کابوس و بەڵاى دەرمانى ساختەو کاریگەرى لەسەر جیهان
هیوا كازم
3 ساڵ لەمەوپێش
هیوا كازم
ناوی كتێب : بازرگاینکردن بەدەرمان
ساڵی چاپ : 2018
خوێندنهوهی: هیوا كازم
لهبڵاوكراوهكانی دهزگای ئایدیا بۆ فكرو لێكۆڵینهوه
بەپێی راپۆرتی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)، رێژەی دەرمانی ساختە لەنێوان لە (15٪)یە لەوڵاتانی پێشكەوتوودا، بەڵام لە وڵاتانی تازە پێشكەوتوو رێژەكە دەگاتە (30%)، لە ئەمەریكای لاتینی و ئەفریقایش دەگاتە (50%).
لەسەرەتاى کتێبەکەدا نوسەرانى کتێبەکە بەم شێوەیە پێناسەى دەمانى ساختە دەکەن.
دەرمان چییە؟
دەرمانی ساختە، یان ساختەكردن بەدەرمان، یەكێكە لە مەترسیدارترین مەسەلەكان کەڕووبەڕووی كەرتی تەندروستی بوەتەوە لەهەموو جیهاندا، چونكە بەپێی داتاكانی (رێكخراوی تەندروستیی جیهانی) دەرمانی ساختە لە نێوان (10%) بۆ (30%) دەرمانی بەر دەست پێكدەهێنێت لەسەرتاسەری جیهاندا. هەر بە گوێرەی ئەو رێكخراوە، دەرمانی ساختە تەنیا هەر لەسەر دەرماندا كورت نابێتەوە، بەڵكو دریژ دەبێتەوە بۆ سەرجەم دەرمانە گرانبەهاكانیش وەك دەرمانی شێرچەنجە و لەهەمان كاتیشدا دەرمانی وەك حەبی سەرئێشە.
بەپێی توێژینەوەكانی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی، لە (48.7%) جۆری غەشكردن لە دەرمان و ساختەكردنی لەوڵاتانی ئاسیاوە دەكرێن، بە تایبەتیش وڵاتانی: چین و فلیپین و ڤێتنام. لەوڵاتانی ئەفریقایش بەڕێژەی (18.7%) و لەهەندێك وڵاتانی ئەورووپایش بە ڕیژەی (13.6%)دایە.
رواڵەتى دەرمانى ساختە:
یەکێک لەڕوخسارەکانى دەرمانى ساختە، دروستکردنى دەرمانى لەشوێنى نایاسایی، واتە لە دەرەوەى چوارچێوەى پێگەى تایبەتکراوو تەرخانکراو بۆ دروستکردنى دەرمان.
بەشێکى ترى کتێبەکە تایبەت کراوە بەو وڵاتانەى کە دەرمانى ساختە دروست دەکەن
زۆربەی زۆری ئەو جۆرە دەرمانانە لەهیندستان دروست دەكرێن، چونكە ئەو وڵاتە بەنزیكەی (75%) دەرمانە ساختەكانی دەگاتە هەموو جیهان. دوای ئەویش رووسیا دێت، كە لە (12%) دەرمانی ساختەكراو هەناردەی بازاڕەكانی جیهان دەكات.
گرنگترین ئەو وڵاتانەی دروستكەری دەرمان و دامەزراوەی گرنگن لەجیهاندا:
ئەورووپا:
1. ئەڵمانیا: بەرهەمهێنەری دیجتال.
2. نەمسا: دیجتال و فالیریان.
3. بەلژیكا: بابوونج ـ لێ دەڕوێت و ناوەندی گرینگی بۆ توێژینەوەی دەرمان لێیە.
4.رۆمانیا: یەكێكە لەوڵاتە هەرە گرنگەكانی هەناردەكاری گژوگیای پزیشكی.
5.سویسرا: گەورەترین دامەزراوەی دەرمانسازی.
6.یوگسلاڤیا: خاوەنی گەورەترین سەنتەری توێژینەوەیە بۆ گژوگیای پزیشكی.
ئاسیا:
1.چین: بەرهەمهێنەری ئافیۆن و سانسون.
2. ژاپۆن: گژوگیای دەریایی.
3. مالیزیا: مەتات.
ئەفریقا:
باكووری ئەفریقا: گژوگیای بۆندار: وەك كەمون و نەعناع و كەتان.
میسر: گژوگیای بەنج و سەنا.
سەبارەت بە مەترسى دەرمانە ساختەکان کتێبى بازرگانى کردنى بەدەرمانى وا باسى دەکات:
بازرگانیكردن بەدەرمانی ساختە ساڵانە نزیكەی (600) ملیار دۆلار لەكۆی بازرگانیی جیهانیدا دەستبەر دەكات. رەنگە لەداهاتوویشدا ببێتە تاوانە هەر دیارەكەی (سەدەی 21).
بۆ یەكەم جاریش كێشەی دەرمانی ساختە لەناو بازرگانیی نێودەوڵەتیدا لە كۆنگرەی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی لەژێر ناوی (پسپۆڕانی رێنیشاندەری بەكارهێنانی دەرمان) لەنیرۆبیی پایتەختی كینیا لەساڵی (1985) بوو.
بەپێی نووسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمەریكیش، بازرگانیكردن بەدەرمان بەنزیكەی (600) ملیار دۆلار لەبازرگانیی جیهانیدا هەیە. زیاتر لە (46) راپۆرتی نهێنی گەییشتوەتە دەست رێكخراوی تەندروستیی جیهانی سەبارەت بەو دەرمانە ساختانەی لە نێوان (2000)ـەوە تا (2008) لەلایەن زیاتر لە (20) وڵات، لە (60%) لەوڵاتانی تازە پێگەییشتوەوە هاتوون. ئەمە لەكاتێكدا لە (40%) لەوڵاتانی ترەوە هاتووە.
دەرمانی ساختە پەتاكەی ئەفریقاو ئاسیا:
بەپێی راپۆرتەكان، پەتای دەرمانی ساختە سەرتاپای ئاسیاو ئەفریقای گرتوەتەوە، بەتایبەتی ئەو دەرمانانەی زۆر پێویستن بۆ رزگاركردنی ژیانی نەخۆشەكان، وەك دەرمانی مەلاریا. دەست بەسەر بڕێكی زۆر لەدەرمانی ساختەدا گیراوە كەڕێژەكەی دەگاتە نزیكەی (53%) لە باشووری خۆرهەڵاتی ئاسیا. هەروەها دەست گیراوە بەسەر بڕێكی زۆر دەرمانی ساختە لەجۆری دژە دەرمانی چالاك و دەرمانی چارەسەری سیل و ئایدزو تەنانەت دژە هەوكردنی مێشیك.
لەئەفریقایش بەپێی توێژینەوەكان دەركەوتوه لە نێوان (30ــ 40%) دەرمانی ساختە هەیە. پێش چەند ساڵێك بەدەیان منداڵ گیانیان لەدەستدا بەهۆی دەرمانێكی ساختە كە مادەیەكی نەوتی تێدا بوو.
ساڵانە بەهۆی دەرمانی ساختەوە دوو سەد هەزار كەسی تووشبوو بە مەلاریا گیان لەدەست دەدەن. رێكخراوی تەندروستیی جیهانیش رێژەكە بە ملیۆن حاڵەتی مردن بە مەلاریا مەزەندە دەكات.
بەپێی ئامار و راپۆرتەكان کەڕێكخراوی تەندروستیی جیهانییش بڵاوی كردووەتەوە، هیندستان بەڕێژەی (75%) سەرچاوەی ئەو جۆرە دەرمانەیە و چین بە پلەی دوەم دێت، نێجیریایش وەك هەمیشە دەرگا واڵاكەیە بۆ هاتنی ئەو جۆرە دەرمانە بەتێكڕایی (35%).
کتێبى بازرگانى کردن بەدەرمان کە لەلایەن کۆمەڵێک نوسەروە نوسراوە پۆلێنكردنی دەرمانی ساختە لە لایەن رێكخراوی تەندروستیی جیهانی شێویە دەکات :
رێكخراوی تەندروستیی جیهانی دەرمانی ساختە بەسەر چەندین جۆر پۆلێن دەكات، دیارترینیشیان، دەرمانی درۆزن (بێ هیچ پێكهاتەیەكی دەرمانی كارا)، دەرمانی لەبەرگیراوە (بەڕێژەیەكی كەم لە كەرەستەی كارا)، دەرمانی بەسەرچوو (ماوەی بەكارهێنانی بەسەرچووە) دەرمانی قەدەغەكراو (جەخت لە مەترسییەكانی كراوەتەوە و بەكارهێنانی قەدەغە كراوە)، دەرمانی لاساییكەرەوە (كارتۆنی ساختە)، دەرمانی ساختە (بەو شێوەیە دەفرۆشێت، كە گژوگیای سروشتییە).
دەرمانی قەدەغەكراو (مەترسییەكانی سەلمێنراون و قەدەغە كراون):
دەرمانی دژە سكچون، كە دەركەوتوە مادەی (كلیوكینول) تێدایە، سەلمێنراوە كە هۆكاری تووشبوون بەزیانێكی زۆری مێشكە، كەچی تا ئێستایش لەوڵاتانی جیهانی سێیەم بەكاردەهێهنرێت.
بەهای مامەڵەی بازرگانیكردنیش بەدەرمانی ساختە داهاتی بازرگانیی مادەی هۆشبەریش تێپەڕ دەكات، لەئەنجامیشدا ساڵانە بەهۆى دەرمانى ساختەوە لەجیهان زیاتر لە (100) هەزار کەس دەمرن
دەستكەوتی كۆمپانیا زەبەلاحەكانی دەرمان لەجیهاندا:
زیادەڕۆیی نییە گەر بڵێین، كەرتی چاودێریی تەندروستی و دەرمان زۆر بەهێزانە پێشبڕكێ لەگەڵ بازرگانیی چەك و بازرگانیكردن بەمرۆڤ و مادەی هۆشبەرەوە دەكات. ئەمەیش بەهۆی ئەو داهاتە زەبەلاحەی كۆمپانیاكان وەدەستی دەهێنن. ئەو كەرتە بەپڕ داهاترین كەرت هەژمار دەكرێت. بۆ نموونە كۆمپانیای (جونسۆن ئاند جونسۆن)ـی ئەمەریكی رێژەی داهاتەكەی گەڕاندوەتەوە بۆ دابەشبوونی ساڵانەیی بەدرێژایی (50) ساڵ بە هۆی بەرزكردنەوەی نرخی دەرمان بەشێوەیەكی بەردەوام.
قەبارەی بازرگانیكردن بە دەرمانی ساختە لەسەرووی قەبارەی بازرگانیكردنە بەمادەی هۆشبەر! چونكە ئەنجامدەرانی تەنیا سزایەكی سوك وەردەگرن (ساڵێك زیندانی و غەرامەیەكی كەم بۆ تاوانبارانی دەرمانی ساختە، ئەمە لەكاتێكدا (40) ساڵ زیندانی بۆ بازرگانانی مادەی هۆشبەر بڕاوەتەوە. )
کابوسى دەرمان و باندی بازرگانی و مافیا تاوانکارەکانى دەرمان دوا راپۆرتى ئینتەرپوڵ لە بارەى دەرمانى ساختە و قاچاخەوە:
تاوانى دەرمانسازەکان جیا لەهەموو فۆڕمەکانى ترى تاوان، مەترسییەکى مەزن لە سەر تەندروستیى کۆى کۆمەڵ دروست دەکات. قاچاخچێتى لەبوارى دەرماندا هەمان ترس و تۆقینى قاچاخچێتیى مافیاکانى مادەى هۆشبەر و کڕین و فرۆشى مرۆڤى بۆ سەر ئاییندەى تەندروستیى مرۆڤ هەیە. لەم رووەوە رادەى چالاکیى رێکخراوە تاوانکارەکان (OCGS) و باندەکانى لەهەمبەر تاوانى دەرمانسازی و قاچاخى دەرماندا خستوەتەڕوو.
دوو ڕێکخراوى ئاشنا و دیار هەن، کە هەریەکێکیان لەئاسیا و باکوورى ئەمەریکادان، ئەم دوو رێکخراوە رێکخراوى تاوانکاریی بوارى دەرمان و دەرمانسازیی پزیشکین. سەرەڕاى ئەوانەیش باندو مافیا ماتۆڕسوارەکان بۆ نموونە (فریشتەکانى دۆزەخ) ئەمانە ناسراون بەبازرگانى و قاچاخچێتیى بوارى دەرمان لەهەردوو وڵاتانى باکوورى ئەمەریکاو ئەسکەندەنافیادا.
ئاکامەکان لەڕاپرسییەکانى ئینتەرپوڵەوە
فرۆشى دەرمانى رێپێدرا و یاسایی لەئەمریکاى لاتیندا خەمڵێنراوە بە (100) ملیۆن دۆلارى ئەمەریکی بۆ ساڵێک، لەهەمان کاتدا فرۆشى دەرمانى نایاسایی و یاساغ لە ئەمەریکاى لاتیندا بریتییە لە (30) ملیۆن دۆلار. بە شێوەیەکى ئۆنلاین بوارى فرۆشى دەرمانى ساختە و نایاسایی دەروویەکى بەرفراوانى لە بەردەمدا کراوەتەوە. دەسەڵاتدارانى گومرگى ئەمەریکاى باشوور باس لەوە دەکەن کە تەنها لەیەک وڵاتدا (1000) فرۆشیارى دەرمان لەوێوە بۆ وڵاتانى ئاسیا مژوڵى کارى نایاسایین. لە (2012 - 2013) دا بەرپرسانى گواتیمالا هەڵسان بەدەستگرتن بەسەر ژێرزەمینێکى شاراوەى دەرماندا، لەوێدا کۆگایەک هەبوو کە دەرمانى خۆماڵى و ساختەى بوارى پزیشکى بەرهەمدەهێنا.
لەکیشوەرى ئاسیادا بەردەوام داواکاریی دەرمان و حەبى دابەزاندنى کێش و کەشخەیی لەزیادبووندایە. بۆ نموونە تەنها لەماوەى ساڵێکدا لەوڵاتێکى وەک تایلەنددا (5) ملیۆن پاکەتى حەبى دابەزاندنى کێش بەکارهێنراوە.
لەکۆتاییدا کتێبەکە باسى کۆمەڵێکى تر لەدەرمان دەکات کە ئێستا لەجیهاندا زۆرترین خواستیان لەسەرە و شوێنى دروستکردنەکەى دیارى نیە و تەنها لەڕێگاى ئۆنلاینەوە دەفرۆشێن و بەشێکى زۆرى ئەو دەرمانانە بەشێوەى قاجاغ هاوردەى وڵاتان دەکرێن کە ئەوانیش بریتین لە :
هەژموونى دەرمانى نایاساییی پەیوەست بەلاوازیى سێکسی
لەرێگاى ئۆنلاینەوە کڕین و فرۆشیان پێدەکرێت. زۆرترینى ئەو کەناڵانەى کە ئەم بازرگانییەیان تێدا دەستەبەر بوە، خۆى دەبینێتەوە لەو دەرمانانەى کە پەیوەستن بەدەرمانى لاوازیى سێکسی و بەشێوەى نایاسایی کارى بازرگانییان پێدەکرێت.
قاچاخ جگە لەبوارى سێکس و تەندروستى و لەشجوانى بریتییە لەدەرمانە گرانبەهاکانى پەیوەست بەنەخۆشیى ئایدز و نەخۆشیى شێرپەنجەوە.
بڵاوبوونەوەى دەرمانى وزەبەخش
ساختەچێتیی بوارى دەرمانى وەزەبەخش یەکێکە لەو بوارانەى کە قازانجێکى رادەبەدەر و کڕیارێکى فرەى هەیە و گروپە یاساغ و مافیاکانى دەرمانیش زۆرترین دەستى بۆ دەبەن بە تایبەتى لەئەورووپاى خۆرهەڵاتدا .
دەرمانى نایاسایی و مادەى هۆشبەر
بەشێک لەڕاپرسییەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە ئەفیون هاوردە دەکرێت و بە شێوەى نایاسایی دیسانەوە بەرهەم دەهێنرێت و مادەى هۆشبەرى لێ بەرهەمدەهێنن. ئەم دەرمانانە بە شێوەیەکى تر بەبێ هیچ رەچەتەیەکى پزیشکى دەفرۆشرێت و بەردەست دەکەوێت، زانیاریەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە مافیاکان و گروپەکانى تاوان بازرگانى و قاچاخییەکى بەرفراوان بەم جۆرە دەرمانانەوە دەکەن.
زیادبوونى قاچاخچێتیى ترامادۆڵ
لەساڵى رابردوودا ئەنتەرپوڵ هۆشداریی ئەوەی دا کە بەشێوەیەکى کتوپڕو لەناکاو بازرگانى و قاچاخچێتیى هێنانى ترامادۆڵ لەجیهان و بەتایبەتى بۆ ئەفریقاى خۆرئاوا ئێجگار زۆر بووە. ترامادۆڵ جۆرێک لە ئەفیونە و لەبوارى هێوری و رەوشى تەرفیهى مرۆڤدا کەڵکى لێ وەردەگیرێت.
ناساندنی دەرمان لەدەستەواژەی پزیشكیدا:
رێكخراوی خۆراك و دەرمانی ئەمەریكی بەو شێوەیە وەسفی دەرمان دەكات: هەر مادەیەك، یان مادەیەكی سروشتی، یان دروستكەر، ئامادەیە بۆ بەكارهێنان بەمەبەستی دەستنیشانكردن، یان وەك چارەسەرێك یان خۆپارێزی لەنەخۆشییەكانی تووشی مرۆڤ یان ئاژەڵ دەبنەوە. هەروەها ئەو مادانەیش دەگرێتەوە (ناخۆراكییەكان) ئامادەكراو بۆ كاریگەربوون بەسەر پێكهاتەی جەستەی مرۆڤ، یان چالاكییەكانی لەناویدا.