مەلا بەختیار: وردبینی سەركردایەتی سیاسی لەم دانوستانەدا لەوەدایە دەست بە شادەماری پرۆسەی سیاسی عێڕاق بگرێ‌

"لەناوخۆی كوردستانیشداگەرچی گەندەڵی و كەموكوڕیش زۆرن، بەڵام ناكرێ‌ هەڵوێست لە ناوخۆدا زاڵبكرێ‌ بەسەر راپەڕاندنی ئەركەكانیان لە بەغداد"

2 ساڵ لەمەوپێش



 هاوڵاتى 

 ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی ڕایگەیاند:" وردبینی سەركردایەتی سیاسی كوردستان لەم قۆناغەدا و لەم دانوستانەدا، لەوەدایە دەست بە شادەماری پرۆسەی سیاسی عێڕاق بگرێ‌ و پێ‌ لەسەر ئامانجە گرنگەكانی كوردایەتیش دابگرێ‌".

ئەمڕۆ یەکشەممە 5ی كانوونی یه‌كه‌می 2021، مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی لە نوسینێكیدا لە فەیسبوكی تایبەتی خۆی  بەناونیشانی( دانوستان لەنێوان موچە و كێشەی هاوچەرخی كوردایەتیدا ) ڕایگەیاند:" وردبینی سەركردایەتی سیاسی كوردستان لەم قۆناغەدا و لەم دانوستانەدا، لەوەدایە دەست بە شادەماری پرۆسەی سیاسی عێڕاق بگرێ‌ و پێ‌ لەسەر ئامانجە گرنگەكانی كوردایەتیش دابگرێ‌. لەلایەكەوە مەیدان و پێگەی عێڕاق گرنگە. لە بەرانبەریشدا خوێندنەوەی هاوكێشەكانی ناو عێڕاق و لایەنەكانیش، هاوكات ئاستەنگەكانی ناو عێڕاق لەم دانوستانەدا، لەگەڵ حكومەتی تازە پێكهێنراودا گرنگە. سەركەوتن لەم دانوستانەدا، چارەنوسسازە. بە پێچەوانەشەوە، ژێركەوتنی، بۆ ناوخۆی كوردستان مەترسیدارە".

لەبەشێكی دیكەی وتارەكەیدا نوسیویەتی:"  لە ناوخۆی كوردستانیشدا، گەرچی گەندەڵی و كەموكوڕیش زۆرن، بەڵام ناكرێ‌ هەڵوێست لە ناوخۆدا، زاڵبكرێ‌ بەسەر راپەڕاندنی ئەركەكانیان لە بەغداد. لەهەمان كاتدا، چاو لە گەندەڵی و كەموكوڕیەكان نەپۆشرێ‌!".

دەقی وتارەكەی مەلا بەختیار:.

دانوستان، ئەنجامێكی سیاسی زۆربەی كێشە سیاسیەكانی جیهانە. لە كوردستانیشدا، تاقە راپەڕین و شۆڕش، لە سەردەمی عوسمانی و لە دوای دامەزراندنی دەوڵەتی عێڕاقەوە ( ١٩٢١ ) سەرداران و سەركردایەتی كوردایەتی كلاسیكدا، ناوبەناو دانوستانیان لەگەڵ حكومەتەكاندا هەر كردووە. گرنگترین دانوستان لە سەرەتای هاتنی كۆڵۆنیالیستی بەڕیتانیا و دامەزرانی حكومەتی پاشایەتیدا، دانوستانی شێخی نەمر و بەڕیتانیا و دەسكەلاكانیان بوو..

كە لە ئەنجامدا گەیشتە كۆمەڵەی گەلان و پەیمانی سیڤەریش ( ١٩٢٠ ) بەڵام لە ژێر فشاری كەمالیەكاندا، بە رێككەوتنی ( لۆزان – ١٩٢٣ ) هەڵیان وەشاندەوە. لەدوای راپەڕینی بارزانیەكان و راپەڕین و حكومەتی شێخ مەحمودەوە، هەتا شۆڕشی ئەیلول، دانوستانی ستراتیژی نەكراوە. لە ( ١٩٦٣ )وە، بۆ بۆ یەكەمین جار، دەروازەی دانوستان و دیبلۆماسیەتی فراوان بۆ كوردایەتی سەردەمی جەنگی سارد كراوەتەوە. مەخابن سەری نەگرت. هەتا بەیاننامەی ١١/ی ئازاری ١٩٧٠ دانوستانی تریش لە ١٩٦٣ وە بۆ ١٩٧٠ كراون، بەڵام بێهودە بوون.

گرنگترین دانوستان كە گەیشتە بەیاننامەیەكی هەرە گرنگ، دانوستان و بەیاننامەی ١١/ی ئازاری ١٩٧٠، بڕیار بوو دوای ( ٤ ) ساڵ ئۆتۆنۆمی بێتە دی.. بەڵام كاتێك بەعسیەكان لەگەڵ شورەوی و فەرەنسا و رۆژهەڵاتی ئۆروپا، پەیوەندییان تۆكمە و تەكنەلۆژیای جەنگییان دەستەبەر كرد و حیزبی شیوعیش چووە پاڵیان، لە بەیاننامەكە پاشگەز بوونەوە و ١٩٧٤ جەنگیان دژی گەلی كوردستان سەپاندەوە. لە شەڕدا رژێم دەرەقەتی پ.م نەهاتن. بۆیە خیانەتنامەی جەزائیریان لەگەڵ شا دا ٦/٣/١٩٧٥ مۆر كرد. دەكرا شۆڕشی كوردستانم ئەم خیانەتنامەیە رەت بكاتەوە و ستراتیژی شۆڕشەكە لە شەڕی بەرەییەوە، بۆ شەڕی پارتیزانی بگۆڕێ‌، هەروەكو چۆن ساڵی ١٩٧٦ یەكێتی و پارتی هاوزەمان شۆڕشی پارتی زانییان بەرپاكرد.

بەڵام بە داخەوە، لەبری گۆڕینی تاكتیكی شەڕ، كۆتایی بە شۆڕشی ١٤ ساڵە هێنرا. رژێم، وای دەزانی كوردستان چیكە شۆڕشی تیا بەرپا ناكرێتەوە. رێك بە پێچەوانەوە، بۆ یەكەمین جار بوو لە مێژوودا، دوای ساڵێك و سێ‌ مانگ، سەرلەنوێ‌ شۆڕش بەرپاكرایەوە. ئەم جارەشیان نەك یەك لایەن، بەڵكو دوو لایەنی سەرەكی بەرپایان كرد ( یەكێتی و پارتی ). پاشان لایەنەكانی تریش بەتایبەتی پاسۆك و حیزبی شیوعی.

لە شۆڕشی نوێدا، دوو جار دانوستانی مێژوویی لەسەر ئامانجی ئەوكاتەی كوردستان كراوە. یەكەمیان : ١٩٨٣- ١٩٨٥ لە نێوان یەكێتی و رژێمی عێڕاق. لەبەر ئەوەی یەكێتی ئامادە نەبوو دەست بەرداری كەركوك بێ‌ و ئامادەش نەبوو بچێتە ناو بەرەی نیشتیمانی عێراقەوە بە رابەرایەتی بەعس.. سوریش بوو لەسەر ئاوەدانكردنەوەی دێهاتەكان و نەهێشتنی تەعریب، دانوستانەكە شكستی خوارد. دووەمیان: دانوستانی نێوان بەرەی كوردستانی و رژێمی عێڕاق، دوای شكستی عێڕاق لە داگیركردنی كوییت، كەچی سەدام بە چەشنێ‌ نوقمی خەیاڵپڵاوی دیكتاتۆریەت بوبوو، وای دەزانی ئەمریكا كە جەنگی كوییتی راگرت و كوردیش دوچاری كۆڕەو كرا، ئیتر كورد دوچاری هەمان چارەنوسی خیانەتنامەی جەزائیر دەكرێتەوە. ئەم بۆچونەی سەدام، كورتبینی بوو لەو دۆخە جیهانیە و لە خوێندنەوەی سیستەمی نوێی جیهان..

دوای جەنگی سارد! هەر ئەم كورتبینییەش سەری خوارد!! سەدام وای دەزانی، بۆی دەچێتە سەر بە داهاتی نەوت، زلهێزەكان دەستەمۆ بكات. نەیدەزانی كاروانی سیاسەتی نێودەوڵەتی دوای جەنگی سارد، دیكتاتۆریەتی سەدامی جێ‌ هێشتووە و ستراتیژیەكی نوێ‌ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگوزەرێ‌!! كە بەداخەوە، جارێكی دیكە، سازش لەنێوان زلهێزەكان و گەورە وڵاتانی ئیقلیمی، پێچەوانەی چارەنوسی كوردایەتی و دیموكراسی، دێتە دی سەركردایەتی سیاسی كوردستان، لەو دۆخەدا باشتر سیاسەتی نێودەوڵەتی خوێندبوەوە..

بۆیە كە دانوستانی دوای كۆڕەوی بەهاری ١٩٩١ شكستی خوارد ( بەرەی كوردستانی ) ئامانجەكانی زیاتر كرد و كردیە فیدراڵی. یەكێتی لەو هەلومەرجەدا رۆڵی داینەمۆی بۆ چەسپاندنی فیدراڵ گێڕا. لەم دۆخە بە دواوە، دانوستان ئاراستەكەی گۆڕدرا. لە ئاراستەی دانوستان لەگەڵ رژێم، بۆ ئاراستەی سەلماندنی فیدراڵ لەناو هێزەكانی ئۆپۆزسیۆندا. ئەمەش كارێكی قورس بوو.. هەتا توانرا، لە كۆنگرەی سەلاحەدینەوە (١٩٩٢) پاشان كۆنگرەی نیویۆرك و لەندەن ( ١٩٩٢ – ٢٠٠٢ ) بە دانوستان و ململانێ‌، فیدراڵیزم پەسەند بكرێ‌. ئەمەش سەركەوتنێكی سیاسی گەورە بوو. لەدوای روخانی بەعس و پێكهێنانەوەی عێڕاقەوە، لە قوناغی دامەزراندنەوەی وڵاتەكە، كێشەی كورد و سەركردایەتی سیاسی كوردستان، وەكو هاوبەشی عێڕاق دەچونە سەر مێزی دانوستان.

ئەنجامەكەشی پەسەندكردنی دەستوری هەمیشەیی عێڕاق، بە مادەی ( ١٤٠)وە بوو. ئەمەش لە دوای (٨٢) ساڵ لە دامەزراندنی عێراق و ئەو هەموو شۆڕش و دانوستانە بێ‌ ئەنجامانەی لە عێراقدا كران، وەرچەرخانی سیاسی- دەستوری بوو. ئێستا ( ١٦ ) ساڵ بەسەر نوسینی دەستوری هەمیشەیی عێڕاق تێ‌ دەپەڕێ. بەڵام حكومەتەكانی عێڕاق، بە هەمان روحیەتی ( ٢٠٠٣ ) دانوستان لەگەڵ كورد ناكەن، ئەو كاتە وەكو هێزی سەرەكی هاوبەشی عێڕاق سەیری هێزە سیاسیەكانی كوردستانیان دەكرد، ئێستا روانگەیان گۆڕدراوە. مادەی (١٤٠) فەرامۆش دەكرێ‌، نەوت و گاز بە گەزی خۆیان دەپێون.

بودجە و موچە كراوەتە كێشەی سەرەكی. كێشە سیاسی یە سەرەكیەكان كراوەتە لاوەكی!! ئەمەش بەڕای ئێمە، مەترسیدارترین روداوی سیاسییە لە دوای روخاندنی سەدامەوە. بۆیە، ئەركی سەركردایەتی سیاسی كوردستانە، بە هەموو لایەنەكانیەوە، بودجە و موچە، وەكو دوو بڕگەی پاكێجی دانوستان، بخەنە بەرنامەی دانوستانەوە. لە بەرنامەكەدا..كێشەی سیاسی وەكو مافێكی دیموكراسی – دەستوری بكرێتە ئەركی سەرەكی.. مادەی ١٤٠ و نەهێشتنی تەعریبی كۆن و نوێ‌، بكرێتە بنەما. ئینجا، قەرەبوو كردنەوەی ئەنفال، كیمیاباران، راگواستنی گوندەكان و تەواوی قوربانیەكانی كوردستان،.. لەگەڵ حكومەتی نوێی عێڕاق بكرێنە بەشێكی پاكێجی دانوستان، كە بڕیارە وەكو حكومەتی هەڵبژاردنی پێشوەختە هەر شیعە پێكی بهێنێ‌. ئەم حكومەتە سەرەنجامی خۆپیشاندانی خەڵك و ململانێی گەورەی نێوان شیعە و سونە و لایەنەكان..

هەروەها لە دۆخی رێكخستنەوەی داعشەكان و مۆڵ خواردنیان لە عێڕاق دوای پاشەكشەیان لە سوریا پێك دێ‌. لە دۆخێكی وادا، مایەی نیگەرانیە كە هێشتا ماڵی كورد یەك نەخراوە. شیعەكان كارێكی ئاقڵانەیان كرد، كە گرفتە ناوخۆییەكانیان لە هی كوردستانیەكان زۆرترە ، كەچی توانییان شەختەی نێوانیان بتوێننەوە و پێ‌ دەچێ‌ بەرەو رێككەوتن و پێكهێنانی حكومەتیش پێشكەون. كورد، بە دوا خستنی رێككەوتنی هێزە سیاسیەكان، كایەیەكی گرنگی سیاسی لەسەرەتای پێكەوە نانی حكومەتدا، لەدەستدا. بەڵام بێ‌ كوردیش مەحاڵە حكومەتی عێڕاق پێك بێ‌؛ كەوابێ‌ بۆ دانوستان، كورد پێویستە پاكێجی تەواوی ئامانجەكانی ئامادە بكات؛ ئینجا بەدیقەتەوە، ریزبەندی هێزە عێڕاقیەكان، ئەوانەی بۆ پێكەوە نانی حكومەت رێك دەكەون و ئەوانەی رێكیش ناكەون، هەڵوێست بەرانبەریان وەربگرێ‌. راستە كورد گیرۆدەی كێشە ناوخۆیی و قەیرانی ئابوری و، هی تریشە، ئەمەش خالێ‌ لاوازی دانوستانە؛ بەڵام لە بەرانبەریشدا، عێڕاق و هێزە عێڕاقیەكانیش، لە ناوچەكەدا و لە جیهاندا، هەروەها لە ناو خۆیاندا، كێشەیان لە كورد زیاتر هەیە. زۆربەی خەڵك لێیان ناڕازیە و ئاستەنگی ئابوری زۆریشیان هەیە. جگە لە گرفتی هەمە چەشنەی گەندەڵی و خزمەتگوزاری.. تاد.

وردبینی سەركردایەتی سیاسی كوردستان لەم قۆناغەدا و لەم دانوستانەدا، لەوەدایە دەست بە شادەماری پرۆسەی سیاسی عێڕاق بگرێ‌ و پێ‌ لەسەر ئامانجە گرنگەكانی كوردایەتیش دابگرێ‌. لەلایەكەوە مەیدان و پێگەی عێڕاق گرنگە. لە بەرانبەریشدا خوێندنەوەی هاوكێشەكانی ناو عێڕاق و لایەنەكانیش، هاوكات ئاستەنگەكانی ناو عێڕاق لەم دانوستانەدا، لەگەڵ حكومەتی تازە پێكهێنراودا گرنگە. سەركەوتن لەم دانوستانەدا، چارەنوسسازە. بە پێچەوانەشەوە، ژێركەوتنی، بۆ ناوخۆی كوردستان مەترسیدارە، دەستەبەری پێشوەختەش، یەكێتی ریزی كوردایەتیە.. كوردایەتی هاوچەرخ! ئەم كوردایەتیە هاوچەرخە، دەبێ‌ تاقیكردنەوەكانی دانوستانەكانی رابردوو، سود لێوەربگیرێ‌.. لە هەمان كاتدا، لە روانگەیەكی هاوچەرخی سەردەمی جیهانگیریەوە، بیر لە هێزەكانی كوردایەتی بكرێ‌ و بەگیانی لێبوردەییەوە، ریزەكانی ئەم هێزانە لەسەر رێبازیكی هاوبەش رێكبخاتەوە. بەدی هێنانی ئەركەكانی كوردایەتی لە بەغداد، ئەركی سەرەكی هەموو لایەنەكانی كوردستانە.. لە ناوخۆی كوردستانیشدا، گەرچی گەندەڵی و كەموكوڕیش زۆرن، بەڵام ناكرێ‌ هەڵوێست لە ناوخۆدا، زاڵبكرێ‌ بەسەر راپەڕاندنی ئەركەكانیان لە بەغداد. لەهەمان كاتدا، چاو لە گەندەڵی و كەموكوڕیەكان نەپۆشرێ‌!

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار