ناکۆکییە سیاسییەکان فشارەکانی سەر کۆمسیۆن توندتر دەکات

رەوتی سەدر رایدەگەیەنیت فشار لەسەر کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان هەیەو هۆشداریی دەدات

2 هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند، هەندێک لایەن لەهەوڵدان بۆ فشارخستنەسەر کۆمسیۆن و دواخستنی راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بەبێ ئەوەی ناوی لایەنەکان بێنێت، ئەوەش لەکاتێکدا گروپی فەتحی سەر بەعامری چەندین جار ئەنجامی هەڵبژاردنەکەیان بەساختە زانیوە.

موقتەدا سەدر ئاماژەی بەوەکرد کە ئامانجی ئەو هەوڵانەش ئەوەیە دەیانەوێت ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بگۆڕن و رێگری بکەن لەپێکهێنانی حکومەتی زۆرینە.

وتیشی «کاتێک باس لەسەربەخۆیی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان و سەرکەوتویی کارەکانی دەکرێت، رێگەنادەن دەستوەردان لەکارەکانیاندا بکرێت و دڵنیایی دەدەن لەسەلامەتی سەرجەم ئەندامەکانیان».

هەروەها وتی «سەرکۆنەی هەمو ئەو فشارانەش دەکەن کە دەخرێتەسەر کۆمسیۆن لەیەکەم رۆژی دەستبەکاربوونیانەوە تا ئەمڕۆ، رەوتی سەدر رۆڵی پاک و بێگەردی کۆمسیۆن بەرزدەنرخێنێت».

لای خۆیانەوە هاوپەیمانیی فەتح ک دۆڕاوی هەڵبژاردنەکانە رایگەیاند ئەگەر دەنگەکان بەدەست بژمێردرێنەوە، کورسییەکانیان زیاد دەبن.هەربۆیە دەیانەوێت راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان دوابخەن.

سەدر: دژی دەستتێوەردانین لەئەنجامەکان

موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر داوایکرد دەستوەردان نەکرێت لەکاروباری دەستەی دادوەری کۆمسیۆن و دادگای عێراقیدا لەپێناو  بۆ دواخستنی پرۆسەی راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان.

سەدر وتی «هەندێک لایەن ئومێدیان لەسەر ئەو هەوڵانە هەڵچنیوە بۆ رێگریکردن لەپێکهێنانی حکومەتی زۆرینە و هەوڵدان بۆ پێکهێنانی کوتلەی زۆرینەی پەرلەمانی».

31ی مانگی رابردووش موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند، رەوتەکەیان بۆچونی لەبارەی چاکسازی ناوخۆیی و پرسەکانی دەرەوە لەگەڵ بەشێک لەلایەنەکانی دیکەی عێراق جیاوازو ناکۆکە، بۆیە بەپێویستی دەزانن حکومەتی داهاتوو « حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی» بێت و خولی داهاتوی پەرلەمانیش بەرەی پێکهێنەری حکومەت و بەرەی ئۆپۆزسیۆنی تێدا بێت، کە هەردووکیان خزمەت بەوڵات و نیشتیمان دەکەن.

رەوتی سەدر کە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانە و 73 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە، دەڵێت، ئەوانەی کە دەیانەوێت ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بگۆڕن بۆ ئەوەی بتوانن رکابەریی گەورەترین فراکسیۆن بکەن بەمەبەستی رێگرتن لەپێکهێنانی حکومەتی زۆرینە.

موقتەدا سەدر لەهەژماری خۆیدا لە تویتەر وتی «ئێمە بەوپەڕی شانازیی و سەربەرزییەوە دەڵێین، کاری کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بەهەموو وردەکارییەکەوە بێگەرد و ورد و پیشەگەرانەیە؛ بۆیە دەستوەردان لە کاری کۆمیسیۆن رەتدەکەینەوە؛ هاوکات جەختدەکەینەوە لە سەلامەتیی کارمەندانی کۆمیسیۆن».

