تەوەری ئاڵا

سەردار عزیز

2 مانگ لەمەوپێش



سەردار عزیز

ماوەی چەند ساڵێکە پرسی ئاڵای کوردستان بووەتە مژار. سەرەتا هەندێک لەو دەربڕینانەی راڤە دەکەین، پاشان قسە لەسەر پرسی ئاڵا دەکەین لەڕوانگەی پرۆسەی بونیاندنای سیمبول و پیرۆزی لەهەناو پرۆسەیەکی گەورەتر کە پێکەوەیی یان بونیادی نەتەوەییە. 

سەرەتا پرسی وروژانی ئاڵا پرسێکی جیدی نیە لای هیچ لایەنێک، بەڵکو زیاتر یەکێکە لەو یارییە میدیایی و سیاسیانە کە بەردەوام لایەنە سیاسی و حکومییەکان دەیکەن لەپێناو پۆشین یان بەلاڕێدابردنی پرسی تردا. ئەردۆغان لەم یاریەدا زۆر ماستەرە. وەها دیارە لەو دەڤەرەی خۆشمان لاساییکەرەوەی هەیە.  بۆ چارەسەری ئەم پرسە دەبێت ئاڵا بکرێت بەموڵکی گشتی، نەک موڵکی حزبی. ئەگەر ئاڵا رێککەوتنی لەسەر نیە، ئەوا دەبێت ئەو رێککەوتنە دروست بکرێت و لەخاوەندارێتی لایەنێک جودا بکرێتەوە. چونکە ئەگەر لایەنێک بیەوێ ئاڵای نیشتمانی وەک ئامرازێکی سیاسی بەکارببات، ئەوا خۆی یەکەم لایەنە کە ئاڵاکە سوک دەکات، چونکە لە ئاڵای گشتەوە دەیکات بەئاڵای هەندێک، ئێستا با هەندێک قسە لەسەر کڵێشەکان بکەین کە دەربارەی ئاڵا دەوترێت.

یەکێک لەکڵێشە هەمیشە دووبارەکان ئەوەیە کە ئاڵا پارچە پەڕۆیەکە. من سەرم سوڕدەمێنێت لە بەتاڵی ئەم دەربڕینە. یەکەم، هەموو ئاڵایەک پارچە پەڕۆیەکە. زۆر شتی تریش هەن کە هەر پارچە پەڕۆیەکن، وەک تابلۆی هونەری گەورە. بەڵام ئەم پارچە پەڕۆیە وەک هەر پارچە پەڕۆیەکی تر نیە، چونکە بە پرۆسەیەکی مانا پێدراو و بە سیمبولکردندا ڕۆشتوە . کێشەی گەورەی ئەم دەستەواژە کڵێشەییە ئەوەیە کە ئەگەر ئاڵا تەنها پارچە پەڕۆیەکە، کە یانی هیچ نرخ و بەهایەکی نیە، ئیتر بۆ سوکایەتی پێدەکرێت. شتێک سوکایەتی پێدەکرێت کە نرخ و بەها و مانای هەبێت. کەواتە کاتێک دەربڕینەکە هەوڵێکە بۆ کەمکردنەوەی گرنگی، دەرخەری ئەوەیە کە ئاڵا گرنگە. چونکە ئەگەر شتێک گرنگ نەبێت هەوڵی کەمکردنەوەی گرنگی نادرێت. بەڵام لە بەر نەبونی بیرکردنەوە و ئاڵانی ئەم پرسە لە دۆخێکی جیاواز تر ئەوا ئەم ڕستەیە سەرباری ئەوەی کە ماناکەی تەواو پێچەوانەی دەربڕینەکە و مەبەستەکەیە، بەڵام بەردەوام دەوترێتەوە. ئەوەی جێگای سەرنجە، وتنەوەی مانا دەبەخشێت چونکە لە بنەمادا راستییە. وەک ئەوەی بڵێی مرۆڤ چیە، بڕێک گۆشت و خوێنە، یان بڕێکی زۆری ئاوە. 

دووەم کڵێشە کە جێگای سەرنجە ئەو دەربڕینەیە کە ئاڵا بەرپرس دەکرێت بەوەی کە هەموو خراپی حوکمڕانی و گەندەڵی لەژێر ئەو ئاڵایەدا روویداوە. لێرەدا کێشەکە ئاڵا نیە وەک دەزگا، بەڵکو ئاڵایەکە. بەو مانایە ئاڵایەک هەیە کە لەژێریدا کاری خراپ ڕویداوە بۆیە پیرۆزی یان گرنگی لە دەستداوە. ئەم کڵێشەیە تەواو پێچەوانەی کڵێشەی یەکەمە، کە دەڵێت تەنها پارچە پەڕۆیەکە. ئەگەر تەنها پارچە پەڕۆیەکە کەواتە چۆن بەرپرسە لە گەندەڵییەکان، یان خراپەکان.  دیارە بەرپرسکردنی ئاڵا لە ئەو پاشخانە دینیەوە دێت کە ئاڵا کاریگەری هەیە. وەک ئەوە وەهایە، چونکە نەهاتوەتە دەنگ، رێگەی داوە کە کاری خراپ لەژێریدا بکرێت ئەوا دەبێت سزا بدرێت و بەهاکەی لێ وەربگیرێتەوە. دیارە من لە گرنگی یادەوەری و پێکەوەبەستن تێدەگەم لەم پرسەدا. خەڵکی دەتوانن بڵێن ئەم ئاڵایە سیستەمێکی حوکمڕانی گەندەڵمان بیر دەخاتەوە. ئەو کاتە دەبێت بیر لەبونی ئاڵایەکی تر بکەینەوە. بەڵام ئەم پرسەش دیسانەوە گرنگی بونی سیمبول لەپرۆسەی حوکمڕانیدا نیشان دەدات. 

لێرەدا جێگایەتی کە باس لەگرنگی سیمبول و پیرۆزی بکەین. سیمبول نوێنەری چەمکایەتی یەکەیەکی گەورەترە. هەموو گەلان لەڕێگای سیمبولەکانیانەوە نوێنەرایەتی خۆیان دەکەن لەدونیادا. بەڵام سیمبول پێش ناسینەوە و نوێنەرایەتی و ئامادەبون رۆڵی پێکەوە گرێدان و ئاسانکاریی وێناکردن و دروستکردنی وێنای هاوبەشی هەیە. ئەمە تەنها پەیوەست نیە بە نەتەوە یان دەوڵەت، بەڵکو کۆمپانیا، براند، تیمی وەرزشی و هەموو گروپێک سیمبول و ئاڵای هەیە. سیمبوڵەکان لەهەموو جۆرە پێکەوەبونێکدا بوونیان هەیە و بنەمای حەکایەت و وێناو خەیاڵکردنی پێکەوەبون دادەڕێژن، هەر لەئەڵقەی هاوسەرگیرییەوە هەتا براندی کۆمپانیا گەورەکان و سیمبولی تیپە وەرزشییەکان و گەلان.  بەم پێیە ئێمە ئەگەر دەمانەوێت پێکەوەبین ئەوا دەبێت سیمبولی هاوبەش لە نێوانماندا بوونی هەبێت. ئەم سیمبولانە بەرهەم دێن، خۆیان بە سروشتی بوونیان نیە. ئێمە کەلتورێکی دەوڵەمەندی ئاینیمان هەیە کە دەتوانێت بنەمای دروستبونی سیمبولی عەلمانی بێت. ئاین سیخناخە بە سیمبول، هەر لەبەردە رەشەکەوە هەتا زۆرێکی تر. هەموو کورد چ وەک کەلتوری گشتی کوردی یان ئاینی بەم پرۆسەیە ئاشنان. لە هەناو کەلتوری میللی ئێمەدا ئەم پرۆسەیە بە تەبەڕک ناسراوە. خەڵکی لە کۆندا، لە نێو زۆرێک لەتوێژەکانی کۆمەڵگەدا لە ئێستاشدا بڕوایان بە خۆڵ، بەرد یان ئاوی پیرۆز هەیە. ئەمە کرۆکی دینە. پیرۆزکردن و پێداویستی مرۆڤ بەبونی شت، شوێن، کاتی پیرۆز پێداویستییەکی دەرونی و پەیوەندییانەیە، کە نەک هەر ئاین بەڵکو لە بواری سێکیولاریشدا بەرهەم دێت. لە کتێبی political theology دا کارل شمت دەڵێت هەموو چەمکە سێکیولەرەکان سەرچاوەیەکی ئاینییان هەیە. ئەم پرۆسەی بە سێکیولارکردنی دونیای ئاینی لەدونیای ئێمەدا روونادات، گەر رووبدات ئەوا زیاتر لە ئاستی نەست یان نائاگاییدایە.  ئایا کاتێک ئاڵا پیرۆز بوو یان سیمبول بوو دەکرێت بسوتێنرێت؟ ئەم پرسە لە مێژودا نمونەی زۆرە. یەکێک لەنمونە زەقەکان بڕیاری دادگای باڵای ویلایەتی تەکساسە، کە بە تەکساس بەرامبەر جۆنسۆن ناسراوە. جۆنسۆن کەسێکە هەڵدەستێت بە سوتانی ئاڵای ئەمریکا. کارەکەی دەبرێتە دادگا و دادگا وەها بڕیاری لە سەر دەدا کەسوتانی ئاڵا speech act ە، بەو مانایە جۆرێکە لەدەربرینی را، بۆیە ناتوانرێت رێگەی لێبگیرێت. بەڵام پاشان پەرچەکرداری زۆری لێدەکەوێتەوە لەهەموو ئاستێکدا.  من بەش بەحاڵی خۆم کێشەم نیە لەگەڵ سوتانی ئاڵا وەک دەربڕینی ناڕەزایی یان گەیاندنی پەیام، یان نواندنی کردەیەکی سیاسی. بەڵام ئەمە دەبێت بەیاسا رێکبخرێت. کەسێک دەتوانێت ئاڵا بسوتێنێت ئەگەر بیەوێت پەیامێک بگەیەنێت و سوتانی ئاڵا تاکە رێگا یان باشترین رێگابێت بۆ گەیاندنی ئەو پەیامە. لەهەمانکاتدا دەوڵەت ناتوانێت پیرۆزی بسەپێنێت بەڵکو پیرۆزی دەبێت بونیادبنرێت.  کێشە لەگەڵ ئاڵای کوردیدا یان ئاڵای کوردستاندا زیاتر کێشەی سیاسییە نەک فیکریی یان ئەخلاقی. کێشەی یەکەم بە حزبی بوونی ئاڵاکەیە، کە لە رووی مێژووییەوە هەڵەیە. کێشەی دووەم، بێ سنوری ململانێی شەخسی و ئیگۆییە. لەدونیادا سیاسییەکان جوداییان زۆرە، بەڵام زۆرینەیان لەسەر سیمبولەکان رێکن. دژایەتی سیمبول یان داننەنان بەبوونی سیمبولی هەموواندا کێشەی هەرە گەورەی تەنها پرۆسەی بونیادی نەتەوەیی نیە، بەڵکو سیاسەتکردن و بونیادی خەیاڵ و حوکمڕانی و حوکمی باشە. هۆکاری سەرەکی ئەمەش ئەوەیە کە بەناو سیاسییە کوردەکان، نایانەوێت لەهەناو سیستەمێکی دەزگایی و یاسایی و گشتیدا بژی.  وەک لەناڕەزایی و دروشم و خواستەکانی خەڵکی کوردستاندا دەردەکەوێت، خواستی سەرەکی خەڵک ئەوەیە کە باش حوکم بکرێت، بەشیان هەبێت لەسامانی وڵاتدا، خزمەتگوزارییان پێشکەش بکرێت و ئاسایشیان هەبێت. ئەمانە مافی ڕەوان و خواستی بنەڕەتی هەموو کۆمەڵگەیەکە. بەڵام بۆ ئەوەی ئەمانە بێتەدی دەبێت ئێمە سەردەمیانە حوکم بکەین. دەبێت یاساو دەزگاو سیمبول و سیستەممان هەبێت. لەکوردستان رەوتێکی پارادۆکس لەئارادایە. کاتێک لەخواستی خەڵک دەڕوانیت داوای حوکمی زیاترو باشتر دەکات، بەڵام خیتاب و وتارو ئاگایی بۆ بێ حوکمییە.  ئەگەر حکومەت بۆ هەموان بێت نەک تەنها بۆ شەخس و بنەماڵە و حیزبییەکان، ئەوا دەبێت هەمووان بونی هەبێت. دروستکردنی هەموو یان گشت لە ڕێگای خەیاڵ و سیمبول و خۆشەویستی و بەرژەوەندییەوە دەبێت. هەر ئەمەشە ناوچەکە مێژویەکی دەوڵەمەندی هەیە لەڕووخان و خراپدا، بەڵام دەگمەنە ئەو جوڵانەی کە باشیان بەرهەم هێنابێت. تۆ ناتوانیت دژی هەموو شتێک بیت و چاوەڕوانی ئەوەبیت هەموو شتێکت هەبێت. جۆرێک لەئەدەبیات و کەلتور بەرهەمهێنراوە لەدونیای ئێمەدا، کە چێژ لە نەمان یان نەبون وەردەگرێت. ئەم چێژە چێژێکی ئۆرگازمییە، ئۆرگازمی بەمانای ئەوەی رەنگە خۆش بێت بەڵام کورتەو لەئەنجامدا بەرهەمهێن نیە و لەزۆر جاردا بەسودی پارتی و یەکێتی دەشکێتەوە .

لەناڕەزایی و دروشم و خواستەکانی خەڵکی کوردستاندا دەردەکەوێت، خواستی سەرەکی خەڵک ئەوەیە کە باش حوکم بکرێت، بەشیان هەبێت لەسامانی وڵاتدا، خزمەتگوزارییان پێشکەش بکرێت و ئاسایشیان هەبێت. ئەمانە مافی ڕەوان و خواستی بنەڕەتی هەموو کۆمەڵگەیەکە. بەڵام بۆ ئەوەی ئەمانە بێتەدی دەبێت ئێمە سەردەمیانە حوکم بکەین. دەبێت یاسا و دەزگا و سیمبول و سیستەممان هەبێت

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار