رژێمی ئێرانو خۆدزینەوەی لەدادپەروەری
رژێمی ویلایەتی فەقیهی و موقاوەمەتی ئێران لەسەر هێڵی دادپەروەری و دادگاکاندا!
عبدولرەحمان گەوركی
3 ساڵ لەمەوپێش
عبدولرەحمان گەوركی
یەکێک لەبوارەکانی رووبەڕووبوونەوە لەنێوان موقاوەمەتی ئێران و رژێمی دەسەڵاتداری ئێران» دادگا و دادپەروەری»یە. شوێنێک یان ئۆرگانێک کە یەکێک پێشوازی لێدەکات و ئەوی تریان لێی رادەکات. چونکە لە گۆڕەپانی «داد» یەکێک هەمیشە «دۆڕاو» و ئەوی تریان «براوە»یە! لە ئێران دادپەروەری نییە! لەهەر وڵاتێکدا کە دێموکراسی و شارستانیەت زاڵ بێت، دەسەڵاتی دادوەری کە یەکێکە لە سێ هێزی دەسەڵاتداری وڵات، بە شێوەیەکی سەربەخۆ کاردەکات بۆ ئەوەی لایەنەکانی هەر پرسێ، سوود لە «دادپەروەری» وەربگرن و کێشە و گرفتەکانی کۆمەڵگا پرۆسەیەکی تەندروستی هەبێت. لەئێرانی ئێستادا نەک هەر دەسەڵاتی دادوەریی «سەربەخۆ» نییە، بەڵکو سەرۆکەکەی لەلایەن وەلی فەقیهەوە دەستنیشان دەکرێت. هەر بۆیە دەوترێت هیچ دادپەروەرییەک لە ئێرانی ئێستادا بوونی نییە! هیچ ئازادی و دێموکراسی و رێزگرتنێک لە مافەکانی مرۆڤ بوونی نییە و ئەوەی هەیە سەرکوت و گرتن و ئەشکەنجە و لەسێدارەدان و تیرۆرو تاڵان و دزینە و .. هتد . ئەم ڕاستییە لە ماوەی 43 ساڵی ڕابردوودا لە ئێران بەردەوامە و هەر بۆیەش دادگاکان و دەسەڵاتی دادوەریی لەژێر دەسەڵاتی وەلی فەقیهدا، هەروەک دوو هێزەکەی تر، واتە مەجلیس و دەوڵەت، نەک هەر شەرعییەت و بڕوادارییان نییە، بەڵکو بە بەربڵاوی جێگەی رق و کینی جەماوەرە»، بوونی « موقاوەمەت و «نەبوونی» دەسەڵاتدار ! لەبەرامبەر ڕژێمێکی ئاوادا موقاوەمەتێکی جەماوەری و گشتگیر هەیە کە رەگ و ریشەی لەناو قوڵایی کۆمەڵگادایە. بە هاتنە سەرکاری رژێمی ولایەتی فەقیهی و کەوتنە سەرپێی ئینتەرنێت و سەردەمی پەیوەندیەکان، ئەمە بۆتە روویەکی گشتگیرتر لە هەموو کاتێکی تر. گومان لەوەدا نییە کەڕژێمی دەسەڵاتداری ئێران، لەناوەوە و دەرەوەی ئێران، هەمیشە هەوڵی لەناوبردنی ئۆپۆزیسیۆنەکەی داوە. لە ناو ئێران هیسترییانە و دڕندانە لایەنگرانی ئۆپۆزیسیۆن دەستگیر دەکات و ئەشکەنجە دەدات ئینجا لەسێدارەدانو کوشتار و قەتڵوعامکردن! لە دەرەوەی ئێرانیش، تیرۆر و تەقینەوە و پیلانەکان و لەسەریشی، پارەیەکی زۆر خەرج دەکات بۆ بەکارهێنانی دەست و پێوەندەکانی و هەروەها بەکرێگیراوەکانی، دژ بە ئۆپۆزسیۆنی رژێم کە نموونەکانی هەر زۆر زۆرن و بەسەریدا تێپەڕیوم. چون شتێک کە روون و ئاشکرا بێت پێویست بە گوزارشت ناکات. موقاوەمەتی ئێران پێشوازی لە دادپەروەری دەکات! لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران، ئەوەی لەدادگا و داد رادەکات «رژێمی ئیران»ە. چون ئەو پێشتر حوکم و دادوەری دادگا دەزانێت بۆیە لێی دەترسێت و هەوڵدەدات خۆی لە شوێنی «دادپەروەری» دوور بخاتەوە! زۆر سروشتییە لە هەر شوێنێک دڵۆپێکی «دادپەروەری» هەبێت، موقاوەمەتی ئێران بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لێ دەکات. چونکە لەژێر درووشمی «ئەوەی حسابەکەی پاکە لە لێپرسینەوەی ترسی نیە»، هەموو کۆسپەکانی لاداوە و پیلانەکانی ڕژێمی ئێران (بە لۆبی و سازشکار و کرێگرتەکانییەوە) لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانی، یەک لەدوای یەک تووشی شکست کردووە و ئەوەی لە جیهاندا تۆمار کرد: «سەرکەوتنی دادپەروەری بەسەر سازان و پیلانگێڕاندا، واتە سەرکەوتنی موقاوەمەت و موجاهیدینی خەڵقی ئێران، سەرکەوتنی گەلی ئێران و هێزە رەسەنەکانی گۆڕەپانی بەرەنگاربوونەوە بەرامبەر بە رژێمی دیکتاتۆریی لەئێران» موجاهیدینی خەلق (PMOI/MEK) و موقاوەمەتی ئێران تا ئێستا لە دەیان دادگای ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، سویسرا، لۆکزامبورگ (دادگای دادی ئەوروپا)، ئیتالیا و ئەڵمانیا، بە خستنە رووی دەیان هەزار بەڵگە، هەموو تۆمەت و هەڵبەستراوەکانی رژێمی ئیرانیان پووچەڵ کردوەتەوە و وەڵامی هەموو پرسیار و تۆمەت و درۆ بێ بنەماکانی رژێم و لایەنگرانی رژێمیان داوەتەوەو لە دادگاکاندا (سەرکەوتوو) بوون! چەند نموونەیەکی دادگاکانی پێوەندیدار بە موقاوەمەتی ئێرانەوە! جگە لەچەندین رەوتی دادگای ئەوروپی و ئەمریکی، کە هەر هەموویان بە هۆی هەڵمەتی 14 ساڵەی موقاوەمەتی ئێران بە سەرۆکایەتیی خاتوو مەریەم رەجەوی، بە سەرکەوتنی موقاوەمەت و هەڵوەشاندنەوەی (ناتۆرەی تیرۆر) لەسەر موجاهیدین و موقاوەمەت کۆتایی هات، هێنانەوەی چەند نموونەیەکی ئەم رووبەڕووبونەوەی موقاوەمەت بەرامبەر بە رژیمی ئێران بە پێویست دەزانم: لەمانگی ئەیلولی 1990دا، رژێمی ئێران و سەرکۆماری ئەوکاتی رژێم. واتا رەفسەنجانی، سکاڵایان لە دەسەڵاتی دادوەری سویسرا دژی خاتوو (میریام گەزۆ)، ڕۆژنامەنووسی رۆژنامەی (لاسویس) تۆمار کرد. رۆژی 7ی گەلاوێژی ساڵی1991 دادگایەکی سویسری بڕیاری دەرکرد لەسەر بێتاوانبوونی ئەم رۆژنامەنووسە و بڕیاری سێ جار شەرمەزارکردنی رژێمی خومەینیشی دەرکرد. پێویستە بوترێت کە خاتوو گەزۆ لەڕاپۆرتێکدا، بەشێک لە بروسکەیەکی رێبەری موقاوەمەتی ئێران بۆ سەرکۆماری سویسرای هێنابۆوە سەبارەت بەڕۆڵی رژێمی ئێڕان لە تیرۆرکردنی د.کازم ڕەجەوی. موقاوەمەتی ئێران لەهەڵمەتێکی بەرفراوانی نێودەوڵەتیدا ئەم دادگایەی کردە دیمەنی دادگاییکردنی رژێمی خومەینی و سەرکەوت. لەمانگی تەمموزی ساڵی 2018دا دادگایەکی وڵاتی بێلژیک، سزای 20 ساڵ زیندانیکردنی بۆ دیپلۆماتکاری تیرۆریستی رژێمی ئێران، (ئەسەدوڵا ئەسەدی) و تیمە تیرۆریستەکەی دەرکرد، کە بەر لە بۆمب دانانەوەیان لە شوێنی گردبونەوەی موقاوەمەتی ئێران لە پاریس دەستگیر کرابوون. لەمانگی ئازاری 2019دا دادگایەکی ویلایەتی هامبورگ فەرمانی بە رۆژنامەی (ئێشپیگێڵ) و لە مانگی حوزەیرانی 2020دا فەرمانی بە رۆژنامەی (فرانکفورتەر ئەلگمینی) کرد، سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی تۆمەت و پروپاگەندەی بێ بنەمای رژێمی ئێران دژ بە موقاوەمەتی ئێران کە پرۆپاگەندەو ئیدیعاکانی رژێمی ئێران دژ بە موجاهیدینی خەلق لە راپۆرتەکانیان بسڕنەوە. ڕۆژی 23ی ئەیلولی 2021 دادگای فیدراڵی سویسرا داوای کرد لێکۆلینەوە لەتیرۆری پرۆفیسۆر کازم رەجەوی، نەیاری سیاسی ئێرانی، بکرێت وەک تاوانێکی (ژینۆساید) و (تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی) و بەو رێگەوە، داواکاری گشتیی ناچار کرد دووبارە دۆسێیەکە بکاتەوە بۆ لێکۆڵینەوە. پرۆفیسۆر کازم رەجەوی لە رۆژی 24ی ئاپریلی 1990 لە بۆسەیەکدا لە گەڕەکی (کوپە)ی نزیک شاری (ژنێڤ) لە لایەن تیرۆریستانی رژێمی ئێرانەوە تیرۆر کرا. ئێستاکەیش یەکێک لە تاوانبارانی رژێم بە ناو (حەمید نوری) لە دادگایەکی سوید بە تۆمەتی جینۆساید و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە ژێر داداگاییکردندایە و پێشبینی دەکرێت (سزای قورسی) بۆ دەرچێت. پیلانی تەواوکەر لەدژی موقاوەمەت! رۆژی 18ی پووشپەری 2017، ئاخوند (عەلی فەلاحیان)، وەزیری پێشووی ئیتڵاعاتی ئێران کە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریی ئاڵمانیا و سویسراوە داواکراوە بەهۆی (تیرۆریزم)ەوە گوتی: «وەزارەتی ئیتلاعات بۆ کۆکردنەوەی زانیاری پێویستی بە پۆشش هەیە لە ناوخۆو دەرەوەی وڵاتدا. ئێمە ئەفسەرێکی هەواڵگری نانێرین بۆ ئەڵمانیا یان ئەمریکا کە بڵێت من سەر بە وەزارەتی ئیتڵاعاتم، پێویستە لەژێر ناوو پۆششی کاری بازرگانی یان رۆژنامەگەری ئەم کارانە بکات». هەر بۆیە رژێمی ئێران لەژێر پەردەی کاری بازرگانی و بە تایبەتی کاری رۆژنامەوانیدا، هەوڵی تەواوکردنی پیلانگێڕییە تیرۆریستییەکانی دەدا دژ بەموقاوەمەتی ئێران. وەک نموونە، رژێم بە ناردنی کرێگرتەکانی خۆی بۆ دەرەوەی وڵات لەژێر ناوی «لێکۆڵەر و چالاکوانی سیاسی و زیندانی سیاسی پێشوو» و .. هتد (خەڵکانی وەک ئیرەج میسداقی) بە نیازە بزووتنەوەی دادخوازیی خوێنی شەهیدانی قەتڵوعامکراوی ساڵی 1988 لە ناوەرۆک بخات و بەو سۆنگەیەوە (بزووتنەوەی دادخوازی)ی موقاوەمەتی ئێران لە پێ بخات و رژێمەکەی لەسەر پێ رابگرێت.
خاڵی هەستیاری ئەم بەرەنگاربوونەوە یاساییە لەوەدایە کەڕژێمی ئێران دەیەوێت لەناو ئەندامانی ئۆپۆزسیۆندا بۆشایی و لێکترازان دروست بکات و لە قسەکانیاندا بیانوو بدۆزێتەوە و دژ بە خۆیان بەکاری بهێنێت، یاخود پەنا بباتە بەر پەڵپ گرتن و پاساوهێنانەوە بۆ ئەوەی بتوانێت خۆی لە لێپرسینەوە دەرباز بکات. کەوایە پێویستە لەوەرزی لێپرسینەوە لە رژێمی ئێران، ئەندامانی موقاوەمەت و سەرجەم لایەنگرانی رزگارکردنی ئێران بە (وریایی) و (وردی) کار بکەن کە دوو لایەنی دانەبڕاون بۆ بەرەوپێشبردنی ئەم پرۆسەیە. ئامانج لە پیلانگێڕانی دژ بەموقاوەمەتی ئێران! ئەو قەیرانە سەرەکییەی لەبەردەم رژێمی ئێراندایە، قەیرانی لەناوچوونیەتی. هەر بۆیە دوای تێپەڕبوونی چل و چەند ساڵ بەسەر هاتنە سەرکاری، ئێستایشی لەگەڵدا بێت نەیتوانیوە سەقامگیری بەخۆیەوە ببینێت. وەلی فەقیهی دەسەڵاتدار و سەرکردەکانی رژێم باش ئاگادارن کە هۆکاری سەرەکی ئەم قەیرانە، هەبوون و خۆڕاگریی و ئایندەداریی ئەو موقاوەمەتەیە کە هیچ کات نەوەستاوە و سازشی کردووە. موقاوەمەتێکی سەرسەخت و پێداگر کەڕەگی لە کۆمەڵگەدا گرتووە و ئێستایش لەئاستی نێونەتەوەییدا پشتیوانییەکی بەربڵاوی لێدەکریت. هەر بۆیە لۆبیکارانی رژێم و دەوڵەتانی سازشکاری رۆژئاوا، سەرەڕای هەوڵێکی زۆر، بەڵام شکستیان هێنا لەدروستکردنی بەدیل بۆ رژێم. چونکە تاکە ئەلتەرناتیڤی راستەقینە و دێموکرات، واتا(ئەنجومەنی نیشتمانیی موقاوەمەتی ئێران) هەمیشە بوونی هەبووە و هەیە! کەواتە بەکورتی، ئەوەی ئەم ڕژێمە لەماوەی 40 ساڵی رابردوودا بۆ تێکشکاندنی ئەو موقاوەمەتە کردوویەتی، لە رووی داماوی و لاوازبوونیەوە بووە بەرامبەر بەقەیرانی لەناوچوونیدا، کە ئەگەر یارمەتیدەرانی غەیبی (!) ئەم ڕژێمە (واتا دەوڵەتانی غەربی!) نەبوایە، ئێستا کۆمەڵگای مرۆڤایەتی هاوچەرخ لەمێژ بوو لەچنگ ئەم رژیمە نەجاتی ببوو! ڕووبەڕووبوونەوەی موقاوەمەتی ئێران بەرامبەر بەڕژێمێکی ئاوا و پشتیوانانی ئەم رژیمە، خۆی نیشانەی بەهێزبوون و خۆڕاگریی ئەو موقاوەمەتەیە، کە ئێستا رژێمی ئێرانی بەرەو هەڵدێر بردووە. ئەڵتەرناتیڤێکی دێموکرات، بە لەشکرێک لە (شانەکانی شۆڕش) لەناوخۆی ئێرانی داگیرکراو و پشتگیرییەکەی نێونەتەوەیی، کە گۆڕەپانەکەی زیاتر لەهەمیشە لەسەر رژێمی دیکتاتۆریی ئیران بەرتەسککردۆتەوە. موقاوەمەتێک کە نەک هەر لە بواری یاسایی و دادپەروەری، لیستە تیرۆریستییەکان و پیلانگێڕییەکانی تێکدا، بەڵکو بەئاشکراکردنی پڕۆژە ناوەکی و تیرۆریستییەکانی رژێمی ئێران و خستنەڕووی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەئێران، بووەتە تەوەرێکی کۆدەنگیی نێودەوڵەتی دژ بە رژێمی ئێران. لەو بارەیەوە خاتوو مریەم رەجەوی، چەندین جار رایگەیاندووە»بابەتە سەرکییەکە، لەناوبردنی تاکە ئاڵتەرناتیڤی دیموکراتییە لە پێناو مانەوەی رژێمی ئیران. بەڵام موقاوەمەتی ئێران بە هەموو توانایەوە پیلانی زنجیرەیی دوا سەردەمی رژێمی ئێرانی تێکداوە»(17ی حوزەیرانی 2018). تایبەتمەندیی بڕیاری دادگای سویسڕا! بڕیارو دۆسێیەکەی تایبەت بەتیرۆرکردنی (د.کازم ڕەجەوی) لە سویسرا، کوشتاری زیندانیانی سیاسی ساڵی 1988ی بەستەوە بە تیرۆری دژبەرانی رژێمی ئێران لە دەرەوەی وڵات و ئەمەیش سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ بزووتنەوەی دادخوازی. خەسڵەتە دیارەکانی بڕیاری دادگای فیدراڵی ئاماژە بەوە دەکەن کە تیرۆری د.کازم ڕەجەوی «لەچوارچێوە و بەردەوامبوونی قەتڵوعامکردنی نزیکەی 30 هەزار زیندانی سیاسی لەساڵی 1988 و ئیعدامە سیستماتیکە زیادەڕەوییەکانی نەیارانی سیاسی ئەنجام دراوە. ئەم سیاسەتە لەلایەن باڵاترین رێبەرانی رژێمی ئێرانەوە پەیڕەوی کراوەو بەتایبەتی فەتوا راگەیاندراوەکەی خومەینی جێبەجێی کراوە» دادوەرانی سویسراش جینۆسایدکردنیان بە سیاسەت و ستراتیژی رژێم ناساندووە. جیهان هەڵدەستێت بۆ پشتگیریکردنی خەڵکی ئێران! دوای ئەوەی خاتوو مریەم رەجەوی، بزووتنەوەی دادخوازیی زیندانیانی قەتلوعامکراوی راگەیاند لە ساڵی 2016، ئێستا کەمپەینی یاسایی موقاوەمەتی ئێران بووەتە هەڵمەتێکی نێودەوڵەتی. چونکە ئەم هەڵمەتە، داواکارییەکی نەتەوەیی و جەماوەریی خەڵکی ئێران و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە پشتە. رژێمی دەسەڵاتداری ئێران رژێمێکی ناشەرعی و سەدەی ناوەڕاستی و تیرۆریستی و سەرکوتکەرە. دوژمن بە ئازادی و دێموکراسی و مافی مرۆڤە و لەگەڵ کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا ناکۆکە. ئەم ڕژێمە پەڵەیە بەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەبێت بنبڕ بکرێت. ئێستا وەرزی لێپرسینەوەیە لەسەرانی ڕژێمی ئێران. لەم قۆناغە رچەشکێنەدا، کەمپینی یاسایی موقاوەمەتی ئێران خاڵێکی وەرچەرخانە بەرەو نەهێشتنی ڕژێمی ئێران و کۆتایی هێنان بە ئازارەکانی خەڵکی ئێران. ئەمڕۆ لەجیهاندا، کۆدەنگییەکی نێودەوڵەتی بەنرخ، داوا لە کۆمیسیاری باڵا و ئەنجومەنی مافی مرۆڤی سەر بە UN دەکات شاندێکی نێودەوڵەتی پێکبهێنن بۆ لێکۆڵینەوە لە کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی 1988. لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ، ریپۆرتەری تایبەتی رێکخراوی UN لە بواری مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، داوای لێکۆلینەوەیەکی سەربەخۆی کرد لەسەر کۆمەڵکوژکردنی زیندانیانی سیاسی و رۆڵی تاوانبار(ئیبراهیم ڕەئیسی) لەو تاوانە گەورەیەدا. لەو بارەیەوە رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و زیاتر لە 150 داکۆکیکارانی دیاری مافەکانی مرۆڤ، جەختیان لەسەر پێویستی پێکهێنانی شاندەکە کردەوە. داواکانی موقاوەمەتی ئێران لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی! خاتوو مریەم رەجەوی، بەناوی موقاوەمەتی خەڵکی ئێرانەوە، چەندین جار رایگەیاندووە کە،»پێویستە ڕێبەرانی رژێمی ئێران بەهۆی (جینۆساید) و (تاوانی دژ بەمرۆڤایەتی) بخرێنە بەردەم دادگا» هەروەها وتیشیان: «داوا لە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمیسیاری باڵا و ئەنجومەنی مافی مرۆڤ و ریپۆرتەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ دەکەین کە زیندانەکانی رژێمی ئێران بەسەر بکەنەوە و چاویان بکەوێت بە زیندانیانی سیاسی و دۆسیەی پێشێلکارییە ترسناکەکانی مافی مرۆڤ لەئێران، بەتایبەتی دۆسیەی مامەڵەی هەڵسوکەوتی کاربەدەستانی ڕژێم لەناو زیندانەکان و بەتایبەتیش ئازارو ئەشکەنجەی زیندانیانی ژن، بەرزبکرێتەوە بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە یوئێن.»
دوا وتە! موقاوەمەتی ئێران پێی وایە لەهەر شوێنێک (دڵوپێک یاسا) و کەمێک (دادپەروەری) و (مرۆڤایەتی) هەبێت و لە هەر دادگایەکدا، بڕێک دادو یاسا سەروەر بێت، بێگومان موجاهیدین و موقاوەمەتی ئێران سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە. ئێستا بەهۆی خۆڕاگری و وریایی موقاوەمەتی ئێران، وەرزێکی لێپرسینەوە لە رژێمی ئێران دەستی پیکردووەو دۆسێیەی تاوان و تاڵانکارییەکانی ئەم رژێمە یەک لەدوای یەک بەرەو کرانەوە دەچن. هیچ کام لەم سەرکەوتنە یاساییانە بە هەڵکەوت بەدەست نەهاتوون. هەریەکەیان بە دەریایەک خوێنی شەهیدان و ئازارو ئەشکەنجەی زیندانیان و تێکۆشانی بێوچانی دادخوازانی خەڵکی ئێران بەدەستهاتووە