ماڵی کازمی نەبووەتە ماڵی عێراق
هاوڕێ توانا
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڕێ توانا
پێش مەرج بۆ بوونی ماڵ ماڵێک گونجاو بۆ ژیان گرێدراوی بوونی ئاسایش و ئارامییە، خۆی نیشتمان (نیشینگە) یان ئەو شوێنەی نیشتەجێ بوون وحەوانەوەی فراونترو ماڵێکی گەورەترە لەماڵی کەسێک خێزانێک، ئیدی وا وێنای بکە نیشتیمان ماڵی کۆمەڵە، بەڵام ئەو ماڵە نابێت بەماڵ ئەگەر ماڵداری کارێکی نەبێت، بۆ نموونە لەکوردەواریدا نەبوون بەماڵ، راستەوخۆ گوزارشت لەشکست و فەشەلی خاوەن ماڵ دەکات، خاوەن ماڵ کێیە؟ لەکۆمەڵگای پیاوسالار ئەوە باوکە کە سەرو سەرۆکی خێزانە، واتا سەرۆکی خێزان هەم ئەرکدارە هەمیش خاوەن بڕیارە، ئەمما کاتێک کە ماڵێک گەشەی ئابووری نیە، پەروەردەی منداڵی باش نیە، پەنجەی تۆمەت بۆ سەرو سەرۆک راناکێشرێت بەڵکو دەڵێن ئەوە ماڵداری کارەکەی باش نیە، مەبەست لەهاوسەری سەرۆکە، جا ماڵ کە یەکەم یەکەی بچووکی و کۆمەڵە عادەتەن لەڕۆژهەڵاتدا چوارچێوەو مۆدێلی خێزان فۆڕمی ئیدارەدان و بەڕێوەبردنیشە، پرسی هاوبەشی لەکۆمەڵ و خێزانی تەقلیدی جۆرێکە لەنەقس! سەرۆک لەسەرەوە تەعبیر لەئیرادەی خەڵک دەکات هەمیش وەک خاوەنی رەهای ماڵ وێنا دەکرێت و خۆشی بڕیاردەرە، ئیدی پرسی ماڵ کێشەی ئیدارەدانی ماڵ دەرە بابەتە،
من تەنها ویستم وێنەیەکی بچوکراوەی دەوڵەت و جۆری بەڕێوە بردن پێشچاو بخەم، بابەت پرسی نەبوونە ماڵی عێراق و هێرشە درۆنیەکانی سەرماڵی مستەفا کازمیە، ئەوە روونە عێراق دەوڵەتێکی دەستکردە، هەموو دەوڵەتێک دەستکردە، بەڵام هەن دەستکردی خەڵک خۆیەتی هەشە دەستکردی ئەوانی ترە، جا کاتێک ئەوانی تر ماڵێک دروستدەکەن ئەوا بەپێوەرو پێوانەی بەرژەوەندیەکانی خۆیان چواچێوەو تەرکیبەی بەڕێوەبەردنی دیاری دەکەن، نەک سروشت خەسڵەتی خاوەنانی ماڵ خۆی، ئینگلیزی بەریتانی کەدیزاینەری عێڕاقە، کاتێک دێت لەسێ پێکهاتەی جیاوازو سێ پێکهاتەی ناکۆک بەیەک، ماڵێک دروستدەکات، یەکێک لەپێکهاتەکان دەکاتە خاوەنی ماڵ سەرێکی بۆ هاوردە دەکات ) خێزان ئاسا) ئەو پێکهاتەیەش هاوبەشی بەپێکهاتەکانی تر ناکات، ئەوە روودەدات کە روویدا شەست ساڵێک عێراق بەکوتەک و کودەتا هەوڵی بوونە ماڵ دەدا کەچی هەر نابێتە ماڵ، ئیدی بۆیە لەو مەسافە مێژووییەو تۆماره پڕ لەشەڕو خوێنە لەهەوڵ و هەنگاوەکانی مەلیک فەیسەڵ و ساتح الحوسری تادەگاتە دوایین هەوڵ وهەنگاوەکانی سەددام و بەعس عێراق ماڵێک دەبێت کە مواسەفاتی ماڵی تیانیە، بەردەوام ماڵێک دەبێت پڕ لەشەڕو پێکدان،
ئیگلیزی ئەمریکی کاتێک دێت بەمەنتقی هێزو مارێنز نیازمەندە کەوا ئەو مێژووە هەڵگەڕێنێتەوە بە میتۆدی هاوبەشی دروستکردن ماڵێک دیزاین بکات بەڵام لەدواجار شکست دێنێت، جا ئەو شکستە چەندە پەیوەندیدارە بەجیرانی خراپ، ئێران، تورکیا، سوریا، ئوردن ، ئەوە ئەوەندەو نیو دەلالەت لە نەبوونی زەمینەی ماحاڵبوونی ماڵی عێراق خۆی دەکات، بەکورتی هێرشەکردنەسەر ماڵی مستەفا کازمی بەر لەوەی هێرشێک بێت بۆ سەر ماڵێک تەعبیرە لەشکستی نەبوونە ماڵێک کەدەوڵەتی عێڕاقە.