رێبەری رەوتی سەدر راشیگەیاند «هەموو گوشارە سیاسی و ئەمنییەکان کە دەخرێنەسەر کۆمیسیۆن لە یەکەم رۆژی کارکردنییەوە تاوەکو ئێستا رەتدەکەینەوە؛ بە شکۆو رێزەوە پاڵپشتیی لەهەڵوێستە پیشەیی و بێگەردەکانی کۆمیسیۆن دەکەم؛ بۆیە سوپاسی هەموو ئەندامانی کۆمیسیۆن دەکەم.

رێبەری رەوتی سەدر لەتویتەکەیدا هۆشداریش دەدات کە «نابێ دەستوەردان لەکاری دادوەری و دادگە بکرێت لەپرسی پەسندکردنی ئەنجامەکان کە کەسانێک دەیانەوێ بیانگۆڕن بۆ ئەوەی بتوانن رکابەریی گەورەترین فراکسیۆن بکەن بەمەبەستی رێگرتن لەحکومەتی زۆرینە کە نیگەرانبوون لە ئاماژەکانی دەرکەوتنی».

 فەتح: دەنگەکان بەدەست بژمێردرێنەوە، کورسییەکانمان زیاد دەبن

ئەندامێکی هاوپەیمانی فەتح رایدەگەیەنێت، ئەگەر دەنگی سەرجەم وێستگەکانی دەنگەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بژمێردرێنەوە، ئەوا هاوکێشەکە پێچەوانە دەبێتەوە و هاوپەیمانیی فەتحیش چانسی بەدەستهێنانی کورسی زیاتری دەبێت.

عەلی فەتلاوی، ئەندامی هاوپەیمانی فەتح بەسەرۆکایەتی هادی عامری راگەیاند، دوای ژماردنەوەی بەشێک لەدەنگەکان بەدەست، بەهۆی تانەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، یاخود پارتە ناڕەزاییەکان، ئێستا چانسی نوێیان هەیە و نزیکن بۆ ئەوەی سەربکەون و کورسی زیاتر بەدەستبهێنن.

فەتلاوی روونیکردەوە، هاوپەیمانیی فەتح چانسی باشتری لەلایەنەکانی دیکە هەیە، ئەگەر دەنگەکان بەدەست بژمێردرێنەوە. چونکە بەهۆی ئەو گۆڕانییەی لە شەش کورسی بەهۆی تانەکانەوە روویداوە، هاوپەیمانیی فەتح سێ کورسی بەدەستهێناوە.

هەروها وتی «بۆیە ئەگەر ژماردن و جیاکردنەوەی دەستی بۆ سەرجەم وێستگەکانی دەنگدان بکرێت، ئەوا چانس و دەرفەتی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی هاوکێشەکە پێچەوانە ببێتەوە، زۆر لەوانەی ئێستا براوەن دەدۆڕێن، زۆربەی ئەوانەشی ئێستا دۆڕاون، سەردەکەون، زۆر راستیش بۆ هەمووان ئاشکرا دەبێت، کە بە گوتەی ئەو کۆمیسیۆن شاردوویەتییەوە.

هاوپەیمانیی فەتح کە لە هەڵبژاردنی 2018دا 47 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنابوو، لەهەڵبژاردنی 10ی ئۆکتۆبەری 2021دا ژمارەی کورسییەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە و تەنیا 15 کورسی بەدەستهێنا.

کۆمیسیۆن: شەش کورسی پەرلەمان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیێنێت، شەش کورسی پەرلەمان گۆڕانکاریان بەسەردادێت و جیاکردنەوە و ژماردنەوەی دەستی سەرجەم وێستگەکانی دەنگدانیش نایاساییە.

 عیماد جەمیل، ئەندامی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق راگەیاند، بەهۆی پەسندکردنی تانەکان لەلایەن دەستەی دادوەریی لەکۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە، گۆڕانکاریی لەشەش کورسی پەرلەمان لە 6 پارێزگا دەبێت، کە بریتین لەپارێزگاکانی؛ هەولێر، نەینەوا، کەرکووک، بەغدا و بەسرەو بابل.

عیماد جەمیل روونیکردەوە، کۆمیسیۆن ئەنجامی سەرجەم تانەکانی لەدەستەی دادوەریی بەدەستگەیشتووەتەوە کە 21 تانەن، هەندێک تانە رێکاری و هەندێکی دیکە بابەتین، شەشیان بابەتین و گۆڕانکاری بەسەر بەربژێرەکاندا هێناوەو 15کەی دیکە رێکارین.

 ئەندامەکەی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق راشیگەیاند لەم هەفتەیەدا ئەو وێستگانەی دیکە کە تانەیان لێدراوە، بەدەست دەژمێردرێنەوە.

لەکۆی  15 تانە کە 850 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، دووبارە بە دەست دەژمێردرێنەوە لە نووسینگەی نیشتمانی لە بەغدا بەئامادەبوونی قەوارە سیاسییەکان و چاودێرانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی.

دواتریش ئەنجامەکەی رەوانەی دەستەی دادوەریی دەکرێت بۆ ئەوەی بڕیاری لەسەر بدرێت. دوای ئەوەی دەستەی دادوەریی، دوایین تانە یەکلایی دەکاتەوە و رەوانەی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی دەکاتەوە، کۆمیسیۆنیش دواتر بە فەرمی ئەنجامی هەڵبژاردن و ناوی ئەو بەربژێرانە ئاشکرادەکات کە گۆڕانکاریان بەسەردا هاتووە و سەرکەوتوون، کە 6 بەربژێرێن لە 6 پارێزگادا.

جگە لەوە پیشتریش چەند ویستگەی دیکە بەدەست ژمێردرانەوە، کە ژمارەی ویستگەکان 6681 وێستگەبوون کە ژماردنەوەی دەستی دەنگەکانیان بۆ کراوەو ئەنجامەکانیش هاوتا بوونە لەگەڵ دەنگدانی ئەلیکترۆنی. 

عیماد جەمیل  ئاماژەی بەوەکرد، 3781 پەنجە مۆری دووبارە هەن، کە بەسەر وێستگەکان دابەشبوونە، 54 هەزار وێستگەش خاڵین لەو جۆرە پەنجە مۆرانە.

ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن دەپرسێت «ئایا مەعقوڵە هەموو دەنگە دروستەکانی وێستگەیەک کە ژمارەیان 200 بۆ 250 دەبێت لەبەر پەنجە مۆر هەڵبوەشنێرنەوە؟ بەڵام بڕیارەکانی دادگا رێزلێگیراون و پێوەی پابەند دەبن» .

سەبارەت بە یەکلاکردنەوەی تانەکان کە لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمان دراون، عیماد جەمیل، ئەندامی فەرمانگەی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق  راشیگەیاند «لەم هەفتەیەدا پرۆسەی جیاکردنەوەی دەستیی دەنگەکانی وێستگە تانەلێدراوەکان بەڕێوەدەچێت؛ دواتر ئەنجامەکە رەوانەی دەستەی دادوەریی دەکرێت و پاشان ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن بەفەرمی رادەگەیەنین».

عیماد جەمیل وتیشی «بڕیارە ئەمڕۆ ئاماژە بۆ ئەو پارێزگایانە بکرێت کە گۆڕانکاریی بەسەر کورسییەکانیان دێت؛ بۆیە رەنگە ناوی ئەو کەسانە رابگەیەندرێت کە تانەیان پێشکێش کردووە، بەڵام ناوی ئەو بەربژێرانە راناگەیەندرێت کە سەرکەوتوون لە ئەنجامی گۆڕانکارییەکان بەهۆی ئەو تانانە، چونکە راگەیاندنی ناوەکان لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی دەبێت».

بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کە لە 10ی ئۆکتۆبەری 2021 بەڕێوەچوو؛ رەوتی سەدر 73 کورسی پەرلەمان، هاوپەیمانی تەقەدوم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی 37 کورسی، پارتی دیموکراتی کوردستان 33 کورسی، یەکێتی نیشتمانیی کوردستان 16 کورسی ، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا 33 کورسیان بەدەستهێناوە؛ هاوپەیمانیی فەتح کە لەخولی پێشووی پەرلەمان 47 کورسی هەبوو لەم هەڵبژاردنەدا تەنیا 15 کورسی بەدەستهێناوە، هاوکات سەربەخۆکان زیاتر لە 35 کورسییان لە 329 کورسییەکەی پەرلەمان بردەوە.

نەتەوە یەکگرتووەکان پشتگیریی کۆمسیۆن دەکات

نوێنەری سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لەعێراق دەڵێت، هەڵبژاردنەکەی مانگی رابردووی عێراق بەو جۆرە هەڵسەنگاندنی بۆ کراوە کە ئاشتییانە بەڕێوەچوو و رێکوپێک بوو.

جێنین پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لەعێراق رایگەیاند «هەڵبژاردنەکان وا هەڵسەنگاندنیان بۆ کراوە کە بەگشتی ئاشتییانە و رێکوپێک بوون و بەرەوپێشچوونی بەرچاوی تەکنیکی و کارگێڕییان تێدابوو. بەگشتی، هەڵبژاردنەکە دەستکەوتێکی گەورە بوو. حکومەت و پارتەکانی عێراق کارێکی باش دەکەن ئەگەر بەئاشکرا دانی پێدابنێن.»

جێنین پلاسخارت دوێنێ سێشەممە 23-11-2021 لە میانی پێشکێشکردنی وتەیەکدا بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی دۆخی عێراق بەگشتی و هەڵبژاردنەکەی مانگی رابردوو، جەختی لەوەکردەوە کە «دەبێت ئارامی و ئاسایشی وڵات بپارێزرێت» وتیشی «ئەو پڕۆسە دیموکراسییەی لە عێراق دەستیپێکردووە، دەبێت درێژەی هەبێت.»

نوێنەرەکەی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق هانی لایەنەکانی وڵاتی دا پێکەوە دانوستاندن بکەن و گوتی، «دیالۆگ و دانبەخۆداگرتن» تەنیا رێگەن بۆ هەنگاونان بەرەو پێشەوە.

هەروەها پلاسخارت لەبارەی رێژەی ژن لە پەرلەمانی داهاتووی عێراقیشدا قسەی کرد و وتی: «وا دیارە بەربژێرە ژنەکان زۆر بەباشی کاری خۆیان کردووە و سوودیان لە کۆتای دیاریکراو بۆ خۆیان وەرگرتووە کە 25٪ە و دەکرێت ئەو رێژەیشیان تێپەڕکردبێت، چونکە ئەو رێژەیە کەمترین سنوور دیاریدەکات، نەوەک زیاترین.»

لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن، ژمارەیەکی زۆر لەلایەنە سیاسییە شیعەکان، جگە لە رەوتی سەدر، ئەنجامەکەیان رەتکردەوە و لایەنگرانی حەشدی شەعبیش دەستیان بە ناڕەزایی، مانگرتن و خۆپێشاندان لە نزیک ناوچەی سەوز کرد. ئەوان دەڵێن، هەڵبژاردنەکە ساختەکاری تێدا کراوەو هەربۆیە داوای بەدەست ژماردنەوەی دەنگەکان یان دووبارەکردنەوەی پڕۆسەکە دەکەن.

پلاسخارت لەو بارەوە قسەی کرد و وتی «تا ئێستا، وەکو دەسەڵاتی دادەوەریی عێراق رایگەیاندووە، هیچ بەڵگەیەک لەسەر هەبوونی ساختەکاری نەخشەبۆدانراو نییە. پێویستە هەموو نیگەرانییەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردن کە تائێستاش بەردەوامن، بە رێگەی یاسایی و بە گوێرەی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.»

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار