاق بۆ زۆرێک وشەیەکی نامۆبێت. ئەو شیاکە یان سەنێرە شلکراوەیە، جوتیارەکانی ئەلپ دەیپەرژێننە سەر قەدپاڵەکاندا لەم وەرزەدا، هەتا خۆراک بەگیاکان بدات. گیاو وێنجەی دروێنەکراو بنەمای کاری جوتیارییە لەچیاکانی ئەلپ. لەم وەرزەدا بۆگەنی تروڵاق هەموو شتێک دەگرێتەوە، هەرچەند بکەیت ناتوانیت خۆتی لێبپارێزی.

 پاش گەیشتن تەمتومانێکی چڕو وردە بارانێکی وەک توکی گا، پێشوازی لێکردن. لەکەناڵەکەدا شێوازێکی جیاواز لەژیان دەستی پێدەکرد. حەزت دەکرد بتوانیت رابوەستیت و رابمێنێ. شارێکی بێ ئۆتۆمبیل، بێ ژاوەژاو، بێ رێگاوبانی فراوان و ترافیک. گۆندۆلەکان لەگەڵ بادا شەپۆلیان دەدا.  تۆ بەپێچەوانەی زۆرێک لەگەشتیاران بڕیارت نەدابوو سواری ئەو بەلەمە باریکە رەنگ رەشانەبیت کە ئیتاڵییەکی کاوبۆی رەنگ بەسەوڵێک بەکەناڵەکاندا پاڵی دەنێت و چیرۆکی شارەکە دەگێڕێتەوە.  تۆ زیاتر گەڕیدەی. بەئاگابوی لەوەی کەئەوەی لە ڤێنس هەیە، بەشی زۆری ئەفسانەیە. زۆر ئەستەمە نەکەویتە داوی ئەو ئەفسانەیەوە. زوو زۆر زوو، ئەفسانەی ئەمڕۆی رۆلان پارتت خوێندەوە، ئیتر بێگومان بووی لەوەی زمان و ئاماژەو سەربوردە و حەکایەتەکان تەنها لەئاینەکانەوە نایەن، بەڵکو لەژیانی بەناو عەقڵانی ئەم سەردەمەشدا مێخسکەیان داکوتاوە. گۆندۆلەکان کۆنن، مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی یانزە. بەخەسڵەت و رێڕەوو چیرۆکەکانیان کەشوهەوایەکی تایبەت دروست دەکەن. دڵگیرترین گۆندۆلە لای تۆ ئەو کەپڵە قەڵەوە بوون، کە ئەو ئێوارەیە تۆ ون بوویت، ئەوان بەرەو پیازاکەی سان مارک بەئاوی لەگونە هێمنەکەدا دەڕۆشتن و کابرای گۆندۆلەر گۆرانی بۆ دەگوتن.  تۆ ئەو ئێوارەیە سیحری خۆرئاوابوون، رێگەی لێهەڵە کردی، ئەوەندە لەبەلەمە بێ حەسرەتەکە رامای کە لەڕەنگی چاوەزار بوو، خەریک بوو کەس لەقەراخەکەدا نەدەمان.  تۆ تەنها یەکێکی لەئەو سی ملیۆن مرۆڤەی کە ساڵانە دێنە ئەم پانتاییە پڕ سەمەرەیە. ئەم گەشتیارانە ئۆردویەکی بەرفراوانن لەمرۆڤی ئەم سەردەمە کە دەیەوێت لەو شوێنانە بێت کە هەمووان بۆی چوون. پاش نیوەڕۆت لەپێشەنگای تایبەت بەشوێن و کات بەسەربرد. مرۆڤایەتی بەم شێوەیە بڕوات بەئاسانی لەسەر گۆی زەوی جێگای نابێتەوە، بۆیە دەبێت فێربین کە چۆن جیاوازتر نیشتەجێ بین. ڤێنس نموونەیەکی زەقی ئەم دیاردەیە. رۆژێک لەڕۆژان ڤێنس دووەم شاری گەورەی کیشوەرەکە بوو، پاش پاریس. ئەمڕۆ خەریکە دەبێتە شارێکی بێ خەڵکی ڤێنس.  

وەک بەشێک لە سەفەرەکەت سەردانی گێتۆی جولەکەکانت کرد. لەوێدا دیمەنی گولەبارانەکانت دی، کە بەشێکن لەمێژووی پڕ خوێناوی ئەوروپا. بیرت لە پریمۆ لیڤی کردەوە، بەڵام ئەو خەڵکی تۆرینە، ئەو شارەی کە پلانە بوو لەبڕی ڤێنس سەفەری بۆ بکەن.  دواڕۆژ کە لەگەڵ دانی ئینگیزیدا لەگۆڕەپانی پشت کڵێساکە دانیشتبون، هەستت بەئەوە کرد، کە چی دۆخێکی ئاڵۆز لەپشت جوانییەکی ئەم شارەوەیە. دان خەڵکی نیوکاسڵە، بەڵام چونکە نیوکاسڵیەکان زۆربەیان چینی کرێکارو جوتیارن، سەرسەختانە دەنگیان بە برێکست دا، ئەویش عەشقی ئەوروپایە، حەز ناکات بگەڕێتەوە بۆ ئەوێ. دان، کاری راوێژکاری دەکات بۆ پرۆژەی رزگارکردنی ڤێنس.  هەستی سەرەتا بەجۆرێک لەجۆرەکان سامناکە. کۆڵانەکان تەنگەبەرن، پێچاوپێچن، تەسک و تروسکن، هەرزوو حەزت دەکرد، بەسەر پانتاییەکی فراواندا بکرێیتەوە. دایکت واتەنی خەریک بوو دڵت دەتەقی. ئاپۆرەی خەڵکەکە ناکۆتابوون، سەریان داخستبوو و دەڕۆشتن. هەندێکیان تەنها بۆ چەند کاتژمێرێک دێنە ئێرە. کەشتیە زەبەلاحەکانی گەشتیاری لە بەندەرەکە دایان دەگرێت و ئەوانیش ئەزمونی تایبەتی شارەکە دەکەن. کەشتییە زەبەلاحەکان یەکێکی ترن لەسەرچاوەکانی بەڵا بۆ ئەم شارە. چونکە چارەنووسی نغرۆبون راودوی ئەم شارە دەنێت، هەر فشارێک رۆژێک زیاتر لەمەرگی نزیک دەکاتەوە.  ئێستا پرسیار ئەوەیە چ ڤینیسیایەک رزگار بکەن، شارێک بۆ گەشتیاران، یان شاری مێژوو یادەوریی و شارستانی؟ دیارە بێگومان شاری گەشتیاران، یان شارێک بۆ گەشتیاران، لە پێشینەیە، چونکە ڤینیس، قیبلەی گەشتیارانە لەدونیادا. کاتێک لە سەدەی هەژەدە بۆ یەکەمجار، گەشتیاری دەبێت بەمۆد، ڤینیس یەکێکە لەشارە سەرەتاکان کە خەڵک سەفەری بۆ دەکات. کێشەی ڤینیس بەشێکە لە کێشەیەکی ئێجگار گەورەتر، ئەویش کێشەی ژینگەیە. هەڵکشانی ئاستی دەریا ناوەندی شاری ڤینسی، بەتایبەتی لەساتی هەڵکشانی شەپۆلەکاندا، نغرۆ دەکات. ئەو بەیانییە زووە کە چوویتە سان، مارک، کە پاش سەینت مارکۆ پۆلۆ ناونراوە، ئەو دۆخەت بەچاوەکانی خۆت بینی. بینیت چۆن خەڵک بەجزمەوە بەگۆڕەپانەکەدا دەڕۆشتن و هەتا ئەژنۆیان ئاو هاتبوو. دان باسی ئەو بژاردەیەشی کرد، ئایا دەکرێت شارێکی هەمیشە تەڕ هەبێت؟ ئەوەی بۆ تۆ جێگای سەرنج بوو، دیمەنی هەڵوەرین و ژەنگ و پیربوونی شارەکە بوو.

 

کاتێک لە سەدەی هەژەدە بۆ یەکەمجار، گەشتیاری دەبێت بەمۆد، ڤینیس یەکێکە لەشارە سەرەتاکان کە خەڵک سەفەری بۆ دەکات. کێشەی ڤینیس بەشێکە لە کێشەیەکی ئێجگار گەورەتر، ئەویش کێشەی ژینگەیە. هەڵکشانی ئاستی دەریا ناوەندی شاری ڤینسی، بەتایبەتی لەساتی هەڵکشانی شەپۆلەکاندا، نغرۆ دەکات

هەرچەندە ئەم دیمەنە دیمەنی هەرە زاڵی هەموو شارەکانی ئیتاڵیایە. بەڵام ڤینیس دەوڵەمەندە! پاشان رامان بۆت دەرکەوت، کاتێک لە سام مارک لە کۆگا گرانبەهاکانت دەروانی، رەنگە ئەو دیمەنانە بە ئەنقەست باس نەکرێن وەک بەشێکی تر لەئەفسانەی شارەکە.  دوو دیاردە زیاتر جێگای سەرنجت بوو، خواردن و یادەوەریی. ڤینسی زۆربەی دوکانەکانی جێگای ئەو شتومەکە پلاستیک و تەختە و شوشانەیە کە وەک یادەوەریی گەشتیاران لەگەڵ دەیکڕن و دەیبەن. بەشێکی بەرچاوی ئەو کۆگایانە چینییەکان بوون. دیاردەی کڕینی یادەوریی بۆ بە زیندوو هێشتنەوەی ساتەوەختی سەردانی شارەکەیە لەگەڵ پێشاندانی بەڵگەیەک بۆ ئەوانیتر کە تۆ چویتەتە ئەوێ. چەند چێژ دەبینی لەوەی کە وەک ئەوانیتر بین.  کورد بەگشتی لەدۆخێکی دڵتەنگی و تراژیددا دەژی چونکە بەربەستێکی گەورەی لەبەردەمدایە کە ناتوانێت وەک ئەوانیتر بێت، ئەویش نەبوونی دەوڵەت. وەک ئەوانیتر نەبوون، نەعەلەتێکی کوشندەیە، سەرەتای دەگەڕێتەوە بۆ داڕووخانی عوسمانییەکان.  لەلایەکی ترەوە، خواردن، خزمەتکردن، بازرگانی هەرە گەورەی شارەکەیە. خزمەتکردن، یان پیشەسازی خزمەتکردن، یەکێکە لەو چەمکە ئابوریانەی کە پاش پیشەسازیەکانی تر دێت. ئابوری خزمەتگوزاری خەسڵەتی تایبەتی خۆی هەیە. بەڵام خواردن لە ڤێنیس یان ئیتاڵیا دیاردەیەکی پڕ سەرنجە. تۆ بیرت دێت داپیرت بە چێشتخانەی دەگوت لۆقەنتە. ئەم ناوە ئیتاڵیە رەنگە لەزمانی عوسمانییەکانەوە هاتبێت بۆ دەڤەری ئێوە. بەڵام ژەمی ئیتاڵی لە هەموو ئەوانیتری ئەوروپا بەتامترە.  بەڵام پەیوەندییکردن لە ڕێگای خواردن و کڕینی شتێکی یادەوریی، کە سۆڤینێریی پێدەڵێن، لەهەمانکاتدا جۆرێکە لەگۆڕینی شارەکە بۆ کردەیەکی بەرخۆریی.

 زۆر بەدوای کتێبفرۆشی دەستی دوودا گەڕایت، بەڵام کتێبخانەکان لە ڤێنس بەرەو قڕ تێکەوتن دەچن. ئەگەر مرۆڤەکان دێن بۆ ئەوێ هەتا بەخێرای شتێ بکڕن و هەندێ سێڵفی بگرن و ژەمێ دوان بخۆن، ئەوا ئەوەندە کاتیان نیە هەتا لەدوکانی کتێبفرۆشیدا خەساری دەن. لەهەمانکاتدا دانیشتوانی شارەکە هەتابێت کەم دەبێتەوە و سەرتاپا شارەکە دەبێتە شوێنی بەکرێدان بۆ گەشتیاران. لە ڤێنس تەنها پەنجا هەزار کەس دەژی . ئەزموونی ڤێنس دەگمەن بوو. لەهەر کوێ بوویتایە دراوسێی ئاو بوویت، مێژوویەکی درێژ لەدەورت بوو، یەکێک لەقوربانیەکانی سەردەمی پیشەسازی لەبەردەمتدایە. دەمێک بوو هەستت دەکرد کەهیچ کوێ نوێ نیە، بەڵام ڤێنس نوێ بوو، لەقەراخی کۆتاییدا بوو.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار