بۆ ڕێگه‌ ناده‌ن کورد قه‌واره‌ى سه‌ربه‌خۆى هه‌بێت ؟

هاوڕێ سوره‌

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڕێ سوره‌ 

ئه‌گه‌ر بخوازین وه‌ڵامى ئه‌م پرسیاره‌ى سه‌ره‌وه‌ وه‌ربگرینه‌وه‌ یان باشتر بزانین ئه‌وانه‌ کێن له‌مپه‌ر دروست ده‌که‌ن له‌ به‌رده‌م سه‌ربه‌خۆیى کوردان ؟ ئه‌م هه‌ویره‌ ئاوى زۆر ده‌وێت , بێگومان بۆ گه‌یشتن به‌ ڕاستیه‌کانى پرسێکى وه‌ها گرنگ ده‌بێ چه‌ند هه‌نگاوێگ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ دواوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ڕاستى ڕوداوه‌کانى ڕابردوو وه‌ک خۆى ببینین , له‌لایه‌کى دى ده‌بێت دڵنیا بین ئه‌وه‌ى نیشتیمانه‌که‌ى خۆشبوێت پێویسته‌ به‌وردى مێژووى ڕابردووى گه‌له‌که‌ى بخوێنێته‌وه‌ , بۆ ئه‌وه‌ى به‌رچاومان ڕوونبێت له‌ به‌سه‌رهاته‌کانى ئه‌و تراژیدیا و کاره‌ساته‌ گه‌ورانه‌ى به‌سه‌ر گه‌لى کورد هێنراون له‌ ماوه‌ى ده‌یان و سه‌دان ساڵى ڕابردوودا .

ئه‌گه‌ر به‌کورتیش بێت جێگه‌ى خۆیه‌تى ئاماژه‌ به‌چه‌ند خاڵێک بکه‌م .. ئاشکرایه‌ کورد هه‌زار و پێنج سه‌د ساڵ پێش زایین بوونى خۆى سه‌لماندووه‌ , خاوه‌نى چه‌ندین ئیماراتى خۆى بووه‌ , دواى ڕوخانى ئیمپراتۆریاى میدیا کورد و کوردستان که‌وته‌ ژێر داگیرکارى . ده‌توانم بڵێم دابه‌شکردنى کوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ په‌یمانى زه‌هاو له‌ ئایارى (1639) ... ئه‌وکاته‌ عه‌ره‌ب که‌ ئێستا دوو ده‌وڵتیان داگیرکه‌رى کوردستانن بوونێکى ئه‌وتۆیان نه‌بوو یان له‌ سنورێکى زۆر ته‌سکدا بوون وه‌ک نه‌بوو وابوون , عه‌ره‌ب بیابانى بوون . دواى په‌یدا بوون و سه‌رهه‌ڵدانى مه‌سیح که‌مێک عه‌ره‌ب به‌هۆى بازرگانى ده‌رکه‌وتن .. تورکیش900) ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بوونى خۆیان ڕاگه‌یاند به‌هۆى چه‌ند هۆزێکى لاواز و بچوک و په‌رت و بڵاو له‌ مه‌نگۆلیا به‌هه‌ڵگرتنى بیر و باوه‌ڕى ئیسلام به‌ره‌و ئیمپراتۆریاى عوسمانى ڕۆیشتن , ئه‌وه‌ بۆ فارس و عه‌ره‌بیش ڕاسته‌ که‌ ئایینى ئیسلام بووه‌ به‌چه‌کێکى زۆر به‌هێز به‌ده‌ستیانه‌وه‌ به‌تایبه‌تى عه‌ره‌ب که‌ خۆیان به‌ خاوه‌نى ئاینى ئیسلام و وارسى په‌یامبه‌ر و هاوه‌ڵه‌کانى زانیوه‌ و ده‌زانن., له‌ دواى جه‌نگى یه‌که‌مى جیهان که‌ له‌ سه‌ره‌تاى ئابى (1914) ده‌ستى پێکرد و دواجار به‌پێى په‌یمانى سایکس بیکۆ و په‌یمانى لۆزان کوردستان دابه‌شى سه‌ر چوار ده‌وڵه‌ت کرا ئێران + تورکیا + سوریا + عێراق .. هه‌ندێک کوردیش که‌وتنه‌ ناوچه‌ى یه‌ریڤان .

ئه‌وکاته‌ ئینگلیزه‌کان بڕیار به‌ده‌ستى سه‌ره‌کى بوون له‌ عیراق و ناوچه‌که‌ , له‌ مێژووى دوور هه‌تا به‌ ئێستا ده‌گات داگیرکه‌ران و زلهێزه‌ به‌رژه‌وه‌ندخوازره‌کان وه‌ک به‌ریتانیا و ئه‌مریکا و ڕوسیا به‌رده‌وامبوون له‌ دژایه‌تى کردنى کوردان به‌ مه‌رامى تواندنه‌وه‌ و پاکتاوکردن و گۆڕینى دیموگرافیاى خاکه‌که‌ى , ئاشکرایه‌ ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ده‌یان که‌یس ناکۆک بووبن له‌ سه‌ر پرسى کورد هه‌میشه‌ یه‌ک بوون . چاوى ته‌ماعیان پڕنه‌بۆته‌وه‌ زانیویانه‌ هه‌ڵکه‌وته‌ى جوگرافیاى کوردستان و ئاو و هه‌واکه‌ى و به‌ پیت به‌ره‌که‌تى خاکه‌که‌ى و هه‌بوونى سامانێکى زۆرى سروشتى ژێر زه‌وى به‌تایبه‌تى له‌ که‌رکوک + موسڵ + خانه‌قین + کۆیه‌ + ده‌وروبه‌رى که‌ندیناوا و زۆر شوێنى دیکه‌ چه‌ند زۆره‌. هه‌تد ... کوردستانى ڕۆژئاواش جیا له‌وه‌ى سنوره‌که‌ى ده‌چێته‌وه‌ سه‌رده‌ریا و سامانى سروشتى ژێر زه‌وى زۆره‌ .. کوردستانى ڕۆژهه‌ڵاتیش کرماشان و کرند و شه‌هابات و ده‌ور و به‌رى قه‌سرى شیرین و سه‌رپێلى زه‌هاو و زۆر شوێنى دیکه‌ سامانى سروشتى ژێر زه‌وى هێنده‌ زۆره‌ له‌ ئه‌ژمار نایه‌ به‌تایبه‌تى نه‌وت و غاز .. کوردستانى باکوریش که‌به‌شه‌ زۆره‌که‌ى کوردستانه‌ جیا له‌ گرنگى هه‌ڵکه‌وته‌ى جوگرافیایه‌که‌ى ناوچه‌یه‌کى گه‌شت و گوزارى زۆر گرنگه‌.. به‌ کورتى کوردستان خاوه‌نى نه‌وت و غازێکى زۆره‌ وه‌ک باسده‌رکرێت هه‌تا (250) ساڵى یکه‌ش کۆتایى نایه‌ت , دیاره‌ داگیر که‌ران باشده‌زانن جگه‌ له‌ سامانى نه‌وت و غاز سامانێکى زۆرى زێر و اڵماس و فۆسفات و کبریت و زیو هه‌یه‌ له‌ کوردستاندا , وه‌ک وتم له‌به‌ر به‌پیت و به‌ره‌که‌تى خاکى کوردستان و هه‌بوونى سامانێکى زۆرى سروشتى له‌لایه‌ک و به‌د ڕه‌وشتى زلهێزه‌ به‌رژه‌وه‌ند خواز و ته‌ماعکاره‌کان له‌لایه‌کى دى نه‌ک هه‌ر ڕێگه‌یان نه‌داوه‌ و ڕێگه‌ ناده‌ن کورد قه‌واره‌ى سه‌ربه‌خۆیان هه‌بێت به‌ڵکو به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ک بۆیان بلوێت ڕێگه‌ له‌ یه‌کگرتنى کوردان ده‌گرن که‌ هۆکارێکى سه‌ره‌کیه‌ بۆ سه‌رکه‌وتنى کورد بۆیه‌ به‌رده‌وام فیتنه‌ و دووبه‌ره‌کى له‌ نێوانیاندا دروستده‌که‌ن بۆ نمونه‌ کاره‌ساتى شه‌ڕى براکوژى له‌ سه‌رتاى ئایارى - 1994 بۆ ناوه‌ڕاستى ئیلولى -1998 له‌ باشور که‌ ئه‌م شه‌ڕه‌ خوێناویه‌ ته‌نیا و ته‌نیا داگیرکه‌ران سودیان لێ بینى , ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ دروستکردنى ده‌یان شه‌ڕى دیکه‌ى کورد و کورد .. که‌ ڕووداوى (16) ى ئۆکتۆبه‌رى (2017) نمونه‌یه‌کى دیکه‌یه‌ ..

له‌ هه‌مان کاتدا نه‌یارانمان بۆ ڕۆژێکیش نه‌وه‌ستاون له‌ برسیکردنمان و شێواندنى کلتور و فه‌رهه‌نگى ڕه‌سه‌نى کورده‌واى و سڕینه‌وه‌ى ئینتیما بۆ گه‌ل و نیشتیمان به‌تایبه‌تى له‌ناو لاوه‌کانماندا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش سڵَیان له‌ هیچ کردارێکى نامرۆڤانه‌ نه‌ کردۆته‌وه‌ , بۆیه‌ ده‌بێت کورد دڵنیابن گورگه‌کان جیاوازیان نیه‌ بۆ خواردنى کار و به‌رخه‌کان که‌وابوو ئۆردۆگان + خامنه‌یى + ئه‌سه‌د + مالیکى + سه‌دام + عه‌بادى و ئه‌وانه‌شى سبه‌ى دێنه‌ شوێنیان هه‌مان بیرکردنه‌وه‌یان هه‌یه‌ و هه‌مان ڕه‌فتار دووباره‌ و چه‌ند باره‌ ده‌که‌نه‌وه‌ بۆ پاکتاوکردنى کوردان ., بێگومان دۆست و دوژمن ده‌زانن کورد په‌نجا ملیۆنن و خاکه‌که‌شمان چه‌ند هێنده‌ى خاکى ئه‌و وڵاتانه‌یه‌ که‌ نه‌ ژماره‌ى دانیشتوانیان نه‌ جوگرافیاى وڵاته‌که‌یان هێنده‌ى پارێزگایه‌کى کوردستان نابێت به‌ڵام ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆى خۆیان هه‌یه‌ له‌وانه‌ . گامبیا+ ئیمارات + ته‌یمورى خۆرهه‌ڵات +په‌ناما + جامبیا + بۆسنه‌ + ئیرله‌ندا + کویت و چه‌ندین وڵاتى دیکه‌ , ناکریت باسى ئه‌وه‌ش نه‌که‌ین که‌ چه‌ند ملیۆن کورد ئاواره‌ و ده‌ربه‌ده‌رن له‌ ئه‌مریکا و ئه‌وروپا و ڕوسیا و ئوستڕالیا و زۆر وڵاتى دیکه‌ وه‌ک په‌ناهینده‌ وه‌ک جێگیربوونیش له‌ دێر زه‌مانه‌وه‌ به‌هۆى هاو ئاینیان له‌گه‌ڵ جووه‌کان زیاتر له‌ سێسه‌د هه‌تا چوارسه‌د هه‌زار کورد نیشته‌جێى ئیسرائیلن لوبنانیش دووسه‌د بۆ سێسه‌د هه‌زار کوردى له‌ خۆگرتووه‌ ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ سه‌دان هه‌زار کورد که‌ بڵاوبونه‌وه‌ له‌ ناو شاره‌ گه‌وره‌کانى تورکیا و ئێران و عیراق و سوریا زۆربه‌شیان منداڵ و نه‌وه‌کانیان زوبانى دایک نازانن و له‌ ناو نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌کانى جیهان و نه‌ته‌وه‌ى سه‌رده‌ستدا تواونه‌وه‌ و نه‌ک هه‌ر بێئاگان له‌ ئه‌سڵدا کوردن به‌ڵکو له‌ سۆز و به‌زه‌یى و داب و نه‌رێتى کورده‌واریش داچۆڕاون !! پێویسته‌ دۆست و دوژمن بزانن هه‌تا کورد سه‌ربه‌خۆ نه‌بن و جیا نه‌بنه‌وه‌ و نه‌بنه‌ خاوه‌نى قه‌واره‌ى سه‌ربه‌خۆ نه‌ کورد و نه‌ نه‌ته‌وه‌ى سه‌رده‌ستى داگیرکه‌ر و نه‌ ناوچه‌که‌ش ئاسوده‌یى به‌ خۆیانه‌وه‌ نابینن ئه‌وه‌ش ئه‌وکاته‌ ڕووده‌دات که‌ سیسته‌مى سیاسى یه‌کێک له‌ وڵاتانى داگیرکه‌رى کوردستان به‌کرده‌وه‌ بگۆڕێت به‌ سیسته‌مى دیموکراسى به‌م شێوه‌یه‌ ئێمه‌ى کورد هه‌نگاو ده‌نێین به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیى و ئاشتى و ئاوه‌دانى , ناوچه‌که‌ش ئارام و سه‌قامگیر ده‌بێت .

که‌ ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆى کوردستانیش ڕاگه‌یه‌نرا و بانگه‌واز بۆ کوردانى تاراوگه‌ و کوردانى په‌رت و بڵاوى ناوشاره‌کانى تورکیا و ئێران و عیراق و سوریا و جیهان کرا بگه‌ڕێنه‌وه‌ نیشتمان و خزمه‌ت بکه‌ن , نان و ئازادى و سه‌ربه‌ستى و ئاشتى و خۆشگوزه‌رانى و هه‌لى کار فه‌راهه‌م کراون ئه‌وکاته‌ تێده‌گه‌ین چه‌ند ملیۆن کورد ده‌یسه‌لمێنن له‌ بنه‌ڕه‌تدا کوردن .. له‌ کۆتایدا هیواخوازم ئه‌م که‌ناڵه‌ ڕاگه‌یاندنه‌ گومانلێکراوه‌ نا به‌رپرسانه‌ چیتر به‌ دژایه‌تى کردنى کورد و چه‌واشه‌کارى ئاو نه‌که‌نه‌ ئاشى داگیرکه‌ران هه‌روه‌ها پێویسته‌ حزبه‌کانى کوردستانیش ده‌ست به‌رده‌ن له‌ فه‌رق و جیاوازى و نادادپه‌روه‌رى و گه‌نده‌ڵکارى که‌ ئه‌م هۆکارانه‌ن بوونه‌ هۆى ڕوخان و نائومێدى و کۆچى به‌ کۆمه‌ڵ بۆ هه‌نده‌ران ..

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار