خهسڵهتەکانى (هیۆمانیستی، ژنبوونو جوانناسى) له‌شیعرى (شیرین ئه‌دوێ)ی رێبواردا
3 ساڵ لەمەوپێش
لێکۆڵینەوە – ئارێز
هه‌میشه چرپه لهقیژه كاریگه‌رتره، شاعیر چۆن هه‌ڵوێستى ده‌بێت، پێویسته ده‌ربڕینى هه‌بێت.
رێبوار، جیا له‌وه‌ى زۆربه‌ى ژیان و شیعره‌كانیشی ته‌رخان كراوه بۆ ره‌هه‌نده سیاسییه، كرێكارییهكهى، به‌ڵام جیاواز له‌و ره‌هه‌نده، سه‌یرى شیعره‌كانیشی كردوه به‌واتایه‌كى تر، شیعر هه‌ر ریالیزم نییه، به‌ڵكوو رۆمانسییه‌ت و گۆرانیشه.
شیرین ئەدوێ
«شیرین ئەدوێ، کاڵی شیرین!
گفتوگۆت چەندە شیرینە؛
ئەى ناسکە چاو کاڵەکە
کە گەشترین گوڵى نێرگز
ئەبێ زۆر زۆر منەتبار بێ
ئەگەر بڵێم
وەک چاوەکانت رەنگینە!
* * *
شیرین ئەدوێ، تەڵی ناسک
تەڵی ناسک‌تر لە لاو-لاو
کە گۆمى مەنگى چاوانت
پڕ-پڕە لەشادمانی
شادمانی مەعسوومانە
دڵى پاراوى شۆڕشگێڕ
پر دەکەى لەگورج-وگۆڵی؛
* * *
تەڵى تەرى نەرگسى باخ؛
رازێنەرى سەنگەرى شاخ!
بۆکوێ؟
بۆ شار ئەچیتەوە؟
جەخار و داخ!!»
شاهیدى مۆدێلێكى ناسك و رۆمانسی شیعرى رێبوار ده‌بین، كه تایبه‌ته بهمهنهلۆگێك له‌گه‌ڵ كچێكدا، كه دیاره له‌نزیكه‌وه بینیویه‌تى، شاعیر ئه‌م ژنه یان كچه وه‌ها وه‌سف ده‌كات پڕ لهتهعبیرو وێنه‌ى وه‌ها ده‌ڵێی ئه‌فسانه‌ى جوانى یان شاجوانى بینیوه، دیقه‌ت بده‌ین له(شیرین ئه‌دوێ، گوڵى نێرگز، چاوى ره‌نگین، تەڵى ناسك، لاو-لاو، گۆمى مه‌نگ، تەڵى ته‌ڕى، نێرگسی باخ، رازێنه‌ر، سه‌نگه‌رى شاخ) هه‌موو ئه‌و چه‌مك و وشانه هێنده ناسكن، ته‌نها له‌گه‌ڵ رۆح و جوانى و كائینێكى وه‌ك ژن یه‌ك ده‌گرێته‌وه، به‌ڵام من دڵنیام رێبوار هیچ كات زیاده‌ڕۆیی نه‌كردوه، لهواقیعیهتى نووسینى شیعر و وه‌سف و ستاییشى جوانى، دۆست و هاوسهنگهرانیشیدا، به‌ڵكو گرنگتر له‌وه رێبوار خۆیشی، كه‌سێكى فێمینیسته، واتا چۆن هاوارو ئیعتراز‌و نه‌فره‌تى لهچهوساندنهوهى ژن كردوه، به‌هۆى ئه‌و سته‌م و بێ مافى و نابه‌رابه‌رى به‌سه‌ریدا هاتووه، یان نه‌فره‌تى له‌و پیاوسالارییه كردووه كه زاڵه به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگادا و ژن وه‌كو هاووڵاتى پله دوو سه‌یر ده‌كات كهخهباتى كردووه.
به‌ڵام شیعرى (شیرین ئه‌دوێ) به‌رهه‌مى له‌دایكبوونى كچێكه به‌ناوى شیرین كه له‌ده‌یه‌ى هه‌شتاكاندا یان وردتر بڵێم ساڵى (1985) كاتێك دێته ده‌ر له‌ڕۆژهه‌ڵات بۆ پێشمه‌رگایه‌تى بۆ ناو ریزه‌كانى كۆمه‌ڵه، رووده‌كاته ئۆردوگاى مالوومه له‌كوردستانى عێراق تا چه‌ك هه‌ڵگرێت، له‌ناو ژنانى جه‌سورو پێشمه‌رگه‌دا شوێن بگرێت، كه وه‌كو له‌شیعره‌كه‌دا دیاره شیرین جوان بووه، به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌ك شیرین بڕیار ده‌دات بگه‌ڕێته‌وه شار‌و پێشمه‌رگایه‌تى نه‌كات، به‌هۆكارى جیاواز، به‌ڵام دیقه‌ت بده‌ن شیرین دێت بۆ ئۆردوگاو ده‌ڕواته‌وه بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان (ئێران) و نە ده‌بێته پێشمه‌رگه و ده‌ستبه‌ردارى شۆڕشیش ده‌بێت.
شیرین ژنه، شیرین ئینسانه، شیرین كورده، شیرین جوان و نازه‌نینه.
به‌ڵام له ناو ئه‌و هه‌موو رووداو و ماجه‌رایه، له‌ناو ئه‌و هه‌موو رووداوگهلهى روویدا، له‌ناو ته‌واوى ژیان و زینده‌گى شیرین، جیا لهڕێبوار كه‌سێك نه‌یتوانى رووداوه‌كه، به‌سه‌رهاته‌كه له‌هاتن و رۆیشتنى شیرین تۆمار بكات و بیكاته حهدەس و رووداو.
كه‌س، كه‌س نه‌یتوانى قسه‌یه‌ك بكات و بیره‌وه‌رییه‌ك له‌شیرین هه‌ڵگرێت و وه‌سفى بكات و ستاییشی بكات، جیا لهڕێبوار، شیرین و ژن، هاتن و رۆیشتنى كردووه به (شیعر)، كه به‌شێكه له‌مێژووى ژن، به‌شێكه له‌مێژووى جوانى ژن، به‌شێكه له‌مێژووى ژنانى شۆڕشگێڕى كۆمه‌ڵه كه له‌وكاته‌دا له‌و سازمان و جه‌ریانه‌دا به‌شداربوون.
قسه‌كه ئه‌وه‌یه، له‌هاتنى ژنێك بۆ پێشمه‌رگایه‌تى و گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ شار، له‌م سات و له‌حزه مێژوویییهدا، رێبوار سێ ره‌هه‌ندى (سیاسی، شۆڕش، ژن بوون و جوانى، گه‌ڕانه‌وه) ده‌كاته رهمزو رموزى ئه‌م شیعره.
ره‌هه‌ندى یه‌كه‌م: له‌سه‌ره‌تاى شیعره‌كه‌دا، رێبوار ته‌نها وه‌سفى جوانى شیرین ده‌كات، وه‌كو كارمامزێكى رەزا سووك، وه‌كو گوڵه نێرگزى بههارانهى كوردستان، كهچاو كاڵێكى جوانتر لهگوڵى نێرگز، ته‌نانه‌ت ده‌ڵێت «نێرگز به‌و جوانییه‌ى خۆیه‌وه، ناگات به‌چاوه جوانه‌كانى تۆ».
رێبوار، ژن یان (شیرین) ره‌گه‌زێكه كه‌ده‌توانێت رووناكى باشتر ببه‌خشێته مۆمه‌كان، سه‌وزى جوانتر بداته گه‌ڵاكان، سپیبوون بداته به‌فر، شیرین ببێته فریشته‌ى سیحراوی.
ره‌هه‌ندى دووهه‌م: به‌شی دووهه‌مى شیعره‌كه، جیا له‌به‌رده‌وامى وه‌سفى جوانى شیرین، كه وه‌كو تاڵى ناسكى لاولاوى سپێده‌و به‌یانیان گه‌ش و جوانه، به‌ڵام دواتر پارادۆكسێك هه‌ستپێده‌كه‌ین كه ده‌ڵێت:
«گۆمى مه‌نگى چاوانت
پـڕ پــڕه لهشادومـانى»
گه‌وره‌یی شاعیر ئه‌و كاته‌یه كه‌ده‌توانێت له‌پاڵ مه‌رامه شیعرییه‌كانى خۆییدا، سه‌رده‌مه‌كه‌ى خۆشی بگێڕێته‌وه یان وه‌كو جه‌لال ئه‌مین ده‌ڵێت «له نێو هه‌موو گاشه به‌ردێكدا په‌یكه‌رێكى جوانى شاراوه هه‌یه، ئه‌وه ته‌نها هونه‌رمه‌ندانن، په‌یكه‌ره جوانه شاراوه‌كانى نێو حه‌شارگه‌ى گاشه به‌رده‌كان ده‌دۆزنه‌وه».
ده‌مه‌وێت بڵێم «ئه‌وه رێبوار، جیا له‌وه‌ى چیرۆكى سه‌رده‌مه‌كه‌ى خۆى له‌ڕێگاى ئه‌م شیعره‌وه ده‌گێڕێته‌وه (سه‌رده‌مى شۆڕش، سه‌رده‌مى هاتنى كچان بۆ پێشمه‌رگایه‌تى، شۆڕشى چه‌وساوه‌كان و مهعسومهكان، سه‌نگه‌رى شاخ)»، له‌هه‌مانكاتدا وه‌كو گوتم: رووداوێكى ساده‌ی هاتنى كچێك بۆ پێشمه‌رگایه‌تى شیعرێكى گه‌وره به‌رهه‌م ده‌هێنێت.
گه‌ر بگه‌ڕێمه‌وه، سه‌ر وجودى پارادۆكس له‌شیعرى (شیرین ئه‌دوێ) وه‌كو گوتم له‌به‌شی دووهه‌مى شیعره‌كه‌دا، شیرین له‌یه‌ك كاتدا گۆمى مه‌نگى چاوانى پڕه لهشادومانى، دواتریش ده‌ڵێ «شادومانى مهعسومانه».
گۆمى مه‌نگ جیا لهجوان ناسییهكهى ئاماژه‌یه بۆ مه‌نگى و بۆ خه‌م، به‌ڵام له‌هه‌مانكاتیشدا ده‌كرێت شادومانیش بێت.
له‌وەش گرینگتر شادومانى چاو، بۆ شادهكانه، بۆ خوا پێداوه‌كان و چینه ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانه، به‌ڵام شادومانى چاوه‌كانى شیرین بۆ مهعسومانه، بۆ بێ به‌شه‌كانه، ئه‌مەیش خاڵى دووهه‌مى پارادۆكسی ناو شیعره‌كه‌یه، كه‌ده‌كرێت پارادۆكس یه‌كێك بێت لهڕهگهزهكانى شیعر‌و ئه‌ده‌بیات و پەیوهندیشی هه‌یه به‌تواناو سه‌لیقه‌ى شاعیره‌كه‌وه.
ره‌هه‌ندى سێیه‌م: گه‌ڕانه‌وه‌ى شیرینه بۆ شار، كه چ داخ و جهخارێکى دروستكردووه؟ بۆ كوێ؟ بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ شار، واتا گه‌ڕانه‌وه بۆ ژێر ده‌سته‌یی، بۆ سته‌م و بۆ حكومى مه‌لا، بۆ بێ-به‌ش بوون له‌خه‌باتى شاخ و شۆڕش، بۆ به‌شدارنه‌بوون له‌شۆڕش و رزگارى و چینایه‌تى، بۆیه شاعیر داخ له‌وه ده‌خوات، شیرین كچه پێشمه‌رگه‌ى ناو ریزه‌كانى سازمانێكى چه‌پ و ماركسیست گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ ژێر ده‌سه‌ڵاتى حكومى مه‌لا، كه ئه‌مان سه‌نگه‌رى شۆڕش و شاخیان گرتووه.
هه‌ر له‌به‌شی سێیه‌مى ئه‌و شیعره‌دا، شاعیر هه‌وڵده‌دات شیرین نه‌گه‌ڕێته‌وه شارى مۆدێرنه‌و شارى سخناخ بهعهسكهرو پاسدار، شارى خامۆش له‌ئازادى و شاری بێ مافى.
هه‌وڵ ده‌دات، له‌شاخ بمێنێته‌وه، له ناو شۆڕش بمێنێته‌وه، تا دڵى پاراوى شۆڕشگێڕه‌كان، پڕ بكات لهگورجوگۆڵى.
وارده، خه‌باتى هاوبه‌شی نێوان ژن و پیاو، كوڕ‌و كچ، كاریگه‌رى سایكۆلۆجى هه‌یه له‌سه‌ر شۆڕش و ره‌نگه هه‌ست و ئیحساس و خۆشه‌ویستى زۆرتر بكات بۆ سه‌نگه‌رى شۆڕشگێڕان.
به‌ڵام شیرین، دواجار ده‌گه‌ڕێته‌وه شار‌و سه‌نگه‌ر جێده‌هێڵێت، به‌ڵام شۆڕش به‌رده‌وام مایه‌وه، ئه‌وه‌یش كهدهقێكى شیعرى جوانى به‌رهه‌مهێنا، هاتن و رۆیشتنى شیرین بوو.
به‌ڵام هیچ شیعرێكى مه‌زن نییه، له‌دونیادا بیركردنه‌وه‌یه‌كى مه‌زن له‌پشت به‌رهه‌مهێنانییه‌وه نه‌بێت، ئه‌وه‌ى ده‌قێك به‌زیندوویی ده‌هێڵێته‌وه، ئه‌و بیركردنه‌وه قوڵه‌یه كه بۆ ژیان و مرۆڤى بوون له‌خۆیدا هه‌ڵیگرتوه.
بیركردنه‌وه‌ى رێبوار، به‌و قووڵییه له‌شیرین و حیكایه‌تى ئه‌م هاتن و رۆیشتنه وایكردووه، ئه‌م ده‌قه به‌زیندوویی بمێنێته‌وه، چونكه هه‌ڵگرى خه‌سڵه‌ته پۆزهتیڤهكانى ژیان و مرۆڤ بوونه.
رێبوار پێش هه‌ر شتێك، وه‌كو ئینسان سه‌یرى شیرین ده‌كات، دواتر وه‌كو ژن، پاشان جوان، شۆڕشگێر...
هه‌ر بۆیه لەناو شیعره‌كه‌دا هه‌رسێ خه‌سڵه‌تى (ئینسانى، ژن، جوانى) كۆبوونه‌ته‌وه.
10/3/2020
سه‌رده‌مى كۆرۆنا