نوخبەی سیاسی لەپاکستان شکستیان هێنا لەپێکهێنانی ناسنامەیەکی جێگیری نیشتمانی و یەکگرتنی وڵات

هیوا كازم

3 ساڵ لەمەوپێش



هیوا كازم

ناوی كتێب : ئەزموونی پاکستان

ساڵی چاپ : 2019

خوێندنهوهی: هیوا كازم

لهبڵاوكراوهكانی

دهزگای ئایدیا بۆ فكرو لێكۆڵینهوه 

 

سەرباری گرتنەدەستی جڵەوی دەسەڵات لەلایەن سوپای پاکستانەوە، قەرزە دەرەکییەکانی گەیشتە 35.5 ملیار دۆلار، تێکڕایی نەخوێندەواری گەیشتە 63%

کودەتای سەربازی لەپاکستان بەسەرکردایەتیی ژەنەڕاڵ پەروێز موشەڕەف لە 12ی تشرینی یەکەمی ساڵی 1999 ئەنجام درا، بەمەش کۆتایی هێنرا بەئەزموونی دیموکراسی، کە پشتی بەهەڵبژاردنی ئازاد دەبەست.

نوسەری کتێبەکە کتێبەکەی دابەشکردوە بۆ سێ بەش، هەروەها کۆتایەکی بۆ کتێبەکەش داناوە 

بەشی یەکەم

فەرمانڕەوای سەربازی پاکستان

(1999ــ 2008)

سەرەتای مانگی ئایاری ساڵی 1999، تەوژمی رووبەڕووبوونەوەکانی نێوان هێزەکانی پاکستان و هیندستان بەرەو هەڵکشان چوون بەدرێژایی هێڵی کۆنتڕۆڵکراو لەجامۆ و کشمیر. پاش تاوانبارکردنی پاکستان لە لایەن هیندستانەوە بە پشتیوانیکردنی یاخیببوان لەکەرتی کشمیری هیندستانی. بەو پێیەی هەڵمەتێکی سەربازیی فراوان لە 26ی ئایاری 1999 دەستیپێکرد دژی یاخیبوان لە کەرتی کارجیل و رووبەڕووبوونەوە سەربازییەکان لەو هەرێمەدا گەیشتە ترۆپکی توندوتیژی لەنێوان هەردوو وڵات.

بەندی یەکەم : ناکۆکیی نێوان نەواز شەریف و ژەنەڕاڵ پەروێز موشەڕەف

بڕیاری سەرۆک وەزیران نەواز شەریف بە لادانی ژەنەڕاڵ پەروێز موشەڕەف لە 12ی تشرینی یەکەمی ساڵی 1999، هەروەها دامەزراندنی ژەنەڕاڵ خەواجە زیائەدین سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی سەربازی لە بری ئەو، بووە هۆی ئەوەی سوپا جووڵە بکات

کودەتای 12ی تشرینی یەکەمی ساڵی 1999 و هۆکارەکانی

سەرەتای کودەتای 12ی تشرینی یەکەمی ساڵی 1999، چەند راستییەکی گرنگی پشتڕاستکردەوە، دیارترینیشیان:

سەرباری گرتنەدەستی جڵەوی دەسەڵات لەلایەن سوپاوە، کەچی هیچ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ بەسەر بارودۆخی ئابووریدا نەهات. وڵات رووبەڕووی کێشەی بونیادی ببوەوە و بەهای روپیەی پاکستانی زۆر دابەزیبوو، ئەمەیش بەهۆی سیاسەتە داراییەکەی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی بەسەر پاکستاندا سەپاندبووی، پاش ئەوەی قەرزە دەرەکییەکانی گەییشتە 35.5 ملیار دۆلار. زیادەی پێشکەشکردنی خزمەتەکانیشی گەیشتە نزیکەی 8.2 ملیار دۆلار ساڵانە. هەبوونی رێژەیەکی بەرز لەوانەی لەژێر هێڵی هەژاریدا بوون، کە ژمارەیان گەیشتبوە 35% و تێکڕایی هەڵاوسان گەیشتە 7.8%، تێکڕایی نەخوێندەواری گەیشتە 63% بە پێی نوێترین سەرژمێرییەکانی ئەنجام دراون. ئەمە لەکاتێکدا تا ئێستاش 22 خێزانی دەرەبەگ و سیاسی دەستیان بەسەر توانای ئابووری و سیاسییەکانی پاکستاندا گرتووە.

حکومەتی سەربازی و ژیانی سیاسی

سەرۆکایەتیی کۆمار

ژەنەڕاڵ موشەڕەف، سەرۆکی پاکستانی (محەمەد ڕەفیق تەرار)ی لە پۆستەکەی لادا و خۆی بەسەرۆک کۆمار دانا لە 20ی حوزەیرانی ساڵی 2001. کۆمەڵەی نیشتمانی و ئەنجوومەنی پیران و کۆمەڵەی یاسادانەرەکانیش لە هەر چوار هەرێمەکەدا لەلایەن ژەنەڕاڵ موشەڕەف پوچەڵ کرانەوە. ئەمە لەکاتێکدا بێنەزیر بۆتۆ لەمەنفاکەی لە لەندەن جەختی لەسەر ئەوە کردەوە: ئەوەی روو دەدات سەردەمێکی ترە لەتاریکی مێژووی پاکستان و گەلەکەی.

راپرسییەکە لە 30ی نیسانی 2002 ئەنجام دراو تێیدا سەرۆک موشەڕەف بەڕێژەی 97% دەنگی دەنگدەرانی بەدەستهێنا. ئەمە لە کاتێکدا زۆربەی پارتە سیاسییەکانی پاکستان بایکۆتی بیرۆکەی ئەنجامدانی ئەو راپرسییەیان کرد بە مەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار.

سەرۆک موشەڕەف دەسەڵاتی راگەیاندنی باری نائاسایی بەکارهێنا بۆ لادانی زۆربەی دادوەرانی پاکستان و دەستبەسەرکردنی گەورە بەرپرسانی دادوەریش. فەرمانیشی بە پۆلیس کرد زۆربەی زۆری سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆن دەستگیر بکەن و دەستبەسەریان بکەن، هەروەها دەستبەسەرکردنی بێنەزیر بۆتۆ رابەری پارتی گەلی پاکستان و دەستگیرکردنی هەر کەسێکی تر ئاژاوە بنێتەوە. کۆت و پێوەندیی قاییمی خستە سەر میدیاکان و چەندین کەناڵی هەواڵی تایبەتی داخستن. هەر دوو وێستگەی بیانی (بی. بی. سی) و (سی. ئێن. ئێن)ی لەکارخست.

لەئەنجامی راگەیاندنی باری نائاسایی، نزیکەی 2500 کەس لەئۆپۆزسیۆن و پارێزەر و چالاکوانی مافی مرۆڤ دەستگیرکران.

لەهەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی شانزەی مانگی تشرینی یەکەمی 2007 ئەنجام درا. سەرباری ئەوەی بەئاگاییەوە ئەوەی کرد، چونکە دەیویست دەستبەرداری پۆستە سەربازییەکەی نەبێت.

فەرمانی ئاشتەوایی نیشتمانی

سەرۆک موشەڕەف فەرمانی ئاشتەوایی نیشتمانی لە 5ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2007 راگەیاند. بەو فەرمانە تۆمەتەکانی سەر بێنەزیر بۆتۆ-ش لابران، کە وایکردبوو هەر لە ساڵی 1999ـەوە بە دەستبەسەری بمێنێتەوە، هەر لەهەمان فەرماندا لێبوردن بۆ 33 کەسی تری سیاسی دەرکرا لە ناو پارتە جیاجیاکاندا، لەوانەیش: ئاسف عەلی زرداری، هاوسەری خاتوو بێنەزیر، پاش تۆمەتبارکردنی بە گەندەڵی.

نەواز شەریف دوای یەک مانگ لەڕۆژی 25ـی تشرینی دوەمی ساڵی 2007 توانی بگەڕێتەوە بە هۆی رێککەوتنێک، کە لەگەڵ شانشینی سعودیە دانوستانی لەسەر کرا. لە لاهور نزیکەی 5000 پێنج هەزار کەس پێشوازییان لێکرد لە لایەنگرانی.

تیرۆرکردنی بێنەزیر بۆتۆ

خاتوو بێنەزیر بۆتۆ لە 18ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2007، گەڕایەوە پاکستان. لە کاتژمێرەکانی یەکەمی بەرەبەیانی رۆژی 19ی تشرینی یەکەم کەوتە بەر هەوڵێکی تیرۆرکردنی شکستخواردوو، کە بوە هۆی کوژرانی 179 کەس.

خاتوو بۆتۆ لە 27ی کانوونی یەکەمی 2007 لە روالبندی لە کاتی هاتنەدەرەوەی لە کۆنگرەی هەڵبژاردنی لایەنگرەکانی تیرۆر کرا.

وتەبێژی تۆڕی قاعیدە بەرپرسیارێتیی خۆی لەسەر ئەو دوو کردەوە دوانەیییە راگەیاند، کە بوە هۆی کوشتنی بێنەزیر بۆتۆ. سەرکردەیەک لەڕێکخراوی قاعیدە لە ئەفغانستان بە ناوی (موستەفا ئەبوو یەزید) رایگەیاند: (توانیمان راوە بە نرخەکەی ئەمەریکا پاکتاو بکەین، پاش ئەوەی نیەتی خۆی راگەیاند لە پاکتاوکردنی موجاهیدەکانمان)،

پەنجەی تۆمەتبارکردنی تیرۆرکردنی خاتوو بۆتۆ تەنیا بۆ رێکخراوی قاعیدە درێژ نەکرا، زۆریی دوژمنەکانی خاتوو بێنەزیر بۆتۆ ئاماژە بە لایەنی تریش دەدەن، لەوانەیش: ژەنەڕاڵە خانەنشینەکانی سەر بە سەرۆکی پێشووتر محەمەد زیائەدین، حکومەتەکەی سەرۆک موشەڕەفیش .

بەشی دوەم

دەسەڵاتی پەرلەمان 2008ــ 2013

حکومەت و ژیانی سیاسی

هەڵبژاردنە گشتییەکەی ساڵی 2008 سەرەتای کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی سەربازی بوو لە پاکستان، چونکە حکومەتی نوێ لەوڵات پێکهێنرا.

دەستتێوەردانی بەردەوامی ئەمەریکی

پاکستان بە هاوپەیمانیی ئەمەریکا دادەنرێت لەجەنگی دژی تیرۆر. لەڕووی سەربازییەوە زۆر بە چڕوپڕی هاریکاریی یەکتر دەکەن بەکردنەوەی بنکەی ئاسمانی، کە بۆ مەبەستە جەنگییەکان بەکاردێت. پشتیوانیی لۆجیستی پێشکەشی هێزەکانی ئەمەریکا و هێزەکانی هاوپەیمانانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) دەدات لەئەفغانستان.

دەستلەکارکێشانەوەی موشەڕەف و هۆکارەکانی

حکومەتی بنکە فراوان دوای کۆبوونەوەکەی 7ی ئابی 2008، بڕیاری دا بە لادانی سەرۆک موشەڕەف بە پێی مادەی 47ی دەستووری، ئەگەر نەیتوانی دەنگی پێویست لەناو پەرلەمان بەدەست بهێنیت .

دوای گوشارەکانی حکومەت، سەرۆک موشەڕەف لە 18ی ئابی 2008، دەستی لە کارکێشایەوە بۆ ئەوەی خۆی لابدات لە لێپرسینەوە و سزادانی لە سەر ئەو نۆ ساڵەی تێیدا دەسەڵاتەکانی بە خراپی بەکارهێناوە.

هەڵبژاردنی ئاسف عەلی زرداری وەک سەرۆکی پاکستان

لیژنەی هەڵبژاردنی پاکستانی رایگەیاند، کە شەشی ئەیلوولی 2008، وادەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمارە. لیژنەکەیش رۆژی 26 ئابی 2008 وەک دوایین وادەی دیاری کرد بۆ وەرگرتنی ناوی کاندیدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار . بەڕوونیش دیار بوو پارتی گەلی پاکستان هەوڵی بردنەوە دەدات لەو هەڵبژاردنە، چونکە ئاسف عەلی زرداری وەک بەربژێری ئەو پارتە دیاری کرد.

هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە 6ی ئەیلوولی 2008 بەڕێوەچوو، ئاسف زرداری سەرکەوتنی بە دەستهێنا. ئەندامانی پەرلەمان بەهەردوو ئەنجوومەنەکە و ئەندامانی ئەنجوومەنە هەرێمییەکان دەنگیان دا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و زرداری 481 دەنگی بە دەستهێنا لە کۆی 702 دەنگ. بەمەش بووە سەرۆکی دوانزەیەمی پاکستان.

 گەڕانەوەی سەرۆکی پێشوو پەروێز موشەڕەف

دوای چوار ساڵ لە مەنفا هەڵبژێرراوەکەی، سەرۆکی پێشوو پەروێز موشەڕەف گەڕایەوە پاکستان لە 24 ئازاری 2013. ویستی خۆشی راگەیاند بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنە گشتییەکەی 2013 و سەرکردایەتیکردنی پارتەکەی لەسەرتاسەری پاکستان، بەڵام رووبەڕووی چەندین دۆسیەی یاسایی جیاجیا کرانەوە لەوانەیش، تیرۆرکردنی رابەری پارتی گەل، بێنەزیر بۆتۆ لە ساڵی 2007. کوشتنی ڕابەری بلوچی ئەکبەر بوجتی.

بزووتنەوەی تاڵیبان رایگەیاند کە یەکەیەکی خۆکوژی تەرخان کردوە بۆ کوشتنی موشەڕەف ئەگەر گەڕایەوە. عەدنان رەشید، کە پێشتر لە زیندان رایکردبوو پاش تۆمەتبارکردنی بە هەوڵی تیرۆرکردنی موشەڕەف، لەتۆمارێکی دەنگیدا گوتی: بزووتنەوەی بەدوای موشەڕەفەوەیە.

تێکچوونی پەیوەندیی نێوان سوپاو رێکخراوە تیرۆریستییەکان

بزووتنەوەی تاڵیبانی پاکستانی لەبنەڕەتدا دەگەڕێنەوە بۆ نەتەوەی پشتونەکان لەهەرێمی سنوورەکانی باکووری خۆرئاوا نیشتەجێن. ئەوان یەک کوتلە و یەکگرتوو نین، چونکە چەندین گروپ و باڵی جیاوازیان لێ دەبێتەوە. دواتر ناتوانین باس لەئەجیندایەکی یەکگرتوو بکەین بۆ بزووتنەوەکە، چونکە هەندێکیان دروشمی جێبەجێکردنی شەریعەنی ئیسلامی و دادپەروەریی ئیسلامی بەرز دەکەنەوە. هەندێکی تر ئامانجی کۆتاییهێنان بە هاوپەیمانی پاکستانی-ئەمەریکی هەیە، هەندێکیش تەنیا دەیانەوێت بۆردومانە راستەوخۆکانی ئەمەریکا بۆ سەر خاکی پاکستانی بوەستێنن. بە واتایەکی تر، رووخاندنی حکومەتی پاکستان، یان دووبارە بنیاتنانەوەی دەوڵەتی پاکستانی، خۆی لەخۆیدا ئامانجی هیچ کامێکیان نییە. ئەمەیش تەواو پێچەوانەیە لەگەڵ تاڵیبانەکانی ئەفغانستان. ئەو بزووتنەوەیە نزیکەی 20 تا 25 هەزار چەکداری هەیە لەسەرتاسەری پاکستان. لەنێوان 10 بۆ 12 هەزار چەکداریش لە باشووری وەزیرستان، چونکە ژمارەی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە بەدیاریکراوی بە نزیکەی 600 هەزار کەس مەزندە دەکرێن. هۆزی مەحسوودیش بە گەورەترین هۆزی وەزیرستان هەژمار دەکرێت، کەچی هۆزی وەزیر کە بەدوەم هۆزی گەورە دادەنرێت لەسەر سنورەکانی ئەفغانی دەژێت و لەگەڵ حکومەت هاوپەیمانی کردووە.

بەشی سێیەم

سیستەمی پەرلەمانی

2013ــ2017

رۆژی 5ی حوزەیرانی 2013 خاڵی وەرچەرخانێکی گرنگ بوو لە مێژووی پاکستان، نەواز شەریف، ڕابەری پارتی رابیتەی ئیسلامی (باڵی نەواز) بووە سەرۆکی کابینەی نوێی حکومەت بۆ جاری سێیەم. ئەمەش لە مێژووی پاکستاندا یەکەم جار بوو رووبدات.

هەڵوێست بەرانبەر سەرۆکی پێشوو پەروێز موشەڕەف

یەکەم پرس خرایە بەر باس، هەڵوێست وەرگرتن بوو لەسەرۆکی پێشوو پەروێز موشەڕەف، چونکە سەرۆک وەزیرانی نوێ نەواز شەریف جەختی لەوە کردەوە، کە حاکمی پێشووتری سەربازیی پاکستان پەروێز موشەڕەف پێویستە دادگایی بکرێت لەسەر ئەنجامدانی خیانەتی گەورە.

عومران خان و رێبازی ئازادی و تاهیر قادری پزیشک و رێبازی کودەتا

بەڵام دۆخە سیاسییەکەی پاکستان چەند گۆڕانکارییەکی گرنگی لە 28ی تەمموزی 2017. نووسینگەی سەرۆک وەزیران نەواز شەریف دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش کرد پاش بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی بەتۆمەتی ناشاییستەیی. دادگا بڕیاری دا قەدەغەکردنی کاری سیاسیدا لە بەرانبەر نەواز شەریف تا کۆتایی ژیانی.

ئابووریی پاکستان... لەنێوان تواناو سیاسەتەکاندا

پاکستان لەڕیزبەندی 146ەمین وڵاتە لەکۆی 187ی ئەو وڵاتانەی ئاستێکی زۆر نزمیان تۆمار کردوە لەڕووی گەشەی مرۆیی. ساڵانە وڵات رووبەڕووی کورتهێنان دەبێتەوە.

کۆتایی

لەکۆتایی کتێبەکەدا نوسەر باسی ئەو فاکتەرانە دەکات کە پاکستانی کرد بەوڵاتێکی ناجێگر

چەند فاکتەرێک هەبوون کە وایانکرد پاکستان ببێتە وڵاتێکی ناجێگیر، چونکە نوخبەی سیاسی شکستیان هێنا لە پێکهێنانی ناسنامەیەکی جێگیری نیشتمانی و یەکگرتنی وڵات. لێرەدا تاکە بابەتی گرنگ ئەوەیە: ئایا پاکستان وڵاتێکی ئیسلامییە، یان وڵاتێکە بۆ موسڵمانان، کە تێیدا شوینی ئایینی تر و کەمایەتی تر دەبێتەوە؟ وڵاتێکی دیموکراسی نییە وەک دامەزرێنەرەکەی محەمەد عەلی جەناح وێنای بۆ کردووە؟ ئایا گەلەکەی موسڵمانە یان ئەوان بنجابین یەکەمجار و سندین دوەمجارو پاکستانین سێیەم جار، یان ئەوەتا سەرەتا پاکستانییەکان و دواتر ئەوانی تر.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار