گەندەڵى و برسێتى وڵاتە هەژارەکان لەسپیکردنەوەى پارەوە دەستپێدەکات

هیوا كازم

3 ساڵ لەمەوپێش



 

هیوا كازم

ناوی كتێب:

بازرگانیکردن بەسپیکردنەوەى پارە

ساڵی چاپ : 2018

خوێندنهوهی: هیوا كازم

لهبڵاوكراوهكانی دهزگای ئایدیا

بۆ فكرو لێكۆڵینهوه 

 

لەسەرەتاى کتێبەکەداو لەپێناسەى سپیکردنەوەى پارە دەڵێت، سپیكردنەوەی پارە بریتییە لەكۆمەڵە چالاكییەك، كەدوور لەچاو و دەستی دامودەزگاكانی دەوڵەت ئەنجامدەدرێن و لەتۆماری هەژماری داهاتی نەتەوەیی تۆمار ناكرێن. سەرچاوەكەیشی پارەیەكی پیسەو خاوەنەكانیان دەیانەوێت لەقۆناغی دواتردا، سپیی بكەنەوەو رووخسارێكی شەرعیی بۆ زیاد بكەن و بیخەنەوە ناو كارو چالاكیی رێگەپێدراو، ئەویش بەئەنجامدانی كۆمەڵێك پرۆسەو حەواڵەی دارایی بۆ گۆڕینی سیفەتە نایاساییەكەی بۆ سیستەمێكی رێگەپێدراوو سیفەتی بەیاساییبوونی بخرێتە پاڵ.

قەبارەی سپیكردنەوەی پارە بەشێوەی ساڵانە لەسەر ئاستی جیهان بەرانبەرە بەڕێژەی 25% لەكۆی ئاڵووێرە دارایییەكان لەناو بازاڕە دارایییەكانی جیهان.

تووێژینەوەكان ئاماژە بۆ ئەوەیش دەكەن، رێژەی 70%ی قەبارەی پارە سپیكراوەكان لەڕێگەی بازرگانی بەماددە هۆشبەرەكان و چەند كارێكی تری وەك بازرگانیی چەك و ساختەكردنی دراوەكانەوە دەستدەكەوێت. شاری نیویۆرك لەویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا بەگەورەترین ناوەندی جیهانی بۆ ئەنجامدانی تاوانی سپیكردنەوەی پارە دادەنرێت، بەڵام شاری لەندەن بەڕكاربەرێكی بەهێزی نیویۆرك دەدرێتە قەڵەم .

لەهەندێك وڵاتانی جیهاندا بازرگانیكردن بەماددە هۆشبەرەكان و بازرگانیكردن بەمرۆڤ و ئەندامەكانی جەستەی مرۆڤ و لەشفرۆشی و تاوانكاری و كاری توندوتیژی، ئەمانە هەمووی بەسەرچاوەی پارەی پیس هەژمار دەكرێن.

بەپێی راپۆرتێكی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكیش لەساڵی 1997 ئاماژە كراوە بەقەبارەی سپیكردنەوەی پارە كەساڵانە گەیشتووەتە نزیكەی سەد ملیار دۆلار، ئەو پارەیە خراوەتە ناو پارەی پاك و نزیكەی لە 2%ی داهاتی جیهانی پێكدەهێنێت.

لەبەشێکى ترى کتێبى بازرگانیکردن بەسپیکردنەوەى پارە سەرچاوە سەرەكییەكانی پارەی پیس (نایاسایی) رووندەکاتەوە لەچەند خاڵیکدا کە ئەمانەن:

1-بازرگانیی ماددە هۆشبەرەكان.

2- بازرگانی چەك و تەقەمەنی.

3-بەرتیلوەرگرتن، دەستپیسی و زیانگەیاندن بەسامانی گشتی و زیادەڕۆیكردن.

4-تاوانەكانی زیانگەیاندن بەژینگە (پاشەڕۆ ژەهراوییەكان، پاشەڕۆ ئەتۆمییەكان).

5-گەندەڵیی ئیداری و دارایی و سیاسی.

6-تاوانەكانی تیرۆر و چەتەگەریی و رفاندنی فڕۆكەو بەبارمتەگرتنی قوربانییان بەمەبەستی دەستكەوتنی پارە.

7-تاوانەكانی فێڵكردن و دەستبڕین و پرۆسەكانی ساختەكاری و فێڵی بازرگانی.

8-خۆدزینەوە لەپێدانی باج بەدەوڵەت.

9-هەموو جۆرەكانی دزیكردن وەك (دزینی شوێنەوار، دزینی مافی چاپ و بڵاوكردنەوەی بەرهەمی ئەدەبی و زانستی و سێدی) .

10-تاوانەكانی دەستبڵاوی و بەفیڕۆدان.

11-تاوانی دەستدرێژیكردن و تاڵانوبڕۆیی.

 12-تاوانی ساختەكردن بەهەموو جۆر و شێوازەكانی.

13-ئاودیوكردن و مامەڵەكردن بەكاڵا رێگەپێنەدراوەكانی بازاڕی رەش.

14-ئاڵوێریی ژێربەژێری بازاڕی دراوە بیانییەكان .

15-بازرگانیكردن بەمرۆڤ (لەشفرۆشی، منداڵان، ژنان بەگشتی).

16-بازرگانیكردن بەئەندامانی جەستەی مرۆڤ.

بۆ ناساندنی تاوانی سپیكردنەوەی پارە لەگۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا چەند رێکەوتنێک کراوە کە گرنگترینیان، رێكەوتنی ڤیەننای نێودەوڵەتی، كە بەرەنگاریی ئەو تاوانە رێكخراوە بووەتەوە و پاش ئەویش چەندین رێكەوتنی نێودەوڵەتی تری بەدوای خۆیدا هێنا، كە هەڵساوە بەناساندانی ئەو تاوانە.

ناساندنی سپیكردنەوەی پارە لەڕێكەوتننامەی ڤیەننا لەساڵی 1988:

ئەو رێكەوتنە یەكەم بوو لەناساندنی سپیكردنەوەی پارە وەك تاوان. سێ خاڵیشی دیاری كردووە بۆ تاوانی سپیكردنەوەی پارە، بەڵام هەرگیز سپیكردنەوەی لەو خاڵانەدا نەهاتووە.

 هەر چەند پرۆسەی سپیكردنەوەی پارە زیاتر بێت، تێكڕای پاشەكەوتی ناوخۆیی كەمتر دەبێت، چونكە سپیكردنەوەی پارە دەبێتە هۆی بردنی سەرمایەداری بۆ دەرەوەوە. دواجاریش كاریگەریی لەسەر پاشەكەوت دروست دەكات و كەمی دەكات، كەئاڕاستەكەری كاری وەبەرهێنانە.

پرۆسەكانی سپیكردنەوەی پارە كاریگەرییەكی سەلبیی هەیە بۆ سەر بەهای دراوی نیشتیمانی لەو وڵاتەی سەرچاوەی ئەو پارانەیە بەهۆی پەیوەندیی ئەو پرۆسانە بە بەقاچاخبردنی پارەكە بۆ دەرەوە، چونكە پێویست دەكات ئەو پارەیە بگۆڕدرێت بۆ دراوی بیانی، ئەمەیش مانای زیاتربوونی داواكارییە بۆ ئەو دراوە بیانییانەو دابەزینی دراوی ناوخۆیی. دوا جاریش بەهای دراوی ناوخۆیی دادەبەزێت و بەهای نامێنێت.

نوسەرانى کتێبەکە كاریگەرییە ئابووری و كۆمەڵایەتییەكانی سپیكردنەوەی پارە دەخەنەڕوو لەچەند خاڵێکدا کە ئەمانەن: 

1-تێكچوونی سیستمی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و هەڵوەشاننەوەی تەونی ئاكاریی كۆمەڵگە

2-سەرهەڵدانی دیاردەی رفاندن و دەستدرێژیكردن و تیرۆركردنی خەڵك بەپارە

3-تێكچوونی هاوسەنگیی پەیكەری كۆمەڵایەتی، زۆربوونی كێشەكانی هەژاری و دابەزینی ئاستەكانی گوزەران و ژیانی هاووڵاتیانی عێراق

4-زۆربوونی گەندەڵی و تاوانكاریی كۆمەڵایەتی و بەرتیلخۆری

5-هاتنی بەلێشاوی كاڵاو خزمەتگوزاریی ساختە و خراپ و فرۆشتنیان بەهاووڵاتیان

6-تێكدانی رەوشی كۆمەڵگە لەڕێگەی بازرگانیكردن بەماددە هۆشبەرەكان

7-زۆربوونی رێژەكانی تاوان و لەدەستدانی ئارامی و ئاساییشی هاووڵاتیان

8-سەرهەڵدانی پاشاگەردانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری

9-لەدەستدانی هەموو جۆرەكانی لێپرسینەوەو چاودێریكردن و تەنگەتاوكردنی یاسایی

10-لاوازبوونی داهاتی ناوخۆیی و تێكچوونی سیستمی دارایی

11-داچۆڕاندنی سەرمایە لەڕێگەی دزینی (دراوی قورس) لەبانكەكان و گۆڕینی بۆ پرۆژەكانی وەبەرهێنان لەدەرەوەی وڵات

12-پەكخستنی پرۆژە پیشەسازییەكانی عێراق و لەباربردنی توانای بەرهەمهێنان

13-قەرزداركردنی عێراق بەهۆی بردنی بڕێكی زۆری سەرمایە بۆ دەرەوە، ئەوەیش بووەتە هۆی تێكدانی هاوسەنگیی نێوان پاشەكەوتكردن و بەكاربردن

14-ناسەقامگیریی نەختینەیی (دارایی) و دابەزینی هێزی كڕینی دراوی نیشتیمانی

15-خراپی دابەشكردنی داهات و كۆبوونەوەی لەدەست چینێكی مشەخۆردا

16-هێنانەناوەوەی كاڵاو شمەكی ساختە بۆ ناو بازاڕەكانی عێراق و كوشتنی پیشەسازیی نیشتیمانی، بەپێی بنەمای ئیبن خەلدون: «كاڵای خراپ جێگەی كاڵای چاك دەگرێتەوە»

سپیکردنەوەى پارە چەندین لێکەوتەى کۆمەڵایەتى هەیە، کە ئەو تاوانانە بوونەتە هۆی دروستبوونی نایەكسانی چینایەتی لەنێوان چین و تووێژەكانی ناو كۆمەڵگە، چونكە وایكردوە چینێك دەوڵەمەند بێت و یەكێكی تر هەژار بێت، لەبەر هیچ تەمویلێك بۆ ئەو خێزانە هەژارانە نییە.

پرۆسەی سپیكردنەوەی پارەیش بەسێ قۆناغی گرێدراو بەیەك تێدەپەڕێت، ئەوانیش: یەكەم: قۆناغی دانانی پارە، دوەم: قۆناغی شاردنەوە. سێیەم: قۆناغی تێكەڵاوكردن و تەكامولبوون.

رۆڵی بانك و دامەزراوە داراییەكان لەبەرەنگاربوونەوەی تاوانی سپیكردنەوەی پاره:

نووسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمەریكی باس لەوەدەكات، كە لە 50%ی كۆی پارەی سپیكراو دەچێتە ویلایەتەیەكگرتوەكان بەڕێگەی سیستەمی دارایی. وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكیش مەزندەی ئەوە دەكات كە 99.9% پرۆسەكانی سپیكردنەوە بەڕێگەی دامەزراوە دارایییەكان سەركەوتووانە ئەنجام دەدرێن.

پرۆسەی سپیكردنەوەی پارە لەعێراق

 لەدوای جەنگی ساڵی 2004 و پاش نەمانی چاودێریی حكومی بەسەر دامەزراوەكانی بەشێوەیەكی راست و دروست، بەهۆی رووخانی ژێرخان و لاوازبوونی بازاڕی عێراق، ئەو وڵاتە بووە ژینگەیەكی لەبار بۆ روودانی تاوانی سپیكردنەوەی پارە. ئەو دۆخە وای كرد، ئەو دیاردەیە بەشێوەیەكی بەرچاو بڵاوببێتەوە بەهۆی نەبوونی یاساو دەزگای چاودێریی بەهێزو دروستبوونی بازاڕی رەش .

سەرچاوەی پارە نایاسایییەكان لەعێراق

چەندین سەرچاوە هەن كە بوونەتە كوانووی ئەو پارە نایاساییانە. گرنگترینیشیان:

-دزینی بانكەكان دوای رووخانی رژێمەكەی عێراق، كە بڕێكی زۆر لەپێكهاتەی سپیكردنەوەی پارە لەخۆدەگرێت لەعێراق.

-ئەو پارانەی لەدزینی پارچە شوێنەوارییە بەهادارو كۆنەكانەوە دێن و فرۆشتنیان لەبازاڕەكانی جیهانی.

-بەقاچاخبردنی نەوت و لقەكانی تری.

-بازرگانیكردن بەماددەی هۆشبەرو بەرتیل و گەندەڵیی ئیداری. بردنی پارەی هەندێك دامەزراوەی دەوڵەت لەلایەن بەرپرسانەوە لەكاتی جەنگ و دروستكردنی كۆمپانیای وەهمی.

لەبەشى کۆتاییدا کتێبەکە باسى عێراق دەکات و رایدەگەیەنێت، ژمارەیەك لەشارەزایانی دارایی و پەرلەمانتارانی عێراق و ناوەندە ئابوورییەكان لەمڕووەوە پەنجە بۆ بانكی ناوەندی رادەكێشن و بەوە تۆمەتباری دەكەن كە لەڕێگەی تێوەگلان و هەوڵدان بۆ داچۆڕاندنی یەدەگی دراوی بیانیی قورسەوە كار بۆ وێرانكردنی ئابووریی عێراق دەكرێت.

بەپێی زانیارییەكان (5 تا 6) مافیای ئابووری لەعێراقدا بوونیان هەیە، كە خاوەنی چەندین كۆمپانیاو بانكی تایبەتن و لەدەرەوەی بنەماو رێنمایییە كارپێكراوەكانی تایبەت بەفرۆشتنی دراوەكان كاری فرۆشتنی دراوی قورس ئەنجام دەدەن و بەگشتی قازانجی رۆژانەیان دەگاتە سەرووی (280) ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی.

 لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق لەمانگی نیسانی 2015دا لەدەستچوونی نزیكەی (360) ملیار دۆلاری راگەیاند، بەهۆی زۆربوونی گەندەڵی و دیاردەی سپیكردنەوەی پارە، كە بەگشتی لەنێوان ساڵانی 2006-2014دا روویداوە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار