((ئاوڕێک لە فیلمی پلاتفۆرم))

3 ساڵ لەمەوپێش



عومەر ئەحمەد عزیز

فیلمی پلاتفۆم لەلایەن دەرهێنەرێکی ئیسپانی بە ناوی ((گالدەرگازیتلو ئوروتیــان ))دەرهێنراوە، تا ئێستاش چەندین خەڵاتی سینەمایی وەرگرتووە. دەکرێت سەرنجەکان بەچەند هەڵوێستەیەکی کورت لەسەر ئەم فیلمە بخەینەڕو: -

ژیان زیندانێکە لە چەندین نهۆم پێکهاتووەو مرۆڤەکان بە شێوەی ستونیی دەژین کە گوزارشتە لە چینایەتی، سامان و داهاتی ژیان لە سەرەوە بۆ خوارەوە دابەش دەبێت، بە جۆرێک ئاستی خوارەوە هیچ سامان و داهاتێکیان بۆ نامێنێتەوە، ئەوەی ئەم زیندانی ژیانە بەڕێوەئەبات پێی وایە پێویستە مرۆڤایەتی خۆی ناوەندی هاوسەنگی بپارێزێت، هەروەها بەشێوەیەکی زۆر ئەندازەیی و زانستیی ژیان بەڕێوەدەبرێت، وەکو بڵێی ئەسڵی ژیان خۆی چینایەتییە، هەوڵدان بۆ نەهێشتنی ئەم چینایەتیە کارێکی زۆر دژوارە، چونکە بە ئەستەم ئەتوانرێت بڕوا بە مرۆڤ بهێنرێت دەست لەو زیادەڕەویی و بەرخۆرییە بەربدات، کە لەسەر حسابی کەسانی تر ئەنجامی دەدات، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە مرۆڤایەتی هەرگیز واز لە خەونی ئازادیی و یەکسانیی ناهێنێت، بۆ ئەم کارە هێز هاوشانی ڕۆشنبیریی و مرۆڤی خوێندەوار، کە هەست بە مافەکانی دەکات گرنگن، دیالۆگ و بیرۆکراتییەت بە تەنها ناتوانن ژیان بگۆڕن و باشتری بکەن، هەروەها ئەوەی کە گرنگە بەپاکی بمێنێتەوە بریتیە لە نەوەی داهاتوو، مرۆڤەکانی دوای ئێمە بەپاکی بمێننەوە چونکە ئامانجی هەرە سەرەکی بریتییە لە نەوەی داهاتوو، نەوەی داهاتوو نهێنیی و سیمبولی ژیانن، ڕزگاریی مرۆڤایەتیش پێویستی بەقوربانیدانە، بەبێ قوربانیدان ئەستەمە مرۆڤ لەچنگی نادادیی و چینایەتی ڕزگاریی ببێت.

-ئەم فیلمە پڕە لە ڕەمز، هەر لە ڕەمزی ژمارەکانەوە بیگرە تا هێمای نێو فیلمەکە، کە کچە بچکۆلەکەیە، وەک مرۆڤێکی پاک و بێگەرد تا لەوێوە عەدالەتی مرۆڤایەتی دەستپێبکات، ڕەمزو کۆتایی کراوە، سیمایەکی ڕۆمانی نوێیە و لە فیلم و سینەماشدا ڕەنگیداوەتەوە. - سۆشیالیزم و کاپیتالیزم وەکو دو ڕێباز لە دژایەتی دەستکاریکردنی دنیا بەردەوامن، وەکو دەوترێت تا مرۆڤایەتی مابێت سێبەری سۆشیالیزم دەمێنێت، ئەم فیلمە لەڕویەکەوە ڕەخنەیە، لە هەر دو سیتسەم، یەکەمیان مرۆڤ بەو دەردە ئەبات، کە مرۆڤایەتی ئەمڕۆی تێی کەوتووە، وەکو دەوترێت لەسیستەمی کاپیتالیزمدا پارەی نانی بەیانی دەوڵەمەندێک نانی مانگێکی هەژارەکانە، سۆشیالیزم دێت دادگەریی بەدیبهێنێت، کەچی لەو نێوەندەدا چەندین کوشتن و بڕین ڕودەدات، هەندێک جار پێویستت بەوەیە زۆرێک لەو مرۆڤانەی کە دەتەوێت ژیانیان باش بکەین بکوژرێن، بەدیویکدا ئەم فیلمە ڕەخنەیە لە هەر دو سیستەم.

- گۆرێنگ،کارەکتەری سەرەکی فیلمەکەیە، کتێبێکی دۆنکیشۆتی بەدەستەوەیە، دەرهێنەر ئەیەوێ بڵێت، کە کتێب بە تەنها توانای گۆڕینی دنیای نییە، ژیانیش بەوجۆرەنییە، کە لەنێو کتێبەکاندا وێنادەکرێت. تریماگاسی ئەو پیاوە پیرەی لەگەڵ یەکەم دیمەنی فیلمەکە لەگەڵ گۆڕێنگ لە نهۆمی 48 دان، نمونەی مرۆڤێکی خۆپەرستی دنیای سەرمایەدارییە، کە تەنها بیر لەخۆی دەکاتەوە، تەنانەت ئامادەیە تۆ بکات بە خۆراکی خۆی لەکات برسێتیدا بتخوات.

- ئیموگۆری نمونەی ئەو کەسانەیە لە ژیان، بیرۆکراتە و ئەیەوێت لەڕێگەی دیالۆگەوە مرۆڤەکان تێبگەیەنێت، کە ئەگەر ئێمە ڕۆژانە بەپێی پێویست نانبخۆین و سەروەت کۆبکەینەوە ئەوا هەمومان دەرفەتمان ئەبێت بەیەکسانی بژین، دەرهێنەر ئەیەوێت بڵێت، کە مرۆڤی بیرۆکرات توانای ئەوەی نییە مرۆڤەکان قایلبکات، بەوەی لەبیری مرۆڤایەتیدا بن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